سه‌باره‌ت به
پرسی گه‌نج و گرفته‌کانی له کوردستان.
- دیمانه‌ی گۆڤاری شه‌قام
له‌گه‌ڵ حه‌مه‌غه‌فور -
ئاماده‌کردنی: شه‌نکار عه‌بدوڵا
(ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویست: ئه‌م دیمانه‌یه‌ی
به‌رده‌ستتان له کۆتایی ساڵی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ من سازکراوه بۆ ژماره
15ی گۆڤاری شه‌قام. به‌ڵام به‌بێ هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌و ژماره
نوێیه‌ی شه‌قامدا دانه‌گیراوه. بۆیه وێڕای ڕه‌خنه‌م له گۆڤاری شه‌قام‌و
کاکه شه‌نکار عه‌بدوڵا سه‌باره‌ت به بێبه‌ها سه‌یرکردنی پره‌نسیپی
ڕۆژنامه‌گه‌ری‌و له‌که‌دارکردنی مۆراڵی ژورنالیستی، به مافی خۆمی ده‌زانم
چاوپێکه‌وتنه‌که وه‌کو خۆی بڵاوبکه‌مه‌وه، له‌گه‌ڵ سوپاس بۆ ئه‌و
ماڵپه‌ڕانه‌ی له‌سه‌ر ڕوپه‌ڕی شاشه نێتیه‌کانی خۆیان بڵاویده‌که‌نه‌وه)

شه‌نکار عه‌بدوڵا: گه‌نج کێیه ؟ یان گه‌نجێتى
چییه ؟
حه‌مه‌غه‌فور: به ڕای من گه‌نج
مرۆڤێکی نوێیه که ته‌مه‌نی مناڵیی تێپه‌ڕاندووه‌و سه‌ربه‌خۆ له
خواست‌و ئیراده‌ی خۆی، وه‌کو دیارده‌یه‌ک نه‌ک وه‌کو تاکێک، ئه‌کرێت به‌وێنه‌ی
عه‌ینه‌یه‌ک یان بچووککراوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگاکه‌ی ته‌ماشابکرێت که سه‌رتاپای
باری پێشکه‌وتن‌و دۆخی شارستانی‌و ئاستی دادپه‌روه‌ری‌و شێوازی ژیان‌و
هه‌ڵس‌و که‌وت‌و داب‌و نه‌ریت‌و که‌ڵچه‌رو فه‌رهه‌نگی ژینگه‌که‌ی خۆی
له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه. ئه‌و نه‌وجوان یاخود تازه‌لاوێکه که به
جیا له هه‌ر ته‌نگژه‌و دۆخێکی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی وه دوور له
خواست‌و ئیراده‌ی خۆی گه‌شتۆته به‌رده‌رگای قۆناغێکی هه‌ستیارتر له
ژیانی تایبه‌تی خۆی. قۆناغێک که پێیئه‌وترێ قۆناغی خۆناسین‌و به‌رپرسیارێتی‌و
ئاراسته‌بوون ڕووه‌و خه‌للاقیه‌ت‌و داهێنان‌و بنیاتنان.
گه‌نجێتیش ئه‌و بوار‌و مه‌ودا په‌روره‌ده‌یی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی‌و
بابه‌تیانه وێنائه‌کێشێت که له هه‌ناویدا ڕۆحیه‌ی کۆمه‌ڵێک خاسیه‌ت‌و
تایبه‌تمه‌ندی‌و سیفاتی زیندو و تێکچڕژاو ڕائه‌گرێ که ڕیشه‌و تان‌وپۆی
پلانه‌کان دائه‌کوتێ‌و ڕه‌نگی ئاسۆ‌و دواڕۆژێکی پرشنگدار بۆ خۆی‌و کۆمه‌ڵگاکه‌ی
ئه‌ڕێژێت. ئاینده‌یه‌ک که ئینسان به گشتی تیایدا ڕێز‌و حورمه‌تی
باڵاتر بێت، که‌سایه‌تی‌و شکۆمه‌ندی تاک تیادا زامن‌و پارێزراو دابین
بێت.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: ئایا گه‌نجێتى ته‌مه‌نێَکى
بایۆلۆژییه یان سۆسیۆلۆژییه ؟
حه‌مه‌غه‌فور: پێناسه‌ی گه‌نج وه گه‌نجێتی
به شێوه‌یه‌کی زانستی‌و درووست لێره‌دا که‌مێک گرانه. ئه‌و کاره
زیاتر ئه‌رکی شاره‌زایانی بواری نه‌وه‌ناسی‌و بایۆلۆژی‌و سۆسیۆلۆژی‌و
توێژه‌ری بواری باری که‌سیی‌و شارستانیه‌کانه. به‌ڵام من تێگه‌یشتنی
خۆم له‌مباره‌وه ئه‌خه‌مه‌ڕوو. بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی زانستی
پێناسه‌یان بکه‌ین، من پێم وایه باشتره له ڕوانگه‌ی حقوقیه‌وه شوێنی
مه‌سه‌له‌که بگرین‌و بچین به‌دوای ناسینی ئه‌و دوو دیارده بایۆلۆژی
وه له هه‌مان کات کۆمه‌ڵاتیه‌دا.
له ڕوانگه‌ی پرۆسێسی شکڵ‌گرتنی مه‌نتیقیی ژیانه‌وه، وه له دیدی کۆمه‌ڵگا
پێشڕه‌و و شارستانیه‌کانه‌وه، ئینسان وه‌کو به‌رزترین‌و به‌به‌هاترین
به‌رهه‌م‌و سه‌رمایه‌ی ژیان دائه‌نرێت. هه‌ر له سه‌ره‌تای شکڵ‌گرتنی
نوتفه‌و خانه‌ی زیندووی کۆرپه‌ڵه‌وه له ڕه‌حمی دایکدا هه‌تا دوایین
ساته‌کانی ژیان، ئه‌و هه‌ل‌و مه‌رج‌و ڕێ‌و شوێنه کۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و
حقوقی‌و فه‌رهه‌نگیانه له‌خۆئه‌گرێت تا مرۆڤ موماره‌سه‌ی که‌ناڵ‌و
ده‌ریچه‌کانی ژیانی لێوه بکات، هه‌تا ئینسان به‌کرده‌وه ته‌جروبه‌ی
تام‌و چێژی بڕگه‌و قۆناغه‌کانی ژیانی خۆی بکات‌و له پرۆسێسێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا
به‌ریه‌ک که‌وتن‌و کاروکاردانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیه سیاسی،
حقوقی، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگیه‌کانی خۆی پراتیک بکا‌و له فه‌زاو
سفیرێکی شارستانیدا وه له ناو تۆڕێکی تێکچڕژاوی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵاتیه‌کاندا
خونچه‌کانی مه‌نتیقی ژیان ده‌مبکه‌نه‌وه!
دیاره فه‌لسه‌فه‌ی بوونی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی زاده‌و خواستی هیچ که‌سێک
نیه‌و ڕه‌هایه له‌هه‌ر ئیراده‌یه‌کیش. کۆمه‌ڵی شارستانی‌و مرۆڤایه‌تی
مێژوویه‌کی دوور‌و درێژ‌و نه‌بڕاوه‌ی هه‌یه‌و له هه‌ر سه‌رده‌مێکیشدا
تاک پێناسه‌ی دیاریکراو وه چوارچێوه‌ی ئه‌رک‌و مافه‌کانیشی ئه‌و
قۆناغه‌و شێوازی به‌رهه‌مهێنان تیایدا کێشاویه‌تی! به‌ڵام هه‌میشه‌و هه‌تا
ئه‌مڕۆش گه‌نجان چ له بنیاتنان‌و چ له به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگادا، ڕۆڵ‌و
نه‌خش‌و کاریگه‌ری بنه‌ڕه‌تی‌و سه‌ره‌کیان هه‌بووه‌و هه‌رواش ئه‌مێنێته‌وه.
یانی له پرۆسه‌ی قوربانیدان‌و ڕه‌نجکێشاندا پشکی شێریان به‌رکه‌وتوه.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: گه‌نج تاچه‌ند لایه‌نێکه
له‌کێشه‌که‌ى خۆى؟ واته گه‌نج خۆى خولقێنه‌رى کێشه‌کانى خۆیه‌تى؟
حه‌مه‌غه‌فور: ڕێگام بده له‌باره‌ی
پرسیاره‌که‌وه ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک بڵێم؛ من پێموایه خستنه‌ڕووی
پرسیارێکی له‌م چه‌شنه خۆی له خۆیدا جێگای ئه‌فسووسێکی گه‌وره‌یه.
به‌داخه‌وه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا شه‌فافیه‌ت نه‌ک هه‌ر بوونی نیه به‌ڵکو
خۆی قوربانیه‌کی باڵاده‌ستی که‌ڵچه‌ری خێڵه‌کییه. ته‌رحکردنی پرسیار
سه‌باره‌ت به پرس‌و دیارده‌ی گه‌نج به‌م شێوه‌یه به جۆرێک ئه‌که‌وێته
ناو کایه‌ی بێده‌ربه‌ستی کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌رامبه‌ر به توێژی
لاوان وه ئۆباڵی په‌راوێزکه‌وتنی گه‌نجان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان
له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئه‌خاته‌وه ئه‌ستۆی گه‌نجان خۆیان!
به‌ڵام فانتاسیای خستنه‌ڕووی پرسیاره‌که به‌رجه‌سته‌کردنی ورووژاندنێکی
جوانی پرسی گه‌نجی تێدایه له وڵاتێکی ڕۆژه‌ڵاتی وه‌کو کوردستاندا،
چونکه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه پێی ئینسان ده‌باته ناو ڕه‌هه‌ندو چه‌مکه‌کانی
هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ورو نه‌خشی کۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات له هه‌مبه‌ر پرس‌و
مه‌سه‌له‌ی ناهه‌موارو نه‌خوازراوی گه‌نجان. به بۆچوونی من کێشه‌و
پرسی گه‌نج گۆشه‌یه‌کی دانه‌بڕاوه له کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به
گشتی. به‌ڵام کێشه‌ی گه‌نجان له کوردستان شێوه‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه
که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سایه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و که‌ڵچه‌رو فه‌رهه‌نگ‌و سیاسه‌تی
جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردیه.
من بڕوام وایه به شێوه‌کی گشتی‌و ئه‌کید کۆمه‌ڵ‌و ده‌سه‌ڵات‌و دام‌و
ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت به‌رپرسن‌و ئه‌رکیانه وه‌کو به‌شێک له پره‌نسیپه
ئینسانیه‌کان، ده‌رفه‌ت‌و بواری له‌بارو شیاو فه‌راهه‌م بکه‌ن بۆ
مناڵان‌و نه‌وجوانان‌و گه‌نجان هه‌تا له پرۆسه‌یه‌کی سالم‌و
شارستانیدا گه‌وره‌ببن‌و پێبگه‌ن. ده‌وڵه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی‌و
ئۆرگان‌و دامه‌زراوه مه‌ده‌نی‌و په‌روه‌ده‌ییه‌کان خۆیان پێویسته
ببنه کانگای به‌رهه‌مهێنان‌و ته‌قینه‌وه‌ی ئینێرژی‌و تواناکانی
داهێنانی گه‌نجان‌و نه‌وجوانان. ده‌سه‌ڵات‌و کۆمه‌ڵگا پێویسته دام‌و
ده‌زگای په‌روه‌رده‌یی‌و فێرکاری‌و ڕاهێنانی وا بهێنێته‌ئاراوه بۆ وه‌به‌رهێنانی
کارامه‌یی‌و تواناکانی گه‌نجان‌و تازه‌لاوان هه‌تا نه‌وه‌یه‌کی سالم،
کارامه‌و لێهاتوویان لێبکه‌وێته‌وه که کارایی‌و شایسته‌ی ئاراسته‌کردن‌و
به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵیان تێدا چێنرابێ‌و مه‌سئولیه‌تی ڕابه‌ری کردنی ڕه‌وتی
مێژوویی وڵات له ئاستی کاروانی گه‌شه‌و پێشکه‌وتنی جیهانی شارستانیدا
له ئه‌ستۆ بگرن. وه له‌م نێوه‌دا شاره‌زایانی بواری ده‌روونناسی‌و
کریستاڵیزه‌کردنی پرۆسه‌ی گه‌شه‌و هه‌ڵدانی مناڵان‌و تازه‌لاوان‌و گه‌نجان
ده‌بێ بهێنرێنه به‌ره‌وه‌و هه‌موو پێویستی‌و ئیمکانیاتی ته‌واویان بۆ
فه‌راهه‌مبکرێت. بێگومان سیسته‌می په‌روه‌رده‌و فێرکردن‌و خوێندنی
باڵا‌و میدیا‌و ڕاگه‌یاندن نه‌خشی کاریگه‌ریان هه‌یه له‌م پێناوه‌دا.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: بۆچى ده‌سه‌ڵات به
گومانه له گه‌نج ؟ ئایا ئه‌و به‌دگومانیه‌ى له‌گه‌نج تاچه‌ند
واقیعییه ؟
حه‌مه‌غه‌فور: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات
بێ منه‌ته‌و گوێ له که‌س ناگرێ! له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵات نه
نوێنه‌رایه‌تی خواست‌و داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌کات، نه
کاریشی به‌سه‌ر حه‌زو ئاوات‌و ئاره‌زوه‌کانی گه‌نجانه‌وه هه‌یه وه
نه ئاینده‌یه‌کی سه‌ربه‌رزو شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ی ئه‌م کوردستانه‌شی به‌لاوه
مه‌سه‌له‌یه. ده‌سه‌ڵات سه‌رقاڵی بێنه‌وبه‌رده‌ی ناو کایه‌یه‌که که
خه‌ڵکی کوردستان وه گه‌نجان له پێشیانه‌وه له‌گه‌ڵی نه‌بوون‌و ڕه‌تیشیان
کردۆته‌وه. کایه‌ی لکاندنه‌وه‌ی کوردستان به عێراقه‌وه. گه‌نجانی
کوردستان حه‌ڤده ساڵه خه‌ون به سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌وه ئه‌بینن،
به‌ڵام ده‌سه‌ڵات وه‌کو مۆته‌که ئه‌م خه‌ونه‌ی گۆڕیوه بۆ کابوسێک‌و
کۆتایی نایه‌ت.
به‌دگومانی ده‌سه‌ڵات سه‌باره‌ت به توێژی گه‌وره‌ی گه‌نجان زۆر واقعیه.
چونکه ئاراسته‌یه‌ک که ده‌سه‌ڵات گرتوویه‌تیه پێش لادانه له شاڕێی
خواستی کۆمه‌ڵگایه‌ک، هه‌وڵێکه بۆ ڕاکێشانی کۆمه‌ڵگای کوردستان به
شوێن خواست‌و مه‌رامی ته‌سکی حیزبایه‌تی‌و ئامانجی جووڵانه‌وه‌ی
ناسیونالیستی کوردی‌دا بۆ شه‌ریکبوون له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا. نکوڵیه‌کی
گه‌وره‌و کوشنده‌یه له شاڕێی مه‌یل‌و ئاواتی بوون به ووڵاتێکی سه‌ربه‌خۆو
خاوه‌ن سه‌روه‌ری باوه‌ڕپێکراو. هه‌ڕاجکردنی خه‌بات‌و قوربانیدانی خه‌ڵکێکی
سته‌ملێکراوه که ساڵانێکه له پێناو ئاینده‌یه‌کی باشتر‌و سه‌ربه‌رزانه‌تردا
له ئارادایه.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: گه‌نجان به‌ته‌واوه‌تى
بێ‌ئومێد بون وبه‌شێوه‌یه له‌شێوه‌کان پشتیان له‌گشت کایه‌کان کردووه،
ئایا به‌م شێوه مامه‌ڵه‌کردنه گه‌نج ده‌بێته خاوه‌نى هیچ؟ یان ده‌توانێ
مافه‌کانى به‌ده‌ست بهێنێت؟
حه‌مه‌غه‌فور: ڕاسته نائومێدی‌و سارد‌و
سڕی‌و په‌رش‌و بڵاوی سێبه‌ری هاویشتۆته سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی‌و خواست‌و
ئاره‌زوه‌کانی گه‌نجانیش. به‌ڵام به‌ر له هه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن‌و
ئاکامگیریه‌ک، ده‌بێ ئه‌م حاڵه‌ته‌و ئه‌م فه‌زا نادرووسته، ئه‌م
بێهووده‌بون‌و پشتهه‌ڵکردنه بخرێته ئه‌ستۆی ناوه‌ندو سه‌نته‌ری
بڕیاردان‌و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن له کوردستان. پێئه‌چێ ده‌سه‌ڵات به
ئامانجه‌کانی خۆی شادبووبێت! چونکه ئه‌و وه‌زعه‌ی ئێوه پرسیاری لێوه
ده‌که‌ن که کۆمه‌ڵی کوردستان‌و دیارده‌ی گه‌نجانیشی به هیلاک بردوه‌و
ڕه‌هه‌ندی ته‌ریب له‌گه‌ڵ حه‌زو خواستی گه‌نجانی گیرۆده‌ی ده‌یان ده‌ردو
مه‌ینه‌تی دیکه‌ش کردوه، ئاکامی سیاسه‌تی نادرووست‌و ناحه‌کیمانه‌ی
دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌و یه‌کێکه له نیشانه‌و ئه‌عرازه‌کانی گه‌نده‌ڵی‌و
پاشاگه‌ردانی‌و ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی له کوردستان.
من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که گه‌نجان‌و خه‌ڵکی کوردستانیش له شوێنکه‌وتنیان
بۆ ئه‌م حیزبانه‌و بۆ جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی، به تایبه‌ت له‌م حه‌ڤده
ساڵه‌ی ڕابردوودا چه‌نده له پاڵ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا حه‌ساونه‌ته‌وه‌و
چه‌ند به هیواو ئاواته‌کانیان گه‌یشتوون، له داهاتووشدا ناکرێ له‌وه
زیاتریان لێ چاوه‌ڕوان بکرێت. ڕێگای ئه‌م حیزبه کوردیانه‌و ده‌سه‌ڵات‌و
ئامانجیان زۆر فه‌رق‌و جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان‌و توێژی
گه‌نجاندا. ته‌نانه‌ت هه‌ر چاودێرێکی ده‌ره‌کیش به سانایی ئه‌توانێ ئه‌م
ڕاستیه بسه‌لمێنێت. ئه‌وه‌ی ئاشکراو دیار‌و به‌رجه‌سته‌یه له
کوردستان، له‌لایه‌ک ژماره‌یه‌ک ملیۆنێرو ملیاردێری خۆماڵی‌و کوردی په‌یدابوون،
له پاڵیشیاندا که‌مایه‌تیه‌کی مشه‌خۆری سیکتاریست‌و هه‌لپه‌رست سه‌ریهه‌ڵداوه،
که هه‌رچی به‌هاو قیه‌می ئینسانی هه‌یه به پاره ئه‌یگۆڕنه‌وه‌و
بێشه‌رمانه به‌باڵای ده‌ورودوکانی حازردا هه‌ڵئه‌ڵێن‌و به نموونه‌ی
دادپه‌روه‌ری‌و دیموکراسی ناوچه‌که ئه‌یخه‌مڵێنن! له‌ولای تریشه‌وه
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی کوردستان وه‌ستاوه به گه‌نجانیشه‌وه که
له‌ناو هه‌ژاری، بێ‌کاری، گرانی‌و بێمافی‌و بێچاره‌نووسیدا نقومبوون. ئه‌مه
واقعیه‌تێکی ناشیرینی کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌و که‌س ناتوانێت خۆی لێ
ببوێرێت.
خه‌ڵک‌و توێژی گه‌وره‌ی گه‌نجانی کوردستان له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و
حکومه‌تی ناسیونالیزمی کوردی‌دا، جگه له په‌راوێزکه‌وتن‌و بێمافبوون‌و
ڕۆژڕه‌شی‌و نه‌هامه‌تیه‌کانی ژیانیان، هیچی تریان نه‌دیوه. بۆیه
پێویسته بیر له کۆتایی هێنان به‌م بارودۆخه‌ی ئێستا بکه‌نه‌وه.
ڕێگای خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات هه‌رگیز یه‌کناگرێته‌وه. جه‌ماوه‌ری
ئازادیخواز‌و ناڕازی ده‌بێت ڕێگای خۆیان بدۆزنه‌وه‌و هه‌نگاوی یه‌که‌میش
له‌م راستایه‌دا خۆده‌رکێشانه له‌ژێر ته‌پ‌وتۆزی وه‌هم‌و خۆشباوه‌ڕی
به ئایدیۆلۆژیا‌و بیروباوه‌ڕی ناسیونالیستی‌و کوردایه‌تی. بیرکردنه‌وه
له ئاڵته‌رناتیڤێکی سیاسی که جووت بێت له‌گه‌ڵ ویست‌و ئامانجه‌کانی
خۆیان، وه ئاراسته‌ی ڕه‌وتی گۆڕانکاری وڵات به که‌ناڵی سه‌ربه‌خۆیی‌و
پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سکۆلارو ناقه‌ومیدا بجووڵێنێ‌و کانسی بده‌نێ‌و
سه‌پۆرتی بکه‌ن، ئه‌توانێ کایه‌که هه‌ڵگێڕێته‌وه به قازانجی خه‌ڵک‌و
گه‌نجانیش له‌نائومێدی‌و سه‌رگه‌ردانی ده‌ربازئه‌کات.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: په‌راوێزخستنى گه‌نج
بۆ ناهۆشیارى گه‌نج ده‌گه‌ڕێته‌وه یان پیلانێکى ده‌سه‌ڵاته دژ به‌و
نه‌وه‌یه ؟
حه‌مه‌غه‌فور: من وای بۆ ئه‌چم په‌راوێز
خستنی گه‌نج، زیاتر له پیلانێک ئه‌چێت له دژی گه‌نجان نه‌ک هیچی تر.
چونکه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هوشیاری گه‌نجیش له ئاستی پێویستدا نه‌بێت،
زیاتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شێوازی به‌رهه‌مهێنان‌و سیسته‌می شکڵ‌گرتنی په‌یوه‌ندیه
کۆمه‌ڵاتیه‌کانه. یان درووستتر با بڵێم؛ هوشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فکرو
ئایدیۆلۆژیا شکڵ ناده‌ن به کۆمه‌ڵگاو شێوازی په‌یوه‌ندیه‌کان‌و مێژوو
دروست ناکه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان ئه‌وان به ده‌وری
خۆیدا دێنێته ئاراوه. که‌لتورو فه‌رهه‌نگ‌و ئاستی ده‌زگاو دامه‌زراوه
مه‌ده‌نی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان تا ده‌گا به تۆڕی که‌ناڵه یاسایی‌و قه‌زاییه‌کان،
هه‌تا بگا به نێتی ڕاگه‌یاندن‌و ده‌زگاکانی وه‌شاندن، ئاوێنه‌ی
باڵانوێنی سیستمی به‌رهه‌مهێنان‌و شێوازی دابه‌شکردنی سه‌روه‌ت‌و
داهاتی کۆمه‌ڵگایه‌و ده‌ربڕن له‌و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که
به‌ده‌وری شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا شکڵئه‌گرن.
ڕوانینی ده‌سه‌ڵات بۆ مرۆڤ‌و مافه‌کانی، له چۆنێتی دیدگا‌و تێگه‌یشتنی
ئه‌وه‌وه بۆئینساف‌و دادپه‌روه‌یه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێ، له ڕوانگه‌ی
ئه‌وه‌وه بۆ خودی ئینسان. کۆمه‌ڵی کوردستان به هه‌موو پێوانه‌یه‌ک یه‌ک
کۆمه‌ڵگای چینایه‌تیه. سیسته‌می به‌رهه‌مهێنان تیایدا سه‌رمایه‌داریه‌و
سه‌رخانی سیاسی‌و فکرو ئایدیۆلۆژی باو تیایدا هی چینی سه‌رمایه‌دارو
نوێنه‌رانیه‌تی. ده‌سه‌ڵات‌و ئه‌حزابی باڵاده‌ست له‌م ده‌ڤه‌ره نوێنه‌رو
پارێزه‌ری چینی سه‌رمایه‌دارو ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌و به‌باشترین شێوه له
هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و چینه، یانی چینی بۆرژوازی
پارێزگاری لێبکات‌و کۆمه‌ڵگاش له‌گه‌ڵ زوڵم‌و زۆر‌و سته‌مێکی چینایه‌تیدا
که هه‌یه ڕابهێنێ. له‌م پێناوه‌شدا کۆمه‌ڵێک چه‌مک‌و دروشمی فریوده‌رانه‌ی
به‌رزکردۆته‌وه له چه‌شنی خاکی کوردستان، نه‌ته‌وه‌ی کورد‌و کوردایه‌تی‌و
بۆ خه‌مڵاندنی ئه‌م ئامانجانه‌شی ناسنامه‌ی قه‌ومی‌و ئیتنیک دائه‌تاشێ‌و
ڕقه‌به‌ری قه‌ومی‌و به‌رتری میللی‌و ئه‌م شتانه په‌خش ئه‌کاته‌وه. ئه‌م
کارانه‌ش بۆ داپۆشینی ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ناکۆکیه چینایه‌تیه‌کان
ئه‌نجام ئه‌دات.
جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی ده‌یان ساڵه باس له مافی چاره‌نووسی
گه‌لی کورد ئه‌کات، وه سه‌دان هه‌زار ئینسان بوونه قوربانی ئه‌م
دروشمه خه‌یاڵیه‌ی کوردایه‌تی، که‌چی کاتێک ده‌رفه‌ت به ته‌واوی له‌باره
بۆ یه‌کاڵاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی کوردستان، ئه‌بینین خۆیان له فاشیسته
عه‌ره‌به‌کان زیاتر دژایه‌تی خواستی سه‌ربه‌خۆیی‌و ته‌حقیق بوونی ئه‌و
مافه ئه‌که‌ن! خه‌ڵکی کوردستان‌و گه‌نجان ده‌بێ ئه‌م ناکۆکیه بده‌نه‌وه
به چاوی ناسیونالیزمی کوردداو خۆیان بۆ سه‌ندنی ئه‌م مافه بێنه مه‌یدان.
گه‌نجی کوردستان به‌لای یه‌کێتی‌و پارتیه‌وه له وێنای پێشمه‌رگه‌یه‌کی
گوێڕایه‌ڵی کوردایه‌تی‌و فیداکارێکی ڕێگای بنیاتنانی شار‌و گوندی خه‌ونه‌کانی
به‌رپرسانی ملیاردێرانی حیزبی‌و حکومی به‌ولاوه تر نین. ئه‌وان که‌رکوکیان
کردۆته سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خورافه‌و موزه‌خره‌فاتی
کوردایه‌تی‌و که‌چی ئاواره‌کانی که‌رکوک هێشتا له‌ناو له‌و‌ح‌و خانوه
ڕووخاوه‌کاندا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. له‌کاتێکدا گه‌نج دنیایه‌ک خه‌ون‌و
خه‌یاڵ‌و ئاره‌زووی دیکه‌ی هه‌یه که به‌هیچ جۆرێک له که‌ناڵی
بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیه‌وه نایه‌ته‌دی!
شه‌نکار عه‌بدوڵا: زۆرجار گه‌نج به‌وه
تۆمه‌تبار ده‌کرێت که زوڵم و سته‌مى به‌عسى نه‌دیوه داواى شتى
ناواقیعى ده‌کات ؟
حه‌مه‌غه‌فور: به‌ڵام خۆ ئێستا حیزبی
به‌عس‌و ڕژێمی سه‌دام نه‌ماوه! ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌میشه خه‌ڵکیان به
دێوه‌زمه‌ی ڕژێمی سه‌دام فریو ئه‌داو خۆشیان به‌رده‌وام له سات‌و سه‌ودادا
بوون له‌گه‌ڵیدا. ئێستاش که خۆیان به‌شێکن له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ئه‌و
قسانه‌ی ئاراسته‌ی گه‌نجان‌و خه‌ڵکیشی ده‌که‌ن ملهوڕی‌و بێمنه‌تی ئه‌وان
نیشان ئه‌دات نه‌ک هیچ شتێکی تر.
داوای گه‌نجانی کوردستان بۆچی ئه‌بێت ناواقعی بێت! گه‌نج گه‌ره‌کیه‌تی
که‌لتووری شاخ‌و پێشمه‌رگایه‌تی ئیتر کۆتایی پێ بێت‌و ده‌رگاکانی کۆمه‌ڵگایه‌کی
سکۆلارو مه‌ده‌نی به‌ڕوویاندا بکرێته‌وه. گه‌نجانی کوردستان نایانه‌وێ
ببنه سووته‌مه‌نی کێبه‌رکێی قه‌ومی‌و گه‌ره‌کیانه بۆ هه‌میشه ئه‌م
په‌روه‌نده‌یه بپێچرێته‌وه. ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ کوردستان سه‌ربه‌خۆ بێ‌و
که‌س نه‌توانێ سه‌ره‌وه‌ری له‌که‌دار بکا‌و بیبه‌زێنێ. توێژی گه‌نج‌و
لاوی کوردستان به هه‌ستێکی به‌رزی لێپرسیارێتیه‌وه ڕوویان کردۆته
جیهانی شارستانی، گه‌ره‌کیانه بخوێنن‌و پێبگه‌ن‌و تواناکانیان که‌شف
بکه‌ن‌و کۆمه‌ڵگاکه‌یان له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه بنیاتبنێنه‌وه.
کۆمه‌ڵی کوردستان به هه‌موو مانایه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیه‌و خه‌ڵکه‌که‌ی
گه‌ره‌کیانه له کاروانی شارستانی جیهانی دوانه‌که‌ون، به‌ڵام به‌رپرسانی
حیزبی‌و حکومی هه‌ر له فکری گیرفان پڕکردن‌و که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌روه‌ت‌و
سامان‌دان.
ده‌سه‌ڵات‌و حیزبه‌کانی هێنده‌ی بایه‌خ بۆ بیروباوه‌ڕی عه‌شایه‌ری‌و
دواکه‌وتوانه‌و داب‌و نه‌ریتی به‌سه‌رچوو دائه‌نێن، کوا به‌ته‌نگی ڕه‌وه‌ندی
ڕوو له فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپایی‌و پێشکه‌وتن‌و کرانه‌وه‌وه‌ن که به
قووڵی له‌ناو گه‌نج‌و لاوان‌دا ڕیشه‌ی داکوتاوه. هیچ شتێک‌و هیچ
ئاستێکی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستان له ئاستی خواست‌و ته‌وه‌قوعی
به‌رزی لاوانی کوردستاندا نیه. ئه‌م حیزبانه‌و ده‌سه‌ڵات هیچ پلان‌و
مانیفێستێکیان نیه بۆ چاکسازی‌و پێشکه‌وتن. وڵاتێک یا کۆمه‌ڵگایه‌ک
گه‌نجان تیایدا تۆراو، خه‌مۆک، نامۆ‌و په‌راوێز بن شه‌رمه که‌سێک بێت‌و
باسی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ‌و په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بکات.
چونکه به‌بێ به‌شداری ڕاسته‌وخۆی گه‌نجان هیچ پێشکه‌وتنێک ڕوونادات.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: وا هه‌ست ناکه‌ى جۆرێک
له وبوون له‌ناو گه‌نجاندا هه‌یه ، به‌هۆى داخراوى کۆمه‌ڵگاو گه‌رده‌لوولى
گڵۆبالیزمه‌وه ؟
حه‌مه‌غه‌فور: به داخه‌وه گه‌نجی
کوردستان نه‌ک هه‌ر ونبوون، به‌ڵکو گه‌نجێتیان لێ سه‌نراوه‌ته‌وه به
مانایه‌ک! من ناچمه ناو وورده‌کاری ڕێگاو شوێنی پلان بۆ داڕێژراو به
شێوه‌ی زانستی له پێناوی ده‌سته‌به‌رکردنی دامه‌زراوه‌و شوێن‌و سه‌نته‌ری
ته‌رفیهی، بواری سه‌رگه‌رمی‌و چێککردنی خێرای ده‌سکه‌وته فکری‌و فه‌رهه‌نگی‌و
زانستی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. ئامراز‌و که‌ره‌سه‌ی درووست‌و فێرکاری‌و
زانستی له بواره‌کانی په‌روه‌رده‌و فێرکردن‌و پێگه‌یاندندا به خۆڕایی‌و
له‌به‌ر ده‌ستدا. وه ده‌یان بوار‌و که‌ناڵی دیکه‌ی له چه‌شنی
ئینفۆرماتیک‌و ته‌کنۆلۆژی‌و په‌یوه‌ندگرتن‌و ..تد. ساده‌ترین ماف‌و
خواستی گه‌نجانی کوردستان، یانی تێکه‌ڵاوبوون‌و پێکه‌وه‌بوون‌و
کارلێککردن‌و هه‌ڵس‌و که‌وتی نێوان ڕه‌گه‌زی نێر‌و ڕه‌گه‌زی مێینه له
کوردستان ده‌ردناکه‌و که‌مه‌ری مه‌ده‌نیه‌ت‌و کرانه‌وه‌و شارستانیه‌تی
شکاندووه. کوڕ‌و کچ به شێوه‌یه‌کی ترسناک لێک جیاکراونه‌ته‌وه. له
هه‌موو جێگایه‌ک. وڵات دابه‌ش بووه به‌سه‌ر دوو ڕه‌گه‌زی جیاوازدا. له‌لایه‌ک
نێرینه‌و له‌ولای تر میینه. هه‌ر نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌م دووانه بڤه‌یه!
ئه‌مه که‌ی سه‌رده‌می مۆدێنیزمه‌یه، لێره ئه‌ڵێی سه‌رده‌می هارونه
ڕه‌شیدی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه!
سێکس به گشتی، باسکردنی سێکس، به‌رنامه‌ی خوێندن ده‌رباره‌ی سێکس،
پرۆگرامی ته‌له‌فزیۆنی سه‌باره‌ت به سێکس له کوێی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا
شه‌رعیه‌ت‌و ڕه‌سمیه‌تی هه‌یه؟! کۆمه‌ڵگایه‌کی ئیفلیجمان هه‌یه له
بوارێکی هه‌ره گرنگ‌و هه‌ره بنه‌ڕه‌تی زانستی سۆسیۆلۆژیدا، چه‌مک‌و
فه‌نۆمه‌ینی سێکس‌و په‌یوه‌ندی سێکسی‌و ته‌نانه‌ت زانیاری‌و ئینفۆرمه‌یشن
ده‌رباره‌ی سێکسکردن‌و حامله‌بوون‌و تا ده‌گات به بواره‌کانی چاودێری
پزیشکی کۆرپه‌ڵه له سکی دایکدا کێ‌و له کوێ لێی ده‌پرسرێته‌وه!؟
کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندرووست ئاسایی ترین دیارده تیایدا په‌یوه‌ندی
دڵخوازانه‌و ئازادانه‌ی عیشق‌و خۆشه‌ویستی نێوان ئینسانه‌کانه به‌تایبه‌ت
گه‌نجان. لێره له کوردستان ئه‌م په‌یوه‌ندیه تابویه‌و هه‌زاران
چیرۆک‌و داستانی خۆشه‌ویستی له خوێن هه‌ڵکێشران! به‌ڵام وه‌زیرو مدیر‌و
به‌رپرسه حیزبیه‌کان له سکانداڵی هه‌وه‌سبازی خۆیان ناسڵه‌منه‌وه‌و
ده‌ستدرێژی سێکسی بۆ سه‌ر ژنانی فه‌رمانبه‌ر په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شه به
نێوچه‌وانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه. ئه‌مه نه‌خۆشیه‌کی مه‌ترسیداره‌و
پێویسته چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی بۆ بدۆزرێته‌وه.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: پێت وایه گه‌نج پێش
ئه‌وه‌ى کێشه‌ى سیاسى هه‌بێت کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه؟واته داب ونه‌ریته
سواوه‌کان گه‌نجیان کۆت کردووه پێش کێشه سیاسیه‌کان؟
حه‌مه‌غه‌فور: گه‌نج گیرۆده‌ی هه‌ردووکیانه.
کێشه سیاسیه‌کان له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی سواو و دواکه‌وتوانه‌دا ڕاست‌و
چه‌پ گه‌نجیان له خاچ داوه. به‌ڵام هه‌ردووکیشیان پێکه‌وه له‌پاڵ چه‌ندین
مه‌سه‌له‌ی تردا سه‌رخانی حقوقی‌و که‌لتووری‌و فکری‌و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵ
پێکدێنن که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شێوازی به‌رهه‌مهێنان‌و هه‌مواربوونی په‌یوه‌ندیه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه به‌ده‌وری ئه‌و شێوازه‌ی به‌رهه‌مهێناندا. ئه‌و له‌خاچدرانه
له‌سه‌ر سنگی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی کوردستان په‌رده‌کانی نمایش ده‌کرێ‌و
دووباره‌ش ده‌بنه‌وه. به‌ڕای من گه‌نجیش وه‌کو دیارده‌یه‌ک به‌ده‌ر
نیه له دابه‌شبوونی چینایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردستان. به‌شێک له گه‌نجان
له‌ناو فیرعه‌ونئاوای کوردستاندا له نازو نیعمه‌تێکی بێئه‌ندازه
سیحراویدا نقومبوون که له‌زه‌ت له‌وه ده‌به‌ن که لاسایی کوڕه ئه‌میرو
شێخه‌کانی سعودیه‌و ئیمارات‌و کوه‌یت بکه‌نه‌وه. له‌ولاشه‌وه گه‌نجانی
وڵات له‌ناو تۆپه‌ڵێک گیروگرفتی خنکێنه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری‌و فه‌رهه‌نگیدا
ڕۆچوون که ڕه‌شبینی‌و نائومێدیه‌کی بێوێنه‌ی لێکه‌وتۆته‌وه.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: له‌ده‌ستورى هه‌میشه‌ى
عێراقدا وه‌ک مه‌رج دانراوه بۆئه‌وه‌ى که‌هه‌رکه‌سێ ببێته په‌رله‌مانتارنابێت
له(30)ساڵ ته‌مه‌نى که‌متربێت، به‌بۆچونى تۆ ئه‌مه داخستنى ده‌رگاکان
نیه به‌ڕوى گه‌نجدا؟
حه‌مه‌غه‌فور: من خۆم هیچ کاتێک په‌رله‌مانی
عێراق‌و ده‌ستووری عێراقم به پۆزه‌تیف وه‌رنه‌گرتووه‌و پێشموانیه
هیچکامیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواست‌و ئیراده‌ی خه‌ڵکی بێبه‌شی عێراق بێت.
به‌لای منه‌وه ئه‌م دوو دیارده‌یه له سیناریۆیه‌کی ئه‌مریکایی بۆ
شکڵدان به حکومه‌تێکی ده‌ستسازی خۆی به‌ولاوه‌تر نه‌بووه.
با شه‌ڕی تائیفی‌و پاشاگه‌ردانی‌و بێنه‌زمی سایسی‌و ئابووری له‌ولاوه
بوه‌ستێ، با ده‌خاله‌تی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که له‌ولا دانێین، خه‌ریکه
ململانێی قه‌ومیش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک ده‌بێته سه‌ربارو جه‌نگی
نێوان عه‌ره‌ب‌و کورد سه‌رهه‌ڵئه‌دات. ئه‌گه‌ر گوێ به هێرشی سه‌ربازی‌و
زه‌مینی تورکیا‌و تۆپبارانی به‌رده‌وامی ئێران‌و تورکیاش نه‌ده‌ین‌و ته‌یارکردنی
ئه‌لقاعیده‌و پاشماوه‌کانی حیزبی به‌عسیش له‌لایه‌ن سوریا‌و ئه‌رده‌ن‌و
میسر‌و سعودیه‌وه به گرنگ دانه‌نێین، به کرده‌وه کوردستان زیاد له
حه‌ڤده ساڵه به شێوه‌ی دیفاکتۆ له عێراق جیایه‌و ته‌نها نه‌زعه‌ی
شه‌ریکبوونی یه‌کێتی‌و پارتی کوردستانی له‌گه‌ڵ عێراق ڕاگرتووه، ده‌نا
ئێستا کوردستان له ڕیفراندۆمێکدا جیابوونه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاندبوو. ده‌ستووری
عێراق پێموانیه بایه‌خێکی ئه‌وتۆی هه‌بێت سه‌باره‌ت به کێشه‌کانی
کوردستان، چونکه تاڕاده‌یه‌کی زۆر له دوو وڵاتی سه‌ربه‌خۆ ده‌چن
عێراق‌و کوردساتن.
به‌ڵام گه‌نجانی کوردستان‌و عێراقیش له‌لایه‌ن ئه‌حزاب‌و لایه‌ن‌و هێزی
قه‌ومی‌و تائیفی‌و ئیسلامیه‌وه هه‌موو ده‌رگایه‌کیان له‌سه‌ر داخراوه‌و
ته‌نانه‌ت ناچارکراون به پێچه‌وانه‌ی خواستی خۆیانه‌وه چه‌کی ئه‌م
هێزه میلیشیاییانه هه‌ڵگرن له پێناوی مانگانه‌یه‌کی ناچیزدا. نابێت
ئه‌وه‌ش له‌یاد که‌ین که پلورالیزم‌و فره‌یی‌و خه‌باتی په‌رله‌مانی له
ناو ته‌نگژه‌و زه‌لکاوی تائیفه‌گه‌ری‌و تیرۆریزمی ئیسلامی‌و فاشیزم‌و
قه‌ومپه‌رستیدا له عێراق‌و کوردستانیش جگه له بانگه‌شه‌یه‌کی ڕوکه‌شی
فریوده‌رانه شتێکی تر نیه. یه‌کێک له کۆڵه‌واریه‌کانی خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و
جووڵانه‌وه‌ی گه‌نجان‌و قوتابیانیش خۆشباوه‌ڕبوونیانه به‌م بانگه‌شه
خه‌مسارده په‌رله‌مانیانه.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: گه‌نجى ئێمه
کوردستانى لێ بووه به‌جه‌هه‌نم وئه‌وروپاى کردووه به‌به‌هه‌شت، ئه‌مه
تاچه‌ند واقیعیه وه‌ک ئه‌وه‌ى جه‌نابت چه‌ند ساڵێکه له‌ده‌ره‌وه‌ن؟
یان ئه‌م ڕاکردنه له‌واقیع تاچه‌ند ده‌گه‌نه ئه‌و به‌هه‌شته؟
حه‌مه‌غه‌فور: به‌ڕای من مافێکی ئاسایی‌و
سه‌ره‌تایی هه‌ر مرۆڤێکه که شوێنی ژیانی خۆی بگۆڕێت، یان کوێی پێخۆش
بێت له‌و شوێنه نیشته‌جێ ببێت. به‌ڵام کۆچی به لێشاوی گه‌نجانی کورد
بۆ هه‌نده‌ران واقعێکی تاڵ‌و ناله‌بار، ناعه‌داله‌تی‌و بێمافیه‌کی
مێژوویی خه‌ڵک‌و په‌روێزکه‌وتنێکی نائاسایی گه‌نجی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه به‌یان
ئه‌کات.
موتڵه‌قه‌ن ناکرێ کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپایی به‌راوردبکه‌ین.
چونکه دوو جیهانی ته‌واو جیاوازن وه دوو مێژووی جیاوازیان پشتیسه‌ر
ناوه. ئه‌گه‌ر له دیدی هیواو ئاواته‌کانی گه‌نجانی کوردستانه‌وه سه‌یری
ئه‌وروپا بکه‌ین، ئه‌گه‌ر له مه‌وقعی په‌راوێزکه‌وتووی گه‌نجه‌وه ئه‌وروپا
هه‌ڵسه‌نگێنین، بێ‌ترس من ئه‌ڵێم؛ به‌ڵێ ئه‌وروپا به‌هه‌شته! به‌ڵام به‌داخه‌وه
له پشتی خه‌ونی گه‌یشتنه ئه‌وروپاوه ده‌یان‌و سه‌دان کاره‌ساتی گه‌وره‌و
تراژیدیای جه‌رگبڕی نقومبوونی به‌کۆمه‌ڵ‌و ڕه‌قبوونه‌وه‌و وشکبوونه‌وه
له‌ناو شاحینه‌کان ڕامانئه‌چڵه‌کێنن. پاش گه‌شتنیش به ئه‌وروپا ئینجا
تراژیدیایه‌کی موزمینی دابڕان‌و په‌راوێزبوونی تر له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵ‌و فه‌رهه‌نگ‌و
که‌لتوری ئه‌وروپایی ده‌سپێئه‌کات. با سیاسه‌تی دژه بێگانه‌و دژه په‌نابه‌ری
وڵاتانی ئه‌وروپایی بوه‌ستێ که ساڵانێکی دوور‌و درێژ له‌ناو که‌مپ‌و
ئۆردوگاکاندا له چاوه‌ڕووانیدا ئینسان دائه‌ڕزێنێت.
پرسی ناردنه‌وه‌ی به‌زۆری په‌نابه‌رانی کوردی عێراقی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی
ئه‌وروپاییه‌وه که چه‌ند ساڵێکه به فراوانی ده‌ستیپێکردووه به‌ر
گوێی هه‌موومان که‌وتووه. فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عێراقی‌و ده‌شتی جه‌مال‌و
ده‌یان هه‌ڵسووڕاوی ئه‌و فیدراسیۆنه بۆ به‌رگری له مانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران‌و
مافی مانه‌وه‌و نیشته‌جێبوون شه‌ووڕۆژیان خستۆته سه‌ر یه‌ک‌و خه‌ریکی
ڕاگرتنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ن. ته‌نانه‌ت حکومه‌تی هه‌رێم‌و به‌رپرسانی یه‌کێتی‌و
پارتی ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپایی پیلانی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی
په‌نابه‌ریان مۆرکردووه‌و هه‌ر ئه‌م دواییانه 49 په‌نابه‌ریان له به‌ریتانیاوه
ره‌وانه کرده‌وه بۆ کوردستان به فڕۆکه‌ی سه‌ربازی.
گه‌نجی کوردستان له نێوان په‌راوێزخستنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌و ڕێگای هات‌و
نه‌هات‌و سیاسه‌تی دژه ئینسانی‌و دژه‌په‌نابه‌ری وڵاتانی ئه‌وروپاییدا
ڕاوه‌ستاون. ئه‌گه‌ر له من ده‌پرسن که به‌هه‌شت له کوێیه؛ به سه‌ربه‌رزیه‌وه
ئه‌ڵێم به‌هه‌شت نازڵ نابێت‌و نابه‌خشرێ‌و نایه‌ته‌دی، مه‌گه‌ر خۆمان
به‌ده‌ستی خۆمان بنیاتی بنێین. ڕاکردن له واقع تاڵه‌و ده‌ردناکه به‌قه‌ده‌ر
ملکه‌چبوون‌و قبوڵکردنی په‌راوێز خستن! گه‌نجانی کوردستان پیویسته هه‌ردووکیان
ڕه‌تبکه‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌توانن ده‌ست بخه‌نه ناو ده‌ستی یه‌ک‌و له
پیناوی ماف‌و خواست‌و ئاواته‌کانیاندا یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرن‌و
داواکانیان بسه‌پێنن. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له ئاستی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گه‌نجاندا
نیه ئیتر ده‌بێت به‌جێ بهێڵێ‌و ڕێگابدات خه‌ڵک خۆیان چاره‌نووسی خۆیان
دیاریبکه‌ن‌و ژیانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: له کوردستان تاچه‌ند
هه‌ست به ململانێى نێوان نه‌وه‌کان ده‌کرێت ؟ ئایا به بۆچوونى تۆ ئه‌م
ململانێیه به قازانجى چ نه‌وه‌یه‌کیان ده‌بێت ؟
حه‌مه‌غه‌فور: من بروام به ململانێی
نێوان نه‌وه‌کان‌و شتی وانیه! له نێو مه‌نتیقی سۆسیۆلۆژیدا باسێکی وا
ده‌رباره‌ی ململانێی نێوان نه‌وه‌کان جێگای نیه. ئه‌وه‌ی ئێستا له
کوردستان هه‌یه‌و ده‌بینرێ، بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری،
کرێکاری، گشتی‌و گه‌نجان‌و ژنانه بۆ نموونه له پێناو مافه‌کانیان
له‌دژی ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام بڕوام به ململانێیه‌کی قووڵی چینایه‌تی هه‌یه
له کوردستان که له نێوان چینی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشان‌و کارمه‌ندان
له‌لایه‌ک له‌گه‌ڵ چینی بۆرژوازی‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانی کوردستاندا که
حکومه‌تی هه‌رێم‌و یه‌کێتی‌و پارتی نوێنه‌رایه‌تیان ئه‌که‌ن هه‌یه. گه‌نج
له‌م کێشمه‌کێشه چینایه‌تیه‌شدا دیسان هێزو توانایه‌کی سه‌ره‌کیه‌و نه‌خشی
پێشڕه‌و پێکئه‌هێنێت. ئه‌م ململانێیه یه‌کاڵاکه‌ره‌وه‌یه‌و ئه‌گه‌ر له
ده‌وری ڕابه‌ری سیاسی خۆی بێته‌مه‌یدان، هاوکێشه‌ی هێزه‌کان به‌خێرایی
هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک‌و گه‌نجانیش ده‌رگای هیواو
ئاواته‌کانیان بۆ ئه‌که‌وێته سه‌ر پشت.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: ئایا ده‌بێت نه‌وه‌ى
نوێ به‌رده‌وام بێت له‌و ململانێیه یان چاوه‌ڕێ بێت تا پیره‌کان بمرن
یان کورسییه‌کان جێبهێڵن ؟
حه‌مه‌غه‌فور: کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی
چوارچێوه‌یه‌که بۆ ته‌تبیقی فه‌لسه‌فه‌و مه‌نتیقی ژیان‌و زیندوومانه‌وه.
من به باشی ده‌زانم لێره‌داو بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره پاراگرافی یه‌که‌م
له به‌رنامه‌ی دنیایه‌کی باشتر، به‌رنامه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری
کوردستان بهێنمه‌وه:
"گۆرینی جیهان و به‌دیهێنانی دنیایه‌کی باشتر، به‌درێژایی مێژووی کۆمه‌ڵگای
به‌شه‌ریی، ئاوات و ئامانجێکی هه‌میشه‌یی ئینسانه‌کان بووه. سه‌رباری
بره‌وی بیروباوه‌ڕه قه‌ده‌ری و خورافییه‌کان، به‌دینی‌و غه‌یره
دینییه‌وه، ته‌نانه‌ت له دنیای به‌ناو مۆدێرنی ئه‌مڕۆشدا، که
هه‌ریه‌که‌یان به جۆرێک جاڕ بۆ بێ مه‌رهه‌میی‌و موقه‌ده‌ربوونی هه‌لومه‌رجی
زا‌ڵ ئه‌ده‌ن، ژیانی واقعی و کرده‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ری فراوانی
خه‌ڵـک هه‌میشه به‌ڵگه‌ی ئومێد‌و باوه‌ڕێکی قووڵه به‌وه‌ی که دنیای
سبه‌ینێ ده‌توانێ له بێبه‌شی‌و کوێره‌وه‌ری‌و که‌موکو‌ڕی‌و دزێوییه‌کانی
دنیای ئه‌مرۆ بێبه‌ری بێت، باوه‌ڕ به‌وه‌ی که کرده‌وه‌ی ده‌سته‌جه‌معی‌و
فه‌ردیی ئه‌مڕۆی ئینسانه‌کان، ده‌ور ده‌گێڕێ له کۆمه‌لگادا که ژیان‌و
هه‌ڵسووکه‌وتی جه‌ماوه‌ری فراوانی خه‌ڵک ئاراسته ده‌کات.
کۆمۆنیزمی کرێکاری به‌ر له هه‌رشتێک سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ ئێره ده‌گه‌رێته‌وه،
بۆ ئومێد‌و باوه‌ڕی ئینسانه بێ شووماره‌کان‌و نه‌وه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کان
به‌وه‌ی که بنیاتنانی ئاینده‌یه‌کی باشتر، به‌ده‌ستی خودی ئینسان، زه‌رووری‌و
مه‌یسه‌ره."
شه‌نکار عه‌بدوڵا: نه‌وه‌ى نوێ تاچه‌ند
توانیویه‌تى سه‌رکه‌وتوو بێت له‌و ململانێیه‌ى که له‌گه‌ڵ نه‌وه‌کانى
پێش خۆیدا ده‌یکات ؟
حه‌مه‌غه‌فور: ئه‌گه‌ر ململانێی نه‌وه‌کان
مه‌به‌ست لێی خه‌بات‌و بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت له پێناو
هێنانه‌دی دنیایه‌کی باشتردا، به‌داخه‌وه ئه‌بێت بڵێم؛ سایه‌و سێبه‌ری
جوولانه‌وه‌ی کوردایه‌تی ئه‌و ململانێیه‌ی بردۆته‌دواوه‌و هێشتا
کۆنخوازی‌و نه‌وه‌ی هه‌ڵگری داب‌و نه‌ریتی کۆن‌و عه‌شایه‌ری له مه‌رکه‌زی
بڕیاردایه. به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌شمان له‌یاد بچێت که ده‌سه‌ڵاتی کوردی
له به‌رامبه‌ر نه‌فره‌ت‌و توڕه‌یی‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌کی به‌رینی کۆمه‌ڵایه‌تیدا
ڕاوه‌ستاوه. ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ش زه‌مینه‌و سه‌رچاوه‌ی
شکڵگرتن‌و سه‌رکه‌وتنی نه‌وه‌ی نوێیه.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: گه‌نجى ئێمه تاچه‌ند
توانیویه‌تى موماره‌سه‌ى گه‌نجێتى خۆى بکات؟
حه‌مه‌غه‌فور: سه‌د ئه‌فسووس، نه‌ک هه‌ر
گه‌نجه‌کانمان، به‌ڵکو مناڵانی ژێر ته‌مه‌نی ده ساڵانمان ناتوانن
موماره‌سه‌ی ته‌مه‌نی سروشتی خۆیان بکه‌ن‌و وه‌کو گه‌وره مامه‌ڵه ده‌که‌ن.
هه‌ر زوو نه‌وجوانان‌و تازه‌لاوانمان له کۆمه‌ڵگایه‌کی بێڕه‌حمی وه‌کو
کوردستاندا ناچارن بۆ دابینکردنی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیان‌و خێزانه‌کانیان
شانبده‌نه ژێر کاری سه‌خت‌و تاقه‌تپڕوکێن. ته‌مه‌نی مناڵی‌و تازه‌لاوی‌و
گه‌نجێتی له کۆمه‌ڵگایه‌کی ناجێگیرو هه‌ڵواسراوی وه‌کو کوردستاندا
بێبه‌هایه‌و بۆته سه‌رچاوه‌ی کاری هه‌رزان‌و چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی
زاڵمانه. گه‌نجێتی لای ئێمه خه‌ونێکه‌و ڕۆژی سه‌د جار ئه‌کرێته قه‌قنه‌س.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: بۆچى پیره‌کان یاخود
نه‌وه‌ى کۆن له گۆڕان ده‌ترسن ؟
حه‌مه‌غه‌فور: دیاره مه‌به‌ستتان له
پیره‌کان ئه‌و نوخبه پیره‌یه که ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا
له کوردستان‌و دوو حیزبی گه‌وره‌یان به زه‌بری میلیشیاکانیان سه‌پاندووه
به‌سه‌ر خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگادا. بێگومان ئه‌وان ناتوانن به‌ر به گۆڕان
بگرن، به‌ڵام ئه‌توانن به‌شێوه‌یه‌کی تراژیدی خاوی بکه‌نه‌وه که برست
له به‌ر نه‌وه‌ی نوێ ببڕێت. ئه‌وان له‌و گۆڕانکاریانه ئه‌ترسن که ده‌رگاکانی
کرانه‌وه‌و پێشکه‌وتن‌و گه‌شه‌سه‌ندن واڵائه‌که‌ن. چونکه له‌وێوه
هێزی ئه‌سڵی گۆڕان ئه‌خه‌مڵێ‌و توانای کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ بلۆککردن‌و
پێچانه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی ئه‌م مشته کۆنه‌خوازو پیره پۆتانسێلی خۆی
شکڵئه‌دا. ده‌سه‌ڵات‌و هه‌ردوو حیزب به توندی ده‌ست‌و قاچیان له کۆن
گیرکردووه‌و کوێرانه ئه‌چنه‌وه به‌گژی هه‌ر نوێبوونه‌وه‌یه‌کدا. ئه‌م
کۆنخوازیه‌ش ناتوانێ تاسه‌ر بڕوات. به‌ڵام مه‌رجی بچڕانی به‌ندی ئه‌م
مه‌یل‌و نوتفه کۆنه‌په‌رست‌و کۆنخوازیه به‌نده به دابڕانی کۆمه‌ڵگای
کوردی‌و گه‌نجان له پێشیانه‌وه له وه‌هم‌و خورافه‌ی کوردایه‌تی‌و قه‌ومپه‌رستانه.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: پێت وایه نه‌وه‌ى نوێ
توانیبێتى ببێته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاى پیر ؟
حه‌مه‌غه‌فور: لێره‌دا ده‌بێ که‌مێک
وردتر سه‌رنجی ئه‌م بابه‌ته بده‌ین. گرفتی کۆمه‌ڵگای کوردی ئه‌وه نیه
که پیره‌کان له سه‌نته‌ری بڕیاردان، بیماریه‌که له‌وه‌دایه ئه‌و
سیسته‌م‌و ده‌سه‌ڵاته ئیداریه‌ی ده‌ڤه‌ره‌که چاودێری‌و به‌ڕێوه‌ئه‌بات
سیسته‌مێکی به‌به‌ردبووه به ده‌وری نه‌زعه‌یه‌کی حیزبی‌و قه‌ومپه‌رستانه‌دا
که له‌ڕاده به‌ده‌ر بێمنه‌ته‌و گوێ بۆ هیچ که‌س‌و ده‌نگێک ڕاناگرێت.
نه‌زعه‌یه‌کی جۆشدراو به ده‌مارگیریه‌کی عه‌شیره‌یی‌و ناوچه‌گه‌ری
مۆنۆپۆڵخواز که له‌پێناوی پاراستنی کورسیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیاندا حازرن
ده‌ست بۆ هه‌ر کارێکی ناجوامێرانه به‌رن. 98له‌سه‌دی خه‌ڵکی کوردستان
ده‌نگیان دا بۆ جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان که‌چی ئه‌وان له‌پای
شه‌ریکبوون له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا کوردستانیان لکانده‌وه به
عێراقه‌وه. جه‌ماوه‌ری به ته‌نگهاتوو بۆ خواسته سه‌ره‌تاییه‌کانیان
ناڕه‌زایه‌تی‌و خۆپیشاندان به‌ڕێئه‌خه‌ن به‌ڵام ده‌سه‌ڵات به ته‌قه
وه‌ڵامیان ئه‌داته‌وه. ڕه‌شه‌کوژی ژنان کاره‌ساته‌و که‌چی ده‌سه‌ڵات
به خه‌مساردیه‌کی کوشنده‌وه گه‌ره‌کیه‌تی هیوای کۆمه‌ڵ ببه‌ستێته‌وه
به وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و مه‌لاو وتاربێژانی نوێژی جومعه‌کانه‌وه بۆ
کۆتایی پێ هێنانی!
من وای بۆ ئه‌چم نه‌ک هه‌ر نه‌وه‌ی نوێ، به‌ڵکو سه‌رله‌به‌ری ئه‌م
وڵاته جگه له داروده‌سته‌ی دوو حیزبه‌که خۆیان هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر
ئه‌م ئیداره‌و ڕێ‌وشوێنه. گرێ‌و مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی کوردستان
نائاماده‌یی به‌دیلێکی واقعی‌و په‌سه‌ندکراوه که کۆمه‌ڵگا شانسی
هێزگرتن‌و گه‌وره‌بوونی پێبدات هه‌تا وه‌ڵامی کێشه‌کانی خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵ
بداته‌وه. گه‌نجانی کوردستان هه‌قه به‌دوای به‌دیلێکی له‌و جۆره‌دا
بگه‌ڕێن‌و خۆیانی له ده‌ور یه‌کگرتوو وه ڕێکخراو بکه‌ن.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: گه‌نجى ئێمه تاچه‌ند
توانیویه‌تى یاخى بێت له‌و ترادسیۆنه ته‌قلیدییه‌ى که نه‌وه‌ى پێش
خۆى به‌سه‌ریدا سه‌پاندووه ؟
حه‌مه‌غه‌فور: ده‌سه‌ڵاتی باو لێره به‌توندی‌و
له ڕۆحیه‌وه به‌نده به ترادیسیۆنه کۆن‌و ته‌قلیدیه‌کانه‌وه، له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی له‌ژێر سایه‌ی هه‌ژمونی وه‌ها داب‌و نه‌ریتێکی کۆن‌و پرتوکاودا
مه‌وداو بواری زیاتر هه‌یه بۆ پچڕینی شه‌رعیه‌تدان به ده‌سه‌ڵاتێکی
سه‌روخه‌ڵکی‌و گه‌نده‌ڵ‌و پێچه‌وانه‌ی خواست‌و ئیراده‌ی زۆربه‌ی هه‌ره
زۆری کۆمه‌ڵگای کوردستان.
خه‌ڵکی ئێمه‌و له پێشیانه‌وه گه‌نجه‌کانمان به جوانی‌و به‌شێوه‌یه‌کی
ڕوون‌و ئاشکرا وه‌ڵامی خۆیان به‌و ترادیسۆنه باوانه داوه‌ته‌وه‌و ڕه‌تیان
کردۆته‌وه. بۆ نموونه؛ ده‌سه‌ڵات له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه
ڕۆژانه شیروڕێوی بۆ موسڵمانبوونی گه‌لی کورد دێنێته‌وه له‌پاڵ وه‌شاندنی
کۆنه‌په‌رستانه‌ی حیزبه ئیسلامیه‌کانی چه‌شنی یه‌کگرتو، کۆمه‌ڵی
ئیسلامی‌و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا، که‌چی ئه‌بینین سه‌فی نوێژخوێنان‌و
ڕۆژووانان له‌دابه‌زیندایه، به‌ڵام ئاپۆڕه‌ی ناو سه‌یرانگاکان، شوێنه
ته‌رفیهی‌و گه‌شتیاریه‌کان، گازینۆو باڕو کۆنسێر‌ته‌کان، جمه‌ی ناو سه‌نته‌رو
ده‌زگاو ئۆرگانه مه‌ده‌نیه‌کان گه‌وره‌ترو گه‌وره‌تر ئه‌بێت.
چه‌ند که‌س ئه‌بینیت له‌ناو شه‌قام‌و شوێنه گشتیه‌کاندا به‌جل‌و به‌رگی
ئیسلامی‌و کوردیه‌وه، یان به ڕیش‌و سمێڵی ئیسلامیانه‌وه!؟ جگه له‌و
لۆکێت‌و شوێنانه‌ی ئیسلامیه‌کان قوتیان کردۆته‌وه به‌پاره‌ی سعودیه‌و
ده‌وڵه‌ته ئیسلامیه‌کان، له چه‌ند شوێن گوێت له خوێندنی قورئان‌و
ئه‌حادیس ئه‌بێت؟! سیمای گشتی وڵات وێنایه بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی‌و
هاوچه‌رخ. هه‌ر له شێوازی شارنشینی‌و ته‌لارسازی‌و جل‌وبه‌رگ پۆشینه‌وه
تا ده‌گا به گۆرانی‌و موزیک‌و مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌وه، گه‌واهی ئه‌و
ڕاستیه ئه‌ده‌ن که ئه‌م کوردستانه پشتی کردۆته کۆن‌و ڕووی له
نوێبوونه‌وه‌و جیهانی سه‌رده‌م کردووه.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: ئایا له ئێستادا ده‌رفه‌ت
بۆ کام نه‌وه له‌باره بۆ سه‌رکه‌وتن له‌و ململانێیه‌دا هه‌تا ئه‌فکاره‌کانى
خۆیان په‌ره پێبده‌ن و هه‌یمه‌نه بکه‌ن ؟
حه‌مه‌غه‌فور: به‌داخه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی
ئێمه بمانه‌وێ‌و ئاره‌زوبکه‌ین واقعیه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێمه گۆڕانی به‌سه‌ردا
نایه‌ت‌و له‌ناو ناچێت. خه‌ڵک‌و گه‌نجان کۆسپی گه‌وره‌ی مه‌حدودیاتی
مادی‌و فه‌رهه‌نگی‌و سیاسیان له‌به‌رده‌مدایه. زه‌خت‌و زۆر‌و چه‌وسانه‌وه
له‌سه‌ر گه‌نجان‌و ژنان‌و توێژ‌و چینه‌کانی دیکه بێئه‌ندازه زۆره‌و ئه‌فسووس
بۆ به‌شێک له گه‌نجان کۆچکردن ئه‌بێته چاره‌سه‌رو ژنانیش ناچارئه‌کرێن
ملبده‌ن به پله‌دویی‌و ژینۆساید له دژیان. ڕه‌شه‌کوژی ژنان ئه‌م
واقعیه‌ته تاڵه‌ی چه‌پاندووه به‌سه‌ر ژنان‌و کۆمه‌ڵگاش به‌جۆرێک له
جۆره‌کان قبوڵی کردووه.
وه‌ک چۆن ڕه‌گه‌زپه‌رستی، ژینۆسایدی ژنان، جه‌نگی تائیفی، فاشیزم‌و
ناسیونالیزم‌و چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی هێشتا له ئارادن سه‌رباری ئه‌وه‌ی
که ده‌یان ساڵه به نیشانه‌ی نه‌نگی‌و دڕنده‌یی ئینسان دائه‌نرێ، هه‌رواش
ئه‌کرێ چینه‌کان ده‌رفه‌ته‌کان له بارودۆخی جیاواز‌و دژیشدا بۆ سه‌پاندنی
خۆیان ئیستیغلال بکه‌ن. کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ناو ناکۆکیه‌کی دژوار‌دا ئه‌ژی،
خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئه‌م حیزبانه‌و ده‌سه‌ڵاتیاندا نایه‌نه‌وه‌و نایانه‌وێ،
به‌ڵام ئه‌بینین هێشتا ئه‌وان موقه‌ده‌راتی کۆمه‌ڵیان له‌ژێر چنگدایه.
که‌واته گرفتی نه‌وه‌ی نوێ له غیابی به‌دیل‌و نائاماده‌یی پۆتانسێلی
ڕێکخراوه‌ییدایه. ئه‌بێت خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگا وه له پێشیانه‌وه گه‌نجان
خۆیان له په‌رش‌و بڵاوی‌و په‌رته‌وازه‌یی ده‌ربێنن‌و له‌ده‌وری په‌رچه‌مێکی
ئینسانی خۆیان یه‌کگرتوو وه ڕێکخراو بکه‌ن. ئه‌وسا ئه‌توانن ده‌فه‌ت
بقۆزنه‌وه‌و ده‌فه‌تیش بخولقێنن.
شه‌نکار عه‌بدوڵا: به‌بۆچونى تۆ چ جۆره
خه‌باتێک له‌باره بۆگه‌نجان بۆسه‌ندنه‌وه یان به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانى
خۆیان؟
حه‌مه‌غه‌فور: من له وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی
پێشوودا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه به گشتی. من پێموایه هه‌روه‌ک
چۆن گه‌نجان تائێستا شێوازی خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و شارستانیان گرتۆته به‌ر
بۆ وه‌رگرتنی ماف‌و خواسته‌کانیان، هه‌روا ده‌بێ درێژه‌ی پێبده‌ن. له
چه‌ند ساڵی ڕابردوودا خۆ گه‌نجان شێوازی توندوتیژیان به‌کار نه‌بردبوو
به‌ڵام ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵه‌بجه‌و رانیه‌و که‌لارو سلێمانی‌و ئاکرێ‌و
ده‌یان شوێنی تر به ده‌سڕێژی گوله‌ی ئاسایش‌و پۆلیس وه‌ڵامیان دانه‌وه!
خه‌باتێکی شارستانی به‌ڵام به به‌رنامه‌و ئاسۆدارو ڕێکخراو له ده‌وری
شیعار‌و خواستی دیاریکراو وه له پشت ئاراسته‌یه‌کی سیاسی‌و سه‌رتاسه‌ری
ئه‌توانێ نه‌وه‌ی نوێ به‌سه‌رکه‌وتن بگه‌یه‌نێت.
4کانونی دوهه‌م2009
|