٢٣\١٠\٢٠١٠
بڕیارنامە:
سەبارەت
بەکێشکردنی سەرۆک جاشەکان بۆ بەردەم دادگا.
1. دۆکیومێنت و زانیارییەکان.
A. لە مانگی سێپتێمبەری ئەمساڵدا، دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسیان لە
هاتنەوەی "قاسم ئاغای کۆیە" کرد بۆ کوردستان. ئەو کەسە سەرۆک جاش و
بەشداربووە لە شاڵاوەکانی ئەنفال. دەستیشی سورە بەخوێنی ژمارەیەکی زۆر
لە پێشمەرگەکانی "ی.ن.ک"، "حیزبی شوعی عێراق"، "زەحمەتکێشان" و "سۆشیالیست".
لە کاتێکیشدا "بەرەی کوردستانی" لهسهروبهندی ڕاپەڕینی ئازاری 1991
لێبوردنی گشتی دەرکرد بۆ سەرۆک جاشەکان بەمەرجێک خۆیان بەدەستەوە بدەن،
"قاسم ئاغا" خۆی نەدا بەدەستەوە و ههڵات بهرهو بەغدا و تا ڕوخاندنی
ڕژێمی سەدام لە بەغدا نیشتەجێ بوو. دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامیش عێراقی
بەجێهێشتووە. لەلایەن " دادگای باڵای تاوانهکانی عێراق" لە بەغداوە
دوو جار فهرمانی دهستگیرکردنی لهساڵی (2003) و (2005) بۆ دەرکراوە
و کۆپی ئەم فەرمانانەش لهوهزارهتی شههیدان و دامودهزگا پهیوهندیدارهکانی
حکومهتی ههرێم ههیه. ئەمە و لەدادگاکانی هەرێمی کوردستانیشدا چەندین
داوای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن کەسوکاری قوربانیەکانەوە، وە لە
ساڵی 2003 لە دادگای کۆیە و لە دادگای هەولێریش بڕیاری گرتنی بۆ
دەرچووە.
B. بەبیستنی هەواڵی هاتنەوەی قاسم ئاغای کۆیە بۆ هەرێمی کوردستان و
شاری هەولێر، کەسوکاری قوربانیان بەتایبەتی لەدەڤەری کۆیە کەوتنە
جموجوڵ و خۆپێشاندان بەمەمەستی فشارهێنان بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ
دەستگیرکردنی و کێشکردنی بۆ دادگا بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی. لەژێر
ئەم فشارەدا پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) له 11 ی ئۆکتۆبەری 2010
لە کۆنگرهیەکی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگەیاند کە نەئاگاداری ئەوە بووە کە
قاسم ئاغا تاوانبارە و نەئاگاداری فهرمانی دادگاش بوە بۆ دهستگیرکردنی،
دواتر لهرێکهوتی 13 ی ئۆکتۆبەری 2010 وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری
هەرێم، (عەبدولباست فەرهاد)، هەمان پاساوەکانی پارێزگاری دوبارەکردەوە
و کەوتە پینەوپەڕۆکردنی ئەوەی کە بەرپرسانی هەولێر ئاگاداری تاوانەکانی
ئەو سەرۆک جاشە و ئەو داوا یاساییانە نەبوون کە لەسەری تۆمارکراوە.
C. ڕۆژنامەی "هاوڵاتی" لە ژمارە 672 ی ڕۆژی 17-10-2010 دا، لە
ڕاپۆرتێکی ئامادەکراودا نوسیویەتی قاسم ئاغا لە لێدوانێکی تایبەت بە "هاوڵاتی"
ووتویەتی ((من بەئاشکرا هاتومەتەوە و هەموولایەک ئاگادارن و بەدزی
نەهاتومەتەوە)) هەروەها "ڕوناک"ی خێزانی قاسم ئاغاش هەر لەو لێدوانە
تایبەتەدا بۆ ڕۆژنامەی "هاوڵاتی" ووتویەتی ((پارتی ڕێگەی پێداوین
بێینەوە هەولێر دانیشین و خانو بکەین، ئێمەش پارتین و مناڵەکانیشمان
هەمووی پارتیە)) هەروەها ڕوناک وتوشیەتی کە قاسم ئاغا ((لەڕێگەی
فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هاتۆتەوە)) و ((جگه لهسهرۆک بارزانی حیساب بۆ
کهس ناکهین)).
2. قۆناغێکی نوێ.
بەم لێدوانە تایبەتەی قاسم ئاغا بۆ ڕۆژنامەی "هاوڵاتی"، ئەم مەسەلەیە
چۆتە قۆناغێکی ترەوە. گەر لە قۆناغی یەکەمدا پارێزگاری هەولێر و
وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری، خەریکی پینەوپەڕۆ کردنی مەسەلەکە بوون.
ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان، ڕوبەڕوی هەموو ویژدانێکی ئازادیخواز،
ڕاشکاوانە ڕایان گەیاندووە کە قاسم ئاغا لە باوەشی گەرمی ئەواندا
حەواوەتەوە. بەم شێوەیە ئەم کێسە چۆتە قۆناغێکی تازەوە. قۆناغێک کە "پارتی
دیموکراتی کوردستان " بێ منەتە لە ڕای گشتی خەڵکی کوردستان، لە ویژدانی
خانەوادە ئەنفال کراوەکان و لەو خانەوادانەش کە ڕۆڵەکانیان وەک
پێشمەرگە بەدەستی ئەم تاوانبارە تیرۆرکراون.
3. پلانی ئاگاهانە.
A. هاتنەوەی قاسم ئاغا لەم بارودۆخەدا بۆ کوردستان دەستپێشکەریەکی
شەخسی خۆی نیە، بەڵکو پلانێکی سیاسی ئاگاهانە و ئامانجدارانەی "
پارتی"ە.
B. بەشێکە لە سیاسەتی ملهوڕی و داسەپاندنی دەسەڵاتی حیزبی تاقانە و بێ
ڕکەبەری "پارتی" بەسەر کۆمەڵگەدا.
C. تا بتوانێ حیزب و هێزە سیاسیەکانی کوردستان؛ هەر لە حیزبی
هاوپەیمانی ستراتیژیەوە بگرە تا نەیارەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و
ناسیونالیستە-لیبرالەکانی ناوپەرلەمان یا دەستەمۆ یا پەراوێز و
سەرکوتیان بکات.
D. تا هەرچی زووتر فەزای نیمچە ئاوەڵای فکری و سیاسی کوردستان هەڵپێچێت،
دەنگی ڕۆژنامە ئازاد و ئەهلیەکان کپکاتەوە، پاشەکشە بە بەرەی
ئازادیخوازی بکا، و
E. لەدوا ئاکامیشدا وەک پێداویستیەکی پەرەسەندن و کەڵەکەی سەرمایە، بۆ
خامۆش ڕاگرتنی چینی کرێکار و دادۆشینی زێدەبایی، پێویستی بە داسەپاندنی
ئیستیبدادی بورژوازیە لەشکڵی دەسەڵاتێکی ئەرستۆقراتیانەی بنەماڵەیی،
بەسەر تەواوی کۆمەڵگەی کوردستاندا.
4. دووڕیان.
بەدوای هەواڵی گەڕانەوەی قاسم ئاغا بۆ کوردستان، جموجوڵێکی جەماوەری بۆ
کێشکردنی ئەم سەرۆک جاشە بۆ دادگا، لە یەک مانگی ڕابردوودا خەریکی
شکڵگیری بووە. ئێستا بە ڕاگەیاندنی قاسم ئاغا بەوەی کە بەئاشکراو بە
ئاگاداری هەمووان هاتۆتەوە و جگه لهسهرۆک بارزانیش حیساب بۆ کهس
ناکات، بەم ڕاگەیاندنەی قاسم ئاغا ئەم جموجوڵە جەماوەریە کەوتۆتەسەر
دووڕیانێک؛ یان بەرەوخامۆشی دەچێت، لە بێدەنگیدا دەخنکێت و شکڵ ناگرێت
وەک بزوتنەوەیەک، یان دەبێت بە ستراتیژ و پلانێکی سیاسی ئاگاهانەوە
بجوڵێندرێت و بەرەوپێش ببرێت، تا وەک بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری
و ئازادیخوازی دیموکراتیک شکڵی پێبدرێت.
5. چالاکی دوولایەنە.
A. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەیەک کاتدا لە دوو بواردا کار بکرێت، بواری
یاسایی و بواری هێنانەمەیدانی جەماوەری ناڕازی بۆ سەر شەقامەکان، بۆ
خۆپێشاندان. بواری یاسایی چ لەناوخۆی کوردستان و چ لە دەرەوەی هەرێم جا
چ لە بەغدا و چ لە ئەوروپا دەتواندرێت کاری لەسەربکرێت. هەروەها بۆ
هاوپشتی جەماوەری ناڕازی و ئامادە بۆ هاتنە سەر شەقام دەتوانرێ
لەدەرەوەی وڵاتیش کەمپینی داکۆکی و پشتیوانی بەڕێبخرێت.
B. ڕوبەڕوبونەوەی یاسایی لەگەڵ ئەوەدا پێویستیەکی چارهەڵنەگرە، بەڵام
بەبێ ڕوبوڕوبونەوەی سیاسی (واتا هێنانەمەیدانی جەماوەر)، بەرتەسک و
سنوردارە و شانسی بەئاکام گەیاندنی زۆر لاوازە ئەگەر نەشڵێین شانسی نیە.
بەپێچەوانەوە ڕوبەڕوبونەوەی جەماوەریانە بەڕیزێکی بەرفراوان و ڕێکخراو
شانسی بەهێزە بەڵام دەبێت پۆشش و پاکانەیەکی یاسایی بەسەرەوە بێت بۆ
خۆپاراستن لە دەستوەشاندن و پەلامارەکانی "پارتی".
6. خاڵی سەرەتا و دەستپێکردن.
A. خاڵی سەرەتا و دەستپێکردن، بوژاندنەوە و چالاک کردنی ئەو
کەمپینانەیە کە لەو مەیدانەدا تا ئێستا دەستبەکار بوون.
B. وە دەستپێشکەری کردنیشە بۆ پێکهێنانی کەمپینە جەماوەریەکان لە ناوچە
ئەنفالکراوەکان و لەو دەڤەرانەی وەک پشدەر و بیتوێنش کە سەرۆک جاشێکی
وەک "هەباسی بایزی باڵواغا" دەستی سور بووە بەخوێنی زیاتر لە 100 کەسی
ئەو ناوچانە و لەهەولێری پایتەختیش موچەی دیوەخانانەی بۆ سەرف دەکرێت.
C. هەروەها هەوەڵدانە بۆ هێنانەدی پەیوەندی نێوان ئەم کەمپینانە تا
ببێتە بنەمای ڕێکخراوکردنی جەماوەرێکی بەرین و هێنانە مەیدانیان لەشکڵی
بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازدا، بۆ دەستکۆتاکردنی "پارتی" و "یەکیەتی"
بەسەر چارەنوس و ژیانی کرێکاران و زەحمەکێشانی ناوچە ئەنفالکراوەکان
لەڕێگەی کێشکردنی سەرۆک جاش و تاوانبارانی شاڵاوی ئەنفالەکان بۆ دادگا
کە بە زیاتر لە 200 سەرۆک جاش مەزەندە دەکرێن، و زۆرێکیشیان لای هەردوو
حیزبی دەسەڵاتدار؛ "پارتی" و "یەکیەتی" پلەوپایەشیان پێدراوە، و
هەندێکیشیان بوون بە لایەنگری "گۆڕان". بێگومان سەرهەڵدانی
بزوتنەوەیەکی جەماوەری ئاوا ئهگهر نهشتوانێت به ئامانجه
ئازادیخوازهکانی خۆیشی بگات، دەبێتە هۆی گۆڕینی فەزای فکری و سیاسی،
هەروەها گۆڕینی پارسەنگی سیاسی لە کوردستاندا لە دژی کۆنەپەرستی و
ئیستیبداد.
7. خاڵی دووەم.
هەردوو ڕێکخراوی "چاک" (ناوەندی هەڵەبجە دژ بەئەنفال کردن و جینۆسایدی
گەلی کورد-چاک)، و (چاودێری کوردۆساید- چاک)، بەحوکمی پێشینەیەکی
شکۆمەندی ڕێکخراوەکەیان لە داکۆکی لە قوربانیانی ئەنفالکراو، وە لە
هەوڵدانیان بۆ کێشکردنی سەرۆک جاشەکان بۆ لێپرسینەوەی یاسایی و دادگایی
کردنیان، ئیتۆریتە و ئیعتیبارێکی مەعنەویان لەناو ئەو جەماوەرەدا هەیە
و بەدڵنیاییەوە دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی ببینن لە بزواندنی ئەو جەماوەردا
بۆ ئەم مەسەلەیە. بۆیە خاڵی دووەم ساغ بونەوەی ئەو دوو ڕێکخراوەیە
لەسەر ستراتیژێکی لەوچەشنە. بەبێ دەستبەکاربوونی ئەم دوو ڕێکخراوە،
ستراتیژێکی سیاسی ئاوا ڕوبەڕووی ئاستەنگیەکی جدی دەبێتەوە.
8. ئامادەیی و ئەرکی "رەوەند".
A. "رەوەندی سۆشیالستی کرێکاری" ئامادەیی تەواوی خۆی نیشان دەدات بۆ
هاوکاری، هاوئاهەنگکردنی چالاکی و کاری هاوبەش لەو مەیدانەدا لەگەڵ
هەردوو ڕێکخراوی "چاک"، و هەر ڕێکخراو، کۆڕوکۆمەڵ و حیزبێکیش کە
لەڕاستای سیاسەتێکی ئاوادا، بیەوێت بۆ هێنانەمەیدانی ئەو جەماوەرە و
شکڵپێدانی بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵی لەو چەشنە دەستبەکار بێت.
B. هەر لەو پێناوەشدا بەئەرکی خۆی دەزانێت کە هەڵسێت بە پەیوەندیکردن
بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان، بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و
کەسانی هەڵسوڕاوی سیاسی. بەو مەبەستەی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە پەنگی
خواردۆتەوە لەدڵی جەماوەردا، بزوتنەوەیەکی سیاسی ئازادیخوازی
پێبهێندرێتە مەیدان.
رەوەندی سۆشیالیستی کرێکاریی
21\10\2010
www.rewend.info
nadr1506@yahoo.com
|