په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠٢٢

سازان لە سیاسەتدا.

مەهدی یوسف      


هیچ گومانی تێدا نییە رژێمی دیکتاتۆری بەعسی هەر شتێکی بە داپڵۆسینەوە دەسەپاند تا سەرەنجام وڵاتە بەزۆر دروستکراوەکەی لە خوێن هەڵکێشا و رادەستی داگیرکەرە نێودەوڵەتیی و نێوچەییەکانی کرد و ئیدی رەگەزپەرستە عەرەبیی و ئیسلامییەکان دەسەڵاتی چەتەگەریی خۆیان دامەزراند، بەڵام لەوەتەی ئەو رژێمە لە کوردستان نەماوە لە ژێر سایەی هەردوو دەسەڵاتە خێڵەکییە مشەخۆر و گەندەڵكارەکە بە ناوی (سازان) پێشێلی تێکڕای ماف و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ دەکرێ، هەر چیان گەرەک بووە بە ئارەزووی خۆیان و بە پێی بەرژەوەندییە چەوسێنەرییەکانیان ئەنجامیانداوە.


سازان یان رێکەوتن لە سیاسەتدا قێزەونترین فرتوفێڵە لە چینە هەژار و رەنجدەرەکان واتە چینی پڕۆلیتاریای هەمیشە چەوساوە دەکرێ:


سازان واتە خۆدزینەوە لە دیموکراسی و ژێرپێنانی رای گشتیی و سەندنەوەی هەموو ئەو دەسەڵات و دەستکەوتانەی کە خەڵک بە تێکۆشان وەدەستیانهێناون.
سازان واتە لێسەندنەوەی هەرچی ماف و ئەرک و ئازادییە لە تاک بە تاکی کۆمەڵ.
سازان واتە پووچکردنەوەی هەموو ئەو ئەنجامانەی کە لە هەڵبژاردن یان راپرسیی یان گشتپرسیی بە دەنگی میللەت وەدەستدێن.
سازان واتە سازشکردن لەسەر ئامانجەکانی میللەت لە لایەن سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی نێو پارتیەکان و پێکهاتە دینیی و رەگەزپەرستیی و خێڵەکیی و نێوچەگەرییەکان لە پێناو بەرژەوەندییە تەسکە کەسیی و خۆپەرستییەکانیان.
سازان واتە قۆرغکردنی دەسەڵات و هەرچی پلە و پایە و پێگە و پارەیەک کە هەیە لە لایەن گەندەڵکاران و مشەخۆران.
سازان واتە دوورخستنەوەی کەسانی دڵسۆز و خاوەن ئەزموون و شارەزا و ژێهاتیی لە ئەرکەکان و لێستاندنەوەی مافەکانیان.


هەرچەندە سیستەمی دەسەڵاتداریی لە هەر وڵاتێک بە جۆرێک لە جۆرەکان چەوسێنەر و ستەمگەرە.. بەڵام تێکڕایان بێجگە لە کوردستان و هەندێک لە وڵاتە پاشدامەیەکان زۆر لەمێژە لە ژێر هەژموونی هۆشیاریی گشتیی میللەت و ئاستی بەرزی خواستەکانیان دەستبەرداری (سازان) بوونە و بە دیاردەیەکی نامۆی دەزانن بۆ بەڕێوەبردن و پێڤاژۆی کاروبارەکانی دەسەڵات، هەر بۆیە ئێستا پێویستە رۆشنبیرە ئازادییخواز و یەکسانییخوازەکانی نێو ئەو کۆمەڵە و رێکخراوانەی کە بە شێوەی ئاسۆیی و لەسەر بنچینەی هەرەوەزیی و کاری بەکۆمەڵ دامەزراون و بە کردەیی لە بەرەی گەل دان و بە رۆشنیی هەست بە ژان و نەهامەتییەکانیان دەکەن.. لە رێی کارنامەیەکی چڕوپڕی فەرهەنگیی بۆ هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی تاکەکان و کردنیان بە هێزێکی کاریگەری کۆمەڵایەتی لە پێناو هەڵوەشاندنەوە و لەباربردنی ئەو بیرۆکە بێزەوەرەی (سازان)ی مشەخۆر و گەندەڵکارەکان تێبکۆشن کە سی ساڵە گەلانی کوردستان پێیەوە گرفتار بوونە!

 

 

mahdi@live.no

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک