په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١\٢٠١٠
راگه‌یاندن:

سه‌باره‌ت به‌ تێکچوونی باری ته‌ندروستیی محه‌ممه‌د سدیقی که‌بوودوه‌ند.

 


محه‌ممه‌د سدیقی که‌بوودوه‌ند، نووسه‌ر، رۆژنامه‌نووس و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی به‌زۆرداخراوی ''په‌یامی خه‌ڵک''، خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی نێونه‌ته‌وه‌یی – له‌وانه‌ خه‌لاتی باشترین رۆژنامه‌نووسی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ساڵی 2009 له‌ به‌ریتانیا، خه‌ڵاتی ''هۆڵمن همت'' ی رێکخراوه‌ی چاودێریی مافی مرۆڤ له‌ساڵی 2008، خه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی قه‌ڵه‌می جیهانیی، نێزیکه‌ی سێ ساڵه‌ به‌تاوانی دامه‌زراندنی رێکخراوه‌ی پاریزگاریی له‌ مافی مرۆڤی کوردستان، له‌ گرتووخانه‌ی رژێمی ئێراندایه‌. دادگه‌ی شۆرشی ئیسلامیی له‌ تاران، 11 ساڵ زیندانی بۆ کاک سدیقی که‌بوودوه‌ند بڕیوه‌ته‌وه‌.


ئه‌م بڕیاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌ له‌کاتێکدا ده‌درێت که رژێمی ئێران له‌ساڵی 1999 دا، ده‌نگی بۆ ئه‌و بڕیارنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان داوه‌ که‌ ده‌ڵێ: ''ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌ندام له‌ کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، پێویسته‌ ئازادی و ئاسایشی ئه‌و که‌سانه‌ بپارێزن که‌ له‌پێناو مافی مرۆڤدا تێده‌کۆشن''. وه‌زاره‌تی ''اگلاعات'' و وه‌زاره‌تی دادی ئیران، بێگوێدانه‌ ئه‌م خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌، ماوه‌ی چه‌ندین مانگه‌، کاک سدیقی که‌بوودوه‌ندیان له‌ ژووری تاکه‌که‌سی و له‌ بارودۆخێکی دژواری جه‌سته‌ی و ده‌روونیدا راگرتووه‌ و، له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابوردوودا، ته‌نیا ژن و منداڵه‌کانی توانیویانه‌ چاویان پێی بکه‌وێت.


رووداوه‌کانی پاش خولی ده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریی ئێران، له‌ره‌وشی رێزدار که‌بوودوه‌نددا کارکردی خۆی داناوه‌‌‌. به‌مه‌به‌ستی ئازاردانی زیاتری سه‌رۆکی رێکخراوه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان، ‌تاوانی داتاشراوی دیکه‌یان بۆ دۆزییه‌وه‌ و‌، ناردیان شاری مه‌هاباد. له‌ دادگه‌ی مه‌هاباددا به‌هۆی بێبناخه‌بوونی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی درابووه‌پاڵی، بێتاوان ناسرا، به‌ڵام پاسه‌وانه‌کانی که‌ له‌ تارانه‌وه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون، داوای 700 هه‌زار تمه‌نیان لێکرد که‌ بیدات پێیان له‌بری مه‌سره‌فی هاتنوچوونیان. بنه‌ماڵه‌ی کاک سدیق که‌ پێشتر خۆیانگه‌یاندبووه‌ مه‌هاباد، توانییان پاسه‌وانه‌کانی کاک سدیق به‌نیوه‌ی ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ رازیبکه‌ن. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا به‌وته‌ی پارێزه‌ره‌که‌ی کاک سدیق که‌بوودوه‌ند، به‌پێی یاسا، هه‌موو مه‌سره‌فێکی هێنانوبردنی زیندانیی، له‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تدایه‌. پاش گێڕانه‌وه‌ی کاک سدیقی که‌بوودوه‌ند بۆ ژووره‌که‌ی خۆی له‌ زیندانی ئه‌وین، هێشتا ماندوویی نه‌حه‌سابووه‌وه‌، کاربه‌ده‌ستانی زیندان ئاگاداریانکرد، بۆ وه‌رگرتنی به‌ڵگه‌نامه‌ی دادگه‌ی مه‌هاباد، ده‌بێ جارێکی دیکه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ مه‌هاباد. کاک سدیقی که‌بوودوه‌ند، خۆی پێڕاناگیرێ و تووڕه‌ی وبێزاریی خۆی له‌ بڕیاره‌که‌ پێشانده‌دا، پاسه‌وانه‌کانی زیندانیش ده‌ستوپێی به‌زنجیر ده‌به‌ستنه‌وه‌ و، هه‌روه‌ک دیلی جه‌نگیی، به‌ ئۆتۆمۆبیل ده‌یبه‌نه‌وه‌‌ بۆ شاری مه‌هاباد‌. به‌درێژایی جاده‌ی تاران – مه‌هاباد، پاسه‌وانه‌کانی جنێو و قسه‌ی خراپی پێده‌ڵێن و سووکایه‌تیپێده‌که‌ن.


کاتێک ده‌گه‌نه‌ دادگه‌ی شۆرشی ئیسلامیی شاری مه‌هاباد، کاک سدیقی که‌بوودوه‌ند ده‌پرسێ، بۆچی منتان هێنایه‌وه‌ بۆ مه‌هاباد؟ دادپرسی لقی (5)ی دادگه‌ی شۆرش، له‌وه‌رامیدا ده‌ڵێ ‌: ''تۆ حوکم دراوی. تۆ له‌دژی کۆماری ئیسلامیی چالاکیت ئه‌نجامداوه‌، هه‌ست به‌ په‌شیمانی و تاوان ناکه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر چییه‌کت له‌گه‌ڵدا بکه‌ین مافی خۆته‌''.


کاک سدیقی که‌بوودوه‌ند، له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌هۆی گوشاری ده‌ر‌وونی و جه‌سته‌ی و بارودۆخی خراپ و ناله‌باری زیندانه‌وه‌، دووجار تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ هاتووه‌ و، جاری دووه‌م به‌هۆی که‌مته‌رخه‌میی کاربه‌ده‌ستانی زیندانه‌وه‌ که‌ زوو نه‌یانگه‌یانده‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌داخه‌وه‌ به‌شێک له‌ ئه‌ندامه‌کانی له‌شی زیانی گه‌وره‌ی به‌رکه‌وتووه‌. رێزدار که‌بوودوه‌ند، جگه‌ له‌ کێشه‌ی دڵ، هه‌روه‌ها نه‌خۆشی هه‌ناسه‌سواری و نه‌خۆشینی پرۆستات ئازاری ده‌ده‌ن. ‌دوکتۆری زیندان سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی خراپی ته‌ندروستی کاک سدیق کاربه‌ده‌ستانی زیندانی ئاگادارکردووه‌، به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی زیندان، له‌باتی ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ وته‌ی دوکتۆره‌که‌ی بده‌ن و، بینێرن بۆ نه‌خۆشخانه‌، که‌چی له‌ڕۆژی 17ی ''آبان'' (گه‌ڵاڕێزان)ی 1388 له‌ ژووری (8)ی زیندانه‌وه‌، ده‌یگوێزنه‌وه‌ بۆ ژووری (350). شایانی باسه‌، ژووری (350) راسته‌وخۆ له‌ژێر چاودێریی وه‌زاره‌تی ''اگلاعات'' دایه‌ و، تایبه‌ته‌ به‌و زیندانییانه‌ی که‌ له‌رووداوه‌کانی پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریدا گیراون. له‌م ژووره‌دا، به‌هۆی ره‌چاونه‌کردنی پاکوخاوێنییه‌وه‌‌، نه‌خۆشی پێست و باکتریا له‌نێویاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.


کۆمیسیۆنی ئۆروپای رێکخراوه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان، وێرای ده‌ربڕینی په‌ژاره‌ی زۆری سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ته‌ندروستی محه‌ممه‌د سدیقی که‌بوودوه‌ند، هه‌رچه‌شنه‌ سستی و که‌مته‌رخه‌مییه‌ک له‌به‌ڕێوه‌بردنی ده‌ستوور و راسپارده‌کانی دوکتۆره‌که‌یه‌وه‌‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی زیندانه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت، ئێمه‌ کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامیی به‌ره‌وڕووی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌که‌ین و، له‌ سه‌رۆکی ئیسلامیی ئێران و سه‌رۆکی ده‌زگه‌ی دادپه‌روه‌ریی داوا ده‌که‌ین بۆ رزگارکردنی گیانی محه‌ممه‌د سدیقی که‌بوودوه‌ند هه‌نگاوهه‌ڵێنن و، کات به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن و، ده‌ستووری پێویست بۆ چاره‌سه‌رکردنی خێرای که‌بوودوه‌ند له‌ده‌ره‌وه‌ی زیندان ده‌ربکه‌ن.


رێکخراوه‌کانی لایه‌نگری مافی مرۆڤ، خه‌ڵکی به‌ڕۆمه‌ت و مرۆڤدۆست، مرۆڤایه‌تیی پێشکه‌وتنخواز!


بۆ رزگارکردنی گیانی محه‌ممه‌د سدیقی که‌بوودوه‌ند تێبکۆشن! پێکه‌وه‌، به‌هاوده‌نگیکردن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی، له‌ گه‌ڵ پارێزه‌ر و دوکتۆره‌که‌ی، داوا له‌ کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکه‌ن، هه‌رچی زووه هه‌ڵبده‌ن بۆ ده‌رمانکردن و چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشییه‌کانی سه‌رۆکی رێکخراوه‌ی به‌رگریی له‌ مافی مرۆڤی کوردستان – له‌ده‌ره‌وه‌ی زیندان!

 


نووسینگه‌ی کۆمیسیۆنی ئۆروپای رێکخراوه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان
1ی رێبه‌ندانی 1388 ی هه‌تاوی– به‌رامبه‌ر به 21ی ژانویه‌ی 2010