په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سەعدون یونس بە پڕۆژەی نوێیەوە دەگەڕێتەوە کوردستان.

 

په‌سار فایه‌ق

 

سەعدون یونس ئەکتەری ناسراوی بواری شانۆ و درامای کوردی لە چەند رۆژی داهاتوو دەگەڕێتەوە کوردستان، لەم سەردانەیدا بەنیازە درامایەکی تەلەفزیۆنی بەرهەم بێنێت، ئەمە جگە لە دووبارە پێشکەش کردنەوەی درامای تەلەفزیۆنی "هەبوو نەبوو" بە شێوەی رەنگاوڕەنگ.

 

سەعدون یونس ماوەی چەند ساڵێکە لە هەندەران لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبا و بەنیازە لە مانگی ئایار بگەڕێتەوە کوردستان و چەند چالاکییەکی هونەری ئەنجام بدا.

 

دەربارەی سەردانی ئەمجارەی بۆ کوردستان ئاشکرای کرد: '' بەنیازم بگەڕێمەوە و کاری دەرهێنان بۆ دراماییەکی تەلەفزیۆنی بکەم و دواتر لە یەکێک لە کەناڵە کوردییەکان نمایشی بکەم، نزیکترین کەناڵیش بۆ من بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمەی تێدا نمایش بکەم، کەناڵی ئاسمانی زاگرۆسە''.

 

چیرۆکی ئەم بەرهەمە بەناوی "گوڵی سوور"ـە و لە لایەن هونەرمەند خۆی نووسراوە و (د.گەلاوێژ محیەدین) دیالۆگی بۆ ئامادەکردووە.

 

دەربارەی ناوەرۆکی ئەم بەرهەمە، سەعدون یونس گووتی: '' ئەم بەرهەمە چەند بابەتێکی پەیوەست بە ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردی بەخۆوە دەگرێت، لەوانە گەندەڵی و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و فرەژنیی و چەند بابەتێکی دیکە و بە شێوەیەکی زۆر توند باس لەم چەند بابەتە دەکرێ''.

 

بڕیاروایە ئەم بەرهەمە لە دەسپێکی مانگی حوزیران (2009) لە لایەن (ئەمیر تەها) کاری وێنەگرتینی لە هەولێر بۆ بکرێ و ماوەکەی کاتژمێر و نیوێکە دەبێ و ژێرنووسی بە زمانی ئینگلیزی بۆ دەکرێ.

 

هونەرمەند جگە لەوەی وەکو دەرهێنەر لەم بەرهەمەدا بەشدار دەبێ، رەنگە وەکو ئەکتەریش تیایدا بەشدار بێ: '' نیازی ئەوەم هەیە وەکو ئەکتەریش لەم بەرهەمەدا بەشدار بم، چونکە ماوەیەکی زۆرە کاری ئەکتەریم نەکردووە.''

 

هونەرمەندی شانۆکار دەربارەی بەرهەمی دیکەی هونەریی رایگەیاند: '' درامای تەلەفزیۆنی "هەبوو نەبوو" کە پێشتر بە رەش و سپی نمایشکرابوو، بەم دواییە رەنگمان خستۆتە سەر و بە شێوەیەکی رەنگاورەنگ پێشکەش دەکرێتەوە و کاری مۆنتاژ دووبارە لە لایەن (دەسکۆ عەزیز) بۆ کراوتەوە''.

 

هونەرمەند لە ساڵی 1980 بەشداری لە درامای "هەبوو نەبوو" کرد و رۆڵی "رەجەب"ی تێدا بینی و توانی لە رێگه‌یەوە ناوی خۆی لە دنیای درامای کوردی درەوشاوە بکا.

 

هەروه‌ها هونه‌رمه‌ند سه‌عدون یونس ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌: '' ئەم دراما تەلەفزیۆنییە ماوەکەی دوو کاتژمێرە و دوای مۆنتاژکردنی بۆتە کاتژمێر و نیوێک، خەڵک وەکو جاران ناتوانێت بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بە دیار ئەم بەرهەمەوە دانیشێ، بۆیە هەندێکمان لێ کەمکردۆتەوە''.

 

ئەم بەرهەمە بینەرێکی زۆر هەبوو و تا ئێستاش هەودارانی درامای کوردی بە پەرۆشەوە سەیری ئەم بەرهەمە دەکەن، بڕیاروایە بۆ جارێکی دیکە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان نمایش بکرێتەوە، بەڵام ئەمجارە بە رەنگاورەنگی.

 

سەعدون یونس دەربارەی مەبەست لە جارێکی دیکە پێشکەش کردنەوەی ئەم بەرهەمە، روونی کردەوە: '' ئەم بەرهەمە ئێستاش لە بازارەکان دەفرۆشێ و کوالێتەکەی باش نییە، بۆیە پێم خۆش بوو بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیایەی ئەمڕۆ هەیە، بە شێوەیەکی باشتر پێشکەش بە بینەرەکانمی بکەمەوە''.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بودجەی ئەم دوو بەرهەمە درماییە وەرگیراوە و بە پاڵپشتی دەزگای ''مێرگ'' بەرهەم دێ.