سێبەرى حیزب.

ئیبراهیم بالیسانى
لە کوردستان رۆژ دواى رۆژ ژمارەى پارتى سیاسى ورێکخراوى مەدەنى لە
زۆربووندان ، کارو بوون وناسینى هەموو ئەو پارت ورێکخراوانەش لە سنورى
تەنیا سێ پارێزگادا دیاروهەیە ،بێگومان ئەوەش حاڵەت ودیاردەیەکى یەکجار
شازوتایبەتە ،چونکە بەدڵنیاییەوە لە هیچ شوێنێکى ئەم دنیایەدا ژمارەى
پارت ورێکخراوى لە چەشنى لاى خۆمان ووەک لە سێ پارێزگاى لە جۆرى ئێرە
بوونى نیەونادۆزرێتەوە !
ئەگەر لە جاراندا بە هۆى ئینشقاق وهەڵنەکردن لەگەڵ یەک وئایدیۆلۆژیاوە
بووبووین بە خاوەنى دووپارتى گەورەى وەک (یەکێتى وپارتى) وچەند
پارتێکیترى بچووک ، ئەى لەمڕۆدا هۆکارى ئەو زۆرى وبۆرییەى حیزب
ورێکخراوەکان بۆ چیبگێرینەوە؟ ئەگەر قسە لەسەر ئەوەیە ئەمرۆ زەمینەى
خەباتى سیاسى ورێکخراوەى زیاتر لەبارە لە چاو سەردەمى شاخ و پانتاى
کارکردن بەرفراوانترە ، ئەوە لێکدانەوەیەکى هەڵەیە . چونکە مەرج نیە کە
ژمارەى دانیشتوان زۆربێ ئەوا پێویستە ژمارەى رێکخراوى سیاسیش بەهەمان
ئەندازە زۆربێ . دەکرێ لەو حاڵەتەدا تەنیا رێکخراوى مەدەنى ودیموکراتى
زۆربن تا لە رێگاى ئەو رێکخراوانەوە هەم چین وتوێژەکان کۆبکرێنەوەوهەم
لە رێگاى ئەو رێکخراوانەشەوە بتوانن داکۆکى لە ماف وئەرکەکانیان بکەن
وبگەن بە ناوەندى بریار، گەیشتنیش بە ناوەندى بریار لەرێگاى
هەڵبژاردنەوە دروست دەبێ وپاشان لەرێگاى نوێنەرەکانیانەوە دەتوانن لە
ناوەندى بریار بەرگرى وداکۆکى لە ماف وداواوداخوازیەکانیان بکەن .
بیرکردنەوەش لەسەر ئەم شێوازوجۆرەدا دیاردەیەکى تەندروست وبەجێیە .
لاى خۆمان لەبڕى ئەوەى بیرکردنەوەى دروستکردنى رێکخراوەى مەدەنى
زۆرتربێ ، بەپێچەوانەوە ئاراستەى بیرکردنەوەى کەسەکان بەتایبەت بۆ
ئەوانەى کە مەیلى خۆناسین ودەوڵەمەندبوون ولێپرسراویەتیان هەیە بەرەو
دروستکردنى حیزب دەچێ ومڵدەنێ !! زۆرجاریش پارتى زەبەلاح وخاوەن داهات
وهێز بۆ کۆنترۆڵکردنى هەموو کایەکانى ژیان وبەرێوەبردن پەنا بۆ
دروستکردنى حیزبى سێبەر دەبات !! مەبەست لە حیزبى سێبەر ئەوەیە : حیزبى
گەورە چەند کەسێکى خۆى بەناوى جۆراوجۆر رادەکێشێتە ناو سیاسەت ولە ناو
حیزبێکدا کۆیان دەکاتەوەو لە ژێرەوەش یارمەتى ماددى وپێداویستیەکانیان
بۆ مەیسەر دەکات ولەکاتى پێویستیشدا لە بەرژەوەندى خۆى بەکاریان دەهێنێ
!!جارێکیان خودى سکرتێرێکى حیزب بۆى باسکردین ووتى: ویستم لەگەڵ
پارتێکى گەورە یەکبگرین وداوام کرد ببم بە ئەندامى مەکتەبى سیاسى بۆ
چەند کۆنگرەیەک لەسەر یەک وەک گرێنتى مانەوەم لە مەکتەبى سیاسى . پاشان
وتى: دواى دەستمکرد بە راوێژ کردن ئاخۆ ئەم کاربکەم یانا؟ دواجار
کەسێکى نەخوێندەوار هاتەلام وئەوەم لەگەڵ باسکرد، ئەویش لەوەڵامدا وتى:
کارێکى زۆرخراپ دەکەیت ئەگەر ئەو کارەبکەیت . وتم بۆ؟ وتى: تۆ ئێستا
سکرتێرى ولەهەموو کۆبوونەوەکانى پارتەکاندا لەتەک سکرتێروسەرۆکى پارتە
گەورەکان دادەنیشى وکۆدەبیتەوە ، بەڵام ئەگەر ببى بە ئەندامى مەکتەبى
سیاسى تۆ خۆت بزردەکەیت ووەک ئێستا ناسراونابیت . پاشان وتى: بەقسەى
ئەو کەسەم کردو ئەو بیرەم لە مێشکى خۆم هێنایەدەرێ وهەر بەسکرتێر
مامەوە!!
بەتێگەیشتنى خۆم ستافى باڵاى سەرجەم پارتە بچووک وبێنفوسەکان هەمان
بیرکردنەوەى ئەو سکرتێرەیان هەیە کە باسمان لێوەکرد. ئەوانە ئەوەندەى
بۆ بەرژەوەندى کەسى تێدەکۆشن نیوئەوەندە بیریان بۆ بەرژەوەندى گشتى
ناڕواونیە!! ئەوانە سێبەرى حیزبەکانن نەک خۆیان حیزبیبن!! لەچەند رۆژى
رابردوو چەند قەوارەیەکى سیاسى کۆبوونەوە بۆ رێککەوتن لەسەر بەشداربوون
بەلیستى هاوبەش بۆ هەڵبژاردنى داهاتوى ئیراق ، ئامانج لەوەشدا پاراستنى
بەرژەوەندى باڵاى کوردە ، کەچى هەر دواى چەند کاتژمێرێک لەو
کۆبوونەوەیەدا هەندێ لەو قەوارە بچوکانە داواى پۆستیان دەکرد لە
بەغدا!!وەک پێدانى وەزارەت وکورسى پەرلەمان و........تا
Info_balisani@yahoo.com
|