په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٢\٢٠١٣

    سەدەى قوپاندن.


گۆران رەئوف

من لە سەردەمی خۆم وەڕسم
لە خەیاڵی شاعیرانەش ماندووبوم
باوەڕموایە دەبوو
سەبازێکی روسی بومایە
لە سەدەی نۆزدەدا
وەک پاسەوانێکی بێدەنگ...
لە زیندانییەکانی سیبریا.
یان
دەبوو ڕۆژنامەفرۆشێکی
دەستگێربومایە
لە شارەکانی ڤینیسیا و
میلانۆ و رۆما..
لە سەردەمی مۆسۆلینیدا.
خۆشدەبوو
لە نێو بازاڕەکانی لەندەندا
بە گالیسکەیەکی شەقوشڕ
ئەو ژنانەم گواستایەتەوە بۆ ماڵەوە
کە لەبازاڕکردن تەواو ببوون..
لە سەدەی حەڤدەدا.


زەمەنى خۆم چى تێدایە،
جگە لە نائومێدییەکى کرچوکاڵ؟
لێرەدا ئینسانەکان هەمویان لەیەک دەچن
هەمووان پێکەوە یاخیین
هەمووان پێکەوە وەڕسن
وادەزانم ئیدى کارى شاعیرەکان تەواوبوە
ئەى مەگەر شاعیرەکان
لەهەوڵى یاخیبوندا نین؟!

من وەک منداڵێکى شەرمن
کە خاوەن قوفڵێکى بێئەندازە زەبەلاحم!
قوفڵێک خەیاڵەکانم...
قوفڵێک خەونەکانم..
قوفڵێک ئارەزەوەکانمى بەندکردوە و
هیچ کەسێک تواناى بینینیانى نییە،
تا کلیلى ژمارە ٧ى پێنەبێت!!

ئەم سەدەیە، چى پێبوو بۆمن؟
جگە لە بێدەنگکرنم و
هەڵگرتنى وەسوەسەکانم
بۆ کۆتایى دونیا!
ئەم سەدەیە چى بەمن بەخشى؟
جگە لە یەک رۆژ لە هەمو رۆژەکاندا!!


ئەم سەدەیە...
کوشتنى جیاوازییەکان بوو
بۆ گەمژەیی.
تێکدانى هەمو تەلارەکانى رۆحبوو
بە سەودایەکى زۆر کەم!
کەسێک نییە، پرسیارەگەورەکان بکات!
هەستەکەم لێرەوەیە کۆتایى ژیان.
لیرەوەیە مردنى چاخى زێڕینى زەوى!

من شتێکى کەم لەبارەى
ڕابردووەوە دەزانم،
هەرنەبێت ئاشنام
بەمێژوى چەند سەدەیەکى پێش خۆم
دەزانم جەنگ چ وێرانەیەک دەخوڵقێنێ!
دەزانم برسێتى یانى چى!
ئاشنام بە لاسەنگى ڕەگەزەکان و
جیاوازییە زۆرەکانى چینایەتى!
بەڵام دڵنیام لەسەدەکانى تردا
بەو هەمو بێئومێدییەوە
هیواهەبوە،
بەو هەمو ماندوبونەوە شتێک هەبوە
رێگە هەبوە بۆ گەیشتن بە ئامانج!

لەم سەدەیەدا هەمو زەوى تەیبکە
ئامانجێک نادۆزیتەوە؟!
بڕۆ قوڵاییەکانى ناوەوەى
ڕێگەیەک نابینییەوە بۆ دەربازبون
لەم ماتییە!

جیاوازى من لەگەڵ
دەوروبەردا ئەوەیە
ناتوانم گوێنەدەم بەم هەمو توڕەهاتە
من بەردەوام هەستەکەم هێندەى
ژمارەى ئەستێرەکان غەریبم بەم سەدەیە!
گشت ساتەکان
تەواوى چرکەکان
ناتوانم واهەستنەکەم
"من هەر دەبو ژیانم لەسەردەمێکى تردابوایە!"
هەمیشە لەهەوڵى ئەوەدام ڕابێم بەم ڕۆژگارە
دەمەوێت فێربم چۆن کوڕە هاوسێکانمان
گۆرانى بۆ کچە قوپاوەکان دەڵێن
منیش فێربم
ئاوەها گۆرانى بۆ
فرمێسەکانى ئەم سەدەیە بڵێم!

 

goranrauf@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک