٢٤\٣\٢٠٢٥
سەبارەت بە چەند
ناودارێک.

هەڵۆ محەمەد
•
مامۆستا هەژار و مامۆستا جەمال نەبەز و
شیعر.
هەر کوردم.
بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم
لە خاکی عەرەب، لە ئێران و ڕۆم
کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم
کۆشکم دە قات بێ، وێرانەماڵ بم
ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان
یان
زنجیر لە مل لە سووچی زیندان
ساغ بم جحێڵ بم بگرم گوێسوانان
یان زار و نزار لە نەخۆشخانان
دانیشم لەسەر تەختی خونکاری
یان لە کۆڵانان بکەم هەژاری
کوردم و لەڕێی کورد و کوردستان
سەر لەپێناوم گیان لەسەر دەستان
بەکوردی دەژیم بەکوردی دەمرم
بەکوردی دەیدەم وەرامی قەبرم
بەکوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ کورد تێ هەڵدەچمەوە.
ئێوارەی رۆژی ٢٠٢٣\٢\٢١ تەلەفزیۆنی رووداو چاوپێکەوتنێکی مامۆستا
(ھەژار موکریانی) پێشکەش کرد، کە ساڵی ١٩٩١ لە ئینیستیتوتی کوردی لە
پاریس تۆمار کراوە.. چاوپێکەوتنەکە و بۆچوونەکانی مامۆستا ھەژار بایەخی
گرنگی مێژوویی خۆیان ھەیە.
ئەوەی سەرنجی منی راکێشا، یەکێ لە پرسیارەکان لەمەڕ شیعرە ھەرە
بەناوبانگەکەی مامۆستا ھەژار(ھەر کوردم) یاخود ( بەدەربەدەری یان لە
ماڵی خۆم)ەوە بوو. مام هەژار لە وێدا لە وەڵامەکەیدا ئاشکرای کرد، کە
ئەو شیعرەی بۆ مامۆستا جەمال نەبەز نووسیووە و پێشکەشی کردووە و بۆ
یادگار لەسەر پشتی وێنەیەک بۆی نووسیووە - مام ھەژار ھیوای خواست ئەو
وێنەیە مابێت- جا وێنەکە ھی کامیانە دیار نییە؟!.. منیش ھیوادارم لە
ئەرشیفی مامۆستا نەبەزدا پارێزراو بێت.
ڕاستە ئەوە شیعرە پانۆڕامای ژیانی ھەژاری تێدا بەرجەستە بووە، لەگەڵ
ئەوەشدا بەندە وای بۆدەچم کاریگەری مامۆستا نەبەز لەسەر مامۆستا ھەژار
لەو شیعرەدا ھەبوو بێت بەتایبەت لەڕووی فیکرەوە، بۆیە پێشکەشی کردووە.
جەمال نەبەز و شیعر.
جێی خۆیەتی لێرەدا سەرنجێک لە مامۆستا جەمال نەبەز و بیروڕای بەرانبەر
بە شیعر بنووسم: مامۆستا نەبەز لە ئەدەب و دنیای شیعر شارەزا بوو.
شیعری کلاسیکی زۆر ئەزبەر بوو لە نووسینەکانیشیدا شیعری خانی، حاجی
قادر، مەحوی، پیرەمێرد، بێکەس، هەژار، پەشێو بەرچاو دەکەون.. شیعری
ئەدەبی کلاسیکی عەرەبیشی زۆر ئەزبەر بوو، کەچی دواجار بیروڕای زۆر
نەرێنی بوو لەسەر شیعر و شاعیران.. دەیویست لە دید و بە پێوەری جیاوازی
نێوان قسە و کردارەوە تەماشای هەردووکیان بکا.
بەڵام لە ڕاستیدا من وای دەبینم، شاعیر بەس راستگۆیی و جەنتڵمانێتی
لەگەڵ پەیامەکەی لەسەرەوە و ئیدی نابێ چاوەڕێی ئەوەبین، گەر قەسیدەیەکی
بۆ شەڕی پارتیزانی وت: پێویستە خودی خۆی سەردەستەی گرووپێکی پێشمەرگە و
لەسەنگەریی هەرە پێشەوەدا بێ!
رەوانی ھەردووکیان شاد بێت، ھەردووک دوو چرای گەشی ھەمیشە داگیرساوی
کوردایەتین.
لێرەدا لینکی چاوپێکەوتنەکە دادەنێم:
https://www.rudaw.net/sorani/interview/21022023
---------------------------------------------------------------------------------------------------------------
•
باوک و کوڕێکی سیمبۆڵی کوردایەتی
(مەزلووم عەبدی و خەلیل عەبدی).
بە ڕێکەوت چاوم بە ڤیدیۆیەک کەوت بەناوی رێگای عەبدی، چاوپێکەوتنە
لەگەڵ (مەزڵوم عەبدی ) و باوکیدا د. (خەلیل عەبدی) بوو. لەو گفتوگۆ
کورتەدا، د. خەلیل بە تەمەنێکی سەروو هەشتا ساڵییەوە زۆر بەویقار و
میهرەبانییەوە هێشتا لە نۆرینگەکەی چاوی بە نەخۆش دەکەوێ و پشکنینیان
بۆ دەکات و چارەسەریان دەکات.. بەدەم کاریشەوە و لە ماڵەوە بەردەوام
خەریکی خوێندنەوەیە و شيعر دەنووسێ..
پێموایە هەم بیسەر و هەمیش خوێنەر بە ئاسانی دەتوانێ راێەڵەکانی
بیروباوەڕی رەسەنی کوردایەتی و ئاڕاستەی فیکری لای ناوبراو دیاری
بکات.. قسە و پەیڤ و دەربڕینەکانی بە زمانێکی رەوان و شیرینی کوردی
دەردەبڕێ و بە خێرایی دەچنە دڵەوە..
بەندە یەکەوراست دوای گوێبیست بوونی گفتوگۆکانی خەیاڵم بۆ خاڵێک چوو وا
لێرەدا بە سەرپێی ئاماژەی پێ دەدەم و هەقە بێتە جێی بایەخ و زیاتر
گرنگی بەم کەسایەتییە بدرێ.
مایەی دڵخۆشییە کەوا مەزلوم کۆبانی لە ئامێزی پیاوێکی وادا گۆشت و
گەورە بووە، بۆیە کەموزۆر ڕێچکەی باوکی بە کاڵیش بێت پێوەی دیارە.
دیارە سیاسەت و بەرپرسیارێتی ڕێگەی مەزلوم نادا، هەموو شت لە دڵەوە
بڵێ. کە سەرنجیشی لێ دەدەیت بۆن بە هەست و نەستییەوە دەکەیت کاتێک
لەبەر هەر هۆکارێک بێت! کە دەیەوێ دیبلۆماسییانە خۆی لە دەربينی هەست و
نەستی ناخی و وتنی هەقیقەت بە کامی دڵی بدزێتەوە، هەناسەیەک هەڵدەمژێ و
ئیستێکی کورتی بۆ دەکات کەمێک لەسەرخۆ دەئاخڤێ ، کە راستەوخۆ تەواوی
پێشهاتەکە بە روخسارییەوە دیارە.
جەنەڕاڵ مەزلوم کەسێکی سەربازی لێهاتوو و دڵسۆز و قارەمانە، ساڵانێکە
بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نەتەوەیی گرتۆتە ئەستۆی خۆی!..بەهیوام بەو شیر
و بیروباوەڕەی باوکی کە پێی گۆشتکراوە، درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدات
و کاریگەرێتی حیزبی ناکوردستانی و بیرو ئایدۆلۆژیای دەرەکی لەسەری
نەبێت و خۆیشی بۆئەوەی جیاواز بمێنێتەوە و سەروەریی گەورە تۆمار بکات و
دەستکەوتی شایستە بەدەست بهێنێ، مێژوویەکی باشتر لە خزمەت و کوردایەتی
کردن تۆمار بکات، رازی نەبێت بچێتە ژێر چەتری حیزبێکەوە و تەنیا
سەنگەری کوردایەتی روانگە و جێگە و هەواری بێ. هەر کوردایەتیش دەروازەی
جیهانبینی مرۆڤایەتی بێت.
لێرەدا مشتێ لە وشە و دەربڕینانەیەی لەو گفتوگۆ کورتەیە لەتەک د. خەلیل
ئەنجام درا دەخەمە بەرچاو، کە لە خەرمانی بیری نەتەوەییەوە سواڵە و
مەڵۆ کراون و زادەی سەرچاوەیەکی پاکی کوردایەتین.
[[ کورد پارچە کراوە
زمانی ستاندارتمان پێویستە بۆئەوەی لە یەکتر بگەین..
نایەکگرتوویی لە سەرکردەکاندایە، نەک لە میللەتدا ..
ئێمە لە تەنگانەداین
ئێستا رۆژگارێکە ئێمە بە دوای مافەوەین و بۆ من نابێ شیعری رۆمانسی
بنووسم[[.
ئەمەش نموونەیەکە لەو شیعرەی خوێندییەوە:
ئازادی تاج و بەندە و زێڕین
تەنیا بندەست ئەو تاجە دەبینن
ژ بەر گەلی گەلی کورد نەها بندەستە
بە تەنیا نەزانن ئازادی بنرخێنن
کورد ئەگەر تاجا زێڕین دەخوازێ
بلەز ئازادی لە کۆبانییە پێک بهنێ
بەڵێ باری ئازادی زۆر گرانە
گەر نەکاری گەلی خۆ مەخاپێنە.
سڵاو لە باوک و کوڕی ڕێبازی کوردایەتی.
---------------------------------------------------------------------------------------------------------------
•
لە یادی گیانبەختکردوو پێشمەرگە و
سەرکردە و ڕابەر
کاک ئازاد مستەفادا.
لای کورد ژیان لەم مانگی ئادارەوە دەست پێ دەکاتەوە و دەزێتەوە.. وەک
سەرەتای وەرزی ژیانەوەی سروشتە، سروشتیش وابەستەی رۆحی کوردەوارییە.
رۆژمێری مانگی ئاداری کورد تژییە لە بیرەوەریی و کارەسات و خۆشی و
سەرکەوتن. لەدایکبوون و مردنی بارزانی، رێکەوتنی ٦ی ئازاری جەزائیر و
١١ی ئازاری١٩٧٠، کارەساتی هەڵەبجەی ١٩٨٨، جەژنی نەتەوایەتی نەرۆزلە ٢١ی
ئاداری هەر ساڵێک و ٣١ی ئادار ١٩٤٧ لە سێدارەدانی قازی پێشەوای کوردان
و چەندان رووداوی تر لە نێویاندا کۆچی دوایی (کاک ئازاد مستەفا ) لە
١٩ی ئاداری ١٩٨٩دا.
ئازاد مستەفا، رۆڵە و پێشمەرگە و سەرکردە و رابەرێکی بێوێنەی کورد و
کوردستان بوو.. لە مەوادای تەمەنێکی کورتی( ٤٠)ساڵانەدا لە سەخترین
هەلومەرج و گرتنە ئەستۆی قورسترین ئەرک و بەرپرسارێتیدا توانی نەخشی
هەرە گەورە و بەپێز و دیار و هەڵکەوتووی خۆی بگێڕێ و چەندان لاپەڕەی
هەرە گەش لە بیرکردنەوە و تێکۆشان و دڵسۆزی بخاتە سەر خەرمانی مێژووی
پڕ شکۆی بیری نەتەوەیی و بزاڤی رزگاریخوازی کورد…هەروەها بیروڕا و
شرۆڤە و هەڵسەنگاندنەکانی لەنێو کۆڕی سیاسی لەسەر ئاستی بەرز هەژماری
بۆ دەکرا و بەهەند وەردەگیرا.
ئازاد مستەفا سەردەمی خەباتی رووبەرووی جۆرەها ئاڵنگاری فکری و سیاسی و
سەربازی بوویەوە بەڵام توانی سەربەزانە و قارەمانە و لێهاتووانە ئەرکی
رابەرایەتی خۆی بەجێ بگەیەنێ..پەیوەندییەکی تەندروستی بە هەموو لایەک و
کەسایەتی و ئەدیبانەوە هەبوو.
ناوبراو بە مانای وشە، رۆشنبیر و سیاسییەکی زرنگ و وریا بوو.. ئەدیب و
وەرگێڕێکی کارامە و قەڵەم ڕەنگین بوو.. رۆژنامەوانێکی چالاک و هوشیار
بوو. لە مەیدانی هزر و فکریشدا بەشدارییەکی بەرچاو و گرنگی هەیە لە
مێژووی هەڵچنینی کۆشک و تەلاری فکر و مەعریفەی کوردیدا.
ئازاد مستەفا کوردیزانێکی بەسەلیقە و شارەزایەکی باشی مێژوو و
کوردەواریناسێکی لێوەشاوە بوو. خوێندنەوەی بەرهەمەکانی کە زۆرینەی هەرە
زۆریان لە ئەدەبیاتی پاسۆکدا رەنگ دەدەنەوە ، باشترین بەڵگەی ئەم
راستییەمانە.. هێندە بەسە بڵێم وەک ئەوانی تر خاوەنی پارەی مۆڵ نەبوو
لە بانکەکانی ئەوروپا… سەرکردەیەکی گیرفان بەتاڵی و پێڵاو دڕاوی سادە و
ساکاری کوردایەتی بوو.. بۆ مێژوو کە ماڵئاوایی لێکردین بە کۆکردنەوەی
پارەی هاوکاری و یارمەتی هاوبیران و کوردانی ئەوروپا، بەتایبەت وڵاتی
سوید لاشەکەیمان هێناوە بۆ کوردستان..لە تارانیشەوە تا زەڵی (مام جەلال)
ئەرکی مادی خستە ئەستۆی خۆی وەک سکرتێری ی. ن .ک …سوپاس و پێزانین بۆ
جوانی هەموو لایەک ئێمە وا بۆ ٣٦ ساڵ دەچێ لاشەی ئەو رابەرەمان لێ ونە،
بەڵام رۆحی بەرزی کوردبوونی و خەرمانێ لە نووسینەکانی و دەیان لایەن و
یادگاریتری سەردەمی خەباتی نهێنی کاژیکانە و ناو شۆڕسی ئەیلوول و دواتر
دامەزراندنی پاسۆک و رۆژانی زیندانی سیاسی و پاشان ناو بارەگاکانی
پاسۆک و خەباتی چەکداری و ساتەوەختەکانی لە ئەوروپا و لە نەخۆشخانەی
کارۆلینسکای ستۆکهۆڵم و میواداندارییەکانی چرکە بەچرکە لەگەڵمان دەژی و
چرای رووناککەرەوەی رێی ژیان و بیرکردنەوە و تێکۆشانمانە.
هاوبیران، هاوڕێیان ..
لەگەڵ دانەواندنی سەری ڕێز و نەوازشم بۆ گیانی بەرزەفڕی کاک ئازاد و
ئەم یادەی، دانانی تاجەگوڵینەی نێرگز و تەڕەڕیحان و بەیبوون و
گوڵاڵەسوورە لەسەر مەزرای چراخانی.
لێرە بەدواوە بابەتێکی پێش ٥ ساڵم بۆ کاک ئازاد دەکەمەوە دیاری بۆتان:
*****
٣٦ ساڵ لەمەوبەر ١٩٨٩/٣/١٩ ڕابەر و سەرکردە و مامۆستا و پێشمەرگە، برا
و ھاوبیری ھێژا کاک (ئازاد مستەفا)، لەتەمەنێکی زۆر زوو و ناوادەدا،
بەجێی ھێشتین. بەڵام خەرمانێک لە بیر و ھزر و فەلسەفە و ئەندێشە و
باوەڕی لەدوای خۆی بۆ جێھێشتین.
کاک ئازاد لە سەرەتا تەمەنی کامڵبوونی سیاسی و فیکریدا بوو. دەستی
چەپگەرد ھاتە ئاوقایی و لێ سەندینەوە. ئەم سەرکردەیە ، مێژوویەکی پڕ لە
تێکۆشان و نووسینی فیکری و ئەدەبی و سیاسی ھەبوو. جێ پەنجەی بەسەر
زۆرینەی ئەدەبیات و بڵاوکراوەکانی پاسۆکەوە ھەبوو.بێ پشوودان و
ماندووبوون دەیتوانی بە تەنھا گۆڤارێکی فیکری یا ئەدەبی و سیاسی دەر
بکات. ڕۆشنبیرێکی گەلێ ورد و بەدیقەت بوو. سیاسییەکی زرنگ و بە ئاگا و
ھۆشیار و ئاسۆ فراوان بوو.
لە بواری فیکر و فەلسەفەی بیر و سیاسەتدا زۆر قوڵ بوو. شارەزایەکی
مەعلانی مێژووی نەتەوەکەی بوو. ناسنامەی ئەقڵی و کولتووری میللەتە
سەردەستەکانی کوردستانی باش خوێندبۆوە. کاک ئازاد لە قسەکردندا
ڕەوانبێژێکی تەواو بوو. ھیچ کات و لە ھیچ بوارێکدا سواڵی وشە و بابەت و
قسەی نەدەکرد.ھەر ساتێ بیویستایە ئەسپی خۆی تاو بدات، ئیدی بەرامبەری
ناچار دەبوو گوێی لێ بگرێ بایەخی پێ بدات.
کاک ئازاد لە دابونەریتی کوردەواری زۆر قوڵ ببووە، ژیانی کۆمەڵایەتی
نەتەوەکەی لێ بێبەش نەبوو.جگە لەمانەش قسە خۆش و ئەھلی ناو خەڵک و
دانیشتن بوو. لەھەر شوێنێ بووایە، زوو بە زوو نەخشی خۆی تێدا دەگێڕا.
کاک ئازاد ھەم لە فیکری مارکسایەتی و ھەمیش لە ئاینی ئیسلام زۆر شارەزا
و قوڵ بوو. کاک ئازاد ھەر بۆ ئەوە دروست ببوو، ھەر داینێیت بیر بکاتەوە
و بخوێنێتەوە و بنووسێ. چونکە بەڕاستی خاوەنی قەڵەمێکی ڕەنگین و
نووسینی بەپێز بوو و کوردیزانێکی لێوەشاوە بوو.
ئەو کاتێ وەک ڕابەر ھاتە مەیدانی سیاسییەوە، بارودۆخی کوردستان و
پەیوەندییە حیزبییەکان لەوپەڕی ئالۆزی و دڕندوکیدا بوو.
کە ھات وەک چرایەک ی باوەڕ و ئیمانی کوردایەتی داگیرساو و ویستی
تارمایی ڕەشی شوومی ناتەبایی زەمین و ئاسمانی کوردستانی تاریکستان
ڕاماڵێ. ئەو لە چرکەساتێکی مێژوویی وادا ڕاستبۆوە، کە بارستایی قورسی
نسکۆی ١٤ ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول ھەمووی کەوتبۆ سەر سنگی.
کاک ئازاد ڕۆژگارێ بووە داینەمۆ، ئۆتۆمبیل و مەکینەکان لەکار کەوتبوون
و بێدەنگ کرا بوون. کاک ئازاد سەردەمێ بووە بزوێنەر، جوڵە نەمابوو
دەستەوسانی و نائومێدی مۆتەکەی ڕۆژگار بوون. وەک زەردەشتێک بۆ ئەمڕۆی
کوردستان پێویست بوو، لێ لەگەڵ قەدەری نالەبار و سیاچارەیی بیر و
ڕێبازی نەتەوەییدا چ دەڵێی و چ دەتوانی بکەیت!؟
یادت بەخێر سەرکردە خاکی و بێنیاز و دڵسۆز و لێھاتووەکەی کورد.
ھەموو ١٩ی مانگی ئاداری ھەر ساڵێ بە خۆت و شکۆی مەرگی نەمریتەوە،
دەبیتەوە میوانی ژان و ئازارەکانی ھەڵەبجەی مەرگ بەزێن و دەستەچیلەی
ئاگری نەورۆزی کوردەواری... ئێمە، چۆن پێویستیمان بە ئاو و نان و
ئاسمان و زەوی و ھەوا ھەیە، ھێندەش بەدووی ڕۆحی پاکی کوردانە و ھزری
گەشی نەتەوایەتیت و دڵسۆزی و لەخۆبووردوویی پێشمەرگایەتیت دا وێڵین.تۆ
مردن لە ھەزار لاوە ھێرشت بۆ بھێنی، ھەر زیندوویت و ھەر نامریت و ھەر
لەگەڵماندایت...تا مێژوو و ناو و ڕێبازی پاسۆک زیندوو بێت و ھاوبیران
ئەمەکدار و دڵسۆزی کوردایەتی کردن بن ھەر زیندوویت.
ھاوبیری گەورەم، سڵاو لەناو و یاد و یادگار و خۆشەویستی و دڵسۆزیی و
تێکۆشان و بیرکردنەوە و گڵکۆکەت.تاجە گوڵینەت پێشکەش و بۆ ھەمیشە بە
ئارامی لە باوەشی نیشتمانی دایکدا، ئارام بگرە و بنوو.
١٠-١٩\٣\٢٠٢٥
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|