په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٥\٢٠١٨

سێ بابەت لە سی و شەشەمین خولی ''فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر''ەوە.

 

مەنسوور جیهانی

 

نمایشکردنی ھەشت بەڵگەفیلمی بیانی لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.

ھەشت بەڵگەفیلمی بیانی لە بەشی "بەڵگەفیلم لەژێر گەورەبین"ی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر نمایشکران.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، ئەمساڵ لە بەشی "بەڵگەفیلم لەژێر گەورەبین" Docs in Focus لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بە رێژەی ھەشت بەڵگە فیلمی بیانی لە وڵاتانی وەکوو ؛ ئوستڕاڵیا، کۆماری چیک، بەریتانیا، ئۆکراین، پۆڵەندا و چەندانی دیکە نمایشکران.

"چیرۆکی زەماوەندێک" A Marriage Story لە دەرھێنانی "ھلێنا ترێشتیکۆڤا" Helena Trestíková بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی کۆماری چیک لە فیلمە وەرگیراوەکانی ئەم بەشەیە کە سووژەیەکی بنەماڵەیی دەگێڕێتەوە.

رووداوگەلێکی زۆر لە ژیانی ھاوبەشی ٣٥ ساڵەی دوو ھاوسەردا روویداوە؛ لە کاتە پڕ لە بیرەوەرییەکان و خاڵە ھاوبەشەکانەوە تا ھەڵکشان و داکشانە دراماتیکەکان. ئەم ژن و مێردە لە بەشێکی زۆر لە ژیانی خۆیاندا لەگەڵ بابەتەکانی ژیانی رۆژانە لەوانە گەورە کردنی منداڵەکان و بەڕێوەبردنی ناوماڵ یا کار و کاسبیی خۆیان دەستەویەخە بوونە.

"ھلێنا ترێشتیکۆڤا" لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینی بە کامێراکەی خۆی چووە بۆ لای ژن و مێردێک کە بەشێک لە ژیانی ئەوان لە نوێترین بەڵگەفیلمی ئەم سینەماکارەدا بەئەزموونەی خەڵکی وڵاتی چیکدا نمایش دەکرێت. "چیرۆکی زەماوەندێک" لە درێژەی فیلمە تەلەڤیزیۆنییەکاندایە کە ترێشتیکۆڤا لە درێژەی چەند دەیەی رابردوودا سەبارەت بە ئیوانا و واتسلاوا بەرھەمی ھێناوە، بەڵام لەم بەڵگەفیلمەدا خاڵی سەرنجڕاکێشی زۆر بزوێنەر لە ژیانی ئەم ژن و مێردەدا تۆمار کراوە.

ترێشتیکۆڤا کە ئەندامی ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپایە و ھەروەھا بۆ ماوەیەکی کورت وەزیری فەرھەنگی کۆماری چیک بوو، نووسەر و دەرھێنەرێکە کە بە فیلمەکانی "ژنان لە دەستپێکی ئەم سەدەیەدا" (ساڵی ٢٠٠١)، "مارچێلا" (ساڵی ٢٠٠٧) و "مالۆوی" (ساڵی ٢١٠٥) دەناسرێت.

"شین" Blue لە دەرھێنانی "کارینا ھۆڵدن" Karina Holden بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧ی وڵاتی ئوستڕاڵیایە کە تێڕوانینێکی وردبینانەی ھەیە بۆ بابەتی ژینگە و بە تایبەت پیسبوونی ئاوەکان.

ئەم بەڵگەفیلمە باسی بابەتی کەمبوونی زۆری تەندروستیی ئوقیانووسەکان دەکات. ئەو فیلمە بە ئاماژەدان بەو بابەتە پڕ لە ژانە کە زیاتر لە نیوەی ژیانی دەریایی لە ناو چووە و بە پیشەسازی بوونی دەریاکان ھەروەھا بەردەوام زیاتر و زیاتر دەبێت، باسی ئەو ئاستەنگانە دەکات کە ئێمە لەگەڵیان بەرەوڕووین و ھەڵبەت ئەو ھەلانەی کە بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییە پۆزەتیڤەکان بوونی ھەیە.

"کارینا ھۆڵدن" لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا چووە یەکەی مێژووی سروشتیی "ئەی بی سی" و ماوەی حەوت ساڵ وەکوو لێکۆڵەر لەسەر بەڵگەفیلمەکانی ژینگەی وەحشی دەریایی کاری کرد، ھەتا ئەوەی کە لە کۆتاییدا ئەزموونی بەرھەمھێنانی پەیدا کرد. ئەو لە گەڕانەوەیدا بۆ زێدەکەی خۆی واتە ئوستڕاڵیا، چێکردنی بەڵگەفیلمی لە ژانرە جۆراوجۆرەکاندا درێژە پێدا و بەردەوام لە کارەکەیدا پێشکەوتنی بەدەستھێنا. نوێترین بەڵگەفیلمی ئەو بە ناونیشانی "شین" لەوە پێش لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان لەوانە ڤەنکۆڤەری ٢٠١٧ چۆتە سەر پەردەی سینەما.

"ئێلدۆرادۆ" Eldorado لە دەرھێنانی "مارکۆس ئیمھۆف" Markus Imhoof بەرھەمی ساڵی ٢٠١٨ی زایینی وڵاتانی سویسڕا و ئەڵمانیایە و باسی بابەتی پەنابەران دەکات. "مارکۆس ئیمھۆف" بە ئیلھام وەرگرتن لە ھەڵسوکەوتی خۆی لەگەڵ منداڵێکی ئیتاڵیایی پەنابەر بە ناوی جۆوانا لە رەوتی جەنگی جیھانی دووھەم، چۆنییەتی ھەڵسوکەوت لەگەڵ پەنابەران و کۆچبەران لەم رۆژگارەدا لە دەریای مدیتەرانە، لوبنان، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و سویسڕا دەگێڕێتەوە.

"مارکۆس ئیمھۆف" لەدایکبووی ساڵی ١٩٤١ی زایینی لە شاری وینتێرتۆر لە وڵاتی سویسڕا کە لە شاری زۆریخ مێژووی ھونەری خوێند و لە ساڵی ١٩٦٦ی زایینی کۆمپانیای فیلمسازیی خۆی بە ھاوکاری دۆستەکانی دامەزارند. ئەو ئەزموونی وانەگوتنەوەی لە قوتابخانەی فیلمی میلانۆ، ئاکادیمیای فیلمی بەرلین و زانستگای فیلمی زۆریخ ھەیە. ئەو لەگەڵ "ئێلدۆرادۆ" بەر لە ئێستا چۆتە فێستیڤاڵەکانی نێونەتەوەیی بەرلین و ھۆنگ کۆنگ لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی.

فیلمی سینەمایی "دەریا لە دوورمەوداوە لە ئێمە دەڕوانێت" The Sea Stares at Us from Afar لە دەرھێنانی "مانۆئێل مۆنیۆز ریواس" Manuel Muñoz Rivas بەرھەمی وڵاتانی ئیسپانیا و ھۆڵەندایە. ئەم بەڵگەفیلمە چووە بۆ لای چەند پیاو کە بە تەنیا لە کەپرەکانی خۆیاندا رووەو دەریا دەژین؛ چەند پەناگەیەکی چکۆلە و ساکار کە لە نێوان تەپۆڵکەگەلی لیمدا زۆر بە سەختی دێنە بەر چاو. ئەوان لەو ئەفسانانەی کە باسی ھەبوونی شارێکی کۆن و مێژوویی و بەشکۆ دەکەن کە لە ناو دڵی لیمەکانی ژێر پێی ئەواندا چۆ‌تە ژێر زەوی، بێ ئاگان.

"مانۆئێل مۆنیۆز ریواس" لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە شاری سۆیای ئیسپانیا، لە دوای خوێندن لە بەشی پەیوەندییەکان لە قوتابخانەی نێونەتەوەیی فیلمی "سەن ئانتۆنیۆ دێ لۆس بانۆس" لە وڵاتی کوبا ناونووسی کرد. ئەو بێجگە لە دەرھێنەری، کاری مۆنتاژیش دەکات و وانەبێژی سینەماشە. ئەو کە فیلم گەلێکی وەکوو "سێند‌ێرۆ" (ساڵی ٢٠٠٨) و "ھاوڕی لەگەڵ با" (ساڵی ٢٠٠٩)ی لە کارنامەی خۆیدا ھەیە، بەر لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بە فیلمی "دەریا لە دوورمەوداوە لە ئێمە دەڕوانێت" چووبوو بۆ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەرلینی ٢٠١٧ی زایینی.

"دەریای غەم" Sea Sorrow یەکەمین ئەزموونی دەرھێنانی "وێنسا رێد گریۆ" Vanessa Redgrave بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی بەریتانیا و قووڵ بوونەوەیەکی زیندوو و یەکجار تایبەتییە سەبارەت بە قەیرانی پەنابەریی ئەم رۆژانە لە سەرتاسەری جیھان. سینەماکار بە کەڵک وەرگرتن لە سووچی تێڕوانین و کەلامی مرۆڤە جۆراوجۆرەکان، رابردوو و ئێستا و بەڵگەفیلم و درام تێکەڵاو دەکات بۆ ئەوەی کە لە روانگەی خۆیەوە باسی گرینگیی مافی مرۆڤ بکات.

‌"وێنسا رێد گریۆ" لەدایکبووی ساڵی ١٩٣٧ی زایینی یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەکتەرەکانی شانۆ، سینەما و تەلەڤیزیۆنی ئینگلتەرا. ئەو کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە تەلاری ناودارانی شانۆی ئەمەریکا وەرگیرا و لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی خەڵاتی دەستکەوتی بۆ تەمەنێک لە ئاکادیمیای ھونەرگەلی سینەما و تەلەڤیزیۆنی بەریتانیا بەدەستھێنا، ئەکتەرێکی گەورە و ستایش کراوە کە ئارتۆر پێن و تێنسی ویلیامز لەو بە ناونیشانی "گەورەترین ئەکتەری زیندووی ھاوچەرخی ئێمە" ناویان بردووە. رێد گریۆ بە گشتی ھیچ خەڵاتێک نییە کە تا ئەمڕۆ بەدەستی نەھێنابێت و تەندیسەکانی ئۆسکار، ئێمی، تۆنی، بەفتا، ئۆلۆویە، کان، گۆڵدن گڵۆب و یەکێتی ئەکتەرانی سینەمای ئەمریکای لە ماڵێدا ھەیە.

"بەردەکانی ئاسمان" Meteors لە دەرھێنانی "گۆرجان کێلتێک" Gürcan Keltek بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی وڵاتانی تورکیا و ھۆڵەندا بەڵگەفیلمێکی دیکەی بەشداربووە لە بەشی "بەڵگەفیلم لەژێر گەورەبین"ی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.

"بەردەکانی ئاسمان" کە فیلمسازیی بەڵگەیی و شڕۆڤەی سیاسی تێکەڵاو دەکات و زەوینییەکان لەگەڵ کەیھان پەیوەند دەکات، فیلمێکە سەبارەت بە بیرەوەریی و دیارنەمانی مرۆڤەکان، شوێنەکان و ھەر شتێکی دیکە.

"گۆرجان کێلتێک" لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣ی زایینی لە دوای دەرچوون لە بەشی سینەما، کاری دەرھێنانی چەند کورتە فیلمی ئەنجام دا. کورتە فیلمی ئەو بە ناوی "کاری زیادە" (ساڵی ٢٠١٢) بۆ فێستیڤاڵی جۆراوجۆری وەکوو "داک لایپزیگ" رۆیشت و فیلمە نیوە بڵیندەکەی بە ناونیشانی "موستەعمرە" (ساڵی ٢٠١٥) لە فێستیڤاڵی "فید مارسێی" چووە سەر پەردەی سینەما. "بەردەکانی ئاسمان" یەکەمین فیلمی بڵیندی ئەوە.

"ماڵی نووسەران" Slovo House لە دەرھێنانی "تاراس تۆمێنکۆ" Taras Tomenko بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧ی وڵاتی ئۆکراین بە سووژەیەکی نزیک لە ئەدەبیات بەرھەم ھێنراوە. بەسەرھاتەکە بەم شێوەیەیە کە لە ساڵی ١٩٣٠ی زایینی بە پەسند کردنی ئیستالین چێکردنی ماڵی "ئۆسلۆو" بە تایبەت بۆ نووسەرانی ئۆکراینی دەست پێدەکات. بە رێژەی ٦٤ ئاپاڕتمانی ئاسوودە بە ژووری نەھارخواردن، ژووری ھەتاوگرتن و ھێزە خزمەتکارەکان کە لە یەک قسەدا بەھەشتێکی راستەقینەیە بۆ خولقێنەرانی بەرھەم گەلی ئەدەبی دروست دەکرێت، بەڵام ئەم بەھەشتە بە سیستەمێکی چاودێریی تایبەت و رایەڵەیەک لە لێپرسراوان بە جۆرێک دیزاین کراوە کە نووسەران بخاتە ژێر چاودێری.

"تاراس تۆمێنکۆ" لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٦ی زایینی لە شاری کەی ئێف لە وڵاتی ئۆکراین لە کۆلێژەکانی زمانناسی و ھونەرەکانی شانۆ، سینەما و تەلەڤیزیۆنی زانستگای کەی ئێف دەرچوو. ئەو لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٩٠ی زایینی بە کورتە فیلمی "کوشتارگە" چێکردنی فیلمی دەست پێکرد و تا ئەمڕۆ بەرھەم گەلی کورتە فیلم، بەڵگەفیلم و تەلەڤیزیۆنی جۆراوجۆری بردۆتە بەر کامێرا.

"ھاودڵی" Communion لە دەرھێنانی "ئانا زامتێسکا" Anna Zamecka بەرھەمی ساڵی ٢٠١٦ی زایینی وڵاتی پۆڵەندا بە دوای سووژەیەکی بنەماڵەییدا دەچێت. ئۆلا کچێکی تەمەن چواردە ساڵەیە کە لە باوکێکی کەم ئەندام، برایەکی تووشبوو بە ئۆتیسم و دایکی ئاگاداریی دەکات کە لەگەڵ ئەوان ناژی. ئەو ھەموو ھەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی کە دیسان بنەماڵەکەی پێکەوە لە دەوری یەکتر کۆ بکاتەوە.

"ئانا زامتێسکا" کە لە شاری وەرشۆ دەژی و لەوێ کار دەکات، ھەر لەم شارە و لە شاری کۆپێنھاگ لە بەشەکانی رۆژنامەوانی، خەڵک ناسی و فۆتۆگرافیدا خوێندنی تەواو کردووە. "ھاودڵی" یەکەمین فیلمی بڵیندی زامتێسکایە کە خولی ڕاھێنانی چێکردنی بەڵگەفیلمی پیشەیی لە قوتابخانەی وایدا تێپەڕاندووە. ئەو بەم فیلمە بۆ فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان لەوانە وەرشۆ چووە و لە رووداوگەلێکی گرینگ وەکوو فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بەڵگەفیلمی بەڕازیل، خەڵاتەکانی ئاکادیمای فیلمی ئەورووپا، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بۆداپێست و چەندانی دیکە بە دەستی پڕ گەڕاوەتەوە.
 

 

 

---------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

فیلمی کوردی "ئێل کلاسیکۆ" لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر پێشوازی لێکرا.

 


فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" لە دەرھێنانی "ھەڵکەوت مستەفا" لە لایەن بینەرانی بەشی "زەنگی حەوتەم"ی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر پێشوازیی لێکرا.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، بەشی "زەنگی حەوتەم" The ٧th Hour سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بە نمایش کردنی حەوت فیلمی بڵیندی سینەمایی و چوار کورتە فیلم کاری خۆی دەست پێکرد و لەم بەشەدا فیلمی بڵیندی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" El clásico لە دەرھێنانی "ھەڵکەوت مستەفا" و بەرھەمی وڵاتانی عێراق و نەرویج لە لایەن بینەرانی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە سینەماکانی تاران پێشوازیی لێکرا.

لە لاپەڕەەی بڵاڤۆکەکانی رۆژانەی تایبەتی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، نمایش کردنی فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ"ی "ھەڵکەوت مستەفا" لە بەشی لاوەکیی تایبەت بە قوتابیاندا بە مانشێتەکانی "کوردستان، ئیسپانیا، لالیگا و خەونە وەدینەھاتووەکان"، "مەترسییەکانی ئەوینداری" بابەت و رەخنەی پۆزەتیڤ سەبارەت بەو فیلمە کوردییە نووسراوە.

فیلمی کوردی "ئێل کلاسیکۆ" کە چیرۆکی "ئالان" و براکەی دەگێڕێتەوە کە لە کوردستانی عێراقەوە بەرەو ئیسپانیا وەڕێدەکەوێت بۆ ئەوەی کە یاریزانی خۆشەویستی خۆی "کریس رۆناڵدۆ" ببینێت. ئەو فیلمە لە فێستیڤاڵی نەتەوەیی فیلمی نەرویج، خەڵاتی باشترین فیلم و لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دوبەی خەڵاتەکانی باشترین فیلمی چیرۆکی و باشترین دەرھێنان و خەڵاتی تایبەتی دەستەی دادوەرانی بۆ ھەڵکەوت مستەفا بە دیاری ھێنا.

ساڵی ٢٠١٦ی زایینی بۆ بەشداریی لە بەشی فیلمەکانی زمانی بیانی بۆ ھەشتاونۆھەمین خولی خەڵاتی ئۆسکار ناردراوە، بەڵام لە بەشی کێبڕکێ وەرنەگیرا. "ئێل کلاسیکۆ" دەستەواژەیەکی وەرزشییە، بە رکابەرییەکانی کە لە نێوان دوو یانەی تۆپی پێی بارسێلۆنا و رێئاڵی مەدرید بەڕێوەدەچێت، دەڵێن "ئێل کلاسیکۆ"؛ ئەو یارییانەی کە لایەنگرانی ھەر دوو یانەکە کۆ دەکاتەوە و ھەردەم میلیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیھان بۆ بینینی دادەنیشن. ئەم کێبڕکێیانە پاشەکەوتی چیرۆک و ناوێکە کە "ھەڵکەوت مستەفا" بۆ دوایین فیلمی خۆی ھەڵیبژاردووە.

"ئێل کلاسیکۆ" فیلمێکی جادەییە سەبارەت بە دوو برا کە بۆ وەدیھێنانی خەونەکانیان گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. "ئالان" و "شیروان" دوو برای کورتەباڵان کە نیشتەجێی بەشی ھەورامانی ھەرێمی کوردستانی عێراقن. ئەوان بە جۆش و خرۆشەوە یارییەکانی بارسێلۆنا و رێئاڵی مەدرید دەبینن و یانەکانی خۆشەویستی خۆیان ھان دەدەن. ئالان خەونی ھاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی باڵابەرز بە ناوی "گۆنا" ھەیە، بەڵام "جەلال" باوکی کچەکە بە توندی دژایەتی لەگەڵ ئەم زەماوەندە دەکات. جەلال کە تەواو لایەنگری یانەی رێئاڵی مەدریدە، جووتێک کەڵاشی بە لۆگۆی رێئاڵی مەدرید بۆ ئەستێرە خۆشەویستەکەی "کریستیانۆ رۆناڵدۆ" دووریوە و ھیوای ئەوەی ھەیە کە رۆژێک لە رۆژان ئەو کڵاشە بە دەستی ئەم یاریزانە پۆرتۆگاڵییە بگەیەنێت. ئالان کڵاشەکان دەدزێت و لەگەڵ براکەی شیروان، سواری ماتۆڕێکی چوار تەگەری دەبن و بەرەو سەفەرێکی نایاسایی و پڕ لە مەترسی وەڕێدەکەون، بۆ ئەوەی کە رەنگ بێت جەلال بە ئاواتە لەمێژینەکەی بگەیەنن و بتوانن رەزامەندیی ئەو بۆ زەماوەندی ئالان لەگەڵ کچەکەی بەدەست بھێنن. ئەو ئامانجەکەی کە گەیشتن پێی بە لەبەر چاو گرتنی کورتەباڵا بوونی خوازبێنیکەر کارێکی ئاسان نییە.

ھونەرمەندی سینەماکار "ھەڵکەوت مستەفا" لەدایکبووی شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، ساڵی ٢٠٠٠ لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا ھاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ وڵاتی نەرویج کۆچیان کرد. ئەو لە دوای کۆتایی ھاتنی خوێندنەکەی لە بەشی دەرھێناندا لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی یەکەمین فیلمی بڵیندی خۆی بە ناوی "دڵی سوور" کە درامێکی ئەویندارانەیە بە تەوەری بابەتی مافەکانی ئافرەتان بەرھەمھێناوە. ئەو دوای چێکردنی بەڵگەفیلمێک بە ناوی "ترسی ژنان لە داعیش" لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی دووھەمین فیلمی چیرۆکیی خۆی بە ناوی فیلمی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" بەرھەمھێناوە.
 

 

 

---------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

پێشانگای "١٢٠ وێنەی فۆتۆگرافی لە ١٢٠ دەرھێنەری مێژووی سینەمای ئێران" کرایەوە.
 


لە بەرەبەری ١٢٠ ساڵەبوونی سینەمای ئێران پێشانگای "١٢٠ پارچە وێنەی فۆتۆگرافی لە بەرھەمەکانی ١٢٠ دەرھێنەری مێژووی سینەمای ئێران" لە کۆشکی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر کرایەوە.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، پێشانگای "١٢٠ پارچە وێنەی فۆتۆگرافی لە بەرھەمەکانی ١٢٠ دەرھێنەری مێژووی سینەمای ئێران" بە ئامادەبوونی "ڕەزا میرکەریمی" دەبیری سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، "عەلیڕەزا شوجاع نووری" بەڕێوەبەری ئاڵوگۆڕی ئەزموونە سینەماییەکان، "سەیفوڵڵا سەمەدیان" بەڕێوەبەری رووداوە تایبەتەکانی فێستیڤاڵ و کۆمەڵێک لە ھونەرمەندانی ئێرانی و بیانی لەوانە "دێبۆرا یانگ" رەخنەگری ناوداری ماڵپەڕی ھاڵیوود ریپۆرتەر و وێرایتی، "میشێل فرۆدۆن" سەرنووسەری پێشووی کایە دۆ سینەما و رەخنەگری ماڵپەڕی ھاڵیوود ریپۆرتەر، "فڕانکۆ نێرۆ" ئەکتەری ناوداری ئیتاڵیایی و چەندین ئەکتەری سینەما لە نھۆمی حەوتەمی پەردیسی سینەمایی چارسوو کرایەوە.

"سەیفوڵڵا سەمەدیان" بەڕێوەبەری رووداوە تایبەتەکانی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لەم رێوڕەسمەدا گوتی: ئەمساڵ بە بۆنەی ئەوەی کە لە بەرەبەری ١٢٠ ساڵەبوونی سینەمای ئێرانداین، گەڕانەوەیەکی فۆتۆگرافەرانەمان بۆ مێژووی سینەمای ئێران لێدا و کەسی یەکەمیش کە چووین بۆ لای، "جەماڵ ئومید" مێژوونووس و رەخنەگری سینەمای ئێران بوو، لەبەر ئەوەی کە زانستێکی سینەمایی باشی ھەیە و لێکۆڵینەوەیەکی زۆری لەم بوارەدا ئەنجام داوە. وێنەگرانی فۆتۆگرافەری سینەمای ئێران یارمەتییان داین بۆ ئەوەی کە بە خێراییەکی باش کۆمەڵەی ئەم وێنانە ئامادە بکرێت و کۆ بکرێتەوە.

سەمەدیان گوتی: ھەڵبژاردنی وێنەکانی پێشانگای "١٢٠ پارچە وێنەی فۆتۆگرافی لە بەرھەمەکانی ١٢٠ دەرھێنەری مێژووی سینەمای ئێران" بە لەبەر چاوگرتنی دەوری کاریگەریدانەری یەک فیلم لە ژیانی ھونەری دەرھێنەرەکەیدا و لە ھەمووی گرینگتر دەوری یەک فیلم لە قۆناغە گرینگ و مێژووییەکانی سینەمای ئێراندا ئەنجام دراوە. لەم ڕووەوە تەنیا وێنەیەک لە فیلمێک لە ١٢٠ دەرھێنەری ھەڵبژاردە لە نێو دەرھێنەرەکانی سینەمای ئێران دەستنیشان کراوە. لەو پێشانگایەدا پێداچوونەوەمان ھەیە بۆ مێژووی سینەمای ئێران کە بۆ ھەمیشە لە ئەرشیڤی مێژووی سینەمای ئێراندا وەکوو سەرچاوەیەک ھەرمان دەبێت.

"سەیفوڵڵا سەمەدیان" ھەروەھا گوتی: ھەڵبژاردنی کۆمەڵەی ١٢٠ کەس لە دەرھێنەرەکانی مێژووی سینەمای ئێران و دیاری کردنی یەک فیلمی تایبەت بۆ ھەر یەک لەوانە و کۆکردنەوەی یەک وێنەی فۆتۆگرافیی تایبەت لە ھەر فیلمێک کە تایبەتمەندیی دیمەن و روانگەی دیاریکراو و فۆتۆگرافەرانەی ھەبێت، کارێکی یەکجار چەتوون و ھەستیار بوو کە ئێمە ھەوڵماندا بە ھاوڕێیەتی و یارمەتی کۆمەڵێک لە ھاوکارانی ئاگادار، بەرھەمەکانی سینەمای ئێران لە ماوەی ١٢٠ ساڵدا بە وردبینی و ھەستیارییەوە لێکدانەوەیان بۆ بکەین.

لەو پێشانگایەدا وێنەگەلی فۆتۆگرافی لە فیلمی "لەیلی و مەجنوون" بەرھەمی "عەبدولحوسێن سپەنتا" تا بەرھەمەکانی دەیەی ٩٠ی سینەمای ئێران نمایش کراوە. لە بەشی پێشانگای "رووداوە تایبەتەکان"دا لەم خولەی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر پێشانگایەک لە وێنەکانی فۆتۆگرافی نەکراوی فیلمەکانی "مانگا"، "بای سەبا" و لە خولی سی و پێنجەمی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجردا پێشانگای وێنەکانی فۆتۆگرافی نەکراوی فیلمی "ناخودا خورشید" و ھەروەھا پێشانگای وێنەی فۆتۆگرافی و پۆستەری رێزلێنانی سینەماکاری کۆچکردوو "عەباس کیارۆستەمی" ھاوکات لەگەڵ فێستیڤاڵ بەڕێوەدەچێت.

ئەمساڵ پێشانگای "١٢٠ پارچە وێنەی فۆتۆگرافی لە بەرھەمەکانی ١٢٠ دەرھێنەری مێژووی سینەمای ئێران" ھاوڕێ لەگەڵ پۆستەرەکانی سێ خولی بەشەکانی سەرەکی و لاوەکیی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر ئاراستە دەکرێت. ئەم پۆستەرانە بە گشتی بە بەڕێوەبەرایەتی ھونەریی "ئیرەج تەقی پوور" و دیزاینی "حەمیدڕەزا بەیدەقی" و دوو پارچە لە دیزاینەکانی "عەلی خورشیدپوور" لەم پێشانگایەدا نمایش کراون.
 

 

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک