|
٢٧\١\٢٠٢٦
سێ بابەت دەرباری
زلێهزەکان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کورد.

ئەرسەلان مەحمود
کورد لە نێوان
نەخشە و ویژداندا.
غەسان شەربەل، سەرنووسەری شەرق الئەوسەت، لە نوێترین وتاریدا بە ناوی
کوردی ترساو و کوردی ترسێنەر، هەوڵی ئەوە دەدا مێژووی سەد ساڵەی ستەمی
سەپێندراو بەسەر کورداندا بخاتە چوارچێوەی واقیعیزم. زمانە ئەدەبی و
مێتافۆرەکەی جوانن و لێکدانەوەکەی لەڕووی ڕیتۆریکییەوە شارەزایانەیە.
بەڵام لەژێر ئەو ڕووکەشە ئەدەبییەدا، بە ناوەرۆک هەڵگری ئەو لۆژیکەیە
سەدەیەکە کوردی کردوەتە قوربانی: لۆژیکی ئەوەی ستەم هەیە، بەڵام نابێ
بەرگری لێبکرێت.
شەربەل مێتافۆرێکی سەرنجڕاکێش بەکاردەهێنێت: نەخشەکە لە کورد دەترسێت و
کوردیش لە نەخشەکە دەترسێت. ئەم بینسازییە وەک ڕاستییەکی ئۆنتۆلۆژیکی
پێشکەش دەکرێت، وەک دوو لایەنی هاوسەنگ هەریەکەیان ترسی خۆی هەیە.
بەڵام ئەمە پرسیارە بنەڕەتییەکە دوور دەخاتەوە: نەخشەکە چییە؟
ئەبستراکسیۆنێکی بێلایەنە. دەسەڵاتە، چەک و زیندان و ئەنفالە،
کیمیابارانە، قەدەغەی زمان و ناسنامەیە. دەوڵەتە تورکییە و ناوی کورد
لە دەستوورەکەیدا نییە. ڕژێمی بەعسە و ١٨٢ هەزار کوردی ئەنفالکرد.
نەخشەکە چییە کۆماری ئیسلامییە و قازی محەمەدی لەسێدارەدا.
کاتێک شەربەل دەڵێت نەخشەکان بە مەرەکەبی خۆیان نەکێشراون، ڕاستییەکی
مێژوویی دەگۆڕێتە سەر مەحکومییەتی ئێستا. ئەمە وەک ئەوەیە بڵێیت: چونکە
کۆیلایەتی لەگەڵ ئیرادەی کۆیلەکان نەبوو، ئیتر کۆیلەکان مافی
ڕزگاربوونیان نییە. خۆی لا دەکات لەوەی مێژوو پڕیەتی لە نەخشەی
گۆڕدراو، سنووری هەڵوەشاو، لە دەوڵەتی نوێ و پەیماننامەی دووبارە. چی
دەپارێزێ؟ سنوورەکانی ١٩٢٣ پیرۆز بن، بەڵام ١٩٢٠ نا؟
شەربەل بانگەشەی واقیعیزم دەکات. دەڵێت تێکشکاندنی نەخشەکان شەڕی
بێکۆتایی دەخاتە گەڕ. بەڵام ئەم واقیعیزمە هیچ پرسیارێک ناکات لەوە
ناکات: ئایا پاراستنی نەخشەکان خۆی سەرچاوەی شەڕەکان نییە؟ ئایا سوریا
لە ١٩٦٣ەوە بۆ ئەمڕۆ لەژێر نەخشەیەکی یەکپارچەدا نەبووە کاتێک بەعس
هەموو دەنگێکی دیکەی تێکشکاند؟ کاتێک ئەلشرەع هەمان قەوان لێدەداتەوە؟
ئایا یەکپارچەیی عیراق لەژێر حوکمی سەددام دا ئارام بوو یان گۆڕی بە
کۆمەڵ؟
واقیعیزمێک هەمیشە ملکەچی لە پێکهاتە و کەمینەکان دەخوازێت، واقیعیزم
نییە - تەسلیمبوونە بە نیزامی ناڕەوا. جیهان پڕە لە نموونەی ئەو
گەلانەی ڕزگاریان بەدەستهێناوە: تیمۆری ڕۆژهەڵات، کۆسۆڤۆ، سودانی
باشوور، مۆنتینیگرۆ. ئایا هەموو ئەوانە هەڵەی مێژوویی بوون؟ یان هەر
کاتێک کورد داوای مافی خۆی دەکات، واقیعیزم دەبێ بهێنرێتە ئاراوە؟
شەربەل ئاماژە بە ڕاوێژی مەسعود بارزانی دەکات بۆ کوردانی سوریا -
باری ژیان باشتر بکەن لەناو سنوورە دەستکردەکەدا.
ئەم ڕاوێژە لەلایەن شەربەلەوە وەک حیکمەتی کۆتایی پێشکەش دەکرێت. بەڵام
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ڕاوێژی سەرۆکی حزبێک خۆی لەناو
سیستەمێکی فیدراڵیدایە و دوو ئاڵای هەیە، دەبێتە فەرمان بۆ ئەوانەی
هیچیان نییە؟ ئایا ئەو کەسەی ناسنامەی خۆی لە دەستووردا ناسراوە، مافی
ئەوەی هەیە بەوانەی ناسنامەیان قەدەغەکراوە بڵێت متمانە بکەن؟ سەرەڕای
ئەوەش، هەرێمی کوردستان خۆی ئەنجامی شەڕ و هەڵوەشانەوەی نەخشەی پێشووی
عیراقە. ساڵی ١٩٩١ نەخشەی عیراق یەکپارچە بوو، بەڵام ناوچەی نەفرین
بوو. یەکپارچەیی بەبێ دادپەروەری تەنها ناوێکی دیکەی زیندان و
دۆزرخییە.
شەربەل دەڵێت کوردانی سوریا ئەو ڕۆڵە بڕیاردەرەیان نەبوو لە کەوتنی
ئەسەددا تا مافداریان بکات بە هەرێمێک وەک ئەوەی بۆ کورد لە عیراقدا
هەیە. ئەم ڕوانینە سەیرە گریمان واشبێت، هێشتان چەندین گرفتی بنەڕەتی
تێدایە. مافی گەلان بەپێی ڕۆڵی سەربازیی لە پڕۆژەی هێزە گەورەکاندا
پێوانە ناکرێت. کورد لە سوریا نزیکەی ١١ هەزار شەهیدی و ٢٠ هەزار
بریندار و قوربانی لە شەڕی دژی داعشدا - ئەو ڕێکخراوەی هەڕەشە بوو بۆ
سەرجەم ناوچەکە و جیهان. ئایا خوێنی ئەو شەهیدانە، ئەو بریندار و
قوربانیانە، بەس نییە بۆ ناسینی مافە سیاسییەکەیان؟ ئەمەریکا خۆی ڕۆڵی
کوردی دیاریکرد. واشنتن بڕیاریدا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە شەڕی
داعشدا بمێننەوە، نەک بەرەو دیمەشق بڕۆن. ئەمە هەڵبژاردنی ستراتیژیکی
ئەمەریکا بوو، نەک کەموکوڕی کورد. کورد کاری خۆی کرد؛ کێشەکە لەوەدایە
جیهان کاری خۆی نەکرد و خەڵکانی وەک شەربەل بە عەقڵیاندا قوتناچێ.
شەربەل وتارەکەی بەوە کۆتایی پێدەهێنێت تەنها سوریایەکی دادپەروەر
دەتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات. ئەمە قسەیەکی جوانە، بەڵام پرسیار
ئەوەیە: ئەم دادپەروەرییە چۆن دەستبەر دەبێت؟ چ دەستووریەک؟ چ یاسایەک؟
چ گەرەنتییەک؟ حکومەتی نوێی دیمەشق هێشتا هیچ بنەمایەکی دەستووریی
نییە. ئەو قسەیەی سەبارەت بە مافەکانی کورد کردونی، زیاتر کەلتوورین و
هیچ بنەمایەکی دەسوتووری و یاسایی و گەرەنتییەکییان نییە، سەری زمان و
بنی زمانی حەلشرەع ناوەندیبوونە. الشرەع دەست دەخاتە ناو دەستی
ئەردۆغان و ناتانیاهۆ وترامپەوە، بەڵام چ بە کورد دەڵێت؟
شەربەل خۆی دانبەوەدا دەنێت داواکاریی کورد بۆ ناوەندینەبوونە،
داواکاریی هاوشێوە لە عەلەوی و دروز دەهێنێتە کایەوە. بەڵام ئەمە
لەجیاتی ئەوەی هۆکار بێت بۆ ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان، پێویستە ببێتە
هۆکار بۆ گۆڕینی مۆدێلی دەوڵەت و حکومڕانی لە سوریادا. ئەگەر هەموو
پێکهاتەکان ناڕازین لە ناوەندگرایی، ئەوا خودی ناوەندگراییەکەیە
کێشەکە، نەک داواکارییەکان.
لە هەموو وتارەکەی شەربەلدا، یەک شت بە ئاشکرا نادیدە دەگیرێت: دەنگی
کورد. نووسەر قسە لەسەر کورد دەکات، بەڵام قسە لەگەڵ کورد ناکات. هیچ
ئاماژەیەک بۆ ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان بوونی نییە لە وتارەکەدا -
ناوچەیەک نزیکەی دە ساڵە خۆبەڕێوەبەرایەتی هەیە، ژنان ڕۆڵی بەرزیان
تێیدا هەیە – ئەم نموونەیە ناوازەیە و نەک هەر لە ناوچەکەدا بەدیناکرێ،
لە ئاستە جیهانیەکەش بێوێنەیە، پێکهاتە جیاوازەکان عەرەب، ئاشووری،
سریان بەشداریی ڕاستەقینەیان تێیدا هەیە، کەچی نە باسی دەکات، نە
ڕەخنەی لێدەگیرێت - بە تەواوی نادیدەی دەگرێ. ئەگەر نووسەرێک بیەوێ
لەسەر کورد بنووسێت، لانیکەم پێویستە گوێ لە کورد بگرێ. گەرنا حیکمەتی
واقیعیزمەکە لە بەغدا و دیمەشق و ئەنقەرەوە دێت، نەک لە کامپەکانی
ڕۆژئاوا یان شاخەکانی قەندیلەوە.
غەسان داوای لێبوردن لە نەخشەکان دەکات. دەڵێت تاوانیان نییە. ڕاستە
نەخشەکان کاغەزن و مەرەکەبن؛ بەڵام ئەوانەی تاوان لەسەر ئەم نەخشانە
دەکەن: سیاسەتمەدارەکان و جەنەراڵەکان و سەرۆک و پەیمان شکێنەکان.
ئەوانەی بڕیاری ئەنفال، هەڵەبجە و عەفرین دەدەن دیارن، نەک نەخشەکان.
کورد لانیکەم لەم قۆناغەدا ناخوازێت نەخشەکان هەڵبوەشێنێتەوە. کورد
دەیەوێت شەرەفمەندانە لەسەر خاکی خۆی بژییەت. گەر ئەم داوایە نەخشەکان
هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەوا کێشەکە لە کورددا نییە - کێشەکە لە نەخشەکاندایە
و ناتوانن هەبوونی کورد قبووڵ بکەن.
سوریای نوێ دەتوانێت جیاواز بێت. بەڵام جیاوازبوون پێویستی بە زیاتر لە
وتاری ئەدەبی و بەڵێنی بەتاڵە. پێویستی بە دەستوورە، بە یاسایە، بە
دامەزراوەیە، بە گەرەنتیی نێودەوڵەتییە. بەبێ ئەوانە، سوریایەکی
دادپەروەر تەنها خەونێکی تری کوردە لە سنووردا کار لەسەر تێکدەشکاندنی
دەکرێت.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ئەمەریکا کوردی
خۆشناوێت.
ترامپ وتی: من کوردەکانم خۆشدەوێت. ئەم وشانە پێشتریش وتراون، هەر
جارەش خوێنی کورد زیاتر ڕژاوە. ئەم جارەش جیاوازی نییە. هاودەمی ئەو
دەمەی قسەکانی، سوپای تورکیا و هەیئەتی تەحریری شام خاکی کورد لە
ڕۆژئاوای کوردستان داگیر دەکەن، کورد دەکوژن و واشنتۆن تەماشا دەکات.
ترامپ دەشڵێت: پارەی زۆرمان داوە بە کوردەکان، نەوت و شتی دیشمان
پێداون. ئەمە زمانی بازرگانییە، نەک هاوپەیمانی. کورد لە چاوی ترامپدا
کرێگرتەن، بیرەوەری ئەو ١١٠٠٠ شەهیدە، ئەو ٢٠٠٠٠ بریندار و ئەو هەزاران
هەزار قوربانییەی بە خەیاڵدا نایەت. ئەو شەهیدانەی ڕەقە و مەنبج و
دێرەزووریان ئازاد کرد، ئەو قوربانییانەی پاڵپشتی سەرەکی ئەمەریکا بوون
لە شکاندنی داعش، ئێستا تەنها بە پارە پێدراو ناودەبرێن.
ئەمە سووکایەتی نییە، ئەمە ڕاستی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایە.
هاوپەیمانە ڕاستەقینەکان بۆ ئەمەریکا ئەوان جگە لە ئەمەریکا بیر لە
خۆیان ناکەنەوە، ئامرازن، نەک پابەندی. کاتێک ئامرازەکە کاری تەواو
دەبێت، فڕێدەدرێت.
هەیئەتی تەحریری شام هێشتا لە لیستی تیرۆریزمی ئەمەریکادایە، بەڵام
تورکیای هاوپەیمانی ئەمەریکا و ئەندامی ناتۆ، پشتیوانی لەم گروپە و
هاوشێوەکانی دەکات، بەڵام ئەمەریکا چی کرد؟ الشرەعی HTS، ساڵێک پێش
ئێستا تیرۆریست بوو. ئێستا لە کۆشکی سپی پێشوازی لێدەکرێت. سوریا چووە
ناو هاوپەیمانی دژ بە داعش کەچی داعشەکان لە زیندانەکانی ڕۆژئاوا ئازاد
دەکەن.
تورکیای ئەردۆغان، ئەو تورکیایەی بە ڕوونی باس لە گەڕانەوەی
ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەکات، ئەو تورکیایەی خەڵکەکەی هاوار دەکەن
ببەمانە ئۆرشەلیم، ئەم تورکیایە هاوپەیمانی ئەمەریکایە لە ناتۆ. کوردی
ڕۆژئاوا، ئەوانەی خوێنیان ڕژا لە شەڕی داعش، دوژمنی ئەم هاوپەیمانییەن.
ئەردۆغان لە ئاداری ٢٠٢٤دا وتی: خاکی تورکیا زۆر گەورەترە لە ئێستای.
ئەمە ئەجێندایە. تورکیا لە سوریا، لیبیا، سۆماڵیا، عیراق و قەتەر هێزی
هەیە. میتی تورکیا دوێنی وەک ڕێکخراو ڕوونی پشتیوانی HTS دەکرد، چەک و
ڕاهێنان و زانیاری ئاسایشی پێدەدان و ئەمڕۆ لە فۆڕمی دەوڵەتی سوریا
هەمان ئەو کارە و زیاتر دەکات. بەڵام ئەمەریکا و ئەوروپا تەماشا دەکەن.
بۆچی؟ چونکە ئەمەریکا بۆ ماوەی نیو سەدە ئیسلامیزمی توندڕەوی وەک
ئامرازی سیاسەت بەکارهێناوە. لە ١٩٥٠وە ئەمەریکا دژ بە بزوتنەوە سکۆلار
و نەتەوەیی و کۆمۆنیستەکان، پشتیوانی لە گروپە ئیسلامییەکان دەکات.
ئەمڕۆش هەر هەمان ئەو سیاسەتە درێژەی هەیە و بەردەوامە. HTS جۆرێکی
نوێی ئەم سیاسەتەیە.
حکومەتی نوێی سوریا سێبەری تورکیایە. تورکیا سێبەری ئەردۆغان و پارتی
AKP ی ئیسلامییە. AKP سێبەری بیرۆکەی ئیخوانییە. ئەمەریکا پشتیوانی لەم
زنجیرەیە دەکات چونکە ئەمە ناوچەکە لاوازتر دەکات، گەلانی ناوچەکە
بەشبەش دەکات و بوار و مەیدانی هاوپەیمانێتی دەوڵەتان و یەکگرتوویی
گەلانی ناوچەکە ناهێڵێتەوە و داگیر دەکات.
کورد لەم یارییەدا چین؟ بێگومان یەکەم قوربانین. کورد هێزێکی سیکولار
و دیموکراتن لە ناوچەیەکدا، ئەمەریکا دژایەتی لەگەڵ سیکولاریزم و
دیموکراسی غەیرە مۆدێلی خۆی هەیە. کوردی بەهێز واتای ناوچەیەکی بەهێز و
سەربەخۆ. ئەمە بەرژەوەندی ئەمەریکادا نییە.
نموونەکان زۆر و زیندون، لە ١٩٧٥دا ئەمەریکا و شای ئێران پشتیوانی
کوردی باشوور دەکەن. کاتێک شا ڕێککەوتنی لەگەڵ سەددام کرد، ئەمەریکا
وازی لە کورد هێنا. کیسنجەر وتی: سیاسەتی دەرەوە خێرخوازی نییە.
هەزاران کورد کوژران. لە ١٩٩١دا بوشی باوک هانی ڕاپەڕین دا دژ بە
سەددام. کاتێک ڕاپەڕین دەستی پێکرد، ئەمەریکا تەماشای کرد سەددام
ڕاپەڕینەکە تێکبشکێنێت. ملیۆنان کورد ئاوارە بوون. لە ٢٠١٩دا ترامپ
بەڵێنیدا ناوبژیوانی بکات لەنێوان کوردی سوریا و تورکیادا. کوردەکان
سەنگەرەکانیان چۆڵکرد. ترامپ ڕایەڵەی سەوزدا بە داگیرکاری تورکی. لە
٢٠٢٥-٢٠٢٦دا ئەوەتا هەمان چیرۆک. هەمان قوربانی. هەمان خیانەت دووبارە
دەبێتەوە.
با دەوڵەتان و گەلانی ناوچەکە باش بزانن، مەترسییە ڕاستەقینەکە دواجار
تەنها بۆ سەر کورد نییە. داعش دووبارە هەڵدەستێتەوە. دەیان ئەمیری
ترسناکی داعش لە زیندانەکانی ڕۆژئاوا ئازاد کراون. پێکهاتە و کەمینە
ئاینی و نەتەوەییەکان لە سوریا و ناوچەکەدا لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدان.
ملیۆنان ئاوارەی نوێ لە ڕێگەدان. بەڵام ئەمەریکا گوێی لێ نییە.
ئەمەریکا دەڵێت: سوریا شڵەجاڕی خۆیەتی، پێویستیان بە ئێمە نییە
تێوەبگلێین. ئەم وشانە ترامپ خۆی وتی. ئەمە ڕاستی سیاسەتی ئەمەریکایە:
ئەگەر کارەساتەکە ڕاستەوخۆ زیان بە ئەمەریکا نەگەیەنێ، گرنگ نییە.
دەکرێ چی بکرێت؟ یەکەم: کورد هەرگیز نابێت متمانە بە بەڵێنی ئەمەریکا
بکات بەبێ گەرەنتی نووسراو و مێکانیزمی جێبەجێکردنی واقیعی. قسەی ترامپ
هیچ جۆرە حیساباتێک هەڵناگرێت. دووەم: دیپلۆماسی چەند-لایەنە پێویستە.
پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپا، چین، ڕووسیا و وڵاتانی عەرەبی گرنگترە لە
پشتبەستن بە تاک وڵاتێک. سێیەم: خۆبەسکردنی ئابووری و سەربازی یەکەم
ئەرکە. وڵاتێک، گەلێک، بزووتنەوەیەک تەنها بە هێزی خۆی دەتوانێت
بمێنێتەوە. چوارەم: ڕای گشتی جیهانی پێویستە ڕاستی بزانێت. ئەمەریکا
گروپە تیرۆرستییەکان بەکاردەهێنێت. ئەمەریکا پشتیوانی لە نوی-عوسمانیزم
دەکات. ئەمەریکا خیانەت لە هاوپەیمانەکانی دەکات.
من کوردەکانم خۆشدەوێت، قسەیەکی زۆر پوچ و فریودەرانەیە. خۆشەویستی
بەبێ کردار هیچ بەهایەکی نییە. کاتێ خۆشەویستی هەیە، خەڵکی پارێزراون
نەک قوربانی. کاتێک خۆشەویستی هەیە، خیانەت نییە. کاتێک خۆشەویستی
هەیە، دوژمن لە جێگەی دۆست ناکرێتە هاوپەیمان. ئەمەریکا کوردی
خۆشناوێت. ئەمەریکا بەرژەوەندی خۆی خۆشدەوێت. ئەم دووانە جیاوازن. کاتی
ئەوەیە ئەم ڕاستییە بزانرێ و کاری لەسەر بکرێت.
٢٢\١\٢٠٢٦
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
یاری لە سەر خاکی ئاگرین.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیتر ناوچەیەک نەماوە شەڕ و ئاشتی بە ویستی
خەڵکەکەی بێت، ئەم خاکە بووەتە مەیدانێکی گەرم بۆ کێبڕکێی هێزە جیهانی
و ناوچەییەکان و چارەنووسی نەتەوەکانی ناوچەکە بە دەست ئەوانەوەیە لە
دوور و لە دەرەوەیەوە بڕیار دەدەن. کاتێک سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەر
بنەمای دەوڵەت-نەتەوە دروستکراوە، نەتەوەیەکی بێدەوڵەت لەم یارییەدا
چۆن خۆی بگرێ و بدۆزێتەوە؟ ئایا کورد، وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت
لە جیهاندا، ناچارە بە یاسای یاری بکات -
یاسایەک خۆی دانەیناوە و بەرژەوەندی تێدا نییە؟ یان ڕێگەیەکی تر
هەیە؟
دەنگی شەقام: یەکدەنگیی کوردی لە بەرامبەر پیلانگێڕیدا.
پێش ئەوەی بچینە ناو قووڵایی باسەکە، پێویستە لە ڕاستییەکەوە
دەستپێبکەین زۆرجاران لە شرۆڤە و شیکارییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا وێڵ
دەکرێت: شەقامی کوردی پەیامێک دەدات پێچەوانەی ئەوەیە یاریگەرە
گەورەکان حیسابی بۆ دەکەن. لە سلێمانی تا ئامەدێ، لە قامیشلۆوە تا
ئەوروپا و ئەمەریکا، کورد بە یەک دەنگ و یەک بڕوا دەنگیان بۆ
ڕەتکردنەوەی ستەم و بۆ پشتیوانی کردنی خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای
کوردستان بەرز کردووەتەوە.
ئەم یەکدەنگییە چ لەخۆدەگرێ؟ ئایا دەوڵەتانی ناوچەکە و دوور تێیناگەن
یان نایانەوێ تێیبگەن؟ ئایا هێزی سیاسی لە چەکەوە دێت یان لە پارە، لە
هاوپەیمانی دەرەکی یان پیلانگێڕی ناوچەیی؟ یان لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی
و یەکگرتوویی نەتەوەییەوە؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن سیستەمی نێودەوڵەتی
ناتوانێت وڵامیان بداتەوە، چونکە نایەوێ بوونی ئەم جۆرە هێزە جڤاکییە
بە ڕەسمی بناسێت.
تورکیا: کابووسی کوردی و خەونی عوسمانی.
کورد بۆ ئەنقەرە مەترسییەکی مەزەندەییە. ئەمە بەو مانایەی نەک تەنها
مەترسییەکی ئاسایشی یان سەربازی، بەڵکوو مەترسییەکی بوونییەوی. بۆچی؟
وڵامەکە ڕوونە، چونکە ورد لە بونیادە مرۆیی و نیشتمانییەکەی خۆی
تێدەگات، تورکیا ئێستا لە هەر کاتێک زیاتر ترسی هاوسەنگبوونەوەی ئەو
هاوکێشەیەی هەیە بنەما دەوڵەت-نەتەوەییەکەی لەسەر بوونیادنراوە. ئەم
ترسە سەدەیەک زیاتر تەمەنی هەیە و هەر لە دامەزراندنی کۆمارەکەیەوە
دەستوور و یاساکانی وڵاتەکەی لە بەرامبەردا هەستیار کردوون.
هەر بۆیە دوای هەرێمی کوردستان، دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەری باکور و
ڕۆژهەڵاتی سوریا، بوو بە کابووسی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک. بەڵام
ستراتیژیی تورکیا بە تەنها هەر لەناوبردنی کوردەکان نییە. خەونە
گەورەترەکەی ئەردۆغان نەو-عوسمانیزمە. دەیەوێت تورکیا بگەڕێتەوە بۆ
شوێنی پێش جەنگی جیهانی یەکەم. ئامادەیی تورکیا لە سوریا، لیبیا، عیراق
و ئازەربایجان و شوێنانی تر بەشێکن لەو ستراتیژە نەزۆکە -
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە موتروبەی ئیخوانیزم. ڕووداوەکانی کانوونی
دووەمی ٢٠٢٦ لە سوریا ئەمە پشتڕاستدەکەنەوە. ئەو فشارەی بە ناوی
دەوڵەتی سوریاوە هێنراوەتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، داڕێژەر و
ئاڕاستەکارەکەی تورکیایە. بەڵام ئایا دەوڵەتێک هەتاسەر دەتوانێ لەسەر
بنەمای نکۆڵی لە بوونی نەتەوەیەکی تر بەردەوام بێت؟ ئەوانەی سەدەیەک
زیاترە هەوڵدەدەن پرسی کورد بە هێز چارەسەر بکەن، لەبری خامۆشکردنی
پرسەکە قووڵتر بووە. ئەم ئەزموونە لەسەر سنوورەکانی هێز و نکۆڵیکاریدا
چیمان فێر دەکات؟
ئەمەریکا: ڕەوشتی ڕۆمان و پشتکردنە دۆست.
پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و کورد پەیوەندییەکی ئازاراوی مێژوویییە. لە
ساڵی ١٩٧٥ـەوە کاتێ هێنری کیسینجەر باشووری کوردستانی وێڵکرد، ئێستاش
واشنتۆن زۆر بێشەرمانە ڕایدەگەیەنێت ئەرکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک
کۆتایی هات، چیرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ کورد چیرۆکی بەکارهێنان و وێڵکردنە.
ئەمەریکا کورد وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە کاردەهێنێت و
هەر کاتێکیش پێویستی پێیان نەما، وێڵیان دەکات.
ساڵی ٢٠١٤، کاتێک داعش گەورەترین مەترسیی تیرۆریستی بوو، ئەمەریکا بە
پەلە باوەشی بە کورددا کرد، هێزەکانی پێشمەرگە و سوریای دیموکراتیک
بوون بە سەرەکیترین هاوپەیمانی ئەمەریکا لەسەر زەوی. ئەم
هاوپەیمانێتییە خوێنێکی زۆری کوردی تێدا ڕژا. بە گوتەی خودی
ئەمەریکاییەکان، ١١ هەزار جەنگاوەری کورد گیانیان لە بەرەنگاربوونەوەی
داعشدا بەخشی. بەڵام ئێستا، تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ
سوریا، بە ئاشکرا دەڵێت: ئەرکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک تەواو بووە.
ئەم وتەیە بە زمانی دیپلۆماسی واتای ئەوەیە چیتر پێویستیان پێیان نییە.
ئەمەریکا بۆ وا دەکات؟ وڵامەکە لە ناکۆکی بنەڕەتی سیاسەتی دەرەوەی
ئەمەریکا خۆیدایە. تورکیا هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریکایە لە ناتۆدا.
بنکەی ئینجیرلیک کلیلی کۆنترۆڵی ناتۆیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمان
کات کورد هاوپەیمانی تاکتیکی بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. لە نێوان
ئەم دوانەدا، واشنتۆن هەمیشە تورکیای هەڵبژاردووە. ئەمە درووستە یان
هەڵەیە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ڕاستی ئەوەیە ئەمەریکا بەرژەوەندی
درێژخایەنی لەگەڵ ئەنقەرە پاراستووە لەسەر حسابی کورد.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت ئەمەریکا بەرژەوەندی تری
هەیە لە ناوچەکەدا، هیچ کام لەو بەرژەوەندییانەی پەیوەندییان بە
کوردەوە نییە. سەرەکیترینیان بەرەنگاربوونەوەی ئێرانە. بۆ واشنتۆن،
سوریا مەیدانێکە بۆ سنووردارکردنی ئێران. کەوتنی ئەسەد و هاتنی
حکومەتێکی نوێی سوننی پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاواوە، فۆڕمی
ئەو حکومەتە هەرچییەک بێت، بۆی گرنگ نییە، تێکشکاندنی تەوقی ئاگرینی
ئێران گرنگترینەکەیەتی. لێرەدا کورد تەنها ئامرازە، نەک ئامانج. ئەم
چیرۆکە چەندجار دووبارە دەبێتەوە، ئەم دووبارەبوونەوەیە تەنها شکستی
سیاسەتی کوردی نییە، بەڵکوو پرسیارێکی قووڵتر لە سروشتی سیستەمی
نێودەوڵەتی دەکات: ئایا سیستەمێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دەوڵەتان
بنیاتنرابێت، شوێنی بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەت تێدا دەبێت؟
ئیسرائیل: ستراتیژیی دوژمنی دوژمنەکەم.
پەیوەندی ئیسرائیل و کورد یەکێکە لە نهێنیترین پەیوەندییەکانی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان پەیوەندییەکە
دەگەڕێننەوە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام ئەم پشتیوانییە هەرگیز
نەبوو بە هۆی کاریگەربوونی کورد لە ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان،
بەڵکوو بووە هۆی کێشە بۆ دوژمنەکانی ئیسرائیل. ئەمە فەلسەفەیەکی سادەیە
لە سیاسەتی دەرەوەدا: دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە.
ئەمڕۆ، هەمان فەلسەفە بەردەوامە. بۆ ئیسرائیل، ئێران و شەبەکەکانی وەک
حیزبوڵڵا مەترسییە سەرەکییەکەن. کەوتنی ئەسەد دەرفەتێکی مێژوویی بوو بۆ
تێکشکاندنی دەریچەی ئێران بۆ دەریای ناوەڕاستی زەوی و بۆ حیزبوڵڵا. لەم
چوارچێوەدا، کورد لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە بەسوودن چونکە لاوازکردنی
دیمەشق یان ئەنقەرە بە سوودی ئیسرائیلە، بەڵام کاتێک سوریا جۆلانی
ڕادەست دەکات و ئەوانی تری وەک تورکیا و سعودییە و قەتەر و جەبهەی
سووننی – ئیخوانیزم دەست شل دەکەن بۆی، کورد با ئاگر و ئافات بیبات،
بۆی گرنگ نییە.
فەلسەفەی دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە، کاتێ هاوسەنگییەکان دەگۆڕێن،
دۆستەکەش دەگۆڕێ. ئەمە لۆژیکی ناوەکییەکەیەتی ئەگەر کورد بە خاتری ئەوە
پشتیوانی دەکرێن کێشە بۆ دوژمنەکانی زیاد بکات، ئەوا کاتێک دوژمنەکە
کەوت یان هاوسەنگییەکان گۆڕا، پێویستی بەو کێشەیە نامێنێت. ئەم لۆژیکە
نەک تەنها لە ئیسرائیل، بەڵکوو لە هەموو هاوپەیمانە ستراتیژیکییەکان
دەبینرێت.
سعودییە و قەتەر: یاری ناوچەیی.
عەرەبستانی سعودی لە ئاستێکی جیاوازدا دەڕوانێتە ناوچەکە. بۆ ڕیاز،
کوردەکان نە هاوپەیمانن و نە دوژمن. بەڵکوو بەشێکن لە پێکهاتەی ئاڵۆزی
ناوچەکە و دەبێ بەڕێوەببرێت. ئەوەی گرنگە بۆی ئەوەیە کاریگەری ئێران
سنووردار بکرێ، تورکیا سەرداری ناوچەکە نەکات و ئاسایشی دابین بکرێت بۆ
پڕۆژەی ڤیژن ٢٠٣٠ ئەوەی ولیعەهدی محەمەد بن سەلمان بەرنامەی بۆ داناوە.
بێگومان سعودییە تەنها لەگەڵ ئێران لە کێبڕکێدا نییە، هەفتەیەی
ڕابردوو، بینیمان هێرشی کردە سەر کەشتییەکی ئیمارات لە یەمەن. ئەم
ڕووداوە نیشانەی ئەوەیە لە هاوپەیمانەکانی خلیجیشدا کێشەی سەخت هەیە.
سعودییە و ئیمارات ساڵانێکە لەسەر سەروەری یەمەن و ناوچەکانی تر کێبڕکێ
دەکەن. ئەم کێبڕکێیە کاریگەری دەکاتە سەر هەموو ناوچەکە، لەوانەش سوریا
و کێشەی کورد.
کورد: لە نێوان ئەرز و ئاسماندا.
ئەوەی بەرچاوە ئەوەیە: کورد هەتا ئەمڕۆ لە یاریییە گەورەکاندا تەنها
وەک کارت مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. ئەوانەی بڕیاریان لە چارەنووسی کورد
داوە خۆی نەبووە، بەڵکوو ئەوانە بوون بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە.
ئەمەریکا و ئێران و تورکیا و ئیسرائیل و سعودییە. ئەم دۆخە دڵتەزێنە بۆ
نەتەوەیەک چەندین سەدەیە خەبات بۆ چەسپاندنی شوناس و مافە مافەکانی
دەکات. ڕووداوەکانی ئەم دوایەی سوریا نموونەیەکی ڕوونن. ڕێککەوتنی
نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، پاشگەزبوونەوەیەکی
گەورەیە بۆ خەون و ئامانجەکانی کورد.
لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هیچ هاوپەیمانییەکی هەتاهەتایی نییە. هەموو
وڵاتێک بەرژەوەندی خۆی لە پێش هەموو شتێک دادەنێ. ئەمەریکا ئەمڕۆ
هاوپەیمانی کوردە، سبەینێ بێشوێنن. ئیسرائیل ئەمڕۆ بە نهێنی پشتیوانی
دەکات، سبەینێ پشتیان تێدەکات. تورکیا بە دەستێک پڕۆسەی ئاشتی لە
ناوخۆی وڵاتەکەی دەستپێکردووە لەگەڵیاندا، بە دەستەکەی تری فشار دەخاتە
سەر کورد لە سوریا و هەرێمی کوردستان. هیچ شتێک مسۆگەر نییە.
بۆ کورد، ئەم دۆخە پێویستی بە بیرکردنەوەی نوێ هەیە. پشتبەستنی
سەرکردایەتی سیاسی کورد بە پشتیوانییە دەرەکییەکان ستراتیژییەکی
شکستخواردووە و سەدەیەک زیاترە تاقیدەکرێتەوە و کاتی ئەوە هاتووە
عیبرەت لە شەقام وەربگرێت، توانای ناوخۆیی خۆی دروستبکات، یەکگرتوو بن
و لەسەر ئامانجەکانیان ڕاوەستن تەنانەت کاتێک هاوپەیمانەکانیش پشتیان
تێدەکەن.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغی گۆڕانکاری گەورەدایە. ئێران کەوتووەتە
ژێر فشاری گەورەی ناوەوە و دەرەوە. سوریا پڕۆسەی گۆڕانێکی تەواو
تێدەپەڕێنێت. یەمەن بووەتە مەیدانی شەڕی عەرەبستان و ئیمارات. ئیسرائیل
بەردەوامە لە سیاسەتی هێز لە غەززە و لوبنان و سوریا. ئەم هەموو
گۆڕانکارییە واتای ئاسایشی زیاتر نییە، بەڵکوو واتای ناڕەحەتیی زیاترە.
تا هێزە گەورەکان بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بگەن، ناوچەکە لە ئاژاوەدا
دەمێنێتەوە و کورد وەک هەمیشە لە ناوەڕاستی ئەم ئاژاوەیەدان. لێرەدا
لەبری ئەوەی بپرسین کەی ئەو ئاژاوەیە کۆتایی دێت، ڕاستتر وایە بپرسین
چۆن دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم ئاژاوەیەدا نەتەوەیەک خۆی بپارێزێت و
پێشبکەوێت. ئەم پرسیارە وڵامی ئامادەی نییە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە
ئەوەیە: وڵامەکە نە لە واشنتۆنەوە دێت، نە لە ئەنقەرە، نە لە تل ئەبیب.
وڵامەکە، ئەگەر هەبێت، لە ناوەوەی کۆمەڵگای کوردی خۆیەوە دەبێ بێت
- لەو یەکدەنگییەوە ئەمڕۆ لە
شەقامەکاندا دەیبینین و دەیبیستین.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|