په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠٢١

سێبەرێکی ھەورامانی.

- ئاوڕێک بۆ سەر وێستگەکانی ژیانی وەلی فەتتاحی -

هۆمەر          

 
١- وەلی فەتتاحی،نووسەر و وەرگێڕ،ساڵی ١٣٤٣ی ھەتاوی(١٩٦٥)لە گوندێکدا لەدایک دەبێت کە ھونەر،لەوێندەرێ زایەڵەی بڵند دەبێت. "شۆشمێ"،ھەمان زێدەکەی وەلی مامۆستا و وەرزشوانە. سەردەمی زارۆکی لە گوندی "شۆشمێ" وەپشت سەر دەنێت. دواتر ڕوو لە شارۆچکەی "نەوسوو"دەکات کە ھەر لە کۆنەوە،ناوەند و مەکۆ بۆ ھونەر بە ھەر ھەموو لق و پۆپەکانیەوە دەبێت و بە دەیان سیمای ھونەریی و ڕووناکبیر لەوێوە سەر ھەڵدەدەن و پاشانیش لە ھەر ھەموو کوردستاندا ناویان دەکەوێتە سەر زاران.


٢- دووەم قۆناخ لە ژیانی وەلی فەتتاحی ھاوکاتە دەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئێران و ئێراق(١٩٨٨-١٩٨٠) کە مخابن بەشێکی فرەی ھەورامان چۆڵ و جەماوەرەکەی ئاوارە و ڕوو لە شارەکانی دوو ستانی کرماشان و سنە دەکەن. شەڕی ئێران و ئێراق کە دەست پێ دەکات، ھەورامان بێناز دەکەوێت و بەشی فرەی گوندەکانی خاپوور و چۆڵ دەکرێن. کێ وەک گەورە ھونەرمەندی کورد"ئۆسمان ھەورامی"توانیویەتی ھاواری دڵەی لە دەست ئەو چۆڵبوونەی دەڤەرە نازەنینەکەی دەرببڕێت کە لە گۆرانییەکی ناخھەژێندا دار و بەردی ھەورامان دەلاوێنێتەوە. بە دوای ئەو ڕەوشە ماڵکاولکەرەدا، ماڵباتەکەی "وەلی"ش وەک زۆرینەی خەڵک،ئاوارەیی دەبێتە بەشی. شاری نەوسوو، ساڵی ١٣٥٩ی ھەتاوی(١٩٨٠)دەکەوێتە دەست سوپای ڕژێمی بەعسی ئێراق و شار بە جارێ چۆڵ دەبێت و ئەوێندەرێ دەبێتە مەکۆی کوند و بۆکوێرەی شوومی زەمەن.


٣ - سێیەم وێستگەی ژیانی وەلی فەتتاحی، شاری "پاوە"ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەبێت کە خۆی و بنەماڵەکەی لەوێندەرێ دەگیرسێنەوە.وەلی ،خوێندنی دواناوەندی لە پاوە کۆتایی پێ دێنێت و دواتر بۆ خانەی مامۆستایان دەردەچێت و لە گەورە شاری کرماشان خوێندنەکەی کۆتایی پێ دەھێنێت. پاش تەواوبوونی خوێندنەکەی،دەبێتە مامۆستای خوێندنگە و قوتابخانەکانی دەڤەری ھەورامان و ٣٠ ساڵی تەمەنی لە پێناو وانەوتنەوە و فێرکردندا وەپشت سەر دەنێت.


٤- لە چوارەم قۆناخی ژیاندا، وەلی فەتتاحی دەبێتە مامۆستای قوتابخانان و گەلێک ساڵان لە خوێندنگەکانی ناوچەی باوەجانی و ڕوانسەر بە کاری وانەوتنەوەوە خەریک دەبێت و ئەوەی لە ھەگبە زانستییەکەیدا دەبێت،دەیگوێزێتەوە بۆ خوێندەواران. ئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنای وەلی مامۆستا دەبن،ھەمووان باس لە خاکەڕایی ئەم مرۆ ڕۆحسووکە دەکەن کە چلۆن وانەکانی ژیان،فێری قوتابییان دەکات و لەسەر بنەمایەکی مرۆیی،بۆ سبەی باریان دەھێنێت و پەروەردەیان دەکات.


٥- لە دوا قۆناخی ژیاندا ئەم سیما فەرھەنگییە،خۆ لە شاری ڕوانسەردا دەبینێتەوە. شارۆچکەی "ڕوانسەر"ی سەر بە ھەورامان،یەک لە وێستگە سەرەکییەکانی ژیانی وەلی مامۆستا دەبێت کە ھەر لەو شارۆچکەیەوە،گۆشەیەکی دی لە خەباتی دەست پێ دەکات کە ئەویش ئاوێزابوون بە باڵای چاند و زمانی کوردییە کە دەستکەوتی ئەم خەباتەیش،چەندان کتێب و دەیان وتارە. ئەم سیما خەمخۆرەی چاند و زمانی کوردی لە ناوچەی ھەورامان، یەک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی فەرھەنگی-ئەدەبیی "میرزا ئەحمەد داواشی"لە شارۆچکەکەی ڕوانسەرە کە ئەم بنکە چاندییە،دواتر تەکانێک بە بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردی لەو ناوەدا دەدات. ئیتر تا دێت زێتر بە دوای حەز و خولیاکانیدا دەچێت. بە واتایەکی دی،ھەر لێرەوەیە کە پتر ئاوێتەی دنیای چاند و فەرھەنگ و ڕۆشنبیری دەبێت. بە ھاریکاری کۆمەڵە مرۆیەکی خەمخۆر،ئەنجوومەنی فەرھەنگی-ئەدەبیی میرزا ئەحمەد داواشی دادەمەزرێنن ئەرچی ئەم ئەنجوومەنە لە لایەن کۆمەڵە گەنجێکی ئەوێندرێوە وەبەر ڕەخنە دەکەوێت کە گوایە زێتر خۆ لە قاوخێکی کۆندا دەبینێتەوە و دەرکە لە ڕووی لاوان و داواکارییەکانی ئەم توێژە ناکاتەوە بەڵام بۆ وەلی فەتتاحی ئەم ئەنجوومەنە دەیخاتە سەر ڕێبازێکی نوێ و ھەر لێرەوە ڕوو لە دنیای فەرھەنگ و زمان دەکات و دەست دەداتە نووسین لەسەر گەلێک پرسان و دیالێکتی ھەورامی بۆ زمانی نووسینەکانی دەکار دەھێنێت. ڕاستە وەلی درەنگ دەست پێ دەکات بەڵام زۆر زوو دەتوانێت ڕێ ببڕێتە نێو کۆمەڵەی فەرھەنگیی ھەورامانەوە.


وەلی،بۆ بەشێکی نووسینەکانی،زمانی ساتیر و تەنز دەکار دێنێت. ئەم زمانی ساتیرە،ھەندێک جار ڕەخنەگرتنە لە کۆسپ و کەند و لەندەکانی بەردەم ڕووبەری جڤاکی بە گشتیی و کۆمەڵەی چاندیی بەتایبەت. بڕێک جاریش داکۆکی و لاگریکردنە لە زمان و چاند و دابونەریتی کوردی و ھەروەھا بەھا واڵا مرۆیییەکان.
بەشێکی تری نووسینی ئەم سیما فەرھەنگییە،ڕووی لە گلێرکردنەوە و لێکدانەوەی سامانی زەنگینی ئاواز و مێلۆدی و گۆرانیی ڕەسەنی دەڤەری ھەورامانە.
وەلی فەتتاحی، ھەرگیز لە ھەمبەر ئەوەی لە کۆمەڵدا ڕووی دەدا،تەنیا سەیرکەر نەبوو؛ پێنووسێکی پەرۆش بەرانبەر کۆمەڵگەکەی بوو. بەردەوامیش پێنووسەکەی بە ھەمان مەبەست دەسووڕاند.


لە ھەمبەر نووسەر و ھونەرمەندانی دەڤەرەکەی بەوپەڕی خاکەڕاییەوە خامەکەی دەخستە گەڕ و دەیەویست ئەم نەریتە بۆ بەرەی ئەمڕۆ و سبەی نێو کۆمەڵەکەی بگوێزێتەوە کە ڕێز لە سیما خەمخۆرەکانیان بگرن.


ھەر لە گەرمەی ئەم ئاوێزانبوونە بە ڕووبەری وێژەی کوردیدایە کە ئەوینێکی پاکژ و ڕۆچوون بە نێو جیھانە ڕەنگاڵەییەکەی ئەشقدا، وەلی دنە دەدات ڕوو لە وەرگێڕان و گوێزتنەوەی دووبەیتییەکانی باوە تایەر ھەمەدانی بۆ سەر زمانی کوردی(دیالێکتی ھەورامی)بکات. مەگین ھەر ئەوەی سووتاوی ئەوینێکی بێگەرد بێت تا لە زمانە پاراوەکەی باوە تایەری لوڕ بگات!


وەلی بەو دەردەوە موبتەلا بوو ھەر بۆیە دەست بۆ دووبەیتییەکانی باوە تایەر دەبات.
ھەر کەس بێ دەردا،با ھەر مەردە بۆ
دڵ عەشقش نەبۆ،با پەژموردە بۆ
بوڵبوڵ مەچڕۆ سەحەر،ئەو گوڵی
ھەر کەس بێ عەشقا،ئیمان ھەردە بۆ

(دوو بەیتییەکانی باوە تایەر ھەمەدانی،وەلی فەتتاحی)


لە گەرمەی چالاکیی فەرھەنگیی و ڕۆشنبیریدا مخابن مەرگ بەرۆکی پێ دەگرێت و لە تەمەنی پێگەییشتن دا پەڕی ژینی ھەڵدەوەرێت و ئۆغری دوایی دەکات و ھەورامانەکەی و شاری نەوسوود دەبێتە دواھەواری و بۆ ھەمیشە لە ئامێزی خاکی نیشتمان دا ستار دەگرێت.


"فەتە"،(کۆمەڵە تەنز) ،"چریکەی ئەھوورایی"(گۆرانیی و ئاوازەکانی ھەورامان) و وەرگێڕانی"دووبەیتییەکانی باوە تایەر ھەمەدانی" بۆ سەر دیالێکتی ھەورامی،چەند بەرھەمێکی چاپکراوی وەلی فەتتاحی دێنە ئەژمار.


جێی ئاماژەپێدانە کە ڕۆژی سێشەممە،٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠(٢٣ی فێبریوەری ٢٠٢١)،"وەلی فەتتاحی"،نووسەر، وەرگێڕ و تۆرەوانی کوردی ھەورامانی،لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا ئۆغری دوایی دەکات و بۆ ھەر ھەمیشە لە باوەشی خاکی پیرۆزی نیشتماندا ئۆقرە دەگرێت. جێی ئیشارەت پێدانە کە شاری "نەوسوو"،بۆ ھەمیشە دەبێت بە ئارامگەی ئەم کەسایەتییە گەلپەروەرە.

    
پاکژترین ئینتیزار.
ھەر دوێشەو بوو،
لە دوو سووچی
ئەم جەنجاڵستانەی ئێستا،
بە جووت باسی میھرەبانی
جارانمان بۆ یەکدی دەکرد،
ئۆخژنیشمان بۆ ناخ و دڵ دەگوێزتەوە.
دڵی،پڕی لە وەنەوشەی نیشتمان بوو،
کەچی ئەیوت:
تۆ نازانی برالە گیان چلۆن لێرە،
بە ھەر ھەنگاوێ بۆ ژیان،
کەلەبەرەکەت
لێ دەتەنن بە تەمتومان!
ھەر کە ئەمدواند،
کوڕە خرتۆڵە دەروون میھرەبانەکەی ھەورامان،
چۆڕچۆڕ ئەسرینی دەوەراند.
وەک خودی خۆم،
غوبەرتێکی ئەم زەمەنە تەنگەبەرە،
لە دەوری ناخی ئاڵا بوو.
"وەلی"خۆی بوو،
ھەستم دەکرد،
ھێشتاکە ھەر،
ھەمان کوڕە ھەر ھەمیشە دەم بە بزەی
خوێندنگەکەی دوێنێی عومرە،
وەک"سەراو ھەوڵی"
*یەکەی جاران،
ئارامیی پێیە بۆ دڵان.
لەمێژە"وەلی"دەناسم،
ھێور وەکوو سپیدارە
کۆنساڵەکەی"حەوزەلارە"
**،
کەچی نەیھێشت، جارێکی تر
بە دیداری شاد ببمەوە،
ئەم بەھارە.
سەد بەھار بێ و سەدیش بچێ،
شێوەی میھرت،
تازە لەسەر ناخم نەخشە و
ھەرگیز ھەرگیز،
لە دڵ ناچێ.
ئیتر بنوو وا بەھارە،
بە خەیاڵی ھەورامانێ گوڵاڵەسوورە
داتدەپۆشم،
کە لە خەیاڵدانی مندا،
پاکژترین ئینتیزارە.

________________________________________
* سەراو ھەوڵی: یەک لە خۆشترین سەیرانگەکانی جارانی شاری پاوە دێتە ئەژمار کە لە نزیک خوێندنگەکەی دواناوەندیی سەردەمی ئێمە (دواناوەندیی شەھیدانی ھەشتەمی گەڵاڕێزان) بوو کە بە ھەزار داخ و کەسەرەوە، ئەم مەکۆ دیرۆکییەیش بە دەردی مرۆی ئەم سەردەمەوە گیرۆدەیە و ئێستا تەنیا یادەوەرییەکەی ماوەتەوە.
** حەوزەلارە: یەک لە شوێنە ھەرە دڵاواکانی شاری "نەوسوو"ی سەر بە "پاوە"ی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە شوکر ھێشتا سێبەرەکەی،میھر بۆ دڵان دەگوێزێتەوە.
 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک