په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٧\٢٠٢٢

سەبارەت بە "ئازادیی" و "ڕووتبوونەوە".


خەرمان سامی        


ئازادیی دەستەواژەیەکە بەردەوام لەو نووسین بۆ ئەو نووسین و لەو زار بۆ ئەو زار دێ و دەچی، هــــەتا ئەوڕۆکە پێناســــەکی دیاریکراو لەبۆ ئازادیی نەبووە، لەبەرئەوە ناتوانین بەشێوەیەکی دیاریکراو بڵێین ئازادیی بریتییە لەوە یاخود ئازادیی واتە ئەو شت و فلانە شتە.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەر لەگەڵ ناوهینانی ئازادیی هەریەکـــەو شتێک بە بیری دادێ، یاخود بەشێوەیەک لێی دەروانێت و باســـی دەکــــات، بــەتایبەت کــاتەک لە زاری ئافـــرەتێک ئەو دەســتەواژەیە دێتە دەرێ بەگشتی کۆمەڵەک قسـەی بازاڕیی و لابەلا فـــڕێدەدرێ کە هیچ ئافرەتێک نەتوانێ جارەکیدی یان بەشێوەیەکی ڕوون باسی لێوە بکات. بەردەوام دوای ئەوەی ئافرەتێک فکری بۆ ئازادیی چووبێ ڕاستەوخۆ بێ بیرکردنەوە هەموو کۆمەڵگە وەک ئەوەی لەژێـــر یـــەک نەریت و یاسا بەڕێوەچووبن و پەروەردە کرابن دەڵێن " ئەو ژنە دەیەوێ خۆی ڕووتبکاتەوە یان ئەو کچه ئازادیی بە ڕووتبوونەوە تێگەیشتیە... هتد." ئیدی دەیان قسەی دی نالۆژیک و لەناو ئاگایەکی نەخۆش بەدوا دادێ.

هیچ کەسێک ناتوانێ بە ویستی ئازادیی کەسێکی دیکە بڵێ هەڵە، یاخود پێناسەی کەسایەتی بکات لە ڕێگەی ئەو شتەی کە داوای دەکات و پێی وایە ئازادیی لەوێوەیە، چونکە ئەگەر سەیر بکەین هەر تاکێک یان هەر کۆمەڵگەیەک داوای ئەو ئازادییە دەکات کە نیەتی، کۆمەڵگەیەک کە سیاسیەکانی نەهێلن تاکەکان بەویستی خۆیان بیروڕا سیاسیەکانیان دەرببڕن، لەوێوە ئازادیی بیری سیاسی نیە. کۆمەڵگەیەک نەهێلێ مرۆڤەکان بەویستی خۆیان ئایینی خۆیان هەڵبژێرن، لەوێوە ئازادیی ئایینی نیە. هەروەها لەو شوێنەی مرۆڤەکان نەتوانن بە ویستی خۆیان بپۆشن، لەوێوە ئازادی شێوازی پۆشین نیە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین "ئازادیی بە واتەی ڕووتبوونەوە نیە، بەڵام ئێمە ئازادیی شێوازی پۆشینمان نیە." ئەوە هۆکاری یەکەمی تێگەیشتنە لەو شێوازە ئازادییە بە ڕووتبوونەوە، یان تێگەیشتنی بەویستی ڕووتبوونەوە...

 

 

xarman.sami@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک