٢٨\٩\٢٠١٣
سەبارەت بە (١٨)
زیندانیی کورد و رۆڵی راگەیاندنەکانی کوردی!
هەڵاتن
و دەستبەسەرکردنەوەی ١٨ زیندانیی سیاسیی کورد و پرەنسیپە لاوازەکانی
راگەیاندنەکانی کوردی.
دوای ئەوەی ئاژانسی هەواڵی دیجلە راکردنی (١٨) زیندانیی سیاسیی کوردی
باکووری کوردستانی راگەیاند، بەشێک لە ماڵپەڕە کوردییەکان دەقی
بابەتەکەیان بڵاوکردەوە، دواتر هەر ئەو ماڵپەڕانە ناوی ئەو (١٨)
کەسەیان بڵاوکردەوە کە لە گرتووخانە رایانکردبوو!
فیدراسیۆنی زیندانییانی سیاسیی کوردستان لێرەدا بە پێویستی دەزانین
رەخنەی توند ئاڕاستەی ئەو ماڵپەڕانە و هەموو ئەو راگەیاندنانە بکەین کە
ناوی ئەو (١٨) ئەو زیندانییە سیاسییەیان بڵاوکردەوە، لێیان دەپرسین
ئایا پێش بڵاوکردنەوەی ناوەکان پرسیارتان لە خۆتان کرد بە بڵاوکردنەوەی
ناوەکانی ئەو (١٨) کەسە زیاتر زەرەرمەند دەبن و دەزگای داپڵۆسێنەری
تورکیا سوودمەند دەبێ؟
لە کاتێکدا چارەنووسی ئەو (١٨) زیندانییە کوردە کە لە زیندان
رایانکردبوو هێشتا دیار نەبوو، ئایا پەلەکردن لە بڵاوکردنەوەی ناوەکان
لە خزمەتی نەتەوەی کورد بوو یا رێگاخۆشکەربوو بۆ خێرا
دەستگیرکردنەوەیان؟
فیدراسیۆنی زیندانییانی سیاسیی کوردستان داوا لە راگەیانەکانی کوردی
دەکەین:
١. لە داهاتوودا سەبارەت بە زیندانییانی سیاسیی کورد بە هەستیاریی و بە
شێوەیەک لە خزمەتی خودی زیندانییە سیاسییەکە و ئاسایشی نەتەوەیی کورد
هەواڵەکانتان بڵاوبکەنەوە.
٢. ئەگەر هەواڵێک لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی بوو پێویستە وەک
پرەنسیپ هەموو راگەیاندنەکان پشتگیری بکەن.
٣. هەموو راگەیاندنەکان پابەند بن بەوەی هیچ هەواڵێک بڵاونەکەنەوە
خزمەت بە داگیرکەرانی کوردستان بکا.
٢٦\٩\٢٠١٣
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسیی کوردستان
fuadzindani@yahoo.de
|