سەبارەت بە
تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سۆران مامەحەمە،
بەرپرسی نووسینگەی
کەرکوکی گۆڤارەکەمان.
گۆڤاری لڤین

کاتژمێر 9ى شەوی 21ـ22/7/2008 لە رووداوێکى
تیرۆریستیى ترسناکدا، رۆژنامەنووسى دیارء بەرپرسى نووسینگەى کەرکوکى
گۆڤارى لڤین (سۆران مامە حەمە) لە بەردەم ماڵى خۆیاندا لە گەڕەکى (رەشید
ئاوا)ى شارى کەرکوک کە یەکێکە لە گەڕەکە هێمنەکانى ئەو شارە لە لایەن
چەند چەکدارێکەوە تیرۆرکرا.
ئێمە لە گۆڤارى لڤین سەرەڕاى سەرەخۆشیى لە خۆمانء بنەماڵەء دۆستء
هاوڕێیانى شەهیدى رێگاى قەڵەم (سۆران مامە حەمە)، زۆر بە توندى ئەم
رووداوە تیرۆریستییە گەورەیە ئیدانە دەکەینء بە هەڕەشەیەکى ترسناکى
دەزانین بۆ سەر رۆژنامەگەریى ئازادء سەربەخۆ لە هەرێمى کوردستانء
عێراقدا.
دیارە پێشتریش رووداوى تیرۆریستیى بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراوە، بەڵام
تیرۆرکردنى سۆران مامە حەمە جیاوازە لەوانى پێشووتر، چونکە ئەمە بۆ
یەکەمجارە میدیاى ئازاد لە کوردستاندا بە شێوەیەکى راستەوخۆ دەکەوێتە
بەر دەم مەترسى تیرۆرەوە، بۆیە وەک گۆڤارى لڤین لەگەلڕ ئەوەى پێمانوایە
جێگەى ئەو هاوڕآ ئەزیزەمان بە هیچ شتێک پڕنابێتەوە، لەگەلڕ ئەوەشدا
داواى لێکۆڵینەوەى ورد لەو کارە تیرۆریستییە دەکەین. لەمەشدا بە پلەى
یەکەم بەرپرسیارێتیى لە ئەستۆى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانء
سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانء پەرلەمانى کوردستاندایە، چونکە ئەو
رۆژنامەنووسەى گۆڤارى لڤین لە شارى کەرکوک تیرۆرکراوە (کە
بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکەى لە دەستى پارتىء یەکێتییدایە).
هەر لێرەوە وەک گۆڤاری لڤین داواى لێکۆڵینەوەیەکى نێودەوڵەتیى لەو
رووداوە دەکەین بە هەمانشێوەى ئەو لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەى لە رووداوى
تیرۆرکردنى رۆژنامەنووسیى لوبنانیى سەمیر قەسیر-دا ئەنجامدرا، چونکە لە
هەرێمی کوردستاندا هەست بە تارماییەکانی دەستێک دەکەین کە دەیەوێت لە
رێگەی تیرۆرو تۆقاندنی رۆژنامەنووسانەوە میدیای ئازاد لە کوردستان
لەناوبەرێت کە چەند ساڵێکە لەم هەرێمەدا خەریکە دەکەوێتە سەرپێی خۆی.
لڤینء رۆژنامەنووسانی دیکەی ئازاد لە کوردستان گومانی ئەوە دەبەن کە
پلانێک لە ئارادابێت بۆ کپکردنی دەنگەکانء داخستنی دەرگای رۆژنامەکان
کە بەداخەوە تا ئاستی تیرۆری جەستەیی رۆیشتء ترسی ئەوەش هەیە ئەم
هەڵمەتە ترسناکە بەردەوامبێت. هەرلەبەرئەوە داواکاریشین لە رێکخراوە
نێودەوڵەتییەکانء لەسەرووى هەمووشیانەوە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانء
رێکخراوەکانى تایبەت بە ئازادیى رۆژنامەوانیىء مافەکانى مرۆڤ لە
خستنەڕووى ئەم دۆسییەیەدا هاوکاریمان بکەن، چونکە بەبڕوای ئێمە گرەوی
ئازادی رۆژنامەنوسی لەم هەرێمەدا بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنء شکستی ئەم
دۆسیەیەوە.
هاوکات داوا لە سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستانء تەواوى
رۆژنامەنووسانى کوردستان دەکەین کە لە هەڵمەتى گەڕان بە دواى
راستییەکانى رووداوى تیرۆرکردنى هاوکارەکەیاندا لەگەڵماندا بن، چونکە
ئازادیى قەڵەمء ئازادیى رۆژنامەنووسى لەم وڵاتەدا بەستراوەتەوە بە
رادەى سەرکەوتنمان لە دۆزینەوەى دوژمنەکانى وشەء ئازادیىء قەڵەمدا.
هەر لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوە بکەین کە تیرۆرکردنی
رۆژنامەنوسێکی بوێرى وەک سۆران مامە حەمە، سەرەڕای ناسۆرە قووڵەکەی
دەبێتە هاندەرێکی گەورە بۆ بەردەوامبوونمان لەسەر کاری پیشەیی خۆمانء
ورەی زیاترمان دەداتآ لەو رێگا سەختەدا کە گرتوومانەتەبەر.
دووبارە پەرۆشیىء نیگەرانیى خۆمان بۆ رووداوەکە دووبارە دەکەینەوەء
سەرەخۆشی لە خۆمانء کەسوکارى ئەم هاوڕێیەمان دەکەین..
شەوی21-22\7\2008
گۆڤاری لڤین سلێمانی
|