| 
			 
			٢٨\١٢\٢٠١٢ 
			
			  
			 سەفەرنامەی 
			تەمەنێکی موسافیر، 
			
			
			   نووسینێک 
			کە تەواو نابێت..... 
			
			  
			
			شوان عوسمان 
			
			تەمەن و سەفەر لە ساڵی 
			تازەی ٢٠١٣ دا... 
			
			 
			تەمەن لە سەفەری خۆی دایەو 
			منیش وەکو موسافیرێکی نابەلەد ، 
			لەناو سەفەری گەڕانێکی لاتەریکدا ، 
			بەدوای رۆژو مانگ وساڵە لاتەریکەکانم ، 
			ئەگەڕێم..سەفەر ئەکەم... 
			تا لاتەریک نەبم... 
			سەفەر ئەکەم ، 
			رێگا ئەبڕم. 
			تا سەفەرێک ئەکەم ئەبێت رێگایەک ببڕم ، 
			تا رێگایەک ئەبڕم،  
			هەزارەها رێگای تر بۆن ئەکەم.. 
			من ناتوانم بێ رێگا بم ، 
			گەر بێ رێگا بم ، 
			بێ سەفەر ئەبم ، 
			گەر بێ سەفەر بم ، 
			لە رێگا ئەبم، لە ژیان ئەبم... 
			من لە سەفەردا خۆم ئەبینمەوە.. 
			بەپەلەم تا رێگایەک ئەبینمەوە ،  
			رێگایەکیش ببڕم ، 
			رێگاکان هەرچەند دوور بن ، 
			من ئەوەندە دوورتر ئەڕوانم ، 
			دوورتر ئەڕۆم... 
			تا رێگایەکی تر ئەبینمەوە ، 
			خۆمی تێدا خڕ ئەکەمەوە... 
			بۆ وێران بوونی ئەو سنوورانەی رێگاکانم لێ وێران ئەکەن ، 
			من چەند کوتلەیەکی شەختەی درز درزم ، 
			من ئەبێت رێگا ببرم .. 
			تا پارچە پەرتەکانم خڕ کەمەوە ، 
			من چەند پەرت وبڵاوم ، 
			پەرتتر لە پارو بڵاوتر لە پێرار... 
			تا رێگایەک بمێنێت بۆ وێرانیم ، 
			بڵاوتر ئەبم ، 
			قەوارەکەم پەرتتر.. 
			قەوارەکەم چەند پەرت وبڵاوە ، 
			لە نێوان دەستاڕەکانی سنووردا ، 
			دەستم لە قاچم ئەبێت و 
			قاچم لە قەدم.. 
			من لە هەنجن هەنجن بوونی خۆم دام.. 
			من ئەڕۆم و 
			ئەوان لێ ناگەڕێن هەست بە پەلەکانی خۆم بکەم ، 
			لێ ناگەڕێن پارچەکانی خۆم خڕ کەمەوە ، 
			بە هەورازی تەمەن ئەڕۆم ، 
			لە هەناسەیەک ئەگەڕێم ، 
			هەناسەم سوار ، 
			خۆم سواری ملی خۆم ئەبم... 
			ساڵ ئەڕوات و ساڵ دێت ، 
			من هەر لەوێم ، 
			لە وڵاتێکی وێران ، 
			وێران بوو بەمن بەتۆ بە شەڕ ، 
			بە سیاسەتی پیاوە ناسیاسیەکان... 
			من هەر لەوێم ، 
			لە مەفتەنێکی پڕ ئافات وئاشووب... 
			ساڵ دێت ومن ئەڕۆم ، 
			من هەر لەگەل خۆم دام ، 
			لەگەل خۆم و سێبەرەکەم ئەڕۆم ، 
			لەوێوە دانابڕێم... 
			خۆم ورابردووم ، 
			رابردوو وبیرەوەیە تاڵەکانی دوێنێکە ، 
			هەریەکە لە پێشبڕکێی یەکتربڕینی مندان ، 
			گرەویان لەسەر ئەوەیە ، 
			کێ زووتر بە مەفتەنێکی نەهامەتی بوونی خۆیم ئەبات.. 
			من نەجات نابم لە خۆم لە نەهامەتیەکانی نیشتمان ، 
			کێ ئەتوانێت لە تەڵەزگەکانی نیشتمان ، 
			دەربازم کات... 
			من وتەمەن ، 
			دوو سواری سەر یەک ئەسپین ، 
			هەریەکەمان بۆ خۆی بەرووی بادا ئەروات و 
			ئەکەوێتە رێ.. 
			هەریەکە بۆ خۆی سەول بەلایەک لێ ئەدات و 
			ئەبێتە پێ.. 
			من وتەمەن ، 
			لەو دەربەندەدا ، 
			هەردووکمان بە دووڕیانێکی بێ دەربەست ، 
			رەت ئەبین.. 
			رێگایەک نیە دەستمان بگرێت و 
			تەمەنێک نیە بۆنێکی بەختەوەریمان پێدا بپژێنێت ، 
			بە دەروویەکی قورتاریی بوون تێمانپەڕێنیت.. 
			هەر ئەبێت بەو خەرەندە هاتونەهاتەدا تێپەرین ، 
			تێئەپەڕین وتەرمی خۆمان لەکۆڵەو 
			بەدارەبازێک بە دونیادا رێ ئەپێوین.. 
			وەکو رێبوارێکی دەروێشی تەنیا ، 
			مەرگەساتەکانمان بەدەم سەفەرە ، 
			بەبا ئەکەین.. 
			ژانەکانمان بە دەم باوە ، 
			وەر ئەکەین.. 
			بە دەفێک کارەساتەکانمان ئەژەنین ، 
			بە شمشێرێکیش سەری خۆمان لەت ئەکەین.... 
			ئەرۆین وسەفەر ئەکەین ، 
			رێگا ئەبڕین . 
			شوێنپێیە ونەکانی خۆمان هەڵئەگرین ، 
			تا لە شوێنێکدا ون نەبین ، 
			بزر نەبین..  
			تا لە قەبرستانێکی شارەوانی شارێکدا ، 
			خۆمان لێ بزر نەبێت ، 
			ناومان لێ بزر نەبێت .. 
			ساڵەکان شەقار شەقار ئەبن ، 
			ساڵی تازەتر شەقار شەقارترمان ئەکات ، 
			ئێمە چەند شەقارین چەند عاشقی شەقار بوونین...  
			تەمەنیش ئەڕوات و 
			دەرەقەتی شەقاربوونمان نایەت و 
			لەگەل ساڵی پێشوو ئاشت نابێتەوە.. 
			کێ لەگەلمان ئاشت ئەبێتەوە ، 
			من لەگەل خۆم ئاشت نابمەوە ، 
			تۆ چیتر باسی ئاشتیم بۆ مەکە.. 
			کە شەڕ چیتر بەردەرکەم بەر نادات ، 
			تەمەن دەست لەخۆی بەرئەدات.. 
			من بە بێ ساڵ چیم ، 
			من بە بێ تەمەنێکی بەلەد چیم ، 
			من بە بێ قەوارەیەکی یەکگرتوو چیم ، 
			من بە بێ نیشتمان چیم ، 
			نامەوێ ساڵ دوای ساڵ بژمێرم ، 
			ژمارەکان لە کێشی خۆم زیاترن ، 
			تا کەی لە سفرەوە دەست پێ بکەم ، 
			کە خۆم سفر بم... 
			تەمەنم لێرەوە باوێشک ئەکا ، 
			زیاتر بەدوای وەنەوزی خۆی راناکات.... 
			من ئەمەوێ لێرە بەبێدەنگی لە غوربەتیێکدا ، 
			راکشێم... 
			من وخۆم وتەرمی خۆم ، 
			خۆم وتەمەن وتەرمی خۆم ، 
			بەرلەوەی بچینە ناو ساڵێکی تر ، 
			نەگبەتی نەهامەتیەکی تر ، 
			من لێرەوە خۆم ئەنێژم.. 
			من لێرەوە ماڵئاوایی لە خۆم ئەکەم.. 
			پەیکەرم لە خۆم یاخیە ، 
			لە تەرمێک ئەگەڕێت.. 
			تەرمم لە خۆی یاخیە ، 
			لە تابووتێک ئەگەڕێت.. 
			تابووتم لە هەڵگرتنی خۆی یاخیە ، 
			لە داربازێک ئەگەڕێت.. 
			خۆم لە خۆم یاخیم.. 
			نامەوێ بچمە ناو ساڵی خەمێکی تر ، 
			بەو هەموو تەرم وتابووت ودارەبازو 
			پەرت بوونە.. 
			نامەوێ زیاتر پەرت و 
			پارچە پارچەتر بم.. 
			هیچ ساڵێک نیە یەکم خاتەوە ، 
			هیچ تەمەنێک نیە رابردووم ، 
			لەبیر بباتەوە.. 
			من تا هەم هەر لە سەفەرم ، 
			هەر لە رێگا بڕین و 
			رێ پێوانم...  
			من تا هەم لە رێ پێوانی خۆم دام.. 
			لە گوازتنەوەی تەرم و 
			دارەبازی تەمەنێکی پەرت و 
			موسافیر دام.. 
			
			 
			٢١\١٢\٢٠١٢
			- رۆزن بێرخ - 
			هۆڵەنده 
			
			
			ماڵپهڕی 
			شوان عوسمان  
			
			  
			
			  
			
			  
			
			  
			 |