په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠١٥

سازانی نیشتیمانیی یا گەوجاندنی هاونیشتیمانیی.

 

هۆگر نامـۆ


پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بە پەرلەمان لە لایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشوو، وە پشتگیریکردنیان لە لایەن یەکێتییەوە بەر لەوەی هەوڵێکی ڕاستگۆیانە بێت لۆ بە یاسایی کردنی ئەو دەزگایە، سەرەتایەکە لۆ گەوجاندنی ڕای گشتیی و دواتر دەنگدەرانی (گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ) پاشان یەکێتیی، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەر سێ هێزی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنی هێجگار گەورەیان بە دەنگدەرانی خۆیاندا.. کەچی دوای ساڵێک بەشدارییان دە حوکمەتداری بنکە فراوان کە نووکە وە (حکومەتی پڕ لە قەیران) نێوی دەهێنرێ؟ ئێستاش هاوڵاتیان لە دۆخ و ژیانێکی یەکجار سەختدان و لە تێکڕای پارتەکان پەست و بێزارن، وە تایبەتی لە هەر سێ پارتی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو..

درک کردن وە مەترسی بێزاری خەڵک لەو هەموو قەیرانەو چارەسەرنەکردنیان لە لایەن حکومەتەوە، دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆنی پێشووی تەواو هیوابڕکردییەو ئاسۆی چارەسەریش لە هیچ کون و قوژبنێک دیار نییە؟؟ جا لە دۆخێکی وادا لۆ ڕامکردن و کێشکردنەوەی دەنگدەران؛ لە بیربردنەوەی قەیرانەکان، باشترین کار نمایشکردنی یارییەکی سیاسییە بۆ گەوجاندنی هاونیشتیمانیان.

یەکێتیی کە دووساڵی ماوەی سەرۆکایەتی درێژکردەوە، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان ناویان نا (کودەتا) لە هەڵبژاردنی دواتردا هاونیشتیمانیان یەکێتییان تەزاندو سزایان دا، ئیدی سێ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکە چۆن دەتوانن وا بە سانایی لە ژوورە تاریکەکاندا قسە لە سەر فێڵێکی سیاسی بکەن بۆ دانانەوەی بارزانی، یەکێتییش ئێستا دوو بەرەیە بەرەیەکیان لەگەڵ بارزانین، لێ هەردەبێ گەمە سیاسییەکە بکەن، ئەگینا بە یەکجاری ئیفلیج دەبێ.

هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشوو وەک یەکێتیی خۆکوشتنی سیاسیی ئەنجام نادەن، هەمان هەڵە دووبارە ناکەنەوە ئەمیش لە ترسی سزادانیان لە لایەن خەڵکەوە بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان بە جۆرێ لە جۆرەکان خۆیان نمایش بکەن و هەم پارتیی هەم دەنگدەرانیان لە خۆ ڕازی بکەن؟ هەڕەشەکردنی پارتیی لە مەڕ ڕەتکردنەوەی پڕۆژە یاساکەو سووربوونی یەکێتیی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشوو، بڕوایەکی تا ڕادەک ڕاستینەی گەمژانەی لای تاکی کورد دروست کردییە؟! وا لە خەڵکی دەگەیەنن کەئەوان داکۆکیکەری ڕاستەقینەن لە مافەکانیان و بەرگری لە خەڵکی خۆیان دەکەن. هیوادارم هەڵەبم لەو گەمەی سیاسییەی ئۆپۆزسیۆن و یەکێتیی.

سەرئەنجام ،دوای ئەو هاش و هەرایەی هەر پێنج پارتەکە کە لە حکومەتی (پڕ لە قەیران) بەشدارن لە ڕێگەی کەسانی دەست ڕۆیشتووی نێو حزبەکان لە دەرەوەی پەرلەمان دەست دەکەن بە سازانی نیشتیمانی و فێڵێکی یاسایی بۆ (درێژکردنەوە- هەڵبژاردنەوە) دەدۆزنەوەو پاشان لە دیوەخانی پەرلەمان پەسندی دەکەن؟! جا لێرەدا ئەوەی دۆڕاو و گەوجێندراو/ ڕەنج بە خەسار دەمێنێتەوە تاکی دەنگدەرەو دەبێ هوردە هوردە دەست و پێی سپی بکات لەگەڵ قەیرانەکان.

 

ماڵپەڕی هۆگر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک