په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠٢٦

   سێ هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود

 

  تیۆریای ئاوێنە قۆقزەکان.

 

کاتێک دوو ڕووبار تێکەڵدەبن،

    هیچیان ئەویتر فێری مەلەوانی ناکات،

        دوو خنکان پێکەوە دەڕژێنە ناو زەریایەک

            ناوی هەردووکیانی بیرچووەتەوە.

 

تۆ بە کەنار چاومەوە دادەنیشیت و

    قاچەکانت دەخەیتە ناو تاریکییەکەیەوە.

        ئەوەی ناوی دەنێیت 'ئێمە'،

            دوو تەنهاییە لەبەردەم یەک چرادا،

        تەنها سێبەرەکانیان

    لەسەر زەوی تێکەڵبوون.

 

ڕووخسارت بنێ بە ئاوێنەیەکی قۆقزەوە،

    هەتا زیاتر پاڵ بە سنووری نێوانمانەوە دەنێیت،

        هەناسەت زیاتر شووشەکە دادەپۆشێت،

            تا لە کۆتاییدا

        تەمێک دەبینیت

    شێوەی تۆ دەنوێنێت.

 

لە ناو زمانی مندا

    ناوی تۆ پەناگەیەکی ساردە،

        هەر جارێک بانگت دەکەم،

            چەند دیوارێک بە دەوری دەنگمدا هەڵدەچنرێن و

        لەودیو قسەکانمەوە دەبنە زیندان.

 

ئێمە بە دوای بەڵگەیەکدا دەگەڕێین

    بیسەلمێنێت هێشتا ماوین،

        دەست دەخەینە سەر دڵی یەکتر

            تا دڵنیابین هێشتا

        بەرکەوتن دەناسێتەوە.

 

دوو هەسارە تەنها لە دوورەوە یەکتر کێش دەکەن،

    ئەو چرکەساتەی باوەش بە یەکدا دەکەن،

        گەردوون پڕدەبێت لە بەردی سارد و

            بێدەنگی.

  ئەتڵەسی لێکترازان.

١

لە دەرەوەی کات،
    لەو شوێنەی سێبەر خۆی دەخواتەوە،
        چاوشارکێ لەگەڵ هەستەکانمدا دەکەم و
            وێڵ، بە دوای پەنجەرەیەکدا دەگەڕێم
        هێشتا دیوارەکەی دروست نەکراوە.
تۆ، لە پشت منەوە وەستاویت،
    هێندە نزیک،
        مەگەر بە تەلەسکۆپێکی پێچەوانە سەیرت بکەم
            تا تێبگەم ئاخۆ چەند ساڵی تیشکی
        لە نێوان دوو لێودا بەستوویەتی.
    نزیکبوونەوە فێڵێکی بیناییە،
هەر هەنگاوێک بەرەو تۆم دەبات،
    ئاسۆیەک لە پشتتەوە ئاوادەبێت.

٢
کاتێک دەست لە پەنجەکانت دەدەم،
    وەک شوێنەوارناسێکی نابینا
        لەسەر نەخشەی لەشت
            بە دوای شارێکدا دەگەڕێم،
        لە خەیاڵی مندا خەوتووە و
    لە خەونی تۆدا خەبەری دەبێتەوە.
پەنجەکانم
    دەخەمە سەر مەچەکت و
        گوێم لە چکەچکی کاتژمێرێکە
            لە خوێنتدا لێدەدات.
        ئێمە دوو نامەی بێ ناونیشانین
    لە پۆستخانەی شارێکی سووتاودا،
ئەو چکەچکە
    بە ڕاڕەوە تەنگەبەرەکانیدا،
        درەنگتر لە کات،
            دەمانگەیەنێتەوە بە یەکتر،
        بە ژیان.

٣
لەسەر مێزەکەی نێوانمان
    کاتژمێرێکی مردوو
        چرکەساتەکانی لە قاوەکەماندا دەخنکێنێت.
            من تامی دوێنێی تۆ دەخۆمەوە و
        تۆش جێپێی بەیانییەکی نەهاتوو
    لە ناوچەوانمدا دەخوێنیتەوە.
لە یەک چوارچێوەدا وەستاوین و
    هەریەکەمان سەیری زریانێکی جیاواز دەکات.
        ماچ،
            مۆری پەیماننامەی بێدەنگییە
        لە نێوان دوو زمانی مردوودا.

٤
من کێم کاتێک تۆ چاوەکانت دادەخەیت؟
    سەنگەرێکی چۆڵکراو
        لە دوای جەنگێک هەرگیز ڕووینەداوە.
            تۆ بە پێڵاوە کۆنەکانی منەوە
        بەناو شەوەکانمدا پیاسە دەکەیت،
    منیش لەودیو شووشەی دەنگتەوە
سەیری غەریبەیەک دەکەم
    لە ئێستای تۆدا بە ناوی منەوە دەژی.
یادەوەری،
    مۆمیاکردنی ڕووناکییە
        لە پشت پێڵووە داخراوەکاندا.

٥
نەبوونی تۆ،
    میوانێکی قورسە
        لە بەرامبەرم دادەنیشێت،
            قۆپچەی پاڵتۆکەی دادەخات،
        بە دەنگە گڕەکەی من گۆرانی دەڵێت،
    بە سییەکانی تۆ
هەناسەی سارد هەڵدەکێشێت و
    کورسییەکە پڕنابێتەوە.
سێبەرەکانمان لە ئێمە ڕاستگۆترن،
    پشتیان لێکردووین و
        لە گۆشەیەکی تاریکدا
            خەریکی دروونەوەی ئەو برینانەن
        هێشتا نەمانکردوونەتە جەستەی یەکتر.

٦
تەنهایی،
    پەیکەرێکی شووشەییە
        لە قەفەسی سینەدا هەڵمگرتووە.
            هەر جارێک دەڵێم خۆشمدەوێیت،
        بەردێک دەگرمە ناوەوەی خۆم و
    هەزاران پارچەی تۆ
لە خوێنمدا دەدرەوشێنەوە.
دەستت بەرمەدە،
    با نەکەوینە ناو ئەو بۆشاییەی
        بە دەستی خۆمان هەڵمانکەندووە.

٧
عەشق،
    هەڵگرتنی پەنجەرەیەکە بەسەر شانەوە
        بە دوای دیوارێکدا،
            گواستنەوەی دوو بیابانە
        بۆ ناو ژوورێک.
وەک دوو هێڵی تەریب لە دەفتەرێکی تەڕدا،
    تەنها ئەو کاتە بەیەک دەگەین
        پەڕەکە دەدڕێت.
            عەشق ئەو چرکەساتە ترسناکەیە
        تێدەگەیت ئەوەی لە باوەشتگرتووە
    ئاوێنەیەکی قۆقزە.


   
چەتری تەنهایی.
لەژێر چەتری تەنهاییدا،
شەقامەکان پڕن لە چرپەساتەکانی بێدەنگی.
        هەر دڵۆپێک لەسەر قوماشی چەترەکە
        دەنگی لێدانی دەرگەیەک دەگەیەنێت،
                                      کەس نییە بیکاتەوە.
ڕووناکی گڵۆپەکان لەسەر شۆستەکان
پێنج شوێنپێی تەڕ دەژمێرن،
        هەموویان هی کەسێکن،
                                    بەرەو دواوە گەڕابێتەوە.
هەنگاوەکان، خاو،
بەسەر شانی ڕابردوودا دەڕۆن.
لە دەرەوەی چەترەکە،
باران یادگارییەکان دەشواتەوە و
        یەک یەک  لە نێوان بەردەکاندا
                       دەیاننێژێت.
لەژێر چەترەکەدا هەموو شتێک وشکە،
                پاڵتۆکە،
                دەستەکان،
                                        ناوێک لە گەروودا.
لەم شارە قەرەباڵغەدا،
تەنها شوێنێکی چۆڵ ماوە،
        ئەو بازنە وشکەی چەترەکە
        لەسەر شۆستەکە دروستی دەکات.
گڵۆپەکە لە پشتییەوە،
سێبەرەکە درێژ دەکاتەوە و
        لە سنووری چەترەکە دەردەچێت،
                                        دەکەوێتە ناو باران.
وشک دەمێنێتەوە، خۆی،
تەڕ دەبێت، سێبەرەکەی.
        هەموو شەوێک،
           لە نێوان دوو گڵۆپدا،
                 بە ئارامی لەگەڵیدا
                                  دەدوێت،
                وەک دوو شێت
                ڕازێک لە یەکدی دەشارنەوە
                                        هەردووکیان دەیزانن.
باران دەبارێت،
وەرزەکان یەک یەک جلەکانیان دادەکەنن و
        ڕووت ڕووت بە شەقامەکاندا سەما دەکەن.
ئەوەی باران ساڵانێکە ناشتوویەتی،
                                        دەژیێنێتەوە.
لە شەقامەکەدا،
لە دەرەوەی بازنەی چەترەکە،
        ئەوەی لە جەنجاڵیی ڕۆژگاردا ونمان کرد،
                بێ چەتر وەستاوە،
                        تەڕ، تەڕ،
                                        چاوەڕێمانە.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک