٢٦\١٢\٢٠٢٤
سێ
هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود
٢٤
دڵۆپە
باران.
٠٠:٠٠
دڵۆپی باران
لەسەر شووشەی پەنجەرە
پەیامی شەو
٠١:٠٠
تەنیا بارانە
لەم شەوە بێدەنگەدا
ئەستێرە دەژمێرم
٠٢:٠٠
خەونی گەڵاکان
تەڕ دەبێت بە سێ دڵۆپ
شینی ئاسمان
٠٣:٠٠
تۆڕی تاریکی
لەگەڵ مۆسیقای باران
هەنگاوی شەو
٠٤:٠٠
باڵی تاریکی
دەوەرێت لە ئاسمان و
مانگ دەشاردرێتەوە
٠٥:٠٠
زایەڵەی بانگ و
نمەی زیوینی باران
تێکەڵ دەبێتن
٠٦:٠٠
خۆری زێڕین و
بارانی شینی بەیان
هەڵدێن پێکەوە
٠٧:٠٠
لەسەر پردێکی
کۆن، رێبوار و باران
رێگە دەپێون
٠٨:٠٠
گۆمی بەهەشت
لە حەوشەی قوتابخانە
منداڵ دەژمێرێت
٠٩:٠٠
بۆنی هێل و
شنەی باران لە دەرێ
ژیان دەنەخشێنن
١٠:٠٠
نەرمە بارانێک
وەک یادگارییەکی سەوز
خەون دەچڕێت
١١:٠٠
تنۆکێک باران
لەسەر لاپەڕەی کتێب
شیعر دەخوێنێت
١٢:٠٠
نیوەڕۆیە و
لەگەڵ بۆنی نانی گەرم
باران دەبارێت
١٣:٠٠
گۆمی حەوشە و
تێیدا ئاسمانێکی شین
خۆی دەشواتەوە
١٤:٠٠
ژێر داری پیر
دوو کۆتری عاشق و
سێبەری باران
١٥:٠٠
منداڵەکان
لەنێو پەلکەزێڕینە
بۆ خۆر دەگەڕێن
١٦:٠٠
باران وچانی
گرت بۆ بزەیەک و
دیسان گریایەوە
١٧:٠٠
تەمی باران
شاری کردە تابلۆیەک
پڕ لە یادگاری
١٨:٠٠
چرای زێڕینی شار
لەناو تۆڕی باراندا
گۆرانی دەڵێت
١٩:٠٠
بۆنی هێل و دار-
چینی چا و پەنجەرە و
شەپۆلی باران
٢٠:٠٠
ئەم شەوە شینە
لە پشت پەنجەرەکانەوە
گوێم لە مۆسیقایە
٢١:٠٠
ژێر چرایەک
کتێبێک و من و باران
خەون دەبینین
٢٢:٠٠
خەیاڵی شەو
لەگەڵ ئاوازی باران
ئەستێرە دەچنێت
٢٣:٠٠
دوا تنۆکی شەو
لەسەر پەنجەرەکەم و
مانگ دەنوێنێت
٢٤:٠٠
سوڕی کات و
تنۆکەکانی باران
دەست پێدەکەنەوە.
زستانی
٢٠٢٤ - رانیە
تیۆری
تێکشکان.
- لە یاداشتنامەی
ژوورە تاریکەکانەوە -
کاتێک
برسێتی بوو بە نان
بیرمەندەکان فێربوون
مێشکی خۆیان بخۆن
بەڵام هێواش هێواش
تا درەنگتر بمرن لەناو
دوا وشەدا
چونکە
لە بازاڕی فیکردا.......
نرخی مێشک لە نرخی
نانی ڕەش کەمترە... لە
سەردەمی سپی بوونی
مێژوودا
لە یانەی ڕۆشنبیراندا
تیۆری نوێ لەدایک دەبێت:
"فەلسەفەی برسێتی" لەناو
زبڵدانی پڕ لە کتێبدا
تیۆرییەکە
خۆی لە برسان مرد.....
پێش ئەوەی تەرمەکەی
چاپبکرێت
فەیلەسوفێک هەیە
ڕۆژانە هەزار پەڕە لەسەر
بێهودەیی نووسین دەنووسێت
بێهودەیی نـاوی کتێبخانەیەکە
کە لە جیاتی کتێب پڕە لە نان
دەیخوات و دەینووسێتەوە و
دەیخواتەوە، فەلسەفە
ناتانێ... تێری بکات
لە گۆشەیەکی تاریکدا
شاعیرێک خەریکی هۆنینەوەی
قەسیدەیەکە لەسەر مەرگی کەلتوور
نازانێ کەلتوور لە ژووری تەنیشتیەوە
هەر خۆی - خۆی هەڵواسیوە
بە پەتی وشە مردووەکان.
________________________________________
پەراوێز:
ئەم دەقە لەسەر پارچە
نانێکی وشک نووسراوە، وشکتر لە مێژووی ڕۆشنبیری، خوێنەر ئازادە نانەکە
بخوات یان دەقەکە بخوێنێتەوە... هەردووکیان برسین.
زستانی
٢٠٢٤ - رانیە
لە
خاکی
تاریکدا.
لە تاریکیدا
تنۆکە باران
بە چرای ئەزەل
ڕووناک دەکەنەوە
گەڵاکان
چرکە | بێدەنگی | هاوار
لە دەنگی نەگوتراوی
عەشقێکی ڕووت و
قووڵدا
کات
کات
کات
وەک گەڵای زەرد
لە باخچەی
وەهمدا
دەوەرێن
حەقیقەت
خۆی
دەنووسێتەوە
دڵۆپ
دڵۆپ
دڵۆپ
لەم شەقامە
درێژەدا
دەنگەکان
تێکەڵی یەک دەبن
وەک مۆسیقای
بێکۆتایی
تەنیایی
وشەکان
هەڵم دەبن و
بەرز...
بەرزتر...
بەرزتر
تا ئەو شوێنەی
کات و شوێن
یەکتر
دەدۆزنەوە
لەم شارە
نهێنیاوییەدا
تەنها خودا
دەزانێت
چەند چارەنووس
چەند خەون...
چەند ژیان
لەناو
دڵۆپەکاندا
ون دەبن
حیکایەت ⚊
گەردوون ⚊
نهێنی
بوون بە سێ
کونجی
مەعریفە
لە باراندا
دەنگی نوێ
خەونی نوێ
چیرۆکی نوێ
دەچنە ناو
خاکی
بێدەنگییەوە
چاوەڕێن.........
وەک تۆوی
حیکمەت
لە خاکی تاریکدا
بۆ هەڵهاتنی
خۆرێکی تر.
دوا مانگی پایزی
٢٠٢٤
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|