په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١١\٢٠١٠

     سێ ھۆنراوەنامە بۆ پێنووسە سەرلێشێواوەکان.

کامیل ژیر

١- پێنووس و ویژدان.

 

پوورە ھەنگێکی ناو دارستانێ
بەباڵا ئەفڕین
بۆ مژینی گوڵا، بۆ تامی خۆشی
خۆراکی شیرین.
تیایانا ھەبوو بزر ئەبوون و
سەریان دائەنا لەو پێناوەدا
بۆ پاراستنی شانە و لانەیان
بەدژیانەوە شێرانە ئەدا
نموونەی بەرزی کارامەیەتی و
یاسا و رژێم و لەخۆ بوردن بوون
بۆ ھەرچی تامی شیرینی ھەیە
بەخەندە و بزەی لێوەوە ئەچون
کەچی مرۆڤآ کۆڵێ شیرینیی
لەسەر کاغەزێ بڵاوکردەوە
پوورە ھەنگەکە نەچوون بەلایا
بەکۆمەڵا خۆیان لێئەشاردەوە
ئەیانوت نەبا جێگەپێ و دەسمان
لەھات و چۆدا بەسەر کاغەزا
بەپێچەوانە رەنگ بداتەوە
وەکو پێنووسی ھەندێ مرۆڤی
ئەودیوی ویژدان، لەسەنگ و نرخی
پوورە ھەنگیمان کەمبکاتەوە!!


٢- دروود لە گورگ.


گورگآ مەڕێکی پارە پارە کرد!
وتیان ڕەوشتی دڕندە وایە..
ماسی ماسیی ورد بەکۆمەڵا ئەخوا!
ئەمە ڕژێمی ئاوو دەریایە..
کەبوومە لەرزە شارێ کاولکا
ئەڵێن کارەسات رادە بەدەرە!
سێو چوار مناڵی وەکو گوڵاڵە
بەرجادە کەون، قەزاو قەدەرە!
کوێرەخەتآ گەر پلەی دەسکەوێ
خوم ئەشێوێنێ، تینووی کورسییە!
لەکاتی جەنگا گرانی دادێ
بازرگانی جەنگ چاوی برسییە!
سەگێ بەبێ ھۆ پەلامار بدا
خەڵکی بگەزێ، سەگێکی ھارە!
نەزانێ ئەشێ لەسەر دوو وشە
کەسێ بکوژێ، نەخوێندەوارە!
ئەی ڕۆشنبیرێ، ژیرێ، زانایەک
پایە بڵندێ، پرۆفیسۆرێ
ویژدانی لەخۆی، لەنەتەوەکەی
لەچاوی گەشی ڕاستی بتۆرێ
نوکی پێنووسی بکاتە دەمی
پاچی گۆڕھەلکەن بۆ بەرامبەری
چاوەڕوانیشبێ بڵێن مامۆستای
چەرخی ئاوەژوو، تۆ تێکۆشەری!!
ئەبێ بۆ ئەمە بیانوومان چی بێ؟
چەنی بەچەنە رەفتاری وەھا!؟
کفن دز وەرە دەسم دامێنت
دروود لەگورگی دڕندەی ڕەھا!!

٣- ئەو تۆزە رەنگەی تیاتانەماوە.


ئەی پێنووسەکان: ئێوە زوربەتان
ساڵەھای ساڵە لەدەرگای ماڵی ئەم و ئەو ئەدەن!
نەخێرەومەنآ دەرگای واڵاکرد
نەکەبێ پرسی: لەسەر گۆی زەوی ، ئایا ئێوە ھەن!؟
ھەر لەبەر بوورە بیرێکی کۆنی بەچاوو ڕاوو بەزەبری ئاگر
سەپێندراوی ناو چوار دیواری ھەندەرانی دوور
لەئێمەتان کرد بەڕۆژی تازەی پاڵە و سەپان و لانەوازان و
بەچارەنووسی ئەنجامی مێژووی مرۆڤی ڕوو سوور!
لەھەردوو وەردی بەبێ ژێرخان و بەبآ سەرخانی زەویی ئێمەدا
لەبتی نەبوو، بەڕیزە بتی
درۆتان چەقان!
بەخەیاڵا پڵاو، بۆ ڕووخاندنی
ئەو بتخانەیە، لەتەم و مژ و
لەتاریکیدا، ھەزاران تۆپی
وشەتان تەقان!
لەبازاڕێکی بەبێ موغازە و
بەبێ ئامێری بەرھەمی زۆر و
بێ بانکی پارە و بێ سکە و زێڕ و
بێ سەرمایەدار، شەڕی دووچینی
نەبووتان گڕدا!
لەو پێناوەدا، بێ پرسینەوە
بەشێکی زۆری ھێز و وزەتان
لەکێشە گەورەی نابووت و دارا،
لەبیرو لەش و بازووی نەتەوە
داتاشی و بڕدا!
لەگڵی دوورا چارەتان ئەدی!
بەبێ بایەخی لەخاکی خۆتان
ورد ئەبوونەوە!
جگەرگۆشەتان ئەکرد بە قوربان
ئافەرینێکی گاڵتـە جاڕانە
بێ پیاچوونەوە!
ئەی پێنووسەکان: ئێوە ئەوانەی
بوونە کۆسپی ڕێ، ھەلتان لەکیسی
خاوەن کێشەدا
بەدووی کڵاوی بابردووتانا
وێڵا و بزر بوون، سەردەمآ ژیان
لەئەندێشەدا!
ئێوە ئەوانەی لەچاڵی بیری
تەنگەبەرتانا، ئێستاکە تاسی
رەنجی بێوەری و نابەکامێتی
ئەتانباتەوە..
دوای ڕەوینەوەی تەمومژ لەسەر کانی و سەرچاوەی ئەو ئاوە لێڵە
ئیتر با ویژدان، ئیتر با ڕووداو
کۆتانکاتەوە.
ئەی پێنووسەکان: لێتان نەبێتە
کوردە نامووسی، وەرن پێکەوە
لەگەڵا ئێمەدا، ئەو تۆزە ڕەنگەی
تیاتانا ماوە.
بیکەن بە نەخشەی کێشەی سەرەکیی
ئەو خاک و خۆڵ و ئاوو ھەوایەی
بووە و نەبوویان، لەپێشبڕکێدا
کەوتوونەدواو.

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر