٢٢\٥\٢٠١٢
سەبارەت
بە بێ رێزییکردن بە پەنابەران،
فیدارسیۆنی
پەنابەران وەڵامی بەیاننامەکەی کۆنسوڵی بەریتانیا دەداتەوە.
نامەیەکی سەرئاوەڵا
بۆ کۆنسۆڵی حکومەتی بەریتانیا لە ھەولێر.
پاش سڵاو..
لەم ڕۆژانەدا ئێوە وەک کۆنسۆڵی حکومەتی بەریتانیا لە ھەولێر لەڕێگەی
دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بەیاننامەیەکتان بۆ بیرورای گشتی خەڵکی
کوردستان بلاوکردەوە سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کورد بۆ
کوردستان کەتێدا تەبریری سیاسەتی حکومەتی بەریتانی بۆ دیپۆرتکردنەوەی
پەنابەرانی کورد دەکەیت و لەتەنیشتیشیاندا کۆمەلێک ئیتھاماتی زۆر دژ
بەوانەی (( ھەلمەت دەکەن دژی سیاسەتەکانی ولاتانی حکومەتەکانی ئەوروپا
بۆ ناردنەوەی پەنابەران بۆ ھەرێمی کوردستان ))راگەینراوە، کە ڕۆشنە
مەبەستان فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقیە کە وەک تەنیا
رێکخراوێک لەم سالانەی رابردودا لە ئاستی نێونەتەوەی وکوردستانیشدا دژ
بە سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران ھەستاوە.
دیارە لەم بەیاننامەیەدا گەلێک ئیتھامات و دەستەواژەو کارکردنی
پێچەوانەوەی یاساوریسا نیونەتەوەییەکان خراوەتەوە ڕوو وەک ئەوەی
پەنابەران بەدز دەشوبھێنن کە ھاتونەتە سەر ماڵی تۆ! ئێوە دەزانن کە ئەم
زمانە ڕاسیستیە بەرامبەر بەو سەدان ھەزار ئینسانەی لەناچاریدا ڕوویان
لەھەندەران کردوە بەھۆی ستەم و ھەڕەشە و بێ مافی حکومەت و
دەسەڵاتەکانەوە لەووڵاتانی جۆراوجۆر ولەوانەش حکومەتی ھەرێمی
کوردستانەوە . ئەمە دیاردەیەکی نێودەوڵەتیە و لەلایەن
نەتەوەیەکگرتوەکانەوە مافی پەنابەری وەک مافێکی ئینسانی لەساڵی ١٩٥١ناسراوە
و ئەو حکومەتەی تۆ نوێنەرایەتی دەکەی ئەو پەیماننامەیەی ئیمزاکردوە.
بۆیە سەرەتا ئەم قسانەت دژ بەو پەیماننامەیە و پابەندبوونی دەوڵەتی
بەریتانیە پێی و دەبێ بەڕەسمی داوای لێبوردن لە پەنابەرانی کورد بکەن
لەبەرامبەر ئەم بێ ڕێز و کۆمێنتە ڕاسیستیەدا.
ئەگەر ئامادەی دیبات و گفتوگۆن لەسەر کەیس و مافەکانی ئەو پەنابەرانەی
بەزۆر گەڕاندوتانەوە ئەوا لەجیاتی ئەم زمانە بێ ڕێزیە بەرامبەر بە
پەنابەرانی کوردستان و پەنابەرانی ووڵاتانی تر، ئێمە وەک فیدراسیۆن
ئامادەین لەگەڵ کۆنسۆلی حکومەتی بەریتانیا ئەم مەسەلە یە لە ریگەی
دەزگاکانی راگەیاندنەوە لە دیبات و کۆبونەوەیەکی ئاشکرادا ھەردوولا
راستیەکان بە خەڵکی کوردستان رابگەیەنین ، نەک ئەوەی ئێوە ئەو مافە بە
خۆتان بدەن یەک لایەنە و بە ناوی ھەموو حکومەتەکانی ئەوروپاوە تەبریر
بۆ سیاسەتی دیپۆرتی پەنابەران بھێننەوە.
ئێوە سەرباری ئەوەی لە پیناو قازانجو بەرژەوەندیەکانتان چاو لە واقعی
ئیستای ژیانی خەلکی کوردستان دەپۆشن، دەشتانەوێت تەبریر بھێنەوە بۆ
ئەوکارەساتەی کە بەھۆی سیاسەتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران توشی خەڵکی
کوردستانتان کردوە. پێویستە ئەوە رۆشنبکرێتەوە کێن ئەوانەی یاسا
شکێنیان کردوە؟ کێن ئەوانەی پێچەوانە بە عورفی نیو دەوڵەتی
ڕێکەوتننامەی ئیمزاکروە بە ژیان چارەنووسی قوربانیانی جەنگ و نائارامی؟
ئێوە فرۆکەی سەربازیتان بەکارھێنا لە فرۆکەخانەی برایزنۆرتن لە
کاتێکدا ئەم کردەوەیە دژ بە ھەموو پێوانە نیو دەوڵەتێکانە لە بارەی
مافەکانی پەنابەرانەوە! ئێوە چەندین پەنابەری کوردستانتان بە چەند مانگ
بێ لێپرسینەوە لە گرتووخانە دەستبەسەرەکاندا راگرتووە! ھاوڵاتیانی
کوردستانتان لە رێگای کۆمپانیاکانی G٤S شەقکاری ودەست قاچشکاو کروە!
ھاوڵاتیان کوردستانتان دوای ١٠سال و ١٢ سال تەنانەت کە ژیانیان لە
بەریتانیا دامەزراندوە بەزۆر ناردۆتەوە! دەیان منداڵ و دایکتان لە گەڵ
ھاوسەرەکانیان لە یەکتر دابراندوە! حسین عەلی ، عوسمان رەسول، رێکەوت
رەشید پەنابەرانی کوردی عێراقی بەھۆی سیاسەتی دژی پەنابەری ئێوەوە
دەستیان بۆ خۆکوژی برد...ئێستاش ئەو دەیان پەنابەری کەوتۆتە بەر دەم
سیاسەتی بەزۆر ناردنەوە حکومەتەکەتان بێ ساوپەنان لە"کوردستانی
ئازاد"دا لەگەڵ دەیان کێشەوگیرو گرفت بەرەو روو کراونەتەوە کەسێک نیە
ئاوریان لێبداتەوە.
بۆیە ئێمە وەک سکرتاریەتی فیدراسیۆن داوەتی کۆنسۆلی حکومەتی بەریتانیا
دەکەین بۆ بەرپاکردنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری بەمەبەستی روونکردنەوەی
راستیەکان دوور لە ھەرجۆرە فریوکاری و خۆڵکردنە چاوێکی خەلکی کوردستان،
دوور لە ھەر جۆرە پیشلیکاری و یاسا شکێنیەک، دوور لەھەرجۆرە ئیتھاماتیک
دژ بە ھیچ لایەن و حکومەتو ولاتێک، دوور لە ھەرجۆرە ناھەقیکردنێک دژ بە
یاساوریسا نیونەتەوەیەکان سەبارەت بە کێشەی پەنابەران وگەرانەوەو
دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان...
ھیوادارین کۆنسۆلی حکومەتی بەریتانیا لە ئاست ئەم بەرپرسیاریەتیدا بێت
و بە زووترین کات دەرفەتێکی گونجاوڕاگەیەنێت بۆ بەرپاکردنی کۆنگرەیەکی
رۆژنامەگەری تا ئەو کاتە ھەر لایەنێکی یاسا شکین باجی خراپەکاری
وپیشلکاریەکانی خۆی بدات و ڕاستیەکانی وەک ئەوەی کەھەن ئاشکرا بکرێن بۆ
خەڵکی کوردستان.
وێنەی ئەم نامەیە بۆ
وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی بەریتانیا
دەزگاکانی راگەیاندن
ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ
سکرتاریەتی فیدراسیۆنی سەراسەریی
پەنابەرانی پەنابەرانی عێراقی
٢١\٥\٢٠١٢
دەقی
بەیاننامەکەی کۆنسوڵی حکومەتی بەریتانیا لە هەولێر:
بە
ھەزاران کوردی تاراوگەنشین لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە و خەریکی کارکردنن
لێرە. دەبێ ئەوە بڵێم کە ھەندێ کورد کە لە ئەوروپا دەژین وادیارە
ئاگایان لەوە نییە لە ھەرێمی کوردستان چی روودەدات، یانیش چاویان
نووقاندووە و گوێشیان گرتووە.
من مەخسەدم لەوانەیە کە ھەڵمەت دەکەن لەدژی سیاسەتەکانی وڵاتانی
حکوومەتەکانی ئەوروپا بۆ ناردنەوەی خەڵک بۆ ھەرێمی کوردستان، دوای
ئەوەی ھەموو ئامرازێکی یاساییان بەکارھێنانەوە و ئەمەش مەسەلەیەکە کە
میدیای کوردی بەداخەوە بەردەوامە لەوەی یەک لایەنە رووماڵی مەسەلەکە
بکات، بێ ئەوەی ھەوڵی بەدەست ھێنانی بۆچوونی حکوومەتەکانیش وەربگرێت.
ئەو ھەڵمەتکارانەش واپێدەچێت پێیانوابێت کە ئەو کوردانەی لە کوردستانی
عێراق دەژین، لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەچەوسێنرێنەوە،
ئەگینا بۆچی ئەوان دەیانەوێت بەریتانیا مافی پەنابەرێتی بداتە خەڵک، کە
ئەمەش بەبڕوای من تۆمەتبارییەکی ناڕەوایە لەدژی تۆماری حکوومەتی ھەرێمی
کوردستان.
تەماشای شەقامەکانی شارەکانی ھەولێر، دھۆک و سلێمانی بکە، بە ھەزاران
کوردی تاراوگەنشین گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان بەمەبەستی کارکردن و
کڕینی موڵک یانیش حەزیان لە بینینی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەیە کە ئێرە
بەخۆیەوە بینیووە، کە ئەمەش راستییەکەیە. ئەو چالاکەوانانەی کە ھەڵمەت
دەکەن لەدژی رەوانەکردنەوەی پەناخوازی نایاسایی، پێیانوایە کە ھەموو
ئەم پێشکەوتنەی کوردستانی عێراق کە ھەموو کەسێکی ئاسایی دیبینێت، شتێکی
خەیاڵییە. یانیش ئەوان پێیانوایە کە کورد مافی خۆیەتی کە بەتەواوەتی
گوێ بە یاسای بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا نەدات، کە ئەگەر ئەمەش
وابێت، ئەوا بێڕێزییە بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی بەریتانی و ئەوروپایی.
با زۆر راشکاوانە بین بەرامبەر بەم مەسەلەیە. کەسێک کە بەشێوەیەکی
نایاسایی دەچێتە بەریتانیاوە یانیش ھەر ناوچەیەکی دیکەی ئەوروپا و
یاساکانمان بشکێنن و ئەگەریش ھەر کەسێکی لەوجۆرە دەستگیرکرا، دەبێ
چاوەڕێی ئەوەبیت کە باجی ئەو کارە بدەیت، ئەگینا چاوەڕێی چی دەکەیت؟
نازانم ئەمە چۆن سادەتری بکەمەوە: ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە کە
بەشێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتەکەم و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بژی، ئەگەریش
دەتەوێت بەپێچەوانەوە بێت، ئەوا بێگومان بێڕێزییە بەرامبەر بە
ھاووڵاتیانی بەریتانیا.
با بەم شێوەیە بیڵێم. خوێنەری بەڕێز ئەگەر تۆ کەسێکت لەماڵەکەی خۆت
دۆزییەوە کە بەدزییەوە ھاتووەتە ژوورێ و بەشێوەیەکی نایاسایی لەماڵەکەت
دژی، تۆ چی دەکەیت؟ ئایا گوێی لێدەگری و قسە لەگەڵ پارێزەرێک دەکەیت و
دواتریش پێیدەڵێی بچۆ دەرەوە. پاشان ئەگەر ئەوان داواکەت رەتبکەنەوە،
ئەوا ناچار دەبیت پۆلیس بانگ بکەیت، تاوەکو ئەوان دەری بکەن. ئەمەش ھەر
ئەو کارەیە کە حکوومەتی بەریتانی و حکوومەتەکانی دیکەی ئەوروپایە
ئەنجامی دەدەن. با ئەوەش روون بکەمەوە کە ئێمە تەنیا ئەو کەسانە
دەنێرینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کە ھەموو ئامرازێکی یاسایی خۆی
بەکارھێناوە لە بەریتانیا. ھەموو مرۆڤێک رۆژی خۆی ھەیە لە دادگا.
پێش ئەوەی ھەر "چالاکەوانێک" ھەوڵیدا کە بڵێت ئەمە ھەڵمەتێکە تەنیا دژی
کورد، با ئەوە بڵێم کە بەریتانیا و ھەموو وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی
رۆتینی پەناخوازی زۆر دەنێرنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان و ئەمەش خەسڵەتێکی
کۆنی سیستەمی نێودەوڵەتییە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە کاتێک ئەو خەڵکەی رەوانە دەکرێنەوە،
حکوومەتی وڵاتەکەیان وەریاندەگرنەوە، بەڵام واپێدەچێت، بێجگە لە ھەرێمی
کوردستان. بۆچی ئەم ھەرێمە پێشکەوتوو و داینامیکەی عێراق ئەو
ھاووڵاتیانەی ناوێتەوە کە چیدیکە ناتوانن لە بەریتانیا و ئەوروپا بژین؟
ئایا کێ بەرپرسیارە لەو خەڵکانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە بەریتانیا
ژیاون؟ ئایا ئەوان کورد نین؟
|