٢٩\٣\٢٠٢٥
سەدر و شەقام و
ئاکامەکەی.

ئەرسەلان مەحمود
لە کۆڵانە باریکەکانی نەجەف و بەغدا، زەنگی پەیامەکانی سەدر ناوە ناوە
دەنگدانەوەیەک دروست دەکەن، مقتەدا سەدر، ئەو کەسەی وەک هەمیشە
لایەنگرەکانی بە گوێی دەکەن و کاریگەری لەسەر شەقامی سیاسی دروست دەکات،
ئەمجارە لە بەیاننامەیەکی گەرم و ئاگریندا، داوا لە خەڵکەکەی دەکات کە
بەشداری دەنگدانەکانی داهاتوو نەکەن. نە دەنگ بدەن، نە بەشداری بکەن،
تەنها لە دوورەوە سەیری ئەم نمایشە سیاسییە بکەن کە گەندەڵی وەک
ژەهرێکی کوشندە تێیدا بڵاوە.
سەدر، لە ناوەڕاستی بەیاننامەکەیدا، وەک شاعیرێک قەڵەمەکەی بادەدا و
دەنوسێت " هەڵبژاردنەکان تەنها نمایشێکن و پرۆسەکی پەککەوتەیە و مەرامە
تایفی و حزبییەکان وەک مارە سەرگەردانەکان تێیدا دەسووڕێنەوە.
ئەو بە زمانێکی روون، دوژمنەکانی دیاری دەکات: "گەندەڵکاران و
فاشیستەکان"، کە مەبەست لێیان ئەوانەن کە لە ناوەندە سیاسیەکاندا لەسەر
بەرژەوەندییەکانی خەڵک دەلەوەڕێن و "دەستی بیانی"ن، لێرەدا تاران ئەو
گرووپە پرۆ-ئێرانیانە بە ئامانج دەگرێت کە وەک سێبەر لەسەر سیاسەتی
عیراق پالکەوتوون.
پەیامەکەی سەدر وەک مانۆڕێکی تری سیاسی دەردەکەوێت. بایکۆتەکەی تەنها
وازهێنان نییە، بەڵکو چەکێکی بێدەنگە کە دەیەوێت ڕەوایەتی لەم سیستەمە
بسەنێتەوە و لە ڕیشەوە هەڵیتەکێنێت.
لە تویتەکان و پەیامەکانی خەڵکدا کە لە ئێکسەوە دەستم کەوتن،
لایەنگرانیشی وەک خۆی دەڵێن: "ئەگەر بەشداری بکەین، دەستمان دەکەوێتە
ناو گوناهەوە." ئەمەش ئەو بارگاوی بوونەیە کە سەدر ئیشی پێیەتی،
زیرەکانە بەیانەکانی وەک هەمیشە بە "بەناوی خودا"وە بۆ دەست پێکردووە و
بە "خودایە داوەری بکە" کۆتایی بۆ پێهێناوە. ئەمە ئەو کلیلەیە دڵی
شەقامی ئیسلامی، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لەگەڵ هەر وشەیەکی سەدردا وەک
قیبلەیەک دەجووڵێن، دەکاتەوە.
ئەگەر سەیری ئەو گفتوگۆیە بکەین کە لە ئێکسدا دەبیندرێن، خەڵکەکەی سەدر
دەڵێن ئەم بایکۆتە وەک بومەلەرزەیەکە بۆ شیعەکان و تەواوی عیراق. کەسێک
نووسیبووی: "گەر سەدر بکێشێتەوە، کێ دەمێنێتەوە دەنگی خەڵکەکە بێت؟"
هەشن دەڵێن ئەمە دەرگەیەکە بۆ قەیرانێکی قووڵتر، بەڵام لە هەمان کاتدا،
سەدر وەک بازرگانێکی سیاسی، دەرفەتەکە بۆ خۆی دەکاتە زێڕ. لە ناو
تویتەکاندا، هەندێک پێیان وایە ئەو چاوەڕێیە کە سیستەمەکە لە ژێر
فشاردا بشکێت، تاکو ئەو بە مەرجەکانی خۆی، وەک سەرۆکێکی بێركابەر،
بگەڕێتەوە سەر مەیدانەکە.
ئاکامەکە چییە؟ شەقام چاوەڕوانە. سەدر بەم هەنگاوە، وەک شەیتانێک کە لە
قاپیەکی پەرگەدا خۆی دەشارێتەوە، دەیەوێ هەم سیستەمەکە بلەرزێنێ و هەم
خۆی وەک تەنیا چارەسەر سەربخات. لە ناو ئەم گەمە سیاسییەدا، کە هەم
گەندەڵی تێدایە و هەم دەستی دەرەکی، سەدر بە بایکۆتەکەی، وەک شەمشمێرێک
کە لە ژێر سێبەرەوە دەردەکەوێت، هەوڵدەدا هێزەکان دووبارە ریز بکاتەوە
و عیراق بەرەو رێگەیەکی نادیار ببات.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|