په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠٢٥

سەبارەت بە خەڵاتی قەڵەمی هەژار.
"کۆیلەی کوردستانم و نۆکەری باینجان نیم"

هۆمەر          

وشەی دەستپێک:


ئەوەی تۆسقاڵێک لە کرۆکی بیر و هزری هەژار موکریانی(١٩٩١-١٩٢١) تێبگات،سوور دەزانێت پەرۆشی یەکەم و کۆتاییی هەژار تەنێ زمان و نەتەوەیە و نە هیچی دی. خوێندنەوەی سەرپاک بەرهەمی هەژار دەرخەری ئەوەیە هەموو کوێرەوەری و چەرمەسەرییەکی ئەم کەسایەتییە درەوشاوەیەی ڕووبەری فەرهەنگیی کوردان تەنیا لە پێناو بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی زمان و دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیدا دەبێت.هەژار دنیا دەپشکنێت تا دەنگی دلێری نەتەوەکەی بێت. واتە زمان و نەتەوە بە دوو دیوی دراوێک و بە یەک دید سەیر دەکات.


 

 

خەڵاتی قەڵەمی هەژار:


ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و شاری سنە،ڕۆژانی ٧ و ٨ی مانگی جۆزەردانی ٢٧٢٥(٢٨ و ٢٩ی مای ٢٠٢٥)ڕووداو و بویەرێکی کولتووریی باڵکێشی بەخۆوە بینی.هەژار دیسانەوە بووەوە بە تەوەر یان بە واتایەکی ڕاستتر،چەترێک بۆ گلێربوونەوەی دەیان مرۆی خەمخۆر و پەرۆشی چاند و زمانی کوردی و هەلێکی نوێ بۆ شادبوونەوە بە ڕوخساری یەکدی دەست کەوتەوە. سەبارەت بە ڕێوڕەسمی خەڵاتی قەڵەمی هەژار لە گۆشەنیگای خۆمەوە دەروویەک لە ڕووی خوێنەر دەکەمەوە.


یەکەم،هەموو بەرگێک دەبەر هەژاردا تەنگە،بەرگی نەتەوەپەروەری نەبێت! ناونیشان و سەردێڕی نووسینەکەیش کە لە شیعرێکی خودی هەژار موکریانی وەرگیراوە،ڕاشکاوانە سەلمێنەری هەمان بۆچوونە و چ پێویستی بە شەرح و ڕاڤە نییە. بۆچ ئەم پەیڤە بە زماندا دەهێنم؟
هەژار بۆ خۆی چەندە بێگرێ و گۆڵ بەرسڤی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەڵێ:
"بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم
لە خاکی عەرەب،لە ئێران و ڕۆم
کوردم و لە ڕێی کورد و کوردستان
سەر لە پێناوم،گیان لەسەر دەستان"
لێرەوە داماڵینی بەرگی کوردستانیبیوون و دەبەرکردنی بەرگی ئێرانیبوون ئەو کاڵا ناڕەسەن و قەڵبەیە هەرگیز لە جەستەی هەژاردا جێی نابێتەوە.پڕ ڕوونە کردنەوەی هەر دەروویەک بۆ ڕاژە و خزمەتکردنی چاند و زمانی کوردی لە بن ئەم گەزە ئاسمانەی ناوی ئێرانی لەسەرە،هەوڵ و خەباتێکی خەمخۆرانە و دڵسۆزانەی گەرەکە و ئەرک و کارێکی هەر وا سووک و سانا نییە و هەموو ڕووناکبیرێکی وریایش،ئاگاداری کەند و لەندەکانی سەرڕێیە. بەڵام کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ئێستای کورد لە سەرەتای شەستەکانی هەتاوی(هەشتاکانی زایینی)دا نییە کە هەموو شتێک لە نێو جەغز و بازنەیەکی بەرتەسکدا ببینێتەوە و خۆ لە هەمبەر پرسە جەوهەرییەکان نەبان بکات و هەموو پرسێک بباتەوە سەر ئەو ڕستە پڕۆپاگەندەیی و دروشمئاسا و بێواتایە کە گوایە"کورد لە کوێی دنیا بێت،ئێرانییە". زۆر سادە و ساکار دەپرسم گەلۆ بەدرێژایی دیرۆک ئەم پرسە یان ئەم دروشمە زەقە،چ دادێکی کوردی بۆ پێشخستنی زمانەکەی و دۆزە هەرە ڕەواکەی نەتەوەکەی داوە و تا هەنووکە بە شێوەی کردەیی چی لێ شین بووە؟


دووەم،تا کاتێک لە هەر پارێکی نیشتماندا لە لای دەستەڵاتە سەردەستەکان پرسی کورد وەک نەتەوە و زمانی سەربەخۆ لە خودی دەستووردا یەکلا نەکرێتەوە یان بە واتایەکی دی،نەچێتە واری کردەیی و هەنگاوی کرداری بۆ هەڵنەگیردرێت و چارەسەر نەبێت،بە لای منەوە هەموو هەنگاوێکی لەم چەشنە تەنێ ڕووکەش و ڕواڵەتیانە دەبێت و کاتیی و ئەوپەڕەکەی بۆ ڕۆژانێک هەڵپە و کەلەجانێک دروست دەکات و نەفرەتر.


سێیەم،پەیامی ڤیدیۆیی"حەداد عادڵ"(١٩٤٥)سەرۆکی کۆڕی زانیاریی زمان و تۆرەی فارسی(فەرهەنگستان)کە باڵاترین کەسایەتی فەرهەنگیی دەستەڵاتە و هەموو شتێکی کوردان بە ناوی (محلی)و (قومی) و...ناودێر دەکات،ڕووە ڕاستینەکەی پرسەکە سەد هێندە زێتر ئاشکرا دەکات و هەمدیس هەمان ڕاستیی تاڵمان دەرخوارد دەداتەوە کەچی ئێمەی کورد بەمە خەنین و هەر لە دووی ژانبڕ دەگەڕێین نەک چارەسەری یەکجارەکی. هەروەها ئاخاوتنەکەی نوێنەری فەرهەنگستانی زمان و تۆرەی فارسی،"محەممەد دەبیرموقەدەم"(١٩٥٣)،کە وەک هەمان بنێشتە خۆشەکەی سەرزاران کە بەردەوام کورد بە ڕەسەنترین ئێرانی و لە ڕەگەزی ئاری لە قەڵەم دەدەن،ئەی نابێت لە خۆ بپرسین ئەم چەشنە دروشمانە تا ئێستا چییان بە کورد بەخشیوە؟ هەروەها زۆرینەی پانێلیستەکانیش کە کورد بوون و مخابن تەنێ دەوری لاساییکەرەوەیان دەبینی،قسەی سەر زار و بن زاریان دەبردەوە سەر ئەوەی کورد لە کوێ بێت،ئێرانییە!


چوارەم،دەگرتوێت بەردی بناغەی بینایەک گەر ڕۆژی یەکەم بە خوار دابنرێت،دواتر ڕاستکردنەوەی پێویستی بە هەڵتەکاندنەوە دەبێت نەوەک لابردن و گۆڕینی یەک و دوو خشت. خەڵاتی قەڵەمی هەژار لە ساڵی دەستپێکدا بە هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانیەوە قۆناخی یەکەمی بڕی و هەژاری موکریانی جارێکی دی هێنایەوە نێو چەقی بازنەکە و بۆ داهاتوو،زۆر پرس و هۆ و هەگەر لەم پێوەندییەدا دەوریان دەبێت. بەشێکی ئەرکەکە لە ئەستۆی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و بەشەکەی دی کە دەورگێڕی سەرەکی دەبێت،ڕووی لە کەناڵی فەرمیی و خودی دەستەڵات دەبێت کە تا چەندە دەور بە کەشوبای ئازاد و پێنووسی ڕووناکبیری سەربەخۆ بدات و دیوە ڕاستینەکەی هەژار تێیدا دەربکەوێت!


پێنجەم،لە نێو کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردیدا هەژار بەردەوام لەبەر ئەوەی لە مەتەرێزێکەوە دەردەکەوێت،وەبەر ڕەخنە و بگرە زۆر جاریش بەناڕەوا تیر و توانج و پەلامار دەدرێت.هەژار گەر ڕوو لە مەلا مستەفا بارزانی(١٩٧٩-١٩٠٣)دەنێت،چونکە گەلپەروەربوونی تێدا دەبینێتەوە. پێی وا بووە لەو سەردەم و ڕۆژگارەدا بارزانی دەتوانێت تەکانێکی هەرەقەتی بە خەبات و بزاڤی نەتەوەیی کورد بدات و دۆزی کورد چەند هەنگاوێک واوەتر ببات کە دیرۆک باشترین بەڵگە بۆ سەلماندن و دەرخستنی ئەم پرسە دەبێت و هەرا و ئاژاوەنانەوەی گەرەک نییە. ئیدی هەر کەسە و سەربەستە چلۆن لە هەمبەر ئەم پرسەدا بیر دەکاتەوە و هەژار هەرگیز ئەمە بەسەر کەسدا ناسەپێنێت؛بۆیە ڕووناکبیری نهای کوردیش بڵا وەک مافێکی کەسەکی سەیری پرسەکە بکات و سوار شەپۆلەکە نەبێت.


شەشەم،هەژار گەر دەست بۆ وەرگێڕانی چەند پەڕتووکێکی عەلی شەریعەتی(١٩٧٧-١٩٣٣) و قورئان دەبات،پشکی سەرەکیی پرسەکە ڕووی لە پاراستنی زمانەکەیەتی و بڕایەوە. لێڵ و لیخنکردنی کانیاوە زوڵاڵەکەی هەژار چ خزمەت بە فەرهەنگ و زمانی کوردی ناکات و هەر هەوڵێکی لاوەکیش لەم پێوەندییەدا خۆڵ لە چاوی خەڵککردنە و مەبەستیشی،خاپاندن و لەخشتەبردنی جەماوەر دەبێت.


حەوتەم،گەرەک خەڵاتی قەڵەمی هەژار بۆ ئەو پێنووسە چەلەنگە کوردییانەی بێت کە زمانی کوردی،بە زمانی نووسینی خۆ دادەنێن و لە ڕێی ئەم زمانەوە دەیانەوێت لەسەر ئارێشە،کەند و کۆسپ و پرسە هەستیارەکانی کۆمەڵگەکەی خۆ بنووسن و بەرگێکی زانستیانە دەبەر زمانەکەیان بکەن. لێرەوە ئەرکی لیژنەی داوەریی قورستر دەبێت و پێویستە تەنێ دووی قەڵەمە ناکارا و سواو و نەریتییەکانی نزیک لەم ئالی و ئەو لایەنەوە نەکەوێت و وەک کەسایەتی خودی هەژار،لایەنی فرەڕەهەندیی خۆی بپارێزێت.


هەشتەم،بەشی فرەی تیزەری خەڵاتەکە کە بە زمانی فارسی بوو،لە دووی مەبەستێکی لاوەکیی کاڵفامانە دەگەڕا کە هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان پەرۆشێکی پلە دەیەمی هەژاریش نەبووە و تیرێک بوو بە تاریکییەوە نرا. وەک میدیاکارێکی کورد،ئەم ناساندنە،هەم لە باری هونەرییەوە بە کرچوکاڵ و لاواز دەبینم و هەمیش لە ئاستی بەژنی بڵندی کەسایەتییەکی وەک هەژاردا نەبوو و نەیتوانی بێلایەنانە سووکە ئاوڕێک لە وێستگە هەستیارەکانی ژیانی هەژار بداتەوە. بەردەنگی سەرەکیی هەژار،کوردە ئیدی نازانم دەرهێنەر و ڕاپەڕێنەری ئەم کارە لە شوێن چی وێڵ بوو! بۆیە هیچ بە کاریگەرم نەبینی.


نۆیەم،هەژار،بەو ساباتە دڵنشینە دادەنرێت کە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی نێو فەرهەنگ و زمانی کوردی لە بن سێبەرەکەیدا لە دەوری یەکدی کۆ دەکاتەوە و ئەمەیش هەر لە سەرەتاوە بە شیعر و شاعیری نەتەوەیی دەسەلمێنێت و دواتر بە چەندان بواری دیکەی وەک ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندن،نووسین،وەرگێڕان،زمانی کوردی و زار و بنزارەکانی و قامووسنووسی درێژە پێدەدات و ئەمڕۆکە هەر کوردێک و لە هەر پار و بەش و دیالێکت و زارێکی زمانی کوردی، خودی خۆی لە نێو ئاوێنە زوڵاڵ و ڕۆحە ڕەنگاڵەییەکەی هەژاردا دەبینێتەوە هەر بۆیە هەژار لە ڕووبەری ڕۆشنبیریی کوردیدا بە ڕوخسارێکی فرەڕەهەند دادەنرێت. هەژار موکریانی کە بەدرێژایی تەمەنێک لە پێناو میللەتەکەیدا لە دەرووی شیعر،نووسین،قامووس،لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان دەدات،تاقە مەبەستی تەنیا خۆ لە خزمەتکردنی زمانەکەیدا دەبینێتەوە و بەس.


کەلیموڵڵا تەوەحودی(کانیماڵ)(١٩٤١)،یەک لە هێما و نموونە زیندووەکان لەم پێوەندییەدا دێتە ئەژمار کە لە کۆڕەکەدا ئاوڕی لە گۆشەیەک لە خەباتی دوور و درێژی خۆی لە پێناو بووژاندنەوە،بڵاوکردنەوە و پێشخستنی چاند و زمانی کوردی لە خۆراسان و تەرخانکردنی هەموو ژیانی لە پێناو کوردندا دایەوە کە لایەنێکی گەشی ئەم ڕێوڕەسمە بوو. کانیماڵ گەڕایەوە بۆ نێو دیرۆک و لایەکی لە سەردانەکەی بۆ لای هەژار لە شارۆچکەی"عەزیمییە"ی کەرەج کردەوە کە خۆی گوتەنی، هەژار بەم جۆرە بەرەپیری چووە و پێی وتووە،وەرە شەرەفخانی من،دواتر وتیشی،هەژار ویستی دەستم ماچ بکات،لێ من دەست و قاچی هەژارم ڕامووسی.


ئەنجام:


١- لە هەر گۆشەنیگایەکەوە ئاوڕ لە پرسەکە بدەینەوە،ڕووداوەکە ئەرێنییە و پێویستە بۆ دادێ مرۆ ڕۆشنبیر و زانستوەر و پەرۆشەکان جڵەوی مەیدانەکە بگرنە دەست و نەهێڵن بە ئاراستەیەکی خواردا بچێت.
٢- هەژار لە هەموو بارێکەوە دەبێتە ئاوێنە تا کورد خۆی بە هەر هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە تێدا ببینێتەوە و وەک باشترین دەرفەت هەلەکە بقۆزێتەوە.
٣- ئەم خەڵاتە پێویستە دەرکە لە ڕووی پەروەردە و بارهێنانی فەرمی بۆ کورد بکاتەوە و لێرەوە کورد دەنگی خۆی تا نزیکترین سەکۆکانی دەستەڵات بگوێزێتەوە و خوێندن و فێرکردنی زمانی کوردی بەرگی ڕەسمیبوونی دەبەر بکرێت و سنوورێک بۆ وەستاندنی دروشمە هاکەزاییەکان دابنرێت و دەستبەرداری بە هەڕەشەدانانی زمانی کوردی بۆ سەر ئاسایشی و...ببن و دەرفەت بدرێتە زمانی کوردی هەر لە باخچەی ساوایانەوە فێرکردن،خوێندنەوە و نووسین بەم زمانە دەست پێ بکات. هەژار وەک چلۆن پەرۆشی یەکەم و کۆتاییی زمان و نەتەوەکەی بوو،هەر لەم سۆنگەیەوە زێترین ئاوڕ لە دەوڵەمەندترکردنی زمانی زانستیی کوردی بدرێتەوە و زێترین بەرهەم و کتێب ڕووی لە پەڕتووکی کوردی بێت و پێنووسە پاکژ و پاراوە کوردییەکان بە کۆمەڵەی ڕۆشنبیری بناسرێن نەوەک دەنگ و ڕەنگە سواوەکان.
٤- لێرە ئەم قسە نەستەق و پەندە گەوهەرینەی بەرینانمانیش وەک چرای بەردەم دەکار بهێنین کە دەبێژێت:"بۆیە پێت ئەڵێم کاکە تا چۆلەکەم بۆ بگری"و بە دەنگی بڵند بڵێین گەر مێژوویەکە پرسی برایەتی و چی و چی بە زماندا دەهێنن،وەرن بە کردە بیسەلمێنن و خودی دەستوور و یاسای بنەڕەتی جێبەجێ بکەن و ئێمەیش ئامادەینە. بڵا ئەم جۆرە کۆڕانە تەنێ بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە لاوەکییەکان نەبێت.
٥- هەژار هەر لە دەستپێکی خەباتەوە تا دوادەم،خەون بە ئازادیی و ڕزگاریی نیشتمانەکەیەوە دەبینێت هەر بۆیە دەبێژێت:
"لاوەکان هەر کاتێ جێژنی ڕۆژی ئازادی دەکەن
بێننەوە بیرتان هەژارێک،شاعیرێکی زاری کورد
داوەتێکی ڕەشبەڵەک بگرن لە دەوری گۆڕەکەم
یەکتری ماچ کەن بە یادم دڵبەر و دڵداری کورد"
٦- هەژار بۆ دەربڕینی ڕوانگە و بۆچوون،بۆ خۆی ئازاد و سەربەست بوو،کەوی مەکەن!
جێی ئاماژەپێدانە ڕێوڕەسمی خەڵاتی قەڵەمی هەژار ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی مانگی مای ٢٠٢٥ بە بەشداریی و ئامادەبوونی دەیان نووسەر،وەرگێڕ،ڕووناکبیر و سەدان لایەنگری تۆرە و زمانی کوردی لە هۆڵی مەولەویی زانستگەی سنە(لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بەڕێوە چوو. ڕێوڕەسمەکە بە چەند پەنێلکێک و چەندان لێدوان و بەرنامەی هونەری و دواتر دابەشکردنی خەڵاتەکان کۆتایی هات و دیداری دواتری هەژار و سنە کەوتە ساڵی داهاتوو. ئامادەبوونی کتوپڕی شاعیری"ملوانکەی شین"واتە"شەریف حوسێن پەناهی"(١٩٥٤)و بە بێ هیچ جۆرە شیعرخوێندنەوە یان کورتەئاخاوتنێک،خاڵێکی سەرنجڕاکێشی ئەم ڕێوڕەسمە بوو کە نەزانرا چ مەبەستێکی ئاشکرا و نەپندی لە پشتەوە بوو!


شارام نازری(١٩٥٠)،گۆرانیبێژی ناسراویش سترانێکی پێشکەش کرد.پانێلێک لەسەر کوردانی خۆراسان بەڕێوە چوو، سپاهیی لایین و حسێنپوور لەسەر ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان و دیرۆکی شیعر لە لای کوردانی خۆراسان قسەیان کرد،دوکتۆر "عەبدوڕەحمان ئاداک"لەسەر ڕەوتی گەشە و پەرەسەندنی چاند و زمانی کوردی لە باکوور قسەی کرد،وەرگێڕ و نووسەر "ئازاد بەرزنجی"لە باشوورەوە لەسەر پێویستی زمانێکی یەکگرتوو بۆ نووسین قسەی کرد،ڕۆژنامەوان و توێژەری ئەدەبیی "عادڵ محەممەدپوور"،زمانی بە تەوەر بۆ گلێرکردنەوەی نەتەوەیەک لە بن چەترێکدا وەسف کرد و لەسەر دەوری هەژار لە لێکنزیککردنەوەی زار و بنزارەکان قسەی کرد. لە کۆتاییشدا براوە سەرەکییەکانی خەڵاتی قەڵەمی هەژار بریتی بوون لە:کەوتنی ئاسمانەکان،جەبار جەمال غەریب (بۆ ڕۆمان)(١٩٦١)،بووژانەوەی کورد،ئیسماعیل شەمس(بۆ مێژوو)(١٩٧٥)،کۆبەرهەمی پڕۆفیسۆر محەممەد کەمال(بۆ فەلسەفە)(١٩٥٥)،تەشەیین نەزمی،عەبدوڕەحمان ئاداک(بۆ ڕەخنەی ئەدەبی)(١٩٧٧)،فەرهەنگی زارەکیی موکریان،سەلاحەدین پایانیانی(١٩٧٨) و فەرهەنگی قەومیی شار و گوندێن خۆراسانی باکوور،عەلی ڕەحمەتی(١٩٦٦). هەروەها ڕێز لە دەیان قەڵەمی دیکەیش نرا کە بریتینە لە: عەلیڕەزا خانی،بێهناز دڵشاد،سەیید ئارمان حسێنی،ئیبراهیم ئەحمەدی،کوورش ئەمینی،خوسرەو سینا،سەلاحەدین خەدیو،ڕەحیم لوقمانی،سەعید نەججاڕی(ئاسۆ)،عەلیڕەزا سپاهیی لایین،یۆنس ڕەزایی،عەلی ئولفەتی،ڕەئووف مەحموودپوور،بەرکەن بەرە،میکائیل ڕەحمانی،ئیرەج موردای،فەخرەدین ئامێدیان،کیوان ئازاد ئەنوەر،ڕەزا کەریم موجاوێر،ئیبراهیم شادمان،زەرکەریا بزدوودە،میراد میلان،ڕۆنیا چالی،سەرگوڵ ئارەش،بەسام مستەفا،زاهید ئارمی،لەیلا ساڵحی،شیلان گەیلانی،سەمیرا زەمانیی مونفەرید،فەرید سەفیاری،یەحیا عەلەوییفەرد،عەبدوڵڵا ئەمینی، و ئەسعەد زۆهرایی.


تێبینی: هەژار موکریانی،ساڵی ١٩٦٦ ئەم کورتەپەیڤە بە زماندا دێنێت.
پەیڤێکیش ڕوو لە میدیاکاران:

یەکەم،لە وانە و بنەما سەرەکییەکانی کاری ڕاگەیاندن،پەیجۆربوون،بەدواداچوون،وردبوونەوە و گەڕانی ژیرانە کەچی میدیاکاران مخابن تۆسقاڵێک خۆیان بەم پرسەوە مژول و خەریک نەکردبوو. پێویستە میدیاکار پێش بانگکردنی میوانێک(ستەیج،هەڤپەیڤین یان...) زانیاریی ورد کۆ بکاتەوە تا قووڵتر ئاوڕ لە پرسێک بداتەوە یاخۆ پێوەندی نزیکتر دروست بکات.

دووەم،پێشکەشکار هەروەها پێویستە توانای کۆنترۆڵکردنی ستەیج و بەرنامەکەی لە ئاستێکی باڵادا بێت.
سێیەم،زمان،دەوری سەرەکی لەم بوارەدا دەبینێت کە هیچ بەردیدە نەکەوت.
چوارەم،ئامادەکارییەکی ئەوتۆم لە پێشکەشکاراندا بۆ ڕێوڕەسمێکی لەم چەشنە نەبینی و وەک بۆنە و کۆڕێکی ئاسایی خۆی دەنواند.

___________________________________________________
ژێدەر:
بۆ کوردستان،هەژار،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس،چاپی چوارەم،هەولێر،٢٠٠١.
فەرهەنگی کوردواتەنی،ع.ع.شەونم،دەزگای دواڕۆژ،چاپی یەکەم،٢٠٢٠.

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک