٢٠\٨\٢٠١٣
سەبارەت بە
حوکمی لەسێدارەدانی ھاوڵاتیەکی
ھەرێمی کوردستان لە ئێران.
زیندانی
سیاسی کورد (عەلی ئەحمەد سلێمان) خەڵکی شاری سلێمانی ھەرێمی کوردستانە.
بەتاوانی ئەندامبوون لەپارتێکی کوردی بەرھەڵستکاری کۆماری ئیسلامی
ئێران لەلایەن ھیزەکانی کۆماری ئیسلامی لەشاری ورمێی ڕۆژھەڵاتی
کوردستان ساڵی ٢٠٠٥ دەستبەسەرکرابوو ، بە پێنچ ساڵ و نیو سزای زیندان
حوکمدرا ، دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی ساڵی ٢٠١١ دا لەلایەن
وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دووبارە دۆسیەکی تری لەدژ
کرایەوە ، بەتاوانی کوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانی دادگایی
کرا، لە مانگی شوباتی ٢٠١٢ دا دادگا حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپاند ،
ھەرچەندە ئەو زیندانیە سیاسیە ھیچ دانی بەو تاوانە نەناوە
کەئاڕاستەیکراوە ، دواتر دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەچەند
ڕۆژی ڕابردوودا حوکمی ئیعدامی ئەو گیراوە کوردەی پشتڕاستکردەوە ،
کاربەدەستانی زیندان لەڕۆژانی ڕابردوو حوکمەکەیان لەزیندان
پێڕاگەیاندووە کە ھێشتا لەزیندانی شاری ورمێ دەستبەسەرە و مەترسی
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لەئارادایە .
بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ
کەلەبڕگەکانی دا ھاتووە : ھەموو کەس مافی ژیان و ئازادی و ئاسایشی ھەیە
و ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای زاڵمانە ڕێگەپێنەدراوە ،ھەرکەسێک تاوانی
خرابێتەپاڵ ، تا ئەوکاتەی لەدادگایەکی سەربەخۆدا ھەموو گەرەنتیەک بۆ
بەرگریکردنی بۆ دابین دەکرێ و تاوانباربوونی بەشێوەی یاسایی پشتڕاست
دەبێتەوە بێتاوانە .
ئێمە وەک ڕێکخراوی (نەھێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان - ئۆڕتە) داوا
لەھەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار لە عیڕاق و لەھەرێمی کوردستان دەکەین ،
لەپێناو ڕزگارکردنی گیانی ئەو ھاووڵاتیەی ھەرێمی کوردستان و ئازادکردنی
، ڕاستەوخۆ لەڕێگەی کەناڵەکانی پەیوەندی دیپلۆماتیک داوا لەحکومەتی
کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن ناوبراو لەسێدارە نەدا و بەڵکو ئازادی بکا ،
ھەروەھا داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەکەین
ھەوڵەکانیان چربکەنەوە لەپێناو ڕێگەگرتن لەجێبەجێکردنی سزاکە ، وە داوا
لەکۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین ناوبراو لەسێدارەنەدا ، نادادپەروەرییە
و کارێکی نایاساییە دوای ئەوەی ماوەی حوکمەکەی تەواوکردووە ، دووبارە
تاوانباربکرێت و لەسێدارە بدرێت بەناوی تاوانێک کە ئەنجامی نەداوە.
رێکخراوی
نەھیشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان - ئۆرتە
org.orte@gmail.com
FPPK
١٨\٨\٢٠١٣
وێنەیەک بۆ:
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری عیڕاقی فیدراڵ.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی.
ئەرشیف.
|