په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠١٦

سێکتاریزم لە کوردستان.

جەمالی عەلیالی   

 

لایەنگری لە لایەک، خۆ بەستنەوە بە ‌هێندێک پێوەری تایبەتی کەسایەتی و ناوچەیی، گرێدراوی بە ئایدیۆلۆژیایەکی ڕەق و وشک، بێ نەرمی و نیانی، ریزبەندی لە پشت چەند تایبەتمەندی جیاواز لە چۆڵگەی ژیانی بەبێ هاوتەریبی دەگەڵ تایبەتمەندییەکانی دەرەوەی بازنەی خۆجێیی و ... واتە sekterism/factionum بە زمانیتر، بابەتی ئەو نووسەراوەی بەرچاو خۆێنەرە. ئایا ئەو تاریفە لە سێکتاریزم ڕاستە یاخود هەڵە؟ دیارە ئەوە باسێکی تێر و تەسەل نیە، شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی گەرەکە، تەنانەت گەلێک رووناکبیر دژی خۆێندنەوەی ئەو بابەتە لە سەر قەوارەی کوردستانن بەڵام بە ڕای نووسەر، ئەو بابەته شایانی لێکۆڵینەوە یە.


لە کۆنەوە هەر وا بووە، مرۆڤ بە یارمەتی زانست و تێگەیشتن لە هەوڵی لێکدانەوەی دیاردە و ڕووداوەکان بووە، بەشێک بۆ دامرکاندنی نیازەکانی دەروونی خۆی، بەشێک بۆ ئەوەی کە خەڵکان و "شتی"تر بکاتە بەرپرسیاری هەڵە و داکەوتنەکانی خۆی، بەڵام بەشێکیش بۆ خۆێندنەوەی داهاتوو، ئەو داهاتوویەی کە ئێستا نەهاتۆتە ئاراوە. ئەو بابەتەی نووسەر ئامادەی کردووە چۆن و بە چ لایەکدا دەکەوێ، ئەوە ئیتر وڵامەکەی لای نووسەر نیە. پێشەکی چەند دێڕێک بۆ دەمەزەرد کردنەوەی بیر، لای خۆم و خۆێنەر.


کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەوپەڕی ساکاری وسەرەتاییدا، لیپاولیپ پڕلە ئایدیۆلۆژیای جیاواز بووە کە بریتییە لە پێوەندی و هەڵسوکەوتی نێوان مرۆڤەکان و چۆڵگەی ژیان. ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو کاتەی کە مرۆڤ تازە خەریک بوو دادەبەزیە دەشتاییەکان واتە ساواترین کۆمەڵگای ئەوکات کە هیچکامیان ئاگاداریی لەوی تر نەبوو، هەرکام سیستەمی ساکاری خۆیان هەبوو بێ ئەوەی کە چ زانیارێکیان لە سەر سیستەمی جیران هەبێ. ئەوە بوو بە هۆکارێک بۆ فرەچەشنە بوونی ئایدیۆلۆژیاکان. ئەو وتەیە جگە لە ڕاستێکی مەنتیقی لە سەر پێداچوونەوە بە پڕۆسەی پێگەیشتنی کۆمەڵگاکانی سەرەتایییە نیە، واتە هەرگیز لە قۆناخی هیپۆتێز دەرناکەوێ. لە سەر ئەم جۆرە ئایدیۆلۆژیانە چ بابەتێکی مەوزووعی نیە جگە لە ڕا و بۆچوون. زۆر دواتر، کاتێک ئایدیۆلۆژیاکانی "هاوچەرخ" پەیدا بوون، بۆ سەلماندنی ڕاستی خۆیان و داسەپاندنی خۆیان بە سەر کۆمەڵگاکاندا نازناوی ئایینیان بە ئایدیۆلۆژیا ناسراوەکان لکاند. لە کتێبە ناسراوەکانی ئەو ئایینانەی لە مێزۆپۆتامیا هەڵقوڵاون، هەر یەکەو باس لە فرە ئایینی کوفری سەردەمی بەر لە "ئەوان" دەکات و ئایینە کوفرەکان دەکات بە هەنجەتێک بۆ سەلماندنی ڕاستی خۆی.


زۆر دواتر، بەرەو کاتی هەنووکەیی، هێندێک ئایین لە مێزۆپۆتامیا پەیدا بوون کە لە ڕاستیدا جگە لە ئایدیۆلۆژیای نۆێ، چیتر نەبوون بەڵام بە هۆکاری نزمبوونی ئاستی زانست لە کۆمەڵگا، بە ناوی ئایین ناوزەتکران و بەو شێوە توانیان شۆێنی خۆیان لەناو کۆمەڵگاکاندا بکەنەوە. سرووشتی مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی سەردەست، وەها دەخوازێ کە چاو لە ئاسۆی دوور بڕێ و کاتێک وڵامی بۆ پرسیارەکانی نەبێت، ئەوسا دەتوانێ بۆ دامرکاندنی نیازی دەروونی خۆی، هەیکەل بۆ دۆزینەوەی وڵامەکانی بتاشێ تەنانەت ئەگەر لە داریش بوبێت.


لە سەر یەکەم ئایدیۆلۆژیاکانی سەرەتایی زانیارێکی زۆر لە بەر دەست نیە جگە لە بۆچوونی زانایان بە دوای لێکدانەوە لە سەر ڕووداوەکانی پاشوو بە یارمەتی ئەو ئاسەوارانەی کە بە کوورتی و بە کەمی پاشەکەوت بوونە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە لەو سەردەمە چ شێوە نووسراوەیەکی ئەوتۆ پاشەکەوت نەبووە. ئەوەی کە وەکوو نووسراوە پاشەکەوت بووە زۆر زیاتر جێگەی پرسیار و گومانە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە مێژوونووسەکان بەکرێگیراوی پاشایان بوون و بە دڵی پاشاکان مێژوویان تۆمار دەکرد. زۆرینەی ئەو نووسراوانە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە لە درێژەی خۆیدا، بەناوی قۆناخی کۆتایی ماتریارکال ناسراوە. لەو قۆناخەدا، لە مەر سەردەمی زەردەشت و ئایینەکەی هێندێک دەوڵەمەندی هەیە بەڵام پێویستە ئەویش بە شک و گومانەوە سەیری بکرێت. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو ئایینە گشت دەمێ لە ژێر تانەو و تەوژمی زۆردارانی سەردەمی خۆی بوە و لەو بوارەدا، هەر ئەو ئایینە مەجبوور بوە نەک هەر خۆی حەشار بدات بەڵکوو ئاڵوگۆریش بە سەرخۆدا بێنێت بۆ ئەوەی کە خۆ لە دووژمنانی ئەوکاتی، واتە ئایینە تازەکان بپارێزێ. فرەچەشنی ئەو خەڵکانەی کە لە ژێر ناوی جیاوازدا هاوشێوەی ئایینی زەردەشتین ئەوە دەسەلمێنێ. هەر ئەو فرەچەشنییە لە خەڵکانی هاوشێوەی ئایینی زەردەشتی دەتوانی ڕێگە بۆ ئەو بیرۆکەیە خۆش بکات کە دەڵێ یەکەم سێکتەکانی سەرەتایی لە ناو ئایینی زەردەشتدا پێکهات، هەر ئەو کاتەی سەرۆکیان بۆ "مابەد"ەکان هەڵبژارد وپاشان چەند لکیان پێ بەستەوە. پێرەو و نازناوی ئەو لکانە لە شۆێنە جیاوازەکانی هاوکاتدا، دەتوانێ بە چەشنێک هاوتەریبی ئەو بیرۆکەیە بێت.


کاتێک مووسا، بانگەشەی ئایینی خۆی کرد، "بە سیستمی بوونەکەی" زیاتر بەرچاوبوو، هۆکارەکەی ئەوە بوو کە لە تەجرەبەی سەرنەکەوتووی زەردەشت کەلکی وەرگرت و هەر لەسەرەتاوە کۆمەڵێک یاسا و ریسای بۆ رکێفی خەڵکەکەی دامەزراند. لای ئەو ئایینە نۆێیە، زەردەشتی کوفر بوو، تەنانەت بۆ ئەوەی کە خەڵکی خۆی پەڕیوەی ئایینی زەردەشتی نەبن، تووند و تیژێکی گەلێکی نواند بەڵام سەرەڕای ئەوە، لە دەست بەسەرداگرتنی کۆمەڵگادا سەرکەوتوو نەبوو. لای ئایینی موسایی، ناوبردنی ئایینی زەردەشتی کوفر بوو هەر بۆیە هەرگیز نە باسی زەردەشتی کرد ونە باسی "قەوم"ەکەی زەردەشت، لە شۆێنێکدا کە لە کتێبەکەی موسادا تەنانەت دانیشتوانی کۆێرە دێیەک بە ٤٠ کەس حەشیمەتەوە وەک "قەوم" ناو دەبرێن. کاراکتەری ئایینی موسا لەوەدا بوو کە بچووکترین لادان لە یاساکانی ئایینی بە تووندوتیژی وڵام دەداوە بەڵام خەڵکەکەی مافی ئەوەیان هەبوو کە خوا بکێشنە ژێر پرسیار.


زۆر بە سەر دەوری ئایینی موسادا تێنەپەڕی کە ئایینی مەسیحی شۆێنی ئەوی گرتەوە. ئینجا دەبوایە زەردەشتییەکان خۆیان لەو ئایینە نۆێیەش حەشار بدەن. ئایینی مەسیحی بە هۆی سەرنەکەوتنی ئایینی موسا لە بارودۆخێکی مێنتاڵی جیاوازدا پێکهات. مەسیح هاو شێوەی موسا، رێگەی بە خەڵکەکەی دابوو کە خوا بکێشنە ژێر پرسیار بەڵام بە هۆی ئەوە کە تەجرەبەی سەرنەکەوتووی موسای لە بەکارهێنانی تۆندوتیژی لەبەرچاوبوو، بۆ سەقامگیرکردنی خۆی، خۆشەویستی جێگری تووند و تیژی کرد. مەسیح، هەرگیز ناوی ئەوانی پێشووی نەبرد هەرچەند ئەویش لە کتێبەکەیدا باسی قەومیتر بە حەشیمەتی کەم دەکات. لە سەر ئەو سەردەمە لە بواری نامیلکە و ئاسەواردا، دەوڵەمەندیی زیاتر هەیە کە دەکرێ سەرەڕای شک و گومانەوە بە هەند بگیرێ.


زۆری بە سەرا تینەپەڕی کە ئاشکرا بوو ئەو ئایینەش نەیتوانیوە دەس بە سەر کۆمەڵگادا بگرێ و بە چەشنە ئیسلام هاتە ئاراوە، تێکەڵاوێک لە ئایینەکانی پێشووتر بەڵام بە کاراکتەرێکی جیاوازەوە. تێکەڵاوێک لە تووندوتیژی و خۆشەویستی، بەڵام لە هەمان کاتدا بە پێچەوانەی ئایینەکانی پێشوو، کەس مافی ژێر پرسیار بردنی خوای نەبوو. ئیسلامیش هاوشێوەی موسا و مەسیح جگە لە کوشت وبڕ چێ بۆ ئەوانی پێشوو و بە تایبەت بۆ زەردەشتیان نەبوو.


لەو کاتەوە تا ئێستا ئیتر چ ئایینێکیتر نەهاتۆتە سەر زەوی. بە دوو هۆکاری ساکارەوە، یەکەم ئاستی زانست لە کۆمەڵگادا ئەوەندە چۆتە سەر کە مرۆڤ خۆی بتوانێ بکەوێتە شۆێن وڵامی پرسیارەکانی. دووهەم هەر بەو پێیە مرۆڤ هەستی بەرپرسیارێتی لە مەر چۆڵگەی ژیان زیاتر بووە. ئەوە مەنتیقییە کە ئیتر گۆی زەوی چ ئایینێکی نۆێ بەخۆوە نەبینێ. لەو کاتەوە ئەو ئایدیۆلۆژیانەی کە پێکهاتن ئیتر نەدەکرا ناوی ئایینینا پێوە بلکێندرێ، بەو شێوە، زۆربەیان پاشناوی "ئیسم"یان بە خۆوە گرت.


بە تۆسقاڵێک راوەستان لە سەر ئەو دێڕانەی لەسەرەوە هاتوون چەند خاڵی گرینگ دەردەکەون. لەوانە، یەکەم ئەوەی کە ئەو بەسەرهاتە هی ١٠٠ ساڵ و ١٠٠٠ ساڵ نیە، "دیاردەیەکە" کە زۆر زیاتر لە ٣٠٠٠ ساڵ دەوامی هەبووە، کەواتە، هەڵەیە ئەگەر بە دیاردە بناسرێ، ئیتر پاش ئەو ماوە دوورودرێژە، بۆتە بە پڕۆسە یاخود لەو چوارچێوەیەدا، "شێوازی ژیان". دووهەم ئەوەی کە ئەو "پڕۆسەیە" زۆر بە چڕی و پڕی لە سەر "خەڵکێک" کاریگەری کردووە و شێوازی ژیانی بۆ ئەو خەڵکە داڕشتوە. سێهەم ئەوەی کە ئەو خەڵکە نە عەرەبە، نە فارسە، نە تورکە، نە ئەرمەنییە و نە ئاسۆرییە، ئەو خەڵکە کوردە. بە گۆێرەی ئەو ئەزموونە تاڵەی درێژتر لە مێژووی نووسراو، نەتەوەی کورد فرچکی بە دۆ زانیاری هەڵە گرتووە: لە لایەکەو هەر سیستەمێکی نۆێ بۆ کورد مەترسیدارە، لە لایەکیترەوە، بە پێی ئەو ئەزموونە، کورد نابێ متمانەت بە کەس بکات جگە لە تۆری کۆمەڵایەتی خۆی، واتە تایفە وعەشیرەتی خۆی کە زۆربەیان بە مەبەستی خۆپاراستن، لێک دابڕاو بوون. ئایا دەتوانین ئەمە وەکوو پێوەرێکی بچووک بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرسێکتاریزم لە ناو نەتەوەی کورددا بخەینە بەرباس؟


ئەگەر ئەو پرسیارەی کۆتایی لە خانەی ڵۆژیکدا جێ بگرێ ئەوا پێویستە لایەنیتری ئەو "پوولە" شی بکریتەوە، رەنگە بە گۆێرەی خوارەوە: ژیانی لەو چەشنە، ژیان لە ژێر نکۆڵی و کووشت و بڕ و ڕاونانی بێ پسانەوە، کاریگەری قووڵی لە کۆمەڵگای کوردستان کردووە. ڕاستە، خۆحەشاردان بە مەبەستی دەربازبوون لە ژێرنکۆڵی و تواندنەوە لە ڕێگەی کووشت و بڕ و ڕاونان، تواناییە بەڵام هونەر نیە، هونەر لە خووڵقاندنی "نۆێ"دا یە. خۆحەشاردانەوە، وەکوو گشت دیاردەیەکیتر، بە پێی بارودۆخ، ئاڵوگۆڕی بەسەرا هاتوە و ئەکتەرەکانی جێگۆڕکێیان پێکراوە، ئەوە چارەنووسی لۆژیکی هەر پرۆسەیەکە. تەرجەمەیەکی سەردەمییانە لە سەر ئەو باسە رەنگە لایەنێکیتری کاکڵی دۆخەکە ئاشکرا بکات:


لە سەردەمی هەنووکەییدا داگیرکەر بە هەر هەنجەت و بیانوویەک بووبێت جگە لە نکۆڵی و تواندنەوە لە رێگەی کووشت و بڕ و ڕاونان چی بۆ نەتەوەی کورد نەبووە. ئەوە بۆتە بە شێوازێک لە ژیان لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا، کولتوورێکی وەهای پێکهێناوە کە نەتەوەی کورد گشت دیاردە و هەڵکەوتێکی نۆێ بە دووژمنی خۆی دەزانێ و متمانەی بە کەس نیە، واتە خۆی لە ناو جیهانی تەسکی "خۆییدا" دەبەستێتەوە هەر بۆیە دەکرێ باس لە سێکتاریزم لەناو نەتەوەی کورددا بکرێ. ئەگەر ئەو بیرۆکەیە بکەوێتە خانەی لۆژیکەوە، ئەوکات ئەوا گشت تۆێژ و لایەنەکانی کۆمەڵگا لەخۆی دەگرێتەوە بە کەسایەتی، ڕووناکبیر و سازەوە.


کاتێک مرۆڤ بە هەر هۆکارێک بێت، گیانی لە دەست دەدات، ئیتر ئەو جەستەیە پێوەندی بە ژیان دەپچکڕێ و هەر بەو هۆکارە پێویست نیە چیتر لێرە لەسەری بدوێین. دەگمەن نیە کە مرۆڤ گیانی لە دەست نادات بەڵام لە ڕێگەیترەوە مێشکی دەبێتە بە کۆیلە.ئەو حاڵەتە چارەی سرووشتی هەیە، مێشک بە شێوازێکی سرووشتی زۆر جاران خۆی لە کۆت و زنجیر رزگار دەکات. هێندێک جار هەیە کە مرۆڤ "هەستی" دەبێتە کۆیلە، ئەو حاڵەتە لە دوو حاڵەتەکەی پێشوو درێژخایەنترە و برینی قووڵترە. هەست، کەرەستەیەکە بۆ پێوەندی مرۆڤ دەگەڵ هەرچی لە دەرەوەی جەستە و بیری مرۆڤدایە کە واتە پێویستە رێگەچارەیەک بۆ رزگارکردنی هەست لە بەندی کۆیلەیەتی بدۆزرێتەوە بەڵام چۆن؟ لێرەدا پرسی پەروەردە دێتە ئاراوە. ئەوە بە هەڵکەوت نیە کە داگیرکەری کوردستان جگە لە قوتابخانەکانی خۆی، قوتابخانەی تایبەتی لە کوردستان بۆ مناڵانی کورد دادەمەزرێنێ، مەبەستی تواندنەوەی نەتەوەی کوردە. گرینگی پەروەردە لێرەدایە کە دەتوانێ لە لایەن هەر کەسێک و بۆ هەر مەبەستێک بەکاربێت.


درێژەپێدانی سیاسەتی نامرۆڤانە لەمەر نەتەوەی کورد کاردانەوەکەی ئەوە بووە کە ئێستا لە باری سیاسییەوە لە پانتایی کوردستاندا دێتە بەرچاو. دەکرێ بوێژین ناتەبایی سیاسی لەناوبەین گشتی سازەکانی سیاسیدا بە ئاشکرایی دیارە، تەنانەت ئەوکاتەی هێرشی ڕاستەوخۆی داگیرکەریان لەسەرە، ئەوکاتیش لایەنەکانی سیاسی ناتوانن سەرەڕای جیاوازی لە بیرو بۆچوون لە دەوری یەک خاڵی "مان و نەمان" یاخود مافی "بوون" کۆ ببنەوە. هۆکاری ئەو کردەوەیە بە ڕای نووسەر تەنیا لەو کولتوورەدایە کە بە درێژایی مێژوو لە کۆمەڵگای کوردەواریدا پێکهاتوە و بەو شێوەیە، هەستی تاکی کوردی کردۆتە کۆیلەی ئەو شێوازە لە ژیان. هەربۆیە مافی بوون و پرسی مان و نەمان نایەتە بەرچاوی تاکی کورد. رەنگە بە وتە، زۆرینەی سازەکانی سیاسی باس لە یێکێتی نەتەوەیی و ... بکەن بەڵام لە پراکتیکدا هەر ئەو زۆرینەیە گاڵتەی بە دەستەواژەی لەو چەشنە دێت چونکە یەکەم ئەوە "شت"ێکی نۆێیە و کورد نامۆیی لێدەکات، دووهەم ئەو هەنگاوە پێویستی بە متمانە بە لایەنەکانیترە. بەخت ڕەشی کورد لەوەدایە کە تەنیا ئەو دوو زانیارییەی لە مێژووی خۆێناوی خۆی فێربووە.


دیارە ئەو سناریۆیە هەر ئەوەندە تاڵ و ڕەش نیە کە لێرەدا نەخشاوە، بە خۆشییەوە ئەو پرسیارە لە لایەن خەڵکانێک ورووژاوە و کاری بۆ دەکرێ. ئەرکی تاکی ڕۆشنبیر لەو بوارەدا گرینگە و پێویستە هەنگاو بۆ دەربازبوون لە قۆناخی کۆیلەیەتی هەست هەڵبگرێ بە مەبەستی تێکڕماندنی سنوورەکانی داڕێژراو لە لایەن داگیرکەرەوە. نەتەوە، ئەوکات دەتوانێ بڕیاری سەربەخۆی لەمەر گشت دیاردە و ڕووداوێک هەبێ، شۆێن و پێگەی دیاری لە کۆمەڵگای ناونەتەوییدا بدۆزێتەوە و سەنگی خۆی وەکوو نەتەوە دیاری بکات.


٢٥\١٢\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک