٢٨\٦\٢٠١٠
سێبەر
.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
خودایە
حەزدەکەم تۆ هەمیشە هەتاوبیت
تا بەهۆی سێبەرەکەتەوە
مرۆڤ لە تەنهایی رزگار بکەیت
*
* *
هەتاو زۆرجاران و تاوناتاوێک
لەترسی هەور خۆی وون دەکات
هەر بۆئەوەی مرۆڤی ئەم سەردەمە تێبگات
ئاسمان وێنەیەکی دەستکرد نییه وەک
تێگەیشتوون
*
* *
ئەی مرۆڤی راستەقینە ،
سێبەری خۆت مەگۆڕەوە بە
هەموو دنیا
چونکە سێبەر هاوڕێیەکی هەمیشەییە
هەرگیز حەزناکات خۆی وون بکات
سێبەر نەقسە دەکات
نەڕق و کینەو بوغز هەڵدەگرێ
نە درۆ دەکات .
نە چاڵی قۆڵیش بۆ پێیەکانی مرۆڤ
هەڵدەکەنێ
*
* *
سێبەر ئاوێنەیەکی جوانە
مرۆڤ هەموورۆژێ خۆی تێدا دەبینێ و
زۆرجارانیش خۆی حەشاردەدات
بەڵام قاقا و پێکەنینە ناوەختەکانی
فرمێسکە گەرم و گوڕەکانی
بەتاریکی نیشان دەدات
*
* *
بۆ برسیەکان سێبەر زۆرکات دەبێت بە نان
دەبێت بە حەسانەوە
و شوێنی پشوودان
بۆ عاشقێکی تینووی رۆخۆش
سێبەر رەنگ و نواڵەی جوانە
عاشق ووشەی بۆدەنوسێ
تاکو ئەویش لە تەنهایی رزگاری بێ
*
* *
سێبەر هاوڕێیەکی کاتیە
زۆرجار لە ترسی هەتاو ،بە
قینی دەوڵەمەند
روودەکاتە مەنزڵگایەک
تاکو چاوی هەژاران ببینێ ؟
*
* *
سێبەر زۆر کات لەگەڵمانە
نازانین چۆن خۆشمان بوێت
کە تەنها بین دەیپەرستین
کە بووینە دوان لێی وون دەبین؟
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|