په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٢\٢٠١٠

سێ ئەژدیهاکەی ناو کۆمەڵگه‌ی کوردستانی باشوور یەکدەگرن.


حسێن حسێنی   


هەر چەند ئەو سێ ئەژدیهایەی کە باسی دەکەم تایبەت بە کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی نیین ، و لە هەموو کۆمه‌ڵگه‌کاندا بوونی هەیە، بەڵام لە کوردستانی باشوور ئەم سێ ئەژدیهایە یەکیان گرتووە و بوونە بە بەربەست لەبەردم پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا ،ئەم سێ ئەژدیهایە گەندەڵی و دیکتاتۆری و کۆنە پەرەستین. گەندەڵی برییتیە لە قۆستنەوەی دەسەڵاتێکی یاسایی بۆ هەندێک بەرژەوەندی، یان سستی لە کاتی ئەنجامدانی ئەرک . ئەمە بە زەقی لە باشووری کوردستان بوونی هەیە، سیستمی ئیداری بە شێوازێکە کە کەسەکانی ناو سیستەمەکە دەتوانن بە ئاسانی یاسا و کورسی دەسەڵات بۆ هەندێک بەرژەوەندی تایبەت بەکار بهێنن.

 

سەبارەت بە دیکتاتۆری ئەمە لە ناخی کۆمه‌ڵگه‌وە دەست پیدەکات و بەرەو سەرەوە دەکشێ، لە بنەماڵەدا قسەی باوک یان براگەورە یان هەندێک جار دایک قسەی یەکەمە ئەوانن بڕیار لە سەر چارەنووسی بنەماڵەکە دەدن و باقی ئەندامانی تر تا رادەیەکی زۆر بێکارییگەرن .کاتێک سەیری فەرمانگەو وەزارەتەکان دەکرێت ئەوە میزاجی بەرپرسی فەرمانگەکەیە کە دەوری یەکەمی هەیە و کارمەندانی فەرمانگە جگە لە خۆ گونجاندن لەگەڵ میزاجدا هیچی تریان پێناکری. لە حیزبەکانیشدا بە هەمان شێوە ،واتە قسەی یەکەم و کۆتایی نەفەری یەکەم دەیکات و یەکەم تا هەزارەم هەر کەسی یەکەمە ، ئەندامانی سەرکردایەتی رۆڵی وایان لە سەر بڕیارەکان نییە بەلکو تەنها جێ بەجێ کارن ئەوەی بڕیار دروست دەکات نەفەری یەکەمی حیزب و راوێژکارە نزییکەکانییەتی، ئەم دیاردەیە هەڵدەکشێ تاوەکوو ترۆپکی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی. بەڵام سەبارەت بە کۆنە پەرستی ئەمە ترسناکترین ئەژدیهای ناو کۆمه‌ڵگه‌یە ، بەرپرسە لە دواکەوتوویی و چەق بەستن و ناتەساموحی ناو کۆمه‌ڵگه‌ ،بەرپرسە لە دابەش کردنی کۆمه‌ڵگه‌ بە ئیماندار و بێ ئێمان ، موسڵمان و ناموسڵمان ، بەرپرسە لەزۆر دیاردەی دزێوی وەک خەتەنەکردنی مێینە و کوشتن بە هۆکاری شەرەف و بەرپرسە لە توندرەیی و دەمارگرژی و دڵرەشی .

 

وەک باسم کرد لە کۆمەڵگاێکی زۆر پێشکەوتووشدا ئەم دیاردانە بوونی هەیە بەڵام گرینگ رێژەکەو رادەی گەشەکردنەکەیەتی . ئەوەی لە کوردستان باشووردا دەبینرێ بە داخەوە یەکگرتنی ئەم سێ ئەژدیهایە ، دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی و گەندەڵی بوونە بە تەواو کەری یەکتری . بۆیە دەبینین لە ناو هەموو حیزبەکان ئەوەندە گرینگی بە لایەنی کۆنەپەرەستی دەدرێ پێشکەوتنی کۆمه‌ڵگه‌ بە لایەنەوە گرینگ نییە ، ئەوەندە گوێ لە کۆنە پارێزێک دەگرن گوێ لە رۆشنبیرێک ناگیریەت. ئەوەندە رێکخراوێکی ئۆپۆزسیۆنی وەک گۆڕان بەلایەوە گرینگە کە رێکخراوە مامۆستاکانی وەک کۆمەڵ و یەککگرتوو کە هەڵگری ئەجیندای کۆنەپاریزین بۆ بڕیار دان لە سەر پەروەردە پێشبکەون بەلایەوە گرینگ نییە کە ژومارەێکی زۆر لە مامۆستاکانی سەر بە یەکیەتی و پارتی هەڵگری بیری نوێی پەروەردەیین ، هەروەها بۆ یەکیەتی و پارتیش عەینی شتە. واتە ئەژدیهای کۆنەپەرستی لە ناو ئەو رێکخراونەی کە خۆیان(بە راست یان ناراست )بە لیبڕال و سوسیال دیموکرات و چی و چی دەزانن هێلکەی کردووە.

 

بۆیە دەبینن چۆن لەسەر داوای کۆنەپارێزان دەسەڵاتێک کە گیرۆدەیە بە دەستی گەندەڵی و دیکتاتۆرییەوە بڕیاری زیندانی کردنی یەکێک لە هەڵکەوتوو ترین و ئازاترین رۆشنبیرانی کورد بە هەر چوار پارچە کەیەوە دەردەکات . رەنگ بێ فەرهاد پیرباڵ قەت زیندان نەکرێ، بەڵام ئەمە ئاماژەێکی ترسناکە بۆ ئەوەی هەموومان تێبگەین هێز و دامه‌زراوه‌کانی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەێکی چەوت هەنگاو دەنێن.

 

ماڵپەڕی حسێن حسێنی