١٨\١١\٢٠١٦
سەبارەت فیشاڵەکەی
جێگری سەرۆک پارلەمانی عێراق.

حەمە غەفور
لە خۆپیشاندانی چەند ڕۆژ پێشتری مامۆستایان
و کارمەندانی ناڕازیدا، ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆک پارلەمانی عێراق
لە بزووتنەوەی گۆڕڕان، دەرکەوت و فیشاڵێکی بێبنەمای دابەگوێی
خۆپیشاندەراندا، ئەویش گوایا ئەو لەگەڵ فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، کە
ڕەنگە هی یەکێتیش پێیخۆش بێت، دەتوانن کێشەی مووچە لە ڕێگای گەڕانەوە
بۆ بەغدا چارەسەر بکەن! واتە بەغدا ڕاستەوخۆ مامەڵەی دارایی و ئیداری
لەگەڵ پارێزگاکان بکات. ئەم چەواشەکارییە ئەگەرچی بەگوێرەی یاسای بەغدا
هیچ بنەمایەکی نییە، زیاتر لە هەر شتێک هەوڵی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ
کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و ئاراستەکردنی بەگوێرەی
بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆی بەدژی پارتی.
بەڵام بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کارمەندان و مامۆستایان و پێشڕەوانیان
شاییستەگی ئەوەیان بە تەواوی هەیە، کە ڕێگانەدەن هیچ لایەنێکی نێو
دەسەڵاتی کوردی ئاراستەی خواست و ناڕەزایەتی ئەوان بۆ مەرامی سیاسی
تەسکی حیزبی بەکاربێنێت! کێشەی نێوان هەولێرو بەغدا، کێشەی نێوان پێنج
لایەنەکەی دەسەڵات خۆیان، ڕەنگدانەوەی شکستی سیاسی و دەسەڵاتداری
ئەوانە لە هەرێمی کوردستان. لە بنەڕەتەوە دەسەڵاتی کوردی بەرپرسی
سەرەکییە لە قەیرانی ئابووری و نەدانی مووچەکان. نابێت بوار بدرێت
لایەنێک یا زیاتر ئەم بزووتنەوەیە بۆ مەرامی سیاسی حیزبی خۆی
ئاراستەبکات.
گۆڕان و یەکێتی تۆوی خۆشباوەڕی بە بەغدا لەنێو ناڕەزایەتییەکاندا
دەچێنن، تەنها بۆ ئەوەی گوشار لەسەر پارتی دابنێن کەمێک پاشەکشە لە
تاکڕەوی خۆی بکات. دەنا هەر پێنج حیزبەکەو دەسەڵات و پارلەمان و دەورو
دوکانیان، ئامڕازو دامەزراوەی ئەم دەسەڵاتەن وەکو نوێنەری چینی
بۆرژوازی کوردی، تا حوکمڕانی گەندەڵ و شکستخواردوویان بەسەر جەماوەری
خەڵکی کوردستاندا درێژەپێبدەن.
هەموو کارمەندان و مامۆستایان و کرێکران و مووچەبگیرانی کوردستان وەکو
باری کۆمەڵایەتی جیاوازن لەم حیزبانەو لەم دەسەڵاتەی نوێنەری ملیاردێرو
سەرمایەدارانی کوردستانن. ئەمان لە ڕووی چینایەتییەوە سەر بە چینی
کرێکارو زەحمەتکێشانی کوردستانن. ئەمانیش وەکو کرێکاران بەرانبەر بە
ڕەنج و ماندووبوونێکی زۆر بۆ چەراخندنی دەزگاکانی کۆمەڵگا، مووچە لە
حکومەت یان دەسەلاتی فیرعەونەکانەوە وەربگرن.
بۆیە چارەسەری کێشەی مووچە لای هیچ لایەنێکی نێو ئەم دەسەڵاتە نییە بە
تەنها، جا ئەگەرچی ئێستا ملهوڕی پارتی فڕێیدابێتە دەرەوەی دەسەڵاتیش،
بەڵکو دەسەڵاتی ئەم حیزبانە وە هەموو حیزبەکان لێی بەرپرسیارن و
ئاراستەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەبێت ڕووی لەوان بێت نەک لە
بەغدا. هەروەها گۆڕان و یەکێتی دەیانەوێ بەناوی گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەم
موزایەدە بەسەر خۆپیشاندانەکانەوە بکەن، هەم ڕووی ناڕەزایەتییەکان لە
خۆیان دووربخەنەوە. چونکە لە دەیان مناسەبەدا پلە باڵاکانی هەر یەک لەم
حیزبانە چەندین جار ووتوویانە کوردستان ووڵاتێکی سەربەخۆیە وەکو ئەمری
واقع!
١٨\١١\٢٠١٦
ماڵپهڕی
حهمه
غهفور
|