٨\٣\٢٠١٢
سایکۆلۆژیای
جەماوەر!

نەهرۆ
دیارە زۆر کتێب نووسراوە سەبارەت بە سایکۆلۆژیای جەماوەر، وەک ئەوەی
ویلهایم رایش کە جورج گرابیشی وەریگێڕاوە، هەندێ نووسراوی ئەم دواییەی
فروید، بەڵام فروید وەک خاوەن قوتابخانەی شیکردنەوەی دەروونی،
لێکۆڵینەوەکانی سەرەتا دەربارەی تاک بوو وەک نەستی مرۆڤ، دواتر ئەم
تیئوریانەی بەسەر کۆمەڵ پەیڕەو کرد، بۆیە دەڵێن نووسینەکانی فروید
دەربارەی سایکۆلۆژیای دەستەجەمعی، جێگای متمانە نییە بەهۆی نەخۆشی و
پیرییەوە. من لێرەدا زیاتر جەخت لەسەر کتێبی سایکۆلۆژیای جەماوەر کە
لەلایەن غوستاف لۆبۆنەوە نووسراوە دەکەم، سەرەتا دەبێ ئەو جیاوازییە
بزانین کە لە نیوان، سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی وسایکۆلۆژیای جەماعی دایە،
(psychologie sociale) (psychologie collective)
ئەمەی دواییان لقێکە لەوەی پێشویان، لەڕاستی دا غوستاف زۆر پشتی پێ
نابەسترێ لەبەر ئەوەی باسی رەگەز ئەکا لەرووی رۆشنبیری ومیژووییەوە، بۆ
نموونە دەڵێ ئەمریکیەکان حەزیان بەدیموکراسیەتە، ئینگلیزەکان حەزیان
بەئازادیە، فەرەنسیەکان حەزیان بە یەکسانی یە، گەلانی لاتینی حەزیان
بەوەیە ناوەندی دەوڵەت بەڕێوەیان ببات، بەهەر حاڵ ئێمە بیروڕاکانی
دەخەینە روو، پێوایە تاک هوشیارو بەئاگایە کاتێ خۆی دەخزێنێتە نێو
ریزەکانی جەماوەر تیایدا ئەتوێتەوەو بەشێوەیەکی نائاگا هەڵس وکەوت دەکا،
حاڵەتی نەست بەڕێوەی دەبات، لایەنی عەقڵ و هوشیاری لەدەست دەدات و
دەکەوێتە ژێر ئیعازو ئیحای جەماوەرەوە کە تێکڕایان لە سەرکردەیەکەوە
یان ڕابەرێکی بە تواناوە هاندەدرێن و دەجوڵێنرێن، لە شوێنێک دا دەڵێ
جەماوەر وەک کۆمەڵی ئەسپن لە نێو تەوێلەیکدا، یەکێکیان بحێلێنێ ئەوانی
دیکەش دەحێلێنن، یاخود وەک ڕانە مەڕێک وان یەکێکیان بترسێ ئەوانی دیکەش
دەترسن.
بەواتایەکی تر ئەو کەسەی دەچێتە ریزی جەماوەرەوە عەقڵی خۆی کڵوم ئەدا
نەستی جەماعی بەڕێوەی دەبات، دوایی سەبارەت بە چەمکی (جەماوەری
تاوانبار) قسە دەکا و دەڵێ هەندێ جار لەکاتێ شۆرش و هەڵچوون دا،
جەماوەر تاوان ئەنجام ئەدا یان وردتر بڵێم تاکێک لەژێر ئیعازی ئەوانی
تردا تاوان ئەنجام ئەدا، لەکاتێکدا ئەگەر ئەو تاکە خۆدی خۆی بێ ئەو
تاوانە ئەنجام نادا، نموونەی ئەو ئاشپەزەی هێناوەتەوە کە بەرێوەبەری
زیندانی پاستیلی کوشتوە.
هەروا دەڵێ ئەوانەی لەگۆڕەپانێکی گشتی یان باغچەیەکی گشتی دا
کۆبۆنەتەوە، ئەوانە جەماوەر نین، بەڵکو چەمکی جەماوەر ئەوەیە یەکیتی
یەکی روحی کۆیانبکاتەوە، لەسەر چەند خاڵێک پێکهاتوون، ئەو خاڵانەش
باکگراوندی میژوویی هەیە لە مێشکیاندا، ڕابەر لەڕێگای ووشەو ڕستەو
خوڵقاندنی وێنە هانیان دەداو دەیانجوڵێنێ!
پێوایە جەماوەر حەزی بە دیالۆگی لۆژیکانە نییە، پیویستە جەماوەر
لەرێگای ورووژاندنی سۆزەوە بجوڵێندرێ، یان دەڵێ جەماوەر کەللەرەق و
توندرەوە، دیاردەکان لێک ناداتەوە یان قبوڵی دەکا یاخود رەتی دەکاتەوە.
سەبارەت بەو ڕابەرانەی جەماوەر دەجوڵێنن چوار خاڵی خستوتە روو،
دووپاتکردنەوە، دووبارەکردنەوە، لێگرتنەوە(عدوی)، هەیبەت.
قسەیەکی ناپلیونی بە نموونە هیناوەتەوە کە دەڵێ باشترین هونەری (بلاغە)
دووپاتکردنەوەیە.
سەبارەت بە (عدوی) دەڵێ تاکی نێو جەماوەر هەر کە شتێکی بیست یان هەست
بە شتێکی کرد، ئیدی لەخوارەوە بۆ سەرەوە تەشەنە دەکا.
لەمەڕ هەیبەت و ئیعتبار دەڵێ جگە لە سەروەت ونێوبانگ دەبێ سەرکردە بە
جل و بەرگیشەوە خۆی بنوێنێ وەک چۆن ئەفسەرەکان کڵاوی ئاسنین لەسەر
دەکەن یان دادوەرەکان شاڵی سور بەخۆیانەوە دەئاڵێنن.
پێوایە زەحمەتە بتوانرێ جەماوەر لەدەستی وەهم رزگار بکرێ، وەهم
پێداویستییەکی جەماوەرو دڵدانەوەیەتی، جەماوەر حەزی لە هەقیقەت نییە.
لەڕوانگەی ئەوەوە فەلسەفەو زانست نەیانتوانی بیروباوەڕی ئاینی بۆ هەتا
هەتایە وەدەرنێن، گەرچی توانیان توندڕەویان کەم بکەنەوە، گیانی
لێبوردنیان زیاتر بکەن، ئەوروپای ئێستا ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست
نییە کە شەڕی نێوان کاپولیک وپروتستانت بەڕێوە بوو.
پێوایە گەرچی لەڕابوردوودا، شەڕی نیوان ئاینەکان هەبوو، حزبی دینی
پەیدا بوو، بەڵام قۆناغی دواتر حزبی سیاسی هاتە کایەوە وەک لیبرالی و
سوسیالیستی و دیموکراتی بەڵام بە هەمان دوگمی بیروباوەڕی ئاینی لەلایەن
جەماوەرەوە پێشوازیان لێکرا.
لەشیکردنەوەیەکی تردا دەڵێ جەماوەر لەکاتی هەڵچوون دا بۆ بنەما
مۆراڵیەکانی کۆمەنەی سەرەتایی دەگەڕێتەوەو لەبنەماکانی شارستانیەت
پاشەکشە دەکا، شەڕەکانی فەرەنساو سەرهەڵدانی فاشیەت و نازییەت بە
نموونە دەهێنێتەوە.
لەڕاستیدا شارستانیەت وەکو خەرمانێکە لەبەر ڕەشەبای توند خۆی ڕاگرتبێ،
لە هەموو کات و ساتێک دا مەترسی ئەوەی لێدەکرێ هەرەس بهێنێ !
هەرچەندە غوستاف دژی سوسیالیزم وسیستەمی خۆێندنە، دەڵێ سیستەمی خۆیندن
تاوانبار بەرهەم دەهێنێ! نموونەی (بابوی)یەکانی هیند دەهێنێتەوە کە لە
قوتابخانەکانی بریتانیە دەخوێنن دوایی کاریان دەست ناکەوێ!
پێوایە باشترە هەر لە مناڵییەوە خەڵک پراکتیزەی پیشەی ئایندەی خۆی بکا،
وەک چۆن مامۆستایەکی ئاینی دەیکا!
پێوایە جوڵاندنی جەماوەر لەرەگەزێکەوە بۆ رەگەزێکی دی جیاوازیی هەیە،
ئەمەش پەیوەستە بە جوڵاندنی سیمبولە میژووییەکان لە زەینی هەر
رەگەزێکدا.
لەبڕگەیەکدا باسی ئەو جەماوەرە دەکا کە بۆ گۆرانیبێژێکی ناسراو
کۆدەبنەوەو هەڵدەچن یان بۆ یاری تۆپی پێ چەپڵەلێئەدەن دەڵێ ئەمانە
نەخۆشن، نەخۆشی هەوەسی شێتیان هەیە!
کاتێ کە تاک دەچێتە ریزی جەماوەرەوە کە نەتوانێ سەرکردایەتی خۆی بکا
یان هێزی ئەوەی نیە ئایدیاکانی بسەپێنێ، بۆیە خەونە ونبووەکانی لە
ڕابەرێکدا بەرجەستە دەکات و دوای دەکەوێ و هەرچی لایەنگرانی ئەو ڕابەرە
پێ دەڵێن، بەڕاستی دەزانێ.
لەکۆتایی دا باسی هێزی سیحری وسەرنج ڕاکێشی ڕابەرەکان دەکا کە چۆن
لەرێگای هیپنوتیزمەوە بە ووشەو دەستەواژەو وێنەی کاریگەرەوە جەماوەر
هاندەدەن ولە خشتەی دەبەن، بەتایبەتی ووشەگەلێکی ئاڵۆز وەک دیموکراتی و
سوسیالیزم و ئازادی و یەکسانی، ئەم ووشە ئاڵۆزانە، لەکاتێکدا ئێمە
دەتوانین بەدەیان بەرگ لەسەر ئەو ووشانە بنووسین، لەڕوانگەو بۆچونی
جیاوازەوە!
٦\٣\٢٠١٢
- نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ
|