سێ بابهت:
١- مالیکى و
حەنبەلى و جەعفەرى دادى کورد نادەن.

هیوا رەش
بۆچوونێک هەیە کە ئەو ووڵاتانەى کەوتنە ژێر
قەڵەمڕەوى داگیرکارى ئیسلامەوە هەر گەلێک و بە جۆرێک پێشوازى لەو (
فتوحات ) ە کردووە ، هەندێگ ئەوەندە خۆڕاگر بوونە ( اسلام و عروبە )
یان ڕەت کردۆتەوە و مۆرکى ڕەسەنایەتى خۆیان پاراستووە و ڕادەستى زوڵم و
ستەمى ئەنفال و مەنفالى ئیسلام نەبوونە و تائێستاش شکۆمەندانە شانازى
بە مێژووى خۆڕاگرى و بەرگریى خۆیانەوە ئەکەن ، ئەمانە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ
پێشکەوتنى زۆرى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ڕۆشنبیرى و زانستی بە خۆیانەوە
ئەبینن ، بەشێکى تریشیان ئاڵاى تەسلیم بوون و تەعریب بوونیان کردە
بەیداخى ملکەچى و تا ئێستاشى لە گەڵ دا بێت لەو بازنەیەدا قەتیسن ،
هەندێکى تریشیان ( کورد ) بە نمونە ، ملکەچى ( تسلیم ) بوونە و ئایینى
خۆیان فڕێ داوە و کوێرانە و بێ تێگەییشتن لە ناوەڕۆک و بە حوکمى شیر و
تیر و ترس لە خوداى ئیسلامەکان ، بوون بە ئیسلام کە جگە لە کورد فارس و
ئەفغان تورک و - - - نمونەن .
کورد ، وەکو نەتەوە هەمیشە سەرسەختانە لە سەنگەرى بەرگرى دا بووە و
بەرامبەر ئەو هەڵوێستەى باجى زۆرى بە خوێنى ڕۆڵەکانى داوە و گەلێک جار
دووچارى هەڕەشەى لە ناوچوون و جینۆسایدى ئەوتۆ بۆتەوە ئەستەمە لە
مێژوودا هاوشێوەى هەبن هەروەکو لە ئەنفالەکانى بەعسییەکان دا بە سەرى
دا هات ، بەڵام مخابن لە ئاکامى بێگانە پەرستیى سەرکردایەتى بزووتنەوەى
ڕزگاریخوازیى ئەو بەرگرییانە گورگان خواردوو ئەکرێن ، ناچینە سەر
گێڕانەوەى قۆناغەکانى ڕابردوو هێندەى مەبەستە دەست لە سەر بار و دۆخى
ئێستاى گەلەکەمان دائەنێین .
ئەوەى بەعس پێى کرا کردى و دواى خۆشى پەیامەکەى بە گوێى قوتابییەکانى
خۆى گەیاند ، لە دەمى ڕووخانى بەعس و لە کەنارى هەڵوەشانەوەى دەوڵەتى
سەرکوتکەر و خۆسەپێنى عێراقى دا و لێک هەڵوەشانەوەى سوپا فاشیستییەکەى
دا ، بەر لە هەموو کەس و دڵسۆز تر لە هەموو کەس و غەمخۆر تر لە هەموو
عێراقچییەک ، سەرکردە کوردەکان هەوا و ئارەزووى پایتەختى قات و قڕیان
کەوتە مێشکەوە و هەر ئەوان ڕۆڵى سەرەکییان بینى لە پێکەوە لکاندنى
نەخشەى دڕاوى عێراق و پینە کردنى و دروشمى برایەتى لە گەڵ دوژمن دا –
گیان وەبەر خستنەوەى سوپاى فاشیستى – یەکڕیزى گەلانى عێراقى قەستە سەر
بە خوێنى کاسە سەرى کورد – پێکهێنانەوەى حکومەتى مەرکەزى لە سەر بنەماى
شۆفینیزمى نەتەوەیى باڵا دەست ، بە ڕێزى برا بچووکى لە خزمەت برا
گەورەى ستەمکار دا وەستان .
دواى ئەوەى کوڵە ماریان زیندوو کردەوە ئینجا وەخۆ کەوتن نەوەکو
پێمانەوە بدات ، عەللاوى نەیتوانى ببێتە ئەو شاسوارەى خەونیان پێوە
ئەبینى ، کەوتنە مەدح و سەناى جەعفەرى ، نەخێر بایان دایەوە سەر مالکى
و تا ئێستا بۆ خەڵکیان ڕوون نەکردۆتەوە کە ئەمانە لە شێوەدا جیاواز و
لە ناوەڕۆک دا چوون یەکن ، نە ئایین و نە ئایینزا و نە حیزب و نە
ئایدیا بۆ کورد هیچ لە هاوکێشەکە ناگۆڕن چونکە هەموویان دەرچووى هەمان
قوتابخانەى شۆفینیستین بەرامبەر بە گەلەکەمان .
ئێمەى کورد خۆمان بە براى نەتەوەکان ئەزانین و لە ئاکامى سیاسەتى کوشت
و بڕ هەویاى عەدالەت برایەتین لە گەڵ گەلانى دنیا دا ، بە مەرجێک
بەرامبەرەکەمان نەکەونە ژێر کاریگەریى ئایدیایەکى شۆفینیزمانەوە بەڵام
بە داخەوە ئەمە ئەو پەندە کوردییەم دێنێتەوە یاد ( ئاش لە خەیاڵێک و
ئاشەوان لە خەیاڵێک ) ، بۆیە هەرچى ئێمە بیرى لێ بکەینەوە بەو ئاقارەدا
، ئاسنى سارد کوتانە لە گەڵ حکومەتەکانى تورک و عەرەب و فارس دا و تا
ئێستا چەند حکومەت گۆڕاوە ئەو بارەى لە ئێمە یە هەر لە ئێمەیە و سوارى
هەر کەرێک بووبین هەڵى تیزاندووە ، پێم وایە هەتا دروست بوونى
دەوڵەتێکى کوردیى سەربەخۆ خەونە ڕەنگاڵەییەکانمان هەر بە ڕەش و سپێتى
ئەمێنێتەوە ، بە هیوام ڕۆڵەکانى گەلەکەمان چى تر ڕێگە نەدەن بۆ بەدەست
هێنانى ئافەرینى سەرکردەکانمان چارەنووسى گەلەکەمان گەمەى لە سەر بکرێت
و خاکى نیشتمانمان بکەوێتە مەترسى داگیر کردنى تا هەتایى ، هەر وەکو
ئەمڕۆکە ناوچە سنورییەکانى باشورى نیشتمان ( کەرکوک و موسڵ و سنجار و
خانەقین و مەندەلى و شوێنەکانى تر ) لە بەردەم هەڕەشەیەکى ترسناک دان .
٢- (عادوا الى صف
الوطني).
لەو ماوەیەى پێشوودا ( ئاسۆ کەریم ) ووتەبێژى فراکسیۆنى کوردستانى بە
ئاشکرا درزى خستە نێو پەرلەمانى کوردستانەوە و بە سەر دوو بەرەى دژ بە
یەک دا دابەشى کرد ( بەرەى نیشتمانى و بەرەى ئۆپۆزیسیۆن ) ، کەس لە گەڵ
دوو بەرەیى نێو پەرلەمان دا ناکۆک نیە چونکە ئەوە بەڵگەى زیندوێتى
پەرلەمان و باشتر ڕاپەڕاندنى کاروبارەکانى لە خزمەتى کۆمەڵانى خەڵکى
ستەمدیدەى کوردستان دایە بەڵام نەک یە ئارەزوو ناویان لێ بنرێت ، ئەگەر
ئاسۆ کەریم ئەوەندە پشت ئەستوور بێت بە نیشتمانى بوونى بەرەکەى ئەبوایە
کاروبارەکانى ڕابردووى ئەو بەرە نیشتمانییەى خۆى لە ڕابردوودا بیر
نەچوایەتەوە و لەو پێودانگەوە بڕیارى خۆى بەویستى سەرکردەکانى نەدایە ،
بە هەر حاڵ ئەو قسەیەى پیاوێکى جێبەجێ کەر لە ( پەرلەمان ) نەک
بڕیاردەر مایەى وێستە کردنە لە بەر ئەوەى بە مەترسیى یەکتر قبوڵ
نەکردنەوە پێچراوە ، هەرچەندە ئەو تەسنیفە ئەبوایە بەرامبەر دوژمنانى
کورد دابڕێژرایە ، بەرامبەر ئەوانەى سەرکردەکانى کاک ئاسۆ بەم ڕۆژگارە
بە هەنگوینەوە باڵى خۆیان ئەکەن بە قوڕگیان دا و پێیان پەشمە ناوى
کوردستان بە زاریان دا بێت .
دیارە کاک ئاسۆ بە خۆڕایى و بە بێ ئیعاز نادوێت ، و لیستى گۆران
کەوتۆتە نێو قەرەووڵى لیستەکەى و وەکو ڕکابەر تەماشا ناکرێت بەڵکو وەکو
هەڕەشە و مەترسى بۆ سەر ئاییندەى خۆیان لێى ئەڕوانن ، بە نەزەرى کاک
ئاسۆ و لیستەکەى هەر لایەک هەڕەشە بێت بۆ سەر دەسەڵات و
بەرژەوەندییەکانیان بێگومان هەڕەشە ئەبێت بۆ سەر ئاساییشى نەتەوەیى ،
کە هەڕەشە بۆ سەر ئاساییشى نەتەوەیى لە ئارادا بێت ئەبێت ئامادەباشى بۆ
بکرێت و بە شەڕى ڕاگەیاندن دەست پێ بکەن و چاوەڕوانیى شەڕەکانى دیکەش
لە ئارادا بن .
لەبەر ئەوەى قورسایى زیاتر بە گۆران دراوە ، تا ئێستا ئێمە ئاگادار نین
چەند تیرۆریست لە نیشتمانەکەمان خەریکى گەرادانان و شێواندنى
ئاساییشمان بوونە و گیراون و دانیان بە تاوانەکانیان دا ناوە ! چونکە
نە وێنەکانیانمان بینیوە نە گوێشمان لە دەنگیان بووە نە
ئیعتیرافەکانیانمان لە میدیاکانەوە خوێندۆتەوە ! بەڵام ناو بە ناو
ئەبیستین لێیان گیراوە ، کە چى زۆر ئاسایى لایەنگرانى لیستى گۆران
ئەهێنرێنە سەر میدیاکان و بە پەشیمانى و پەنجە گەستنەکانیان ئاشنامان
ئەکەن ، هێندە بە خۆشحاڵییەوە باس لە گەڕانەوەى هەوادارانى گۆران
ئەکرێت بۆ باوەشى ( نیشتمان ) ڕێک قۆناغێکى ڕابردووم بیر دێنێتەوە کە
پێشمەرگەیان ئەهێنا و لە ڕێگەى کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە لە کەسایەتییان
ئەدا ، ئەگینا گەنجێک ئەوەندە لە دنیا گەییشتبێ بە بەڵێنى ئیمتیاز
بەخشین هەڵبخزێت ، لە چاو ترووکانێک دا 180 پلە وەرسووڕێت ، نەزانێ دوو
ڕستەى شیاو و دوو بیانووى ماقوڵ بۆ ئەمبەر و ئەوبەر کردنى خۆى وەکو
پاساو و بیانوو بهێنێتەوە ، کەى مایەى دڵخۆشى یە تا بەو جۆرە بایەخى پێ
بدرێت ، ئەو گەنجانە پێویستیان بە ئامۆژگارى یە نەک لێدوان ، پێویستیان
بە فێر کردنە نەک لە ڕێ لادان ، ئەوانە نەمامى سامانى نەتەوایەتین
پێویستە ڕاست بکرێنەوە نەک هەوڵى چەماندنەوەیان بدرێت .
ئەخوازم لەمە و دوا ڕکابەریى نێو پەرلەمان لە کاتى دانیشتنەکان دا شەڕە
کورسى لێ بکەوێتەوە لە دەرەوەش شەڕە ماچ ، ئەخوازم هەموو ڕکابەرییەکان
بەرامبەر یەک بخرێنە لاوە و بە ڕکابەرییەکى نیشتمانییەوە بەرامبەر
پاشماوەکانى بەعس بووەستنەوە و موزایەدە لە سەر ناوچە داگیرکراوەکان
نەکرێت ، ئەخوازم بیر لە کوردستانى بوونى هاونیشتمانییانى کوردستان
بکرێتەوە بەر لە زاخاو کردنیان بەعێراقچێتى ، ئەخوازم بیر لە
یەکپارچەیى خاکى کوردستان بکرێتەوە نەک دروست کردنەوەى نیشتمانى داگیر
کەران ، ئەخوازم لەمەو دوا لە پەرلەمان دا بە دوور لە ئینتیما و وەلائى
موتڵەق بۆ سەرکردە و حیزب ئینتیماو وەلائمان تەنها بۆ نیشتمان هەبێت ،
دڵنیام ئەوسا شوناسى نیشتمانپەروەریى چى تر وەکو ئەندام بوون لە
سەندیکا و ڕێکخراوەکان بە مەرەکەب و قەڵەمى حیزب ڕەنگ ناکرێت ، تەنها
پێوەر بۆ نیشتمانپەروەریى خزمەتى هاونیشتمانییان ئەبێت نەک سەنگەر
گواستنەوە ، لە گەڵ ڕێزما بۆ ئەوانەى بۆ ویژدان نەک بۆ گیرفان سەنگەر
ئەگۆڕن .
کۆمەڵەى پێشمەرگە
دێرینەکانى حیزبى شیوعى کوردستان،
لە پاڵ کاسبییەکەتانەوە ئحمێک بکەن ، خۆ کافر نابن ؟!
ئەگەر خەڵکانێک هەبن لە دوورەوە ڕەخنەیەکیان لێتان هەبێت ڕەنگە ناهەقیى
بدەنە پاڵى و گلەییان لێ بکەن بۆچى تفەنگ بە تاریکییەوە ئەنێن ؟ بەندە
لەو کەسانە نیم و لە نزیکەوە ئەتان ناسم و ئاگام لێتان بووە و هەیە
ئەگەر ڕاستیش ناکەم بە درۆم بخەنەوە ، لە شاخ و لە شاریشا لە نزیکەوە
یەکتر ئەناسین ، لە شاخ دا دژایەتى کەسانى وەکو ئێمە مانانتان ئەکرد لە
سەر جموجۆَڵ و بزێویمان گوایە ئێوەى لە کۆنەوە حیزبى و ئێمەى فەرخە ،
نابێت کارێک بکەین ئیحراجتان بکەین چونکە بەڕێزتان بە چالاکى
پێشمەرگانە دڵتان تێک ئەچوو ، لە شاخ دا نەک هاندەر ڕێگر بوون لە
بەردەم ئەو لاوانەى ئەهاتنە ڕیزى پێشمەرگەکانى حیزبى شیوعییەوە بە
تایبەتى کەسێکى لێهاتوو بوایە واتان لێ ئەکرد پەنجەى پەشیمانى بگەزێت ،
بە گلکۆى شەهیدان قەسەم وازم لە سەرپەلى هێنا چونکە نەمتوانى چەکى شانى
شەهید مامۆستا ئاوات دابگرم و ئێوە بیکەنە شان ( العاقل یفتهم ) ،
چونکە پێم وابوو چەک چەکە نەک مەدالیا و چەکیش شایەنى پێشمەرگەى ئازایە
نەک ترسنۆک ! لە شاخ دا زۆر پێشمەرگەتان پاڵ پێوە نا و بۆتان چووە سەر
.
با لە لاپەڕەى کۆنتان واز بێنین و بێینە سەر هەڵوێستە ( جوامێرى )
یەکانى سەردەمى شارى دواى سەردەمى شاخ کە من ماوەیەک لە گەڵتان دا
ئەندامى دەستەى باڵاى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان بووم و گەلێک جار لەو
هەموو بارەگایەى هەمان بوو کۆبوونەوەکانمان ئەبردە کارگەى سەهۆَڵى (
کۆمەڵە ) نەبادا بۆن چزەى گۆشت و بەز ئەو هاوڕێ پاسەوانە لە برسا چاو
بە قوولا چووانەى بەردەم بارەگاکان بە دینارى ئاسن مووچەیان وەر ئەگرت
شەیدا بکات ، نەبادا خوشک و دایکانى شەهید یەخەمان دابدڕن و بڵێن ئەگەر
هەیە با بۆ هەموومان بێت و ئەگەر نییە ئەمەتان لە کوێ بوو ؟ پێشمەرگە
دێرینەکان نەڵێن کوڕە لە ژێر بارى ئیشا پڕووکاین !
لە کاتى خۆى دا و بە بەڵگەوە زۆر گەندەڵیم ڕووبەڕووتان کردەوە کە
ئەنجامتان دابوو ، خزم و خۆ و ئەحباب و ئەرباب و مەحسوب و مەنسوب و دەر
و دراوسێ و جاش و ئەفسەرى عێراقى و پیاوانى دەزگا داپڵۆسێنەرەکانى
بەعستان کردە پێشمەرگە و پلەى خانەنشینییەکانیشیانتان لە سەرووى ئێمەوە
دانا بێسوود بوو ، تا ناچارتان کردین نهێنییەکان ببەینە ئەو دیو دیوارە
قوڕینە داڕماوەکەى ڕێکخستنەکانەوە ،هاوڕێیانمان بە گشتى لە گزى و
دزییەکانتان ئاگادار کردەوە ئینجا کەمێک وێستەتان کرد ، لە هەموو
کردەوەکانتان ( مەرد ) انە تر ئەو هاوڕێیانەى بەر دەرگاى لێ ئەگرتن بۆ
وەرگرتنەوەى مافى ڕەواى خۆیان پێتان ڕائەگەیاندن کە هیوا ڕەش
ناوەکانتانى کوژاندۆتەوە ، خۆشبەختانە ئەوان خۆشباوەڕ نەبوون بە
قسەکانتان چونکە ناجوامێرى پیاوى ترسنۆکى تایبەت بە خۆى هەیە .
ئێستا لەم بێکارى و گرانى و نەبوونى یەدا ئاوورَێک لە پێشمەرگە
دێرینەکان دراوەتەوە ئێوە لە ناهەقییەکانتان هەر بەردەوامن و بە پلەى
یەک کەس و کار ، بە پلەى دوو ئەحباب ، بە پلەى سێ پێشمەرگە خۆتان
ئاساکان ، بەپلەى چوار بێدەنگ و شوکرەکان ، بە پلە - - - - - دوا پلە و
بە ناچارى پێشمەرگە بێ پشتەکانتان نووسیوە و بو مووچەیەکى زۆر لەوان
کەمتر خانەنشینتان کردوون ، هەرچییەک ئەڵێم و ئەنووسم هەمووى بدەنە
لاوە چونکە کاسبییەکەتان وایە و وا ئەخوازێ ، بەڵام ئەرکێکى زۆر پێرۆز
هاتۆتە پێشتان و هەرچەندە بەگومانم ئێوە بە ئەرکى سەرشانى خۆتانى بزانن
! لە بەر ئەوەى زیان بە بەرژەوەندى باڵاى دەستەى باڵاى کۆمەڵەکەتان
ئەگەیەنێت ، بەڵام بۆ مێژوو ئەیخەمە یادتان و ڕووبەڕووتانى ئەکەمەوە
ئەگەر ئێوە بە دەنگیەوە هاتن بەڵێن بێت پەشیمانى لە هەموو ئەو
ڕاستییانە دەرئەبڕم کە لە بارەى ئێوەوە ووتوومە .
خۆتان ئەزانن کە چەندێک ناهەقى بەرامبەر پێشمەرگە دێرینەکانى حیزبى
شیوعى کراوە و بە ئێوەشەوە قسورتان نەکردووە ، ئێوە نەتان توانیوە
سەریان ببڕن نانتان بڕیون ، بەڵام سەردەمانێک بۆ دڵنەوایى بەعسییەکان
چەندین هاوڕێتان سەربڕدراوە بە شەهید کردن بێت یان بە بە دیارى
بردنەوەیان بۆ بەردەم پەتى سێدارە کە خۆمیش یەکێکم لەوان و بە ڕێکەوت
ماوم ، دکتۆر عادل و هاوڕێکانى لە دەشتى هەولێر ، قاسم عەرەب و
هاوڕێکانى لە جەبارى ، ئەحمەد بازۆکا و هاوڕێکانى لە گەرمیان ،
موهەندیس نەوزاد و براکەى لە قوشتەپە ، بەشدار و هاوڕێکانى لە بادینان
، مولازم سەعد و هاوڕێکانى ، کە لەم دوایى یەدا یەکێک لە بەشدار بووانى
ئەو تاوانە ، بێتاوانیى خۆى و ئاگادار بوونى لە ڕووداوەکە وورووژاندووە
و ئەتوانن بە باشى سوود لە زانیارییەکانى وەر بگرن ، وەرن بەم کارەتان
خۆتان بکەن بە نوێنەرى شەرعى کۆمەڵەکە و هەوڵەکانتان بخەنە گەڕ بۆ
کردنەوەى مەلەفى تاوانباران و بە دادگا گەیاندنیان ، ئەوسا نەک
ڕەخنەگران دەمکوت بەڵکو قەرزارباریشیان ئەکەن . جا نازانم ئەمە لە شان
و شەوکەتى ئێوە ئەوەشێتەوە ؟ وەڵامى ئەمە لاى کەس نییە لە خۆتان
بترازێت بەڵام من بەشبەحاڵى خۆم ئەڵێم نەخێر ، هیوادارم کە تا ئێستا
نەتانتوانیوە بە درۆم بخەنەوە با لەمەیان دا وا نەبێت و تەنها بەس بۆ
ئەمجارە بە درۆم بخەنەوە و باسکى مەردایەتى لێ هەڵماڵن و ڕاى پێشوەختم
ئاوەژوو بکەنەوە ، بەڵام ؟ ! ؟ ! ؟ !
ئەتوانن لە سەر بکوژانى شەهید قاسم عەرەب و هاوڕێکانى و چەند شەهیدێکى
ترى یەکێتى نیشتمانى کوردستان سوود لە سایتى پارتى چەپى کوردستان وەر
بگرن کە بە بەڵگەوە هەندێک نووسراوى دەزگا داپڵۆسێنەرەکانى ڕژێمى بەعسى
لە مەڕ ئەو تاوانە بڵاو کردۆتەوە کە ئەمە ئەدرەسەکەیەتى:
((
www.p-c-k.org )) .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|