٥\٨\٢٠٢٠
"سەد و یەک
رۆژ تەنیایی" و تەمەنێک توانەوە
لە نێو نیشتماندا.

هۆمەر
خوێندنەوەی کتێب نەخاسما کتێبێک سەربردە و ڕۆژە حەزینەکانی
کەسایەتییەکی سەرتاپا نەتەوەییت بۆ بگێڕێتەوە،بە دڵنیاییەوە بایەخ و
گرینگایەتییەکی فرەی دەبێت و خوێنەری تامەزرۆ،ھەرگیز لە ھەڵدانەوەی
لاپەڕەکانی پەڕتووکێکی ئەوتۆ،ھەست بە شەکەتبوون و ماندووێتی ناکات.
کتێبێک بە ناخی ئەوڕووداوانەداڕۆ دەچێت کە دەست لە بەرۆکی شاعیرێکی
مرۆدۆست و ژیاندۆست بەرنادەن و جەخار جەخار خوێنەر ھەر ساتە و زێتر
ھەست بە وەرینی گەڵایەک لە دارە کەسکەکەی دەکات. گێڕانەوەی ئەم بویەر و
ڕووداوەڕەزاگرانانە،ئەویش لە زار کەسێکەوە بۆ خۆی نغرۆی نێوڕووداوەکانە
و ڕاستییەکان وەک خۆ دەگوێزێتەوە،بۆ خوێنەر،سەد ھێندە چێژبەخشتر
دەبێت.ڕووی ئەم پەیڤ و کورتە نووسینە لە کتێبی "سەد و یەک ڕۆژ
تەنیایی"،بەرھەمی"ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس"ە.
"سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی"،ھەڵدانەوەی لاپەڕە حەزینەکانی دوایین
ساتەوەختەکانی فرمێسکاویی شاعیرێکی نەتەوەیی و تا سەر ئێسقان
گەلپەروەرە کە بەدەم غوربەتێکی ناخھەژێنەوە،ھەر ساتە و تەڵێک
ڕەشەڕێحانەی تەمەنە کەسک کەسکەکەی،زەرد زەرد ھەڵدەوەرێت. سەد و یەک ڕۆژ
تەنیایی،بە قەد مێژوویەکی کەونی خەمبار،بۆ کورد ئازاراویی و تاڵە. سەد
و یەک ڕۆژ تەنیایی،ئەو ڕۆژە پاییزاییانەی تەمەنی شاعیرێک دەگێڕێتەوە کە
بە درێژایی تەمەنێک،ھەردەم بەرگێکی ڕەنگاڵەیی دەکردە بەر داری ئەدەبی
نەتەوەیەکی بندەست و ناوی ئەم گەلە بێ کیانەی دەخستەوە سەرزاران و
نەیدەھێشت بێناز بکەوێت و بە بۆتەی فەرامۆشی بسپێردرێت. ھەر بۆیە
نیشتمان،ڕۆژانە لە زنەی چاوانی ھەمیشە شیعرباری ئەم ھەیکەلە مەزنە
ئەدەبییەی دەخواردەوە کەچی لەو لایشەوە فرمێسکێک بە ڕوخساریدا دەتکایە
خوار.
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،سەربردەی ڕۆژە سەرتاپا خەمینەکانی ئەو شاعیرە
دەگێڕێتەوە کە تەمەن و ژینی ھەر لە پێناو بەرزکردنەوەی ناوی بڵندی
نیشتمانەکەیدا تێپەڕاند و لە کوێ خەمێک نیشتبایە سەر گۆنا ھەمیشە
سوورەئاڵەکەی،بە چڵە شیعرێک،سوکنای بۆ دەگوێزتەوە. سەد و یەک ڕۆژ
تەنیایی،خودی سەرگورشتەی ڕاستینەی ڕۆژانی کپ کپی شاعیرێک دەگێڕێتەوە کە
بۆ خۆی لە ڕێی زمانەوە،ھەر جارە و گۆمێکی دەشڵەقاند و ڕووبارە پەیڤێکی
تازەی دەخستە نێو قامووسی ئەم زمانە دێرین و دەوڵەمەندەوە. سەد و یەک
ڕۆژ تەنیایی،ئەودیو وەفا و ئەمەگناسی یانژی بە پێچەوانەوە،بێوەفایی
خەڵکانێک لە ھەمبەر ئەم شاعیرە مەزنەمان بۆ دەردەخات. باس لە ھاوڕێی
دێرین و خەمخۆری شاخ و خەمساردی ئێستای نێو شارمان بۆ دەکات.گەورەیی
شاعیرمان لە زمان کەسایەتی کورد و ناکوردەوە بۆ دەگێڕێتەوە.چیرۆکی
ڕاستینەی دەستەڵاتێکی نوقمی نێو گەندەڵیت بۆ دەگێڕێتەوە. دیوی ڕاستینەی
سەربردەی پیاوانی قسەی ڕووتمان بۆ دەخاتە ڕوو.
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،سات بە سات لەگەڵ ھەناسەکانی شێرکۆ بێکەس
دەمانگەڕێنێت و دواساتیش ھەر بۆ خۆی خەبەر لە دواھەناسەی دەدات کەچی
شێرکۆ بە شیعر ئەوەندە ھەناسەی لە ھەر ھەموو نیشتماندا بڵاو بووتەوە کە
مرۆ ھەمیشە ھەست بە ترپەی دڵ و ناخە سیخناخە شیعرییەکەی دەکات و سات
نییە بەدەم خوێندنەوەی بەرھەمێک و شیعرێکی شێرکۆوە،ھەست بە لێدانی دڵە
ھەر ھەمیشە شەیدای زمانەکەیەوە نەکات. ئیدی ھەناسەیەکی لەو چەشنە کەنگێ
کپ دەبێت ودڵێکی ئەوتۆ کوا لە ترپە دەکەوێت!
ئەم کتێبە،گۆشەیەک لە بێمروەتی،بێ بەڵێنی و خەمساردییھاوڕێیانی دوێنێ و
کورسینشینانی ئەمڕۆ لە لایەک وخۆشەویستبوونی شێرکۆ لای گەلەکەی و وەفا
و ئەمەگناسییکۆمەڵێک ھەڤاڵ و داژداری لە ھەمبەر ئەم مرۆ نازەنینە و
ھەروەھا ڕوانین و دیدگای نەتەوەییانەیشێرکۆمان بۆ باس دەکات.
شێرکۆ بێکەس کە ھەموو ژیانی لە پێناو زمانی نەتەوەیەکی بندەستدا وەپشت
سەر دەنێت،کاتێک ئەم نەتەوەیە لە پارێکی نیشتمانە لەت لەتکراوەکەیدا
دەبێتە خودان دەستەڵات،ھەر کەشاعیر وەک ھەمیشە دەبێتە دەنگی دلێری
نەتەوەکەی و تەنێ خۆی بە مڵکی لایەن و پارتێک دانانێت،سەد مخابن ڕۆژانی
بێ میھری لە ڕێوە دەگەن. شێرکۆی شاعیر ھەتا دوا دەمی ژین ھەر مەراقی
ئەو ڕۆژانەی لە دڵ دەرناچێت کە ناھێڵن بەرھەمی "ئێستا،کچێک
نیشتمانمە"،بە سیحری دەنگەکەی بخوێنێتەوە.
ھەڵۆی کوڕی ئیشارەت دەداتە ئەم پرسە و دەنووسێت:"بە درێژایی ئەم
ساڵانەی ژیانی کۆتایی باوکم،یەکێک لەو شتە کەمانەی تا مردنیش لە دڵی
دەرنەچوو،ئەو ڕێگرییە بوو کە لە مێژوودا بوو بە پەڵەیەکی ڕەش و عار بە
نێوچەوانی دەسەتەڵاتداران و لیژنەی ئەمنیی ئەوسای سلێمانییەوە". (سەد و
یەک ڕۆژ تەنیایی،ل ٧٢).
ھەڵۆ لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا لە ھەمبەر ھاوڕێیانی نێو جەرگەی شۆڕش و
خەمساردییان بەرانبەر شێرکۆی باوک،زمانی بە گلە دەپژێت و
دەنووسێت:"گلەیی من،لە ڕوانگەی ئەو نزیکییەی باوکم لە کۆمەڵێ لەو
ھاوڕێیانەوە بوو،کە ڕۆژانێک لە ناو شۆڕشی نوێدا لە شاخ پێکەوە بوون. خۆ
ئەگەر ئەوە شانازیی بێت بۆ ئەوان،ئەوا بەشێکی ئەو شانازییەش بەر باوکم
دەکەوێت،کە لە جۆشدانی پێشمەرگە و شیعری بەرگریی و داگیرساندنی
ئەو(مەشخەڵە)ی ڕێگای چەندین شەھیدی قارەمان بوون".(ھەمان سەرچاوە،ل١٣٤).
ھەڵۆ،مرۆی نێو شاخ و دەستەڵات بە دوو جۆرە مرۆی جیاواز دادەنێت و
دەنووسێت:"مەلا بەختیار کە خۆی بە دەروێشی شیعرەکانی شێرکۆ
دەزانێ،ڕەخنەی لێ گرتم لەڕێگەی(کاک عەبدولڕەزاق فەیلی)یەوە ھەواڵی
باوکمیان پرسیوە،وەک ئەوەی خۆیان دەستی تەلەفۆنیان بەخەنەوە بووبێت!".(سەرچاوەی
پێشوو،ل ١٣٧)
وەک ھەڵۆ ئیشارەتی پێداوە،"فارۆق مەلا مستەفا"کە سەرمایەدارێکی گەورەی
کورد و لایەنگری ئەدەبی کوردییشە،ھاوڕێیەکی دێرین و لە مێژینەی شێرکۆ
دەبێت و بە "ڕەفیقی عومری"دادەنێت. ھەڵۆ،ھەروەھا ئاماژە بەم خاڵەیش
دەدات کە پاش گەڕانەوەی تەرمەکەی باوکی بۆ کوردستان،فارۆقمەلا مستەفا
لە سەردانێکی بۆ ھۆتێل و لای نزیکانی شێرکۆ،بیرەوەرییەک دەگێڕێتەوە کە
جارێک شێرکۆی باوکی بەم سەرمایەدارە کوردەی وتووە:"فارۆق تۆ ئەو ھەموو
کار و پرۆژەیە ئەنجام ئەدەیت،حەق بوو پەیکەرێکیش بۆ "گۆران"ی شاعیر
دروست بکەی،لە منارەکەی مزگەوتی گەورە،بەرزتر بێت". ھەڵۆ دەڵێت،کاک
فارۆق لەو دانیشتنەدا وتی:"بۆیە منیش بڕیارم داوە ئاواتەکەی بھێنمە دی
و پەیکەرێک بۆ گۆران و پەیکەرێکیش بۆ شێرکۆ بەرانبەریەک دروست بکەم،لە
منارەکەی مزگەوتی گەورە،بەرزتر بێت". (ھەمان سەرچاوە،ل ٢٩٣ و ٢٩٤).
ھەڵۆ گلە لەم سەرمایەدارە کوردە دەکات کە ھێشتاکە بەڵێنەکەی جێبەجێ
نەکردووە و دەنووسێت:"دروستکردنی مێژوو ھەر بەڵێن نییە،کردار و
نەخشاندنی شەرتە!".(ھەمان سەرچاوە،ل ٢٩٤).
ھەڵۆ،ھەر بۆ مێژوو،وەفای"مەریوان ھەڵەبجەیی"نووسەرمان لە ھەمبەر
شێرکۆدا بۆ دەگێڕێتەوە کە کاتێک لە نزیکەوە پەی بەوە دەبات کە
شێرکۆ،ژێی قوڕگی لەکار کەوتووە،ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت کە ژێی قوڕگی
خۆی پێشکەش بکات.ھەروەھا زۆر بەڕێزەوە دەنووشتێتەوە و کڕنووش بۆ
گەورەیی مێژووی شێرکۆ و ماڵباتەکەی و ھەر ھەموو بەرھەمە شیعرییەکانی
دەبات.
ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس،لە کتێبی "سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی"دا باس لە سۆراخ
گرتنی دوو سیاسەتمەداری کورد،بەڕێزان دوکتۆر "فوئاد مەعسووم" و دوکتۆر
"مەحموود عوسمان"دەکات کە شێرکۆیان بە سەروەتێکی نیشتمانی لە قەڵەم
داوە.(ل ١٣٨).
ھەڵۆ،ئیشارەت بەم خاڵەیش دەدات کە شێرکۆی باوکی ویستوویەتی ماڵەکەی
بکرێتە مۆزەخانە کەچی ھەڵۆ گوتەنی:"ماڵەکە وەختە مۆرانە بیخوات،ھەموو
شتەکانی شێرکۆ بێناز لەوێدا،لە ژێرڕەحمی شێدا کەوتوون و گیان
دەدەن،بەڵام بێباکی و ڕاستگۆیی شێرکۆ سەری بەرزە و زیندووە".(ھەمان
سەرچاوە،ل ١٧٣)؛ ھەروەھا دەنووسێت:"ئێستایش دوای پتر لە ٤٠ ساڵ مارشی
ئەوحیزبە(مەبەستیەکێتییە)ھەر شیعری باوکمە،بەڵێ ئەوەیش وەفای
سەرکردایەتیییەکێتیی بەرانبەر ئەو شاعیرە! ئاخر ئێوە ھێندەی کۆماری
ئیسلامییشتان پێ نەکرا،کە ماڵی (ھێمن موکریانی)کردە مۆزەخانە!".(ھەمان
سەرچاوە،ھەمان لاپەڕە).
"توانا ئەمین"،نووسەرێکی ھزرڕوونی نھای کوردە کە سەبارەت بە شێرکۆ
بێکەس دەنووسێت:" شێرکۆ بێکەس تەنھا باوکی قۆناغێک لە شیعری کوردی و
نوێکەرەوەی زمانی کوردی نییە،شێرکۆ بێکەسڕیزپەڕێکی ئاوارتەیە،ئەگەرچی
خەڵکی سلێمانییە،بەڵام شیعری ئەو،بۆ مەھاباد و قامیشلی و بۆ دیاربەکر و
بۆ ھەولێر و بۆ دھۆک و بەشی شێریشی وەک ھەمیشە بۆ کەرکووکی خوێناویی و
بریندارە... شێرکۆ بێکەس زیاترە لە ناوێک،شێرکۆ بێکەس سەروەتێکیڕۆحیی و
نیشتمانییە بۆ ھەر کوردێک لە ھەر شوێنێکی ئەم سەرزەوییە بێت".(سەرچاوەی
پێشوو،ل٢٤٦ و ٢٤٧).
ھەڵۆ بە ویژدانەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و لە کوێ وەفای بینیبێت ،وەک
خۆی باسی لێوە دەکات و لە شوێنێکدا ھەڵوێستی دوکتۆر بەرھەم ساڵح و مەلا
بەختیار بۆ ھاتنەدی وەسێتەکەی شێرکۆ بێکەس(ناشتنی لە پارکی ئازادیدا)
بەرز دەنرخێنیت کەچی ئیسلامییەکان دژ بەمە دەوەستنەوە؛تەنانەت کۆمەڵی
ئیسلامی بایکۆتی پرسەکەی شێرکۆ دەکات.
نیشتمانێکی نغرۆی نێو گەندەڵی و باڵادەستبوونی لایەنێک و نەبوونی
ئیرادەیەکی بڵند بۆ دروستکردنی ھەرێمێک بۆ ھەمووان،یەک لەو پرسە
جەوھەرییانە دەبێت کە شێرکۆ ھەمیشە لە ھەمبەریدا دەم بە ھاوار دەبێت.
شێرکۆ لە نامەیەکی بۆ مام جەلال زۆر ڕەخنە لە شێوازی دەستەڵاتدارێتی و
حوکمڕانیی نێو ھەرێم و تێکەڵکرانی حیزب و حوکوومەت و گەندەڵیی
ھەمەلایەنە دەگرێت.
کێ ھەیە و حاشا لە خۆشەویستی شێرکۆ بێکەس لە ناخ و گیانی ھەر ھەموو
کورداندا بکات! ھەر لە ڕۆژە پاییزییەکانی شاعیردا،ڕۆژێک دەبووایە بچێت
بۆ تاقیگە و نموونەی خوێنی لێ وەربگیردرێت. لە بەختی وی،تاقیگەکە جمەی
دێت لە خەڵک و شێرکۆ بێتاقەت دەبێت کەچی لە ھەمان ساتدا کوردێکی
گەلپەروەر ھەتا مامۆستا دەبینێت،لێی دەچێتە پێش و دەڵێت: "مامۆستا
گیان،من ژمارە یەکم،ئەمە بۆ تۆ و ژمارەکەی خۆتم بەرێ؛من ناھێڵم تۆ لەم
سەرەیەدا بوەستی".(ھەمان سەرچاوە،ل ٥٣).
کوردستان بە ھەموو پارچەکانیەوە لای شێرکۆ بەیەک دید سەیر دەکرا و
ئەوەی ئاشنا بە شیعری ئەم شاعیرە بێت،دەزانێتورکە و پەرۆشە سەرەکییەکەی
شێرکۆ،تەنێ کوردستانەکەی بوو و بەس. ھەموو پارت و ئالییەکی کوردستانی
لا خۆشەویست بوو. ھەڵۆسەبارەت بەم پرسە دەنووسێت:"ھەرگیز ھەستم بەوە
نەکردووە فەزڵی لایەک بدا بەسەر لاکەی تردا،بە پێچەوانەی ئەوانەی
ھەمیشە باوکمیان لەسەر لایەنێک حیساب دەکرد!".(سەرچاوەی پێشوو،ل ٨٦).
ئەم کتێبە ڕاستە خەمنامەی شێرکۆ بێکەسە،لێ دید و بۆچوون و ڕوانگەی
شاعیرێکی خودان ئەزموون بەرانبەر گەلێک پرسان دەخاتە بەر دیدەی خوێنەر.
وریایی ھەڵۆ لێرەوە دەردەکەوێت کە ناھێڵێت کتێبەکە ھەر چاو بە گریان
بێت و لە ھەر لاپەڕەیەکدا دەپەرژێتە سەر گۆشەنیگایەکی شێرکۆی باوک و بە
دیویەکی دی،خوێنەر بە ھزرڕوونیی ئەم مرۆ مەزنە ئاشنا دەکات.
گۆرانی،یەک لەو ھاوڕێ ھەرە نزیکانەی شێرکۆ بێکەس دەبێت کە تا دوادەمی
ژین ئەم حەزە دەروونییە لە لای ئامادە دەبێت. سەبارەت بە تێکستی گۆرانی
دەڵێت: "تێکستی گۆرانی(نەک شیعر)ئەبێ ئاسان بێ،زوو لەبەر بکرێت و لە
ھزری خەڵکدا بمێنێتەوە".(ھەمان سەرچاوە،ل ١٠٠).
سەبارەت بە توانا ھونەرییەکەی ھونەرمەند "پەیوەند جاف"یش دەڵێت:"تۆ
دەنگێکی بەھەشتیت پێوەیە!من لە ھیچ دیدار و چاوپێکەوتنێکدا ئەمە باس
ناکەم با نەڵێن مەتحی زاواکەی خۆی دەکات،بەڵام ئامۆژگاریی من بۆ تۆ
ئەوەیە بجووڵێیت و تۆزێ گورجوگۆڵتر و چالاکتر بەرھەمەکانت بڵاو
بکەیتەوە".(سەرچاوەی پێشوو،ل ١٠١).
شێرکۆ،شەیدای دەنگ و گۆرانییەکانی ھونەرمەندانی وەک محەممەد
ماملێ،حەسەن زیرەک و مەزھەر خالقی دەبێت.
ھەڵۆ،پێوەندی نێوان شێرکۆ و خالقی،بە پێوەندییەکی دۆستانە و ڕۆحی
دادەنێت و دەڵێت،کە ھەواڵی مەرگی شێرکۆ بڵاو دەبێتەوە،خالقییەکەم کەس
دەبێت بە دڵشکاوی و چاوی پڕ ئەسرینەوە سەردانی دەزگای سەردەم دەکات.
ھەڵۆ ھەروەھا دەلێت:"باوکم ھەمیشە شەیدا و خۆشەویستی شیعرەکانی بۆ
دەنگی خالقی دەربڕیوە".(سەرچاوەی پێشوو،ل٢٧٨).
یەک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی نێو ئەم کتێبە ئەوەیە کە لەم لقەوە بۆ ئەو
چڵ باز دەدات و تەنێ لەسەر چڵێک ناوەستێت. لە ئەدەبەوە ڕوو لە ھونەر
دەکات و لەوێشەوە بۆ نێو دنیای سیاسەت باز دەدات و دیوی ڕاستینەی
ڕووداوەکانی نێو نیشتمانمان بۆ دەردەخات. نەوشیروان مستەفا لە لای
شێرکۆ بێکەس خاوەنی سەنگێکی تایبەت بووە؛شێرکۆ لە کتێبی "نووسین بە
ئاوی خۆڵەمێش"دا بە وردی لەسەر کەسایەتی نەوشیروان مستەفا باسی کردووە.
لە کتێبی "سەد و یەک تەنیایی"شدا دیسانەوە ئاوڕی لەم کەسایەتییە
داوەتەوە. ھەڵۆ دەنووسێت:"کاک نەوشیروان جێگەیەکی تایبەتی لە دڵی
باوکمدا ھەیە".(سەرچاوەی پێشوو،ل١٤١)
ھەروەھا دەنووسێت:"کاک نەوشیروان بە باوکمی وت: تۆ شاعیرێکی گەورەی بۆ
شۆڕش و پێشمەرگە،بڕوا بکە نیوەی ورەبەرزیی پێشمەرگە بە ھۆی شیعرەکانی
تۆوەیە".(ھەمان سەرچاوە،ل ١٤٢).
کێ بێت و وردە خوێندنەوەیەکی بۆ شیعری شێرکۆ بێکەس ھەبێت و بتوانێت
نکۆڵی لە زمانە زەنگینەکەی بکات! شاعیری نەتەوەیی"عەبدوڵڵا
پەشێو"سەبارەت بە مەزنیی شێرکۆ دەڵێت:"زمانی کوردی بە دەست شێرکۆوە
زەلیل بوو!".(سەرچاوەی پێشوو،ل ٦٣).
شێرکۆ بە زمانە ئاورینەکەی دەناسرێتەوە کەچی کاتێک بەو ئازارەوە گیرۆدە
دەبێت،ئیتر ناتوانێت بپەیڤێت و بۆ خۆی وەرامی خزم و ھاوڕێیان
بداتەوە،بۆیە بە نیگا، دەزانیت ئاورێک لە ناخی وەربووە . ئەمە قسەی
ھەڵۆیە سەبارەت بە شێرکۆی مەزن ئەو دەمانەی زمانە پاکژ و زوڵاڵەکەی
دەشێوێت:"کاتێ قەڵای من ڕووخا،کە باوکم زمانی قسەی شێوا!".(سەرچاوەی
پێشوو،ل١٥٩).
ھەڵۆ،ھاوڕێ ھەرە نزیکەکەی دوا ساتەوەختەکانی تەنیایی شێرکۆ بێکەس،لەم
پەڕتووکەدا پەردە لەسەر گەلێک نھێنی سەبارەت بە دوا بەرھەمەکەی
شێرکۆ(یادەوەریی پاسکلیلێکی کەرکووکی)ھەڵدەداتەوە کە ئەم شاعیر مەزنە
ویستوویەتی لە ڕێی ئەم بەرھەمەوە مێژووی شاری کەرکووک و
کوردستانیبوونیشی بگێڕێتەوە و یەک لە بەرھەمە ھەرە مەزنەکانیشی بێت.
خەمی شێرکۆ لەم بەرھەمەدا ھەر خەمی گشت کەمە نەتەوایەتییەکان و زمانی
جیاواز و بەھا ئینسانییەکان و گرینگتر لە ھەمووانیش،سەلماندنی
کوردستانیبوونی کەرکووک دەبێت. ھەڵۆ ئیشارەت بەم خاڵەیش دەدات کە
ھەرگیز بە خەیاڵیشیدا نەھاتووە پاش باوکی، بەرھەمەکە تەواو بکات بەڵام
ئاگاداربوون لە ھەست و نەستە شیعرییەکەی باوک و پرسیارکردنی ورد لەسەر
ئەم بەرھەمە و ھێنانەدی ئاواتەکەی باوک و ساڕێژکردنی برینی سەر ڕۆحی
خۆ،بە ھۆکاری تەواوکردنی ئەم بەرھەمە دادەنێت. ھەروەھا دەڵێت کە
دەقەکەی پێش بڵاوبوونەوە،نیشانی ڕەئووف بێگەرد،فەرھاد شاکەلی،دوکتۆر
ڕێبوار سیوەیلی،توانا ئەمین،سارا عومەر و دوکتۆر شیروان میرزا داوە و
داوای لە ھەر کامەیان کردووە، سەرنجی خۆ بخەنە ڕوو. ئەرچی ھەڵۆ ھەر
لەسەر ئەم کارە،بەرەوڕووی کۆمەڵێک ڕەخنەی توند و تیر و توانج بووەوە.
ھەڵۆ لە کتێبەکەیدا خاکەڕایی شیرکۆی مەزنمان جارێکی دی وەبیر دێنێتەوە.
دەنووسێت:"لێم پرسی:بابە بۆ لە نووسینێکتدا وتووتە:من لای خۆم ئەو
شاعیرە گەورەیە نیم،کە خەڵکی باسی ئەکەن،لە وەڵامدا وتی: نووسەر و
شاعیر نابێ وەکوو تاووسی لەخۆبایی لە لای خەڵکەکەی دەرکەوێت،ئەبێت سادە
و ساکار وەکوو کوکوختییەکی ڕەنگ خۆڵینی ئەو دەشت و دەرە وابێ".(ھەمان
سەرچاوە،ل ١٨١).
شێرکۆ،شاعیر وەک سنعەتکار دەبینێت و شیعرنووسین بە سنعەت دەزانێت. ھەڵۆ
ھەر جارە و نھێنییەک لە ناخە شیعرییەکەی شێرکۆمان بۆ ئاشکرا دەکات.
دەڵێت:"لێم پرسی:تۆ زوو زوو ھونەری شیعرنووسین دەگۆڕیت،کورتەشیعر بۆ
قەسیدەی درێژ،بۆ ڕۆمانەشیعر و بۆ دەقی واڵا؟ لە وەڵامدا وتی: من نامەوێ
لە کۆڵانی ھەورێکدا قەتیس بم،من ئەمەوێ ئاسۆی فڕینم فراوان بێت،ئەگەر
ھەموو ساڵێ(کاژێکی شیعریی)فڕێ نەدەم،ئەمرم!".(سەرچاوەی پێشوو،ل ١٨٢).
شێرکۆ وەک چلۆن شیعرەکانی بۆ ھەمیشە بۆ ئەدەبی کوردی دەوری ڕۆژ
دەبینن،ھەمیشەیش بۆ نووسین،ڕۆژی لە لا میوان دەبێت. ئەوەتانێ سەبارەت
بەم پرسە دەڵێت:"کە دنیا تاریک ئەبێ،ناتوانم بنووسم! من ھەموو
نووسینەکانم لە بەیانیان و لە ڕۆژدا ئەنووسم و بە کەمی و زۆر بە
دەگمەن،بە شەو نووسیومە".(سەرچاوەی پێشوو،ل ١٠١).
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،چیرۆکی تلانەوەی ماڵباتێکی نغرۆی نێو شیعرە بە
ئازارێکی جەرگبڕەوە کە چلۆن بە بەرچاویانەوە،ڕۆژانە شەمی گیانی ئەم
ڕۆحە مەزنە دەتوێتەوە.
"شەفیقە سەعید"،ئەو شاخانمەی لە شیعری شێرکۆ بێکەس دا بە ھەسارەیەکی
ھەمیشە گەش دادەندرێت،لە لای ئەم شاعیرە مەزنەیش بە خودی چیای میھر و
خۆڕاگری وەسف دەکرێت. شێرکۆ لە بیرەوەرییەکانیدا سەبارەت بەم خانمە
نازەنینە دەنووسێت:"ئاواتمە مەرگم پێش مەرگی دایکم کەوێ و مەرگی
نەبینم". (ھەمان سەرچاوە،ل ٢٦٦).
بەڵام لای دایک(شەفیقە سەعید)،پێشمەرگەکانی کوردستان بە کوڕی وی
دادەنرێن. کەچی ئەوەندە ئاشقی شێرکۆی کوڕ دەبێت کە ھەموو مەینەتییەکانی
ژیان لە چاو مەرگی شێرکۆ بە ھیچ دادەنێت. وەسیەت دەکات کاتێک
دەیشۆن،دواجار بە لای ڕاستدا دابنرێت بۆ ئەوەی ھەرچی تاڵی و زووخاوی
مەرگی شێرکۆیە لە گەروویەوە بچێتە دەر و نەیباتە ژێر گڵ.
ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس کە لە نزیکەوە چاو لە توانەوەی ئەو چیای میھرە
دەکات،ئاورێک لە گیانی بەر دەبێت و دەنووسێت:"بە سەرنج و سەیرکردنی
ئەودا تێگەییشتم،چاوی خۆرنشین و چاوی ئەم کۆچەی باوکم،یەک چاون؛بۆنی
شێداری قسەکانی و سەفەری ئەسرین و بۆنی شیعری غەریبی و بۆنی ماڵئاوایی
ھەر یەک بۆنن".(ھەمان سەرچاوە،ل ١٠٦).
زمانی نووسینی ئەم کتێبە،زمانێکی سادە و ساکار و بێ گرێ و گۆڵی کوردییە
کە زۆر زوو پێوەندی لەگەڵ خوێنەردا دروست دەکات و ئەوەندە وشە و پەیڤی
نازەنینی تێدایە،مرۆ کە دەست بەخوێندنەوەی دەکات،پێی خۆشە ھەتا دواپەڕە
دەستبەرداری نەبێت. دیارە لە نەوەی بێکەسی گەورە و شێرکۆی مەزنیش ھەر
چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت. ھەڵۆ بۆ نووسینەوەی ئەم یادەوەرییە خەمینانە
دەمانباتەوە بۆ دوێنێ و پێرێی تەمەنە بەرھەمدارەکەی باوک و لەوێوە چەپک
چەپک گوڵاڵەسوورەی نیشتمانمان بۆ دێنێتەوە. ھەڵۆ بە دەم گێڕانەوەی ئەم
ڕۆژە تاڵانەوە،شارایەک مۆچیاری لە باوکەوە وەردەگرێت و ئەم ھەگبە
ڕەنگاڵەییە لەگەڵ خۆ بە جیھاندا دەگێڕێت. ھەڵۆ لە ڕێی گێڕانەوەی ئەم
بویەرە دڵھەژێنانەوە،توانای خۆی لە نووسینەوەی ڕووداوەکانمان بۆ
دەردەخات. من بۆ خۆم پێشتر یەک لەو کەسانە بووم کە بە توندی دژ بە
کارەکەی ھەڵۆ بووم(درێژەدان بە تەواوکردنی بەرھەمە شیعرییەکەی
شێرکۆ)بەڵام پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە و ئاشنابوون بە ھەست و نەستەکەی
ھەڵۆ و زمانی پاکژ و سادە و ساکاری و ھەروەھا ئەوەی تا چەندە لە
بەرانبەر باوکدا بە ئەمانەت و ئەوپەڕی ڕاستبێژییەوە ھەموو شتەکان وەک
خۆی دەگوێزێتەوە،ئەو مافەی پێ ڕەوا دەبینم. ئەرچی ھێشتا لەسەر ئەو
باوەڕەم ھەر کەسە و لە ژیاندا خاوەنی دنیابینی و ئەندێشەی جیاوازە
نەخاسما ئەگەر ئەو کەسەیش گەورە شاعیرێکی وەک شێرکۆ بێکەس بووبێت.
جوانیی کارەکەی ھەڵۆ لەوەدا دەبێت کە پێش بڵاوکردنەوەی
بەرھەمەکە،پیشانی چەندان نووسەر و شاعیری ناسراوی دەدات و بە وردیش
ئاگاداری سنووری نێوان شێرکۆی باوک و خۆیەتی.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە و ھەروەھا کتێبی"نووسین بە ئاوی
خۆڵەمێش"،بیرەوەرییەکانی خودی خۆمم وەبیر دێنێتەوە کە سەردەمێک بە
ئەزموونێکی فرەوان و ناخێکی گڕگرتوو و شەیدای ڕاژە و خزمەت بە بواری
میدیا و ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە ڕووم لە باشووری کوردستان نا کەچی
خەمینتر لە چارەنووسی میللەتەکەم،گەڕامەوە بن سێبەرەکەی دەستەڵاتێکی
سەردەستی دی و ڕۆژانە لێرە بە بەرچاوی خۆمەوە،غوربەتێکی ھەژێنەر خەریکە
دەنک دەنک لە ناخم دەخواتەوە.
جێی ئاماژەپێدانە کتێبی "سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی"،نووسینی ھەڵۆ شێرکۆ
بێکەس،ساڵی ٢٠١٨،لە لایەن کتێبخانەی یادگار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەوە،لە
چاپ دەدرێت.کتێبەکە،ھەڵگری کۆمەڵە وانەیەکی گرانباییە و بێگومان
خوێندنەوەی بۆ ھەمووان بە تایبەت ئەوانەی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیش،لەگەڵ
ھەناسە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس دا ژیاون و دەژین،بایەخ و تام و چێژی
خۆی دەبێت.
مەرگ و مردنیش،قۆناخێکە لە خودی ژیان و ئەزموونی مرۆ بۆ پەیبردن
بەودیوڕاستییەکان فرەوانتر دەکات. بۆیە دەڵێم مردن،قۆناخێکە لە
ژیان،چونکە ئەوەی بەرھەمێک بە ژیاندەبەخشێت،حوکمی نەمریی خۆی واژۆ
دەکات بە تایبەت گەر ئەم مرۆیەیش شاعیرێکی کاریزماتیکی وەک شێرکۆ بێکەس
بێت کە سات بە ساتی ژیان و بەرھەمەکانی،ئاوێتەی خەم و ئازار و
ساتەوەختە خۆش و ناخۆشەکانی نەتەوەکەین.
_________________________________________________
ژێدەر: سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی، ھەڵۆ شێرکۆ بێکەس، چاپی
یەکەم(٢٠١٨)، کتێبخانەی یادگار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە.
h_noryawi@yahoo.com
|