٦\٢\٢٠١٤
چیرۆک بۆ منداڵان:
سەگـێکی
دڵسۆز و.. خۆفرۆشێکی ناپاک.

رەزا ساڵح
لە
ساڵی (١٩٨٨)دا، لە هێڕشەکانی (ئەنفال)ی بەدناودا، سۆپای دڕندەی عێراق،
بە قورسترین چەکی کوشندە و کاولکەر، وەکو گورگی هار، زۆر بێ بەزەییانە،
هێڕشی کردە سەر دێهات و شاروچکەکانی باشووری کوردستان.
خەڵکی بێ تاوان و بێ دەرەتانی ئەم دێیانە ، ئەوانەی توانیان ، هەر بە
سەڵتی خۆیان دەربازکرد و ، لە شارەکانی کوردستاندا ، لە ماڵانی خزم و
کەس و کاریاندا ، خۆیان شاردەوە ، بەڵام زۆربەیان فریا نەکەوتن ، یا
لەو باوەڕەدا نەبوون ، ئەوەی بەسەریان هات بەسەریان بهێنن .. بە
هەزاران خەڵکی ئەم دێیانەی کوردستان ، لەلایەن سوپای رەگەزپەرستی
عێراقەوە ، گیران و بردیانیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و ، لەوێدا
هەر بە زیندوویی هەموویانیان زیندەبەچاڵ کردن .. کە ژمارەیەکی زۆریان ،
منداڵ و گەنج و ژن و پیر بوون .. بە شۆفڵیش هەموو خانووەکان و
قوتابخانەکانی دێیەکان و شاروچکەکانی کوردستانیان لەگەڵ زەویدا تەخت
کرد.
سوپای عێراق شارەزای بەشێکی زۆری دێهاتەکانی کوردستان نەبوون و ،
نەیاندەزانی کە کەوتوونەتە کوێوە .. بەڵام چەند جاشێکی بەکرێگیراو و
خۆفرۆشی کورد، ببوون بە چاوساغیان و ، پێش
هێزەکانی عێراق دەکەوتن و ، دەیان بردنە سەر دێیەکان.
یەکێک لەو جاشە خۆفرۆشانە ، رۆژێک پێش هێزێکی سوپای عێراق کەوت و ،
بردیانییە سەر دێیەک لە ناوچەی کەرکوکدا ، کە ماڵی کوڕە مامێکی خۆی لەم
دێیەدا بوو ، بەڵام رۆژێ پێش ئەو رۆژە ، خەڵکی دێیەکە هەواڵی ئەم
هێڕشەیان بۆ سەر دێیەکەیان زانیبوو ، لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا هەموو
خەڵکی دێیەکە ، بە سەڵتی خۆیانیان دەربازکرد و ، روویان لە بەرزاییە
سەختەکانی ناوچەکە کرد و ، خۆیان شاردەوە .. ئەم جاشە خۆفرۆشە ، چەندین
شەو و رۆژ لەم دێیەدا لە ماڵی ئامۆزاکەیەدا ماوەتەوە و ، وەکو میوانێکی
خۆیی خزمەتیان کردووە و رێزیان لێ گرتووە ، کەچی بەر لە هەموو
خانووەکانی دێیەکە ، پێشی دەستەیەک سەرباز و شۆفڵێک کەوت و بردیانی بۆ
سەر خانووی ئامۆزاکەی و ، داوای لێکردن بەر لە هەموو خانووەکان ، ئەم
خانووەی ئامۆزاکەی بڕوخێنن..!
ماڵی ئامۆزاکەی سەگێکی بازەی گەورە و
ئازایان هەبوو .. کە شۆفڵەکە لە خانووەکە نزیک بووەوە .. سەگەکە چووە
پێش شۆفڵەکەوە و دەستی بە وەڕین کرد و ، خەريک بوو پەلاماری شۆفێری
شۆفڵەکە بدات .. خۆ ئەگەر ئەم سەگە بیتوانیایە قسە بکات ، پێیانی دەوت
: مەگەر بەسەر لاشەکەمدا بڕۆن و ئەم خانووە بڕوخێنن .. جاشە خۆفرۆشەکە
، بە هەموو هێزێکییەوە بە قۆناغی تفەنگەکەی کێشای بە پشتی سەگەکەدا و ،
ئازارێکی زۆری پێ گەیاند .. سەگە بازەش نەیکردە نامەردی و ، پەلاماری
جاشەکەی دا و ، خستییە سەر زەوی و ، بە قەپ دەموچاوی هەلاهەلا کرد و
خوێن فیچقەی کرد .. کە جاشەکە راستەوەبوو ، لوولەی تفەنگەکەی لە سەگە
بازە کرد و ، ویستی تەقەی لێ بکات و بیکوژێ .. لەولاوە ئەفسەرێکی دوو
ئەستێرە ، کە چاوی لەم دیمەنە بوو ، هاواری لە جاشەکە کرد : " تەقەی لێ
نەکەیت ، ئەو سەگە بکوژيت ، منیش لێرەدا دەتۆپێنم .. ئەو سەگە زۆر لە
تۆ دڵسۆزتر و بە ئەمەکترە .. نانی ئەم ماڵەی خواردووە ، خۆی بە یەکێک
لەم ماڵە دەزانێ ، ئامادەیە کە لە پێناوی ئەم خانووەدا ، گیانی خۆی
بەخت بکات .. بەڵام تۆ سپڵەیت ، بەر لە هەموو خانووەکان ، ئێمەت هێنایە
سەر خانووی ئامۆزاکەت تا بیڕووخێنین " .. جاشەکە لە ترسی هەڕەشەکەی ئەم
ئەفسەرە ، نەیوێرا سەگەکە بکوژێت ، سەری شۆڕکرد و گەڕایە دواوە .. هەر
ئەم ئەفسەرە ، فەرمانی بە شۆفێری شۆفڵەکە کرد ، کە بگەڕێتە دواوە و ،
وتیشی : " لەبەر دڵسۆزی و ئازایەتی ئەم سەگە ، ئەم خانووە ناڕووخێنین "
.. جاشەکەش تەنها سەرشۆڕی و رووڕەشی بۆ مایەوە.
____________________________
* کوردیلە
چاوگەشەکانی کوردستان : ئەم چیرۆکە رووداوێکی راستییە و ، بۆم داڕشتوون
.. تا ئەمڕۆش ئەو جاشە خۆفرۆشە ، بە سەرشۆڕی و بە چاوشۆڕي دەژی و ..
شوێنی قەپەکانی سەگە بازەش بە زەقی بە ناوچەوانییەوە دیارە .. خەڵکیش
بە چاوێکی سووکەوە لێی دەڕوانن و ، بە نەفرەتی دەکەن .. چونکە
گەورەترین تاوان ، ناپاکییە دەرهەق بە کوردستان.
٣\٢\٢٠١٤
-
نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|