٤\٤\٢٠٢٢
سێ بژاردە و هیچی
تر!

ئەرسەلان مەحمود
ئەوەی مرۆڤێک بەزویندویی دەهێڵێتەوە، هەستیاری و هۆشیاری یادەوەرییەتی،
مرۆڤی کوردو جڤاکە مرۆیی و سیاسیەکەی لەم بوارەدا، چونکە خەون و
خەمەکەی بەبنەما جڤاکی نییە، زۆر کەم بەش و کەم پشک و کەم خوێنە،
بەداخەوە!!
بێگومان هۆکارگەلێک هەن، ئەگەر سەرەکیترینیان لەسەر ئاستە جڤاکییە
مرۆییەکە ڕاهاتن بێت، ئەوە لەئاستە سیاسیەکەدا بێباکی و منە منکارییە،
ڕاهاتن مرۆڤ دەخەسێنێت، بێباکی و منە منکاری دەیهاڕێت لەخۆیدا!!
کورد بەهەموو جۆرە یەکە پێکهێنەرەکانییەوە، تا لەجێگەی بەکۆمەڵایەتی
کردنی کێشە نیشتمانی و پرسە نەتەوەییەکەی خۆی هەر خەریک بەخێڵ و بێڵ و
حیزبی کردنی بێت، حاڵی ئێستای لەئێستایەکی تر باشتر نابێ و ئایندەی
هەروا نادیارو ناڕۆشن دەمێنێتەوە!!
ئەوەی کێشەو پرسی کوردی لەڕەوە بەکۆمەڵەکەی ١٩٩١ دا بەجیهانی کردو
کۆمەڵگەی دەولی هێنایە سەرخەت، مەزڵومی خەڵک و بەتەنها هەر ستەمکاری
سەر سەری نەبوو، مەزڵومیەت و ستەمکاری سەر کورد دیرۆکێکی زۆر لەوە
قوڵتری هەیە، یەک ڕیزی کۆمەڵانی خەڵک بوو لەسەر ئاستە جڤاکییەکە
پرسەکەی بەکۆمەڵایەتی و جیهانی کرد.
دوای ٣١ ساڵ لەم ڕوداوە، لەبری ئەوەی ئەم حەقیقەتە لەیەک ریزی و
بەکۆمەڵایەتی کردنی پرسەکەی بکرێتە پەندو عیبرەت، حیزب و حیزبی و
سیاسیەکانی لەهەرکات زیاتر کێشەی کوردو پرسە نەتەوەییەکەی کردوە بەتۆزی
بانان، هەر یەکەو لەئاوازو ئاوەزێک دەخوێنێ و بەحیزبی و کەسی دەکات!!
ئایا هیچ میللەتێکی بەتەنها هەڵکردو بوونی هەیە؟! ئەی هیچ حیزب و
سیاسییەک هەیە گەورە بوونی هەر شتێک لەگەورەیی خۆیدا ببینێت و هەر
شتێکیش بکەوێتە دەرەوەی خۆی، دژی بووەستێتەوە؟! باشە کورد ئیتر دەبێ
چیبکات؟! خۆی گەورە بکات یا پێش ئەوە ئەوانە گەورەو فوبدا خۆیان
بەسەرکردەو سوڵتانی دەزانن؟!!
کاروا بڕوات، یان سازشکردن لەسەر منەمنکاری و گەڕانەوەی یەکجاری بەرەو
یەکڕیزی نیشتمانی، یان ڕاپەڕین و کۆڕەوێکی تری جڤاکی بەرامبەر
بەستەمکاری و بیباکی خۆماڵی، یا خۆڕادەستکردن و خۆ بەدەستەوەدان و
کۆتاییەکی ڕەش لەبەردەمدایەو بەڕێگەوەیە بێت!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|