په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠٢٤

   سێ هۆنراوە لە (عەبدولوەهاب بەیاتی)ەوە.

 

 

 

 

عەبدولوه‌هاب بەیاتی

و: نەژاد عەزیز سورمێ


   
رۆژژمێری عاشقە هەژارەکان.
(١)
جیهان
بە گەف و شیعر و
شۆڕش و کۆچ و مەرگ
زەوت دەکەین.
بە شەکەتی
لە شۆستەی مێژوودا دەکەوین
لە کانگەی خەڵوز و
بنمیچی سەهۆڵدا
سیس دەبین..
بە پێوە دەمرین.
لە غەریبیماندا دەمرین
لێ لە نوێوە
لە منداڵدانی شەو و
باڵای چیاکانی زەوی
لە دایک دەبینەوە.

تاجی ئەشکەنجەی ڕەتکردنەوەمان
لەسەر ناوە و
گۆچانی خۆرمان هەڵگرتووە..
سپێدە
بە شەوی درێژی جیهان
زەوت دەکەین
بە مردوویەتی
دەریا
بۆ شارەکانی ئایندەی دوور
تەی دەکەین..
ئاڵای یاخی بوونی
تیا هەڵدەکەین
بە زیندوویی
لە بەندیخانەکانیدا دەمرین
شکۆیەک بۆ مێژوو دروست دەکەین.

(٢)
زامەکانمان لە هاوار کەوتن
بوو بە شارێک و ڕووبارێک
لە سەفەری مەرگدا
بەدوای کەنارێکدا دەگەڕێ..
بەردێکی ڕەش،
لە مەملەکەتی وێرانەدا
باران دەیشواتەوە و
ئومێدێک
لە لێواری بێهیوایی
ئادەمزادە دوابڕاوەکان
پەنای گرتووە و
قەرەجێک
بەسەر ئەسپی خەمبارییەوە
بەدوای نوور
بە دوای عایشە
لە شارەکانی ئایندەی دووردا
زەمین دەپێوێ ‌ ..
لە غوربەتیدا دەمرێ
لێ جارێکی دی
مناڵێکی بێ ئەسپ
لە دایک دەبێتەوە،
زراو ڕژاو
لە شەو و ڕۆژ و
لە یەک بەدوای یەک هاتنی
ڕۆژگار و وەرزان
دەستی بۆ بەژنی چیای زەوی
درێژ دەکا و
ڕووتیی خەوتوویشی
لە خێوەتی ئاگری ڕۆژهەڵات و
زەردەپەڕی کوژاوە
بەسەر لووتکەی چیاو باناندا و
دەنگی گڕ بووی
سنگی کەشتیی
کەشتییەوانە مردووەکان و
گیای ئەشکەوتەکانی نوور و
دوورگەکانی یاقووت دەدەفێ..

(٣)
ماهی گریان، بۆ بولبولێک
بۆ وەختێ
هەڵدێ و ڕادەکا و
نەخشەی تاوان
لە بەرد ئاگر
لە دەفتەرە شینەکانی مناڵیدا
دەکێشێ،
بۆ هیوای لە گۆڕنراو
بۆ شۆڕشی ڕووباران
لە نامۆییاندا و
تەنیایی پردان
بە مردوویی
دەریا تەی دەکەین..
لە بەندەرێکەوە بۆ بەندەرێکی دی
دەنەڕێنین
کەشتییان دەسووتێنین
هەرچی بووە و دەبێ: نەبووە!


(٤)
گوڵی سوور
لە باخچەی زستاندا
چی بە بولبول دەڵێ؟


(٥)
لە خەوندا
باوەشی پێداکردم،
جەستەی تادارمی
بە گوڵ داپۆشی
گوڵەکانی ماچ کردن..
هەستم کرد
خاک سیمای بە نوور داپۆشیوە و
بڤە ڕوویدا..
دەستی بەرەو باخچەی من هات و
گوڵەکان
لە ئاگریدا سووتان و
باڵداری
لە خەو بیێدارکردنەوە و
نمەی بارانی سوور و
بوومەلەرزە و برووسکە.


(٦)
ئاگرپەرستانی ئەم چاخە
لە غوربەتییاندا دەگرین
ئەستێرە دەرنەکەوت
لێ دز و نەجیبزادە و
شاعیرانی
خەونی بەکرێدراو دەرکەوتن..
شمشێریان
لە تەرمی منداڵان و
هەژارانی
شارە برسییەکاندا چەقاند
شایەدنامەی مردووان و
کتێبە پیرۆزەکانییان هەڵگێڕایەوە..

(٧)
نوور لە کوێوە دێ؟
کە ئێمە
لە هەموو سەردەمێکدا
بەرداش بووین
لە ڕیزبەستندا
کۆت و پەیوەند
بە کۆت پەیوەند دەگۆڕینەوە..
زۆردار بە زۆردارمان دەفرۆشێ ‌ ..
پاشا بە پاشا..
بەڵام ئێمە
خۆڕاگر دەمێنینەوە
بە پێوە دەمرین..
بە پێوە دەریا تەی دەکەین،
بۆ شارەکانی دووری ئایندە
جیهان
بە مەرگ و شۆڕش و کۆچ
زەوت دەکەین..
لە غوربەتماندا دەمرین..
بەڵام
لە نوێوە لە دایک دەبینەوە..
لە نوێوە دڵداری دەکەین..
لە نوێوە ڕەت دەکەینەوە..
لە نوێوە
شۆڕش بەرپا دەکەینەوە و
لە نوێوە دەکەوینە تەڵەی
پاشا و زۆرداران.
لە مەیدانی شەڕی خەڵکی تر
سەردەبڕدرێین
گوللە بە دژمن و برا وەدەنێین
زامەکانمان
بەسەر هەنییەمانەوە هەڵدەگرین
مردووەکان، بێ مێژوو بێ ناو
دەنێژین..
بە زیندوویی لە گۆڕەکانییان
نیشتەجێ دەبین.
کاروانی مەزن
لە مەرگەوە بۆ لە دایک بوون
دەست پێ دەکەینەوە
لە هەموو چاخەکانی
هێز و ڕوناهییەوە
هەڵواسراو بە داوی
هیوای ڕەش،
لە چاوەڕوانی ئاگر و تۆفاندا
دەمێنینەوە.

(٨)
هەژارانی جیهانی تاڵانکراو
یەکگرن!
هەژارانی جیهانی تاڵانکراو!

   
مانگی شیرازێ.
(١)
دڵم زامار ئەکەم،
شیعرەکانم
بە خوێنی دەدێرم..
گەوهەرێک
لەبن ڕووباری مرۆڤایەتیدا
شەوق ئەداتەوە..
پەپوولەی سوور هەڵدەفڕن
لە شیعرەکانمدا ژنێک لە دایک دەبێ
مانگێکی شیرازی
لە گوڵەگەنمێکی زێڕینی بادراو هەڵگرتووە..
هەنگوێنی دارستانانی
لە چاودا دەگەشێتەوە
خەمی ئاگری ئەبەدییەت
باڵی
بۆ لە شەودا دەڕوێنن و
دەفڕێ
خۆرێک لە خەو هەستێنێ
لە تنۆکە ئارەقی درەوشاوەی سەر
هەنییەی عاشقدا نووستوە.
لە خەمی ڕەنگاندا
کە لە نێو تابلۆیاندا شێردراونەتەوە:
ژنێک مانگێکی شیرازی هەڵگرتووە
لە شەودا دەفڕێ..
گەمارۆی خەوم دەدا،
دڵم بریندار دەکا،
شیعرم
بە خوێنی دەدێرێ..

شاران
لە بنی ئەو ڕووبارەدا دەبینم نقووم بوون
لە چاوەکانیدا سەرچاوەی گرتووە..
جادوویەکی هەنگوێنی
هەر کێ نزیک دەبێتەوە
چاوی تێدەبڕێ
یا پێچەوانەی تەوژم مەلە دەکا
دەیکوژێ..
هەموو ژنانی دونیا
لە ژنێکدا دەبینم
لە شیعرەکانم لە دایک دەبێ،
خاوەندارییەتی دەکەم
تێیدا دەحەوێمەوە،
بەرەو ڕووی شەودا دەقیژێنم
بەڵام باڵم
بەسەر ڕەنگی شاراوەی ناو تابلۆیان
تێکدەشکێن.

(٢)
شێت
بە ڕووباری
لە چاویدا هەڵقوڵاو
بە هەنگوێنی ئاگرینی گەشاوەی
ناو ڕووباری ئاگر
پێچەوانەی تەوژم
مەلە دەکەم.


(٣)
مێژووی ڕووباران دەنووسمەوە
لە مەلی خۆشەویستی و
ڕووباری زێڕینی درەختان
دەست پێ دەکەم.


(٤)
عاشقان
بە خوێنی من خۆیان دەشۆن و
غەریبانیش بە شیعرەکانم
لە مەنفادا
شیراز بنیات دەنێن.

(٥)
خاوەندارییەتی دەکەم و
تێیدا دەحەوێمەوە
لە پەڕەمووچیدا
وێنەی یۆتۆبیایان دەکێشم
شاعیری تێدان.


(٦)
بە ڕووباری لە چاوەکانیدا هەڵقوڵاو
شێت..
بە لێشاوی سەرکێش و لافاو
بە بڵێسەی دڕندەی برسی
مەلە دەکەم
بێ ئەوەی بگەمە کەنار
بە سەرخۆشی نقووم دەبم.


(٧)
باڵم لێک دەکەمەوە و
لە نیوەشەودا بۆی دەفڕم
دەیبینم
نووستوە
خەون بە مانگی سەوزی شیرازییەوە
دەبینێ

بەسەر دەروازە بەردینییەکاندا دەگری،
بە لق و چڵی باخچەکەیدا شۆڕ دەبێتەوە
تەنیا تێیدا دەمێنێتەوە..
ژیانم نەدەبوو
خاک
بە ئامادەیی و نائامادەیی
تێیدا بوو
پڕ لە کۆچ و بە تەنێیی و
تارمایی مردووان..

ئەی گۆزەی
ڕوومەت بە توتڕک سوور و
گوڵی شاخاوی سپی
لەو سەفەرەدا
ببە بە توێشەبەرەی من!
لەم سەفەرەدا
ببە بە دوایین مەنفای نیشتمانم
تێیدا بحەوێمەوە و بمرم.


(٨)
بە خۆشەویستی بڵێ (ئا)
یان بڵی (نا).


(٩)
بڵێ (بڕۆ!)
یەکسەر دەڕۆم..
بڵێ (حەزم لێتە)
یان بڵێ (حەزت لێ ناکەم).


(١٠)
چاوەکانت
دوو چراوگی زێڕینن.
دەستت
دوو چارۆگە.


(١١)
کارەساتێک
لەژێر ڕووپۆشی وشەدا
دەشارمەوە..
بە برینەکەم دەڵێم،
(سارێژ مەبە!)
بە خەمم دەڵێم،
(سارد مەبەوە!)
بە عاشقان دەڵێم
(خۆتان بە خوێنی من بشۆن!).

(١٢)
ئاگر ئاگر هەڵدەلووشێ و
خەمی عاشقە کۆچەرییەکانیش
لە سارای خۆشەویستیدا
دەشارێتەوە..
شیراز دەمێنێتەوە
ئێمەش دەمێنینەوە
لە شەودا سەفەری بۆ دەکەین
سووتاو بە ئاگری خەمی ئەبەدی..
لە سپێدەدا
باڵمان لێ دەڕوێن
دەفڕین
بەڵام پێش ئەوەی
کاروانی بگاتێ
دەیکەین بە هی خۆمان
لێی دادەنیشین و دەگەڕێینەوە.

(١٣)
لە سەرچاوەکانی نووردا
بە کوژراویمان دۆزیەوە
دەمم
بە توتڕکی سوور و گوڵی سپی شاخاوی بوو
باڵەکانیشم
لە نووردا ڕوا بوون.

   
بۆ ئیرنێست هەمەنگوای.
(١)
لە ئیسپانیادا
مەرگ لە مەدریدە و
خوێن لە خوێنهێنەر
گوڵاڵەی زەرد و شەختە
لەژێر پێتدا..
جەژنەکانی ئیسپانیا
بێ کەژاوەن..
خەمەکانی ئیسپانیا
بێ سنوور..
ئەو زەنگانە بۆ کێ لێ دەدرێن؟

لۆرکا بێدەنگە و
خوێن لە ئینجانەی گوڵاندایە
شەوی غەرناتەیش
لەژێر شەپقەی
پاسەوانی شێر و ئاسندایە..
دەمرێ و
منداڵانیش لە بێشکەدا
دەگرین..
لۆرکا بێدەنگە
تۆیش لە مەدریدی

چەکت ئازار و
وشە و ئەو بورکانانەیە
ئاگراو هەڵدەڕێژن..
زەنگەکان بۆ کێ لێ دەدرێن؟

تۆ بێدەنگی و
خوێن
جێخەو و
دارستان و
لووتکە
بۆیە دەکا.

(٢)
لێواری مەرگ
ئاگر لە دووکەڵدا و
مەی لە کووپە و
گوڵ لە بێستان و
وشە و
پاساری و
دەردی خۆشەویستی و ڕۆژگار..
بێدەنگی دەریایان
کەشتییەوانی نیگەران کردوون..

هەبوو.. نەبوو
ململانێیەکی خوێناوی بەهێز
لە نێوان مرۆڤ و تاریکاییدا هەبوو

ئەمشەو
سەعات هەشت،
لە باخچەی لە یادچووندا
پێکدەگەین
شوێن
لە شەقامە نادیارەکانی شاردا
ون بووە و
کچێک فرمێسکی باراندن و
چاوی لێکنان و
ونم کرد..

لە کتێبی
گەڕۆکەکانی ئیسپانیاندا
دۆزیمەوە..
لەژێر ئاڵای گەلانی زەویدا
لەژێر ئاڵای مرۆڤ دا..
گۆرانی دەچڕی..

(٣)
کۆتایی
مەرگ لەسەر جێدا
لۆرکا پێی وتم
مانگیش پێی وتم
ونت کردم..
ژێ ونی کردی
وەڕسیی تۆی مراند..
ڕۆیشتی و
بەهار لە ڕێگاماندا بوو
قەرەجیش کۆچیان کرد و
ڕەشماڵەکانیان سووتاندن
گوڵیش سووتا
گۆرانییەک
خوێنی لەبەر دەڕوا

وا بوو
پەیامبەرایەتی قەدەر
وای پێ گوتم..

تۆم
لە شێخ محیەددین پرسی
وتی بەردێک لە دەمم دایە..
پەیامی عەشق و خوداوەند
لەژێر پێی مانگ دان
کوشتارگەی دونیات لە دڵدایە و
شوێنەوار و
ستایشی خوا
شێخ محیەددینی برادەرم وتی
لە هەواڵەکە مەپرسە!
خەڵکی دەڕۆن و نایێنەوە
نهێنیش
بەسەر لێومانەوە
خۆی کوشت.
_______________________________________________
عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی: (١٩٢٦ - ١٩٩٩) شاعیری عێراقی ناسراو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شیعریی نوێی عەرەبی لە عێراق. لە بەغدا لەدایکبووە و بکەالۆریۆسی لە بەشی عەرەبی وەرگرتوە. لە نێوان ١٩٨٠ تا ١٩٨٩ لە ئیسپانیا ژیاوە، لەو ماوەیەدا زۆر لە کۆشیعرەکانی کراونەتە ئیسپانی. ساڵی ١٩٩١ چووەتە ئەردەن.. یەکێکە لەو شاعیرانەی لە شیعرەکانی بایەخی بە مێژوو و کەسایەتییەکانی مێژوو داوە و هەمیشە وەکو ماسک لە شیعرەکانیدا بەکاریهێناون.
شیعرەکان لە دەقی ئەسڵی ئەم سەرچاوانەوە کراون بە کوردی: (ڕۆژژمێری عاشقە هەژارەکان) لە کۆشیعری (قصائد حب علی بوابات العالم السبع) بڵاوکردنەوەی (دار الشروق)، ١٩٨٥ چاپی دووەم، ل ٢٨. (مانگی شیرازێ) لە کۆشیعری (قمر شیراز) بڕوانە: http://www.alriyadh.com/52342. شيعرى (بۆ ئێرنست هه‌مه‌نگوای) بڕوانه‌: http://www.afdhl.com/poem/text-25311.html.

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک