په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٦\٢٠١٣

سازانی نیشتیمانیی چییە؟!


جیهاد محەمەد      


ماویەکە زۆر بە گەرموگوڕی کێشەی دەستوور و کاندنیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ جاری سێیەم و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و قسەکردن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و گۆڕینی لیستی داخراو بۆ لیستی نیمچە کراوە و، چەندین کێشەی تری ناو پەرلەمان، وەک گۆڕین و فراوانکردنی لیژنەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و، دیسان قسە لەسەر گۆڕین و هەمواکردنەوەی پەیڕە و پرۆگرامی پەرلەمان بووە بە کێشەیەکی جددی کە زۆربەی زۆری حیزبەکان و قەوارە و بزووتنەوە سیاسییەکان و، خەڵکێکی زۆر لە نووسەران و ڕۆشنبیران قسەیان لەسەر کردوە و لەسەریی نووسیوویانە. ڕەنگە هیچ پرسێک لە کوردستاندا بە پرسی دەوڵەتی کوردییشەوە ئەوەندە قسەی لەسەر نەکرابێت و ئەوەندە کێشمەکێشی لەسەر درووستنەبووبێت.


جگە لە پارتی(PDK) کە سورە لەسەر ئەجندا تاقانەکەی خۆی، ئەو خاڵەی کە زۆربەی زۆری حیزبەکان و لایەن و قەوارە سیاسییەکان و زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران داوای دەکەن و قسەی لەسەر دەکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشانە،(سازانی نیشتیمانیی)ە.


بۆیە پێویستە بزانیین سازانی نیشتیمانیی چییە و بە چ مانایەک دێت؟


لە کاتێکدا کە هەموومان دەزانین نە هیچ حیزبێک بە تەنیا، نە هەموو حیزبەکان پێکەوە بریتینیین لە سەرجەم کۆمەڵگا، واتا زۆرێک لە خەڵکی بێلایەنی حیزبی لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا هەن کە نەک هەر حیزبیی نیین، بەڵکو ناشیانەوێت هەواداریی هیچ حیزبێک بن، هەڵبەت ئەمەش سروشتییە، لە هەموو کۆمەڵگاکانی جیهاندا بە پێشەکەوتووەکان و دواکەوتووەکانەوە بەشێکی زۆر هەیە کە حیزبایەتییکردن و کاریی حیزبایەتیان قبوڵنەکردوە. کەواتە چۆن حیزبەکانی کوردستان دەتوانن بە سازان و رێکەوتنی خۆیان بڵێن (سازانی نیشتیمانیی)؟! چوونکە نیشتیمان، نیشتیمانیی هەمووانە، نەک تەنیا حیزبەکان و ڕێکخراو و بزووتنەوە سیاسییەکان.


سازانی نیشتیمانیی، ئەوەیە کە زۆربەی زۆریی خەڵکی کوردستان لەسەر پرسێک رێکبکەون، بۆ نموونە: ئەگەر دەستوور، هەرچ کاتێک خرایە بەردەم ڕاپرسییەوە، زۆربەی زۆری خەڵک، واتا لە سەدا ٥١ی ئەو ڕێژەیەیی کە دەنگ دەدات، دەنگی بە ئەرێنی دا بۆ دەستوور ئەوە پێیدەوترێت سازانی نیشتیمانیی.


ئەگەر حیزبەکان و قەوارە سیاسییەکان بە هەموویان بیانتوانییایە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگا بکەن کەواتە پەرلەمان چ پێویستە دابمەزرێت؟


درووستبوونی سیستەمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی پەرلەمانتاران لە لایەن خەڵکەوە بۆیە دانراوە بۆ ئەوەی کە هیچ نەبێت ئەم دامەزراوەیە و پەرلەمانتارەکانی ببن بە نوێنەریی راستەقینەی زۆربەی زۆری کۆمەڵگا کە دەنگیانپێداوە، هەڵبەت لە کوردستانیشدا پەرلەمان هەیەو لە هەڵبژاردنەکاندا ١١١ پەرلەمانتار هەڵبژێردراون و، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە ئەم سیستەمە بەڕیوە دەچێت وەک باڵاترین دەسەڵات لە کوردستنادا لەگەڵ هەموو کەمووکورییەکانییدا، بەڵام بەو ناوەوە دامەزرێنراوە.


بۆیە بە رای من، هەرچ سازن و ڕێکەوتنێکی نێوان حیزبەکان لەسەر ئەو کێشانەی ئەمڕۆ و هەرچ کێشەیەکی تر دەبێت بکرێت بە پرۆژەیەکی سیاسیی و بخرێتە بەردەم دامەزراوەی پەرلەمانەوە بە بێ ئەوەی هیچ حیزبێک و هیچ لایەنێک دەستوەربداتە کاروبارەکانییان تا بتوانن بەوپەڕی ئازادییەوە ڕای خۆیان وەک نوێنەری زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو پرۆژیە بدەن و یاسایەک یان چەند یاسایەکی بۆ داڕێژن و ئەوانەش کە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە، بە دەنگدانی پەرلەمان دەبێت هەموارکرێتەوە نەک بە دەنگدانی حیزبەکان.


ئەگەر ئەمە نەکرێت و تەنیا ئەو پرۆژە سیاسییەی کە ئێستا یەکێتی نیشتیمانیی بەدەستیەوەتی وەک ناوبژیوان! ئەوە سازانی نیشتیمانیی نییە، بەڵکو ئەوە هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و خۆ سەپاندنی حیزبەکانە بە ناوی سازانی نیشتیمانییەوە.


ئەوەتا بەرێز ئازاد جوندیانی وەک وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکیتی دەڵێت: پرۆژەەکەی ئێمە بۆ سازانی نیشتیمانیی بە جۆرێک دەبێت هیچ لایەک دۆڕاو نابێت تیاییدا!! کرۆکی ئەم قسەیە ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ حسابێک بۆ هەموو کۆمەڵگا و ئەو خەڵکە زۆرەی لە دەرەوەی حیزبەکانن ناکرێت و دیسان هیج حسابێکیش بۆ پەرلەمان ناکرێت، بەڵکو حیزبەکان خۆیان لە ناو خۆیاندا سازان و ڕێکەوتن دەکەن و دەیسەپێنن بەناوی (سازانی نیشتیمانیی)ەوە. بۆیە بەڕێزی دەڵێت: هیچ لایەنێک دۆراو نابیت تیاییدا!


٣\٦\٢٠١٣ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک