٣١\١٢\٢٠٢٤
سەبارەت بە
سەردەمی دیجیتاڵ و جیهانی نوێ.

ئەرسەلان مەحمود
گەڕانەوەی
دێوەزمە لە سەردەمی دیجیتاڵدا.
لە سەردەمێکدا کە مرۆڤایەتی بەرەوڕووی مەترسی لەناوچوونی ژینگەیی و
گۆڕانکاری کەشوهەوا و قەیرانی نایەکسانی دەبێتەوە، هەندێک لە نووسەرانی
کۆنزەرڤاتیڤ، بە نموونە وەک ئەمیر تاهیری - سەرنووسەری پێشووی کەیهان و
کۆڵۆمنووسی ئەلشەرق ئەلئەوسەت - دەنگی سعودیە و وڵاتانی کەنداو، لە دوا
وتاریدا پشت بەست بە سەرکەوتنی ترامپ و ناتانیاهۆ، هەوڵدەدات گەڕانەوەی
ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەو وەک "گۆڕانکارییەکی مێژوویی" و "گەڕانەوەی
عەقڵانیەت" پیشان بدات و خەونی گەڕانەوەی سەردەمی زێڕینی دەوڵەت-نەتەوە
لە واقیعی گۆڕاودا بەرهەمبهێنێتەوە.
ئەم نۆستالژیایە، کە لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی ترسە لە گۆڕانکارییە
بنەڕەتییەکانی سەردەمی دیجیتاڵی، تەنها دەرخەری قەیرانی قووڵی بیری
کۆنزەرڤاتیڤەکانە. تاهیری لەبیری دەچێت کە هەر ئەم سیستەمە
شکستخواردووەی دەوڵەت-نەتەوە سەرچاوەی زۆربەی هەرە زۆری ئێش و ئازار و
قەیرانەکانی ئەمڕۆیە.
لە واقیعدا، سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە - میراتی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا و
بەرهەمی ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ، نەک هەر نەیتوانیوە کێشە جیهانییەکانی
وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچ و نایەکسانی چارەسەر بکات، بەڵکو هەر خۆی
بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکان و قووڵبوونەوەی کێشە
نەتەوەیی و ئایینییەکان. لە کاتێکدا تاهیری باسی "گەڕانەوەی سنوورەکان"
دەکات، تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و گڵۆباڵیزەیشن سنوورە کۆنەکانیان
تێپەڕاندووە و مرۆڤایەتی بەرەو جیهانێکی بێ سنوور دەبەن. سەیر لەوەدایە
ئەوانەی باسی "بەهێزکردنەوەی سنوورەکان" دەکەن، لە هەمان کاتدا
بەکارهێنەری هەموو ئەو تەکنەلۆژیایانەن کە سنوورەکانیان تێکشکاندووە.
ئاخر لە جیهانێکدا کە بیتکۆین و کریپتۆ سیستەمی دارایی نەتەوەییان
لاواز کردووە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنووری نێوان کولتوورەکانیان
سڕیوەتەوە و زانیاری بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر لە سنوورەکان
دەپەڕێتەوە، چۆن دەکرێت باس لە "گەڕانەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی بەهێز"
لەسەر ماف و خاک و کەوڵی گەلانی بێ دەوڵەت بکرێت؟ ئەم عەقڵیەتە مەگەر
ناویبنێین "پۆستپۆپۆلیست-فاشیزم" ئەگەرنا لەهیچ پێناسەیەکی تردا جێگەی
نابێتەوە.
نموونەی زیندووی ئەم گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییە، کاریگەری میدیای
کۆمەڵایەتی بوو لە کاتی شەڕی کۆبانێ، کە چۆن کوردەکان توانیان لە ڕێگەی
تویتەر و فەیسبووکەوە ڕای گشتی جیهانی بجووڵێنن و پشتیوانی نێودەوڵەتی
بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ مسۆگەر بکەن، ئەمەش سەلماندی کە دەنگی گەلان
دەتوانێت سنوورە دەستکردەکان تێپەڕێنێت.
قەیرانی ئۆکرانیا، شەڕی غەززە و کێشەکانی تایوان و سوریا و ناوچەکە بە
گشتی - هەموویان دەرخەری ئەوەن کە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە نەک هەر چارەسەر
نییە، بەڵکو خۆی سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانە. بۆیە خەیاڵ پڵاوییەکەی
تاهیری و هاوبیرەکانی لە ڕاستیدا دوا هەناسەکانی سیستەمێکی شکستخواردوو
و دەردەخەری قەیرانێکی قووڵترن لە سیستەمی سەرمایەداریدا نەک
"گەڕانەوەی عەقڵانیەت". ئەم سیستەمە کۆلۆنیالیستییە سەد ساڵەییە
نەیتوانیوە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی سەردەم بداتەوە: چۆن دەتوانین
وەک مرۆڤایەتی بەرەنگاری گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە؟ چۆن دەکرێت
دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ئاستی جیهانیدا دابینبکرێ؟ چۆن مافی کەمینە و
گەلانی بێ دەوڵەت دەپارێزرێن؟
نموونە، کورد کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهاندا، باشترین
بەڵگەیە بۆ شکستی ئەم سیستەمە. لە کاتێکدا کورد توانیویەتی لە ڕێگەی
تەکنەلۆژیای نوێوە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان چوار پارچەی کوردستان
دروست بکات و کولتوور و زمانی خۆی بپارێزێت، سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە
هێشتا وەک بەربەستێک لە بەردەم مافە سەرەتاییەکانی ئەم گەلەدا وەستاون.
ئەوەی ئێستا پێویستە، داهێنانی مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانییە کە لەسەر
بنەمای دیموکراسی ڕاستەقینە، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەشداری
ڕاستەوخۆی هاوڵاتیان دامەزرابێت. مۆدێلێک کە تیایدا سنوورەکان نەبنە
بەربەست لە بەردەم چارەسەری کێشە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی و تیایدا
پێناسەی نەتەوەیی و کولتووری ببێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندی، نەک
دوژمنایەتی. ئەزموونی یەکێتی ئەوروپا، سەرەڕای دونیایەک لە سەرنج و
تێبینی کەموکوڕی جەوهەری، هێشتا نموونەیەکی بەرچاوە لەوەی چۆن دەکرێت
سنوورە نەتەوەییەکان نەرمتر بکرێن و هاوکاری نێودەوڵەتی بەهێزتر بکرێت.
مێژوو هەرگیز بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە، بەڵام دەتوانێت دەرس لە ڕابردوو
وەربگرێت. خەونی گەڕانەوە بۆ مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی سەدەی بیستەم،
هەوڵدانە بۆ گەڕانەوەی دێوەزمەی مردوو. داهاتوو پێویستی بە ڕوانگەیەکی
نوێ هەیە کە لەگەڵ واقیعی سەردەمی دیجیتاڵی و چالاکی گەنجان و
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بگونجێت.
جیهانی نوێ و دەوڵەتی کۆن.
کۆتایی ٥٤ ساڵە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد. هەرگیز نابێت وەک کۆتایی
ستەمکاری لەو وڵاتەدا لێکبدرێتەوە، بەڵکو وەک هەر گۆڕانکارییەکی تری
ناوچەکە، زیاتر لەوەی چارەسەری کێشەکان بێت، دەرخەری قووڵایی زیاتری
قەیرانەکانە. لە ڕاستیدا، ئەم گۆڕانکارییە نوێیە تەنها دەریدەخات کە
چەندە مەحاڵە پێناسەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەر خاکێک کە پێکهاتەکانی
لە بنەڕەتدا خۆیان قبوڵی ناکەن.
دەوڵەتی سوریا، کە لە دوای ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ دروستکرا، هەرگیز
نەیتوانی ببێتە دەوڵەتێکی ڕاستەقینە بە مانا مۆدێرنەکەی. لە جیاتی ئەوە،
بووە بە کۆمەڵێک پێکهاتەی دژ بەیەک کە تەنها بە هێزی سەربازی و ئەمنی
پێکەوە هێڵراونەتەوە. بەم شێوەیە، هەر لە سەرەتاوە، دەوڵەت نەک وەک
چوارچێوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی بۆ پێکەوەژیان، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ
سەپاندنی دەسەڵاتی گروپێک بەسەر گروپەکانی تردا بەکارهێنراوە.
هەواڵەکانی ئەم ڕۆژانە سەبارەت بە گوللەبارانکردنی عەلەوییەکان لەلایەن
گروپی هەیئەت تەحریر شام، کە ئێستا دەسەڵاتی سوریایان بەدەستەوەیە،
نیشانەی ئەوەیە کە گۆڕینی دەسەڵات لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر، بە
تەنها ناتوانێت چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکان بکات. ئەم ڕەفتارە نوێیە،
لە جەوهەردا، دووبارەکردنەوەی هەمان لۆژیکی پێشووە - واتە بەکارهێنانی
دەوڵەت وەک ئامرازی سەرکوت و تۆڵەسەندنەوە، بەڵام ئەمجارە لەژێر ناوی
ئایدیۆلۆژیایەکی جیاوازدا.
کێشەی سەرەکی لێرەدا نەبوونی "ئیرادەی سوری"یە کە هەرگیز مومکین نییە
ببێت، چونکە وڵاتەکە لەسەر بنەمای دانپێدانانی دووقۆڵی و ڕێککەوتنی
کۆمەڵایەتی دانەمەزراوە. لە بنەڕەتدا، سوریا وەک دەوڵەت-نەتەوە،
بەرهەمی پرۆسەیەکی سروشتی گەشەسەندنی مێژوویی نەبووە، بەڵکو دەرەنجامی
دابەشکردنێکی دەستکردی کۆڵۆنیالی بووە. ئەمەش وایکردووە کە هیچ کات
ناسنامەیەکی هاوبەشی نیشتمانی دروست نەبێت کە بتوانێت سەرووی ناسنامە
تایەفی و ئیتنیکییەکان بێت.
لە وڵاتێکدا کە عەرەب، کورد، تورکمان، عەلەوی، سوننە، مەسیحی و
دروزەکان هەریەکە و خۆیان بە خاوەنی ڕەسەنی خاکەکە دەزانن، چۆن دەکرێت
چاوەڕێی دروستبوونی دەوڵەتێکی هاوچەرخ بکرێت؟ لێرەدایە کە دەبینین
شکستی ئەزموونی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها شکستی
مۆدێلێکی سیاسی نییە، بەڵکو شکستی تێگەیشتنێکی سەرتاپاگیرە لە چەمکی
دەوڵەت و نەتەوە.
هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەمریکا، لەم گۆڕانکارییەدا
نموونەی بەردەوامی ئەو تێنەگەیشتنەیە لە سروشتی قەیرانەکە. لێدوانەکانی
نوێنەری دیپلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرعە لە دیمەشق نیشانی دەدات
کە ئەمریکا هێشتا باوەڕی بە چارەسەری ڕووکەشی هەیە - واتە گۆڕینی
دەمامکەکان بەبێ دەستکاریکردنی پێکهاتە بنەڕەتییەکە. ئەمەش درێژەپێدانی
هەمان سیاسەتی کۆڵۆنیالیە کە سەد ساڵ لەمەوبەر ئەم وڵاتەی بەم شێوەیە
دروستکرد و ئێستاش بەردەوامە لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان قەیران.
کەواتا، سوریای دوای ئەسەد لەبەردەم دوو ڕێگەدایە: یان دەبێت قبوڵی
شکستی پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوە بکات و بە شێوەیەکی ڕیشەیی بیر لە فۆرمێکی
نوێی ڕێکخستنی سیاسی بکاتەوە کە لەسەر بنەمای دانپێدانانی دووالیەنە و
مافی یەکسان دامەزرابێت، یاخود بەردەوام دەبێت لە بازنەی توندوتیژی و
تۆڵەسەندنەوە.
بەداخەوە، ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانە نیشانی دەدەن کە ڕێگەی دووەم زیاتر
لە یەکەم لە ئارادایە - ئەمەش ئەو ڕاستییە تاڵە دەردەخات کە تراژیدیای
سوریا لە جەوهەردا تراژیدیای مۆدێرنیتەیەکی سەپێنراوە کە نەیتوانیوە
یان نایەوێ خۆی لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی ناوچەکە بگونجێنێت.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|