|
١٠\٣\٢٠٢٦
سێبەری ڕووناکی.

ئەرسەلان مەحمود
هەر شتێک
لەگەڵ ئەم سەردەمەدا
بگونجێت
-
بۆ من
نابێت.
ئەمە سەردەمی
چراتۆڕە ئاگرینەکانی
ئاسمانێکی
مردووە!
زەمەنی
ئەو ڕوناکییانەیە
کەس
نایانبینێت و
کەس ناتوانێت
بڵێ
تاریکن!
ئەوەی دەیبینم
جیهانێکە
-
هەموو وڵامەکانی
لەبەردەستن
بەڵام
فێرنەبووە
چۆن بپرسێت.
هەموو ڕێگەیەک
دەزانێت
بەڵام لەبیرکردووە
بۆ کوێ دەڕوات
و بۆچی
ڕۆیشتبوو!
ڕوناکفرۆشەکانی ئەمڕۆ
خۆیان
لە تاریکترین سووکدا
دەژین.
ئەوانەی قسە لە ئازادی دەکەن
زنجیرەکانی دەستیان
زێڕاو کردون!
سەردەمی هەموو شتێک
ڕووناکە؟
ئەرێ.
بەڵام تۆ
سێبەرەکەت
نابینیت.
ئادەمێک
سێبەری خۆی
نەبینێت
-
چۆن
دەزانێت
هەیە؟
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|