په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\۴\٢٠١٠

سێبەرەکانى جەنگ.


شاخەوان برایم عەبدوڵا

کتێبێک لێکدەترازێت.
لە نزیکى خانووێکى نیوە ڕووخاودا، لەسەر شەقامێکى وشک و تۆزاویدا، کتێبێک لێکدەترازێت. بۆى دەچەمێتەوە، لاپەڕەیەک دەگرێتە دەست و بەتووڕەییەوە دەیخوێنێتەوە: جەنگ جوانییەکان دەشێوێنێت و ژیان ئاوێتەى مردن دەکات.


لاپەڕەى دووەم.
تارماییەک، ئاسمان دادەپۆشێت و تفەنگەکانیش ئامادەکرێن، دەرگاى مزگەوتەکان دەخرێنە سەر پشت و تاتەشۆرەکانیش خاوێن دەکرێنەوە، لە هەموو لایەکەوە باڵندەکان هەڵدەفڕن و لە نێو تەمدا بزر دەبن، گێژەلووکێکى تووڕەش لە بیابانەوە دێت هەرچى کتێب و کاغەز و پێنووس هەیە، هەمووى لەگەڵ خۆیدا دەبات، دەرگاو پەنجەرەکان بەتوندى دادەخرێن، کۆمەڵ کۆمەڵ خەڵکى ڕوو لە پێدەشتەکان دەکەن و جەنگاوەرەکانیش بە نێو شاردا بڵاودەبنەوە!


لاپەڕەى سێیەم.
کچێک بە جەستەیەکى نیوە ڕووتەوە لە نێو باخچەیەکى سەوز پۆشدا پیانۆ لێدەدات، بەهۆى ئاوازى سیمفۆنیاکەوە ڕوودەچێتە نێو خەیاڵەوە، هێدى هێدى گیانى خاودەبێتەوە، کەنارییەک لەسەر پیانۆکە هەڵدەنیشێت.
دەستى بۆ درێژ دەکات و هەڵدەفڕێتەوە، بەدەورى باخچەکەدا دەسوڕێت و لە هەمان شوێندا دەنیشێتەوە، لە نێو چاویدا بەرائەت دەبیندرێت، بە ئاسپایى دەست بۆ شووشەکەى تەکى دەبات و پێکێک شەراب دەنۆشێت و زێتر ڕوودەچێتە نێو خەیاڵەوە.
دەنگى چەند تەقەیەکى بەر گوێ دەکەوێت، ڕادەچڵەکێت، لەوسەرى باخچەکەوەش چەند کەسێک بەرەو ڕووى دێن، لە نزیکى ئەودا خۆیان لە نێو درەخت و گوڵەکان حەشار دەدەن، پێدەچێت کەسانێک بەدوایانەوەبن! تفەنگەکانیان بەدەستەوە گرتبوو، بەترس و خەمبارییەوە پیانۆکەى جێهێشت و گەڕایەوە نێو کۆشکەکە.
لە پەنجەرەکەوە تەماشاى کردن، چەند کەسێکى تریش بەرەو لاى ئەوان دەهاتن، لە هەموو لایەکەوە دەنگى تەقە دەهات، یەک لە دواى یەک بە ڕووخسارى خوێناوییەوە دەکەوتنە سەر زەویەکەوە، دواى کەمێک دەنگى تەقە نەما، بە خێرایى گەڕایەوە لاى پیانۆکە، جەنگاوەرەکان کوژرابوون، کەنارییەکە لە نێو خوێناودا پەڵەقاژەى دەکرد، پیانۆکەش لەبەر خۆیەوە سیمفۆنیاى جەنگى لێدەدا!


لاپەڕەى چوارەم.
دارستانێک ئاگر دەگرێت، لە نێو دووکەڵەکەشیدا جۆرەها زیندەوەرى فڕندە و بێباڵ بەدەورى خۆیاندا دەخولێنەوە، چەند زەڕنەقووتێک دەسووتێن، هەندێ مێروولەش بە خێرایى و ترسەوە ئەوێ جێدەهێڵن، هاوارى یەکێک لە بریندارەکانى جەنگ بەرز دەبێتەوەو بەمێروولەیەک دەڵێت: جێم مەهێڵە!


لاپەڕەى پێنجەم.
چەند ڕۆژ دەبێت پیرەژنێک چاوەڕوانى گەڕانەوەى کوڕەکەیەتى، ئارامى نەماوەو لە پەنجەرەوە دەڕوانێتە ئەو شەقامەى کە کوڕەکەى بۆ جەنگ پێیدا ڕۆیشت، دەچێتەوە ژوورەوە، ئەلبوومەکە دەکاتەوەو تەماشاى یەک بە یەکى وێنەکانى نێوى دەکات. وێنەیەک سەرنجى ڕادەکێشێت، وێنەى کوڕەکەیەتى، چەند پاسەوانێکى تفەنگ بەدەست لەپشتییەوە وەستاون، هەندێ لێیان ورد دەبێتەوە، یەکێ سەرنجى ڕادەکێشێت، ئەو کەسە بوو کە لە کاتى جەنگەکاندا سەرى چەندین کەسى لە لاشەیان جیاکردبۆوە.
کە لە کۆڵان گوێى لە هاوار و دەنگێکى زۆر بوو، ئەلبوومەکەى داخستەوە، بە خێرایى خۆى گەیاندە کۆڵانەکە، لە ماڵى هاوسێکەیان دەنگى گریان دەهات، چووە نێو خەڵکەکەوە، تەرمى ئەو جەلادەبوو کە لە وێنەکەدا بینى بووى، ئەژنۆکانى شکێندرابوو و چاوێکیشى دەرهێندرابوو، لەبەر خۆیەوە گوتى:
چاوەڕوانى خەریکە دەمخوات! خۆزگە کوڕەکەى من بووایە، بەڵکو چیدى چاوەڕوانى گەڕانەوەى نەدەبووم.


لاپەڕەى شەشەم.
دەنگى مۆسیقایەکى خەمناک لە ژوورەکەیەوە بەرز دەبێتەوە، لە پەنجەرەوە تەماشایەکى نێو باخچەکە دەکات و گوڵەکان بەژاکاویى دەبینێت، لە کاتژمێرى قەد دیوارەکە ورد دەبێتەوە، هێندەى نەماوە گوڵەبەڕۆژە فرۆشەکە بگاتەجێ، تەماشاى کتێبخانەکەى دەکات و ئاو بەچاوەکانیدا دێتە خوارەوە.
کتێبێک دادەگرێت و ماچێکى دەکات، زەنگى دەرگاکە لێدەدات، بە خێرایى دەرگاکە دەکاتەوە. گوڵەبەڕۆژە فرۆشەکە بوو کە بەڵێنى فرۆشتنى کتێبەکانى پێدابوو، بە ساردییەوە سڵاوێکى کردو هاتە حەوشەوە، دواتر چووە ژوورى کتێبخانەکەوە، هەندێ کتێبى گرتە دەست و بۆ دەرەوە هەنگاوى هەڵێنا، پاشان تەواوى کتێبەکانى خستە سەر عەرەبانەکەیەوەو لە گیرفانیدا هەندێ دراوى هێنایە دەر و خستییە نێو دەستییەوە.


لاپەڕەى حەوتەم.
دونیا بەرەو کازیوە دەڕۆیشت، یەکێ بەتوندى لە دەرگایدا، ئەویش بە خێرایى و ترسەوە بە مەبەستى کردنەوەى دەرگاکە ڕێگاى گرتەبەر، یەکێ لە هاوڕێکانى مێردەکەى بوو، بەگریانەوە هەواڵى کوژرانى ئەوى بۆ هێنابوو:
پیاوەکەت دواى شەڕکردنێکى زۆر ئیدى بە بریندارى کەوتە دەست جەللادەکان و پارچە پارچەیان کرد و هەنووکەش لاشەکەى لە بیابانێک فڕێدراوەو بۆتە خۆراکى ئاژەڵى کێوی و سەگى بیابان.
چاوەکانى پڕبوون لەئاو، لەهۆشخۆى چوو، کاتێک بەئاگاهاتەوە، پیاوەکە نەمابوو، منداڵەکانیشى لەسەر سەرییەوە وەستابوون، پێدەچوو لە هیچ حاڵینەبووبن!


لاپەڕەى هەشتەم.
ئۆتۆمبێلێ بەبەردەم ئەم باخچەیەدا ڕێگاى دەبڕى، کە ماوەیەک لەمەوبەر، دوو کەسى تێدا کوژران و تەرمەکانیشیان بە پارچە پارچە کراوەیی لە ژێر درەختەکان فڕێدرابوون.
لەسەر ئۆتۆمبێلەکە یەکێ چاوەکانى بۆ داوە دەگێڕاو هەندێ جاریش سەیرى ئەو منداڵەى باوەشى دەکرد کە بەهەمان شێوەى دایکى چاوەکانى لەو ڕێگایە بڕیبوون کە پێیدا تێپەڕببوون.


لە نێو باخچەکەدا پیاوێکى بە ساڵداچووش خەریکى بڕینەوەى کالیبتۆسەکان بوو، خێزانەکەشى بەشڵەژانەوە بەرەو ڕووى هات و پێى گوت:
ئەرێ پیاوەکە، پێدەچێت نەتزانى بێت کە زۆرێک لەو خەڵکانەى دەوروبەرمان ناوچەکەیان جێهێشتووە، تۆش لە جیاتى ئەوەى لەمەترسى هاتنى سەربازەکان دوورمان خەیتەوە، خۆت بە بڕینەوەى ئەو درەختە جوانانە خەریک کردووە.
واز لەبڕینەوەیان بێنە، خۆ ئەگەر ئێمەش جێیان بهێڵین خەڵکى دیکە سوودیان لێوەردەگرێت. جیاوازى لە نێوان ئێمە و کەسانى تردا نییە، با ئێرە جێبێڵین، چونکە هێندەى نەماوە سەربازەکان بگەنە ئێرە.


پیاوەکەش بەماندووبوونەوە گوتى:
ئافرەت، من بە درێژایى ئەو ساڵانەى ژیاوم لە مردن نەترساوم، چ پێویست دەکات لێى بترسم، مردن ئەوە نییە مرۆڤ لێى بترسێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت لە بەرانبەریدا خۆڕاگربێت و بۆ هەمیشە ملکەچى نەبێت.


لە کاتى بڕینەوەى کالیبتۆسەکان ئەو خەڵکانەم بینیوە کە ماندوو ماندوو بێرەدا تێپەڕین و سەیرى دواوەى خۆیان دەکرد، دڵنیام لەوەى حەزیان بە هەڵاتن نەبوو، بەڵام باهۆزى ترس پاڵیان پێوە دەنان کە ئەو ڕێگا دوورە بگرنە بەرو لە نێو یادەوەرییەکانیاندا بخولێنەوە.


بێگومان لە مردن دەترسن، بۆیە ڕێگاى ژیان دەبڕن، باشتر لەوان لە نهێنى ئەو وشەیە تێگەیشتووم، بۆیە من لە مردن ناترسم!


دووبارە ژنەکە گوتى:
کەسى قارەمان لە کاتى تەنگانەو جەنگەکاندا بەوە دەناسرێتەوە کە بە ئاسانى خۆى بە دەستەوە نەداو درێژە بە مانەوەى بدات، هەرکە کەسێک دەکوژرێت بێگومان لایەنى بەرانبەر بەسەریدا زاڵبووە.


بەبێزارییەوە تەورەکەى داناو خێزان و منداڵەکانى دایە دواى خۆى و لە باخچەکە دوور کەوتنەوە. کۆمەڵێ سەرباز بەنێو باخچەکەدا بڵاوبوونەوەو بە خێرایى ژێر درەختەکانیان پشکنى، هەر جارەو لە شوێنێک دەنگى تەقە بەر گوێ دەکەوت، هەندێ سەرباز هەڵیان کوتایە نێو خانووى ماڵەکەوە، وێنەیەک لەبەر دەرگاکە کەوتبوو، تۆز و خۆڵ دایپۆشى بوو، یەکێ لە سەربازەکان هەڵیگرتەوەو بە وردى لێى ڕوانى، وێنەى منداڵێ بوو، بەهۆى سەیرکردنییەوە کەوتە نێو خەیاڵەوە، ڕووخسارى منداڵەکەى خۆى کەوتەوە بیر، سەربازەکانى تریش سەرقاڵى سووتاندنى ماڵەکەبوون، لە نێویاندا دەنگى جەنەڕاڵەکەیان بەرزبۆوە:


تەواوى شتەکان بسووتێنن، پۆشاک، دار، بەرد، هەرچى هەیانە مەیهێڵن .


بە خێرایى بەرەو لاى هات و وێنەکەى خستە ژێر پۆستاڵەکەیەوە، ئێستا کەى کاتى ئەوەیە تۆ بەدیار ئەو وێنەیەوە خەوبتباتەوە، من دڵنیام تۆ چاوەڕوانى سەرکەوتنت لێ ناکرێت.


سێرەى دەمانچەکەى لە نێوان چاوەکانى ڕاگرت و سەربازەکەش بەتووڕەییەوە تەماشاى نێو چاوەکانى ئەوى دەکرد، ماوەیەک بەرەو ڕووى یەکدى وەستان، پاشان گووللەیەکى تەقاندە نێوان چاوەکانى و خوێن ڕژایە سەر وێنەکەو دواتر لە نێویدا بزربوو!


لە کاتى خوێندنەوەى لاپەڕەکەى دەستیدا، ماشێنێکى پڕ لە جەنگاوەر بەلایەوە تێپەڕى، کەوتە نێو تۆز و خۆڵەوە، کاتێک بەر چاوى کەمێک روون بۆوە، پەڕەکەى دەستى نەمابوو، کتێبەکەش زێتر لێکترازابوو.
 

 

Shaxewan_braim@yahoo.com