په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٣\٢٠١٣

سێکیولاریزمی تورکیی لە بەرامبەر دیموکراسیی کێم دێنێ.


کرمانج گوندیی    

بەرایی.


لە سادەترین فۆرم، سێکیولاریزم دەکرێ وەکی ئایدیۆلۆژیێک تاریفی لەبۆ بکرێ کە ئایین لە دەوڵەت جودا دەکا. سێکیولاریزم ئەو مافە بۆ خەڵک دابین دەکا کە لە ئاست فەرمان و قوتابخانەی ئایینیی ئازاد بن. سێکیولاریزم دژی ئایین نیە، بەڵام لە بەرامبەر ئایین سەربەخۆیی هەیە. سێکیولاریزم بە شێوەکی گشتی بەمانای دیموکراسیی نیە - لێ، دەکرێ هەنگاوێک بێ بەرەو مۆدێرنیزە، و دامەزراندنی ئینستیتیوتهایێکی دیموکراتیک کە تێیاندا عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و یەکسانیی بە جۆرێکی خویا لە نێوەرۆکی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی، سیاسەت، و ئابووریی ئەدا بکرێ و هەڤوەڵاتییان لێی بەهرەمەندبن.

سێکیولاریزمی تورکیی کە لەگەڵ دامەزراندی کۆماری تورکیا لەساڵی ١٩٢٤ درووست بوو، توانی ئایین لە سیستەمی دەوڵەتدارێتیی دوور بکا - بەڵام، بە جێگەی ئەوەی لە ڕەهەندی دامەزراندنی کۆمەڵگەییکی یەکسان هەنگاوهەڵێنێ کە تێیدا عەدالەتی کۆمەڵایەتیی بەرقەرار بکرێ -ـ لەژێر کارێگەرێتیی شۆڤێنیزمی تورکیی و زهنیەتیی عەسکەرتاریی نەک هەر لەو ڕەهەندە نێزیک نەبۆوە، بەڵکوو ڕێچکەی لاسایی کردنەوەکی وێنەچووی لە فەرهەنگی ئۆروپایێ پێشگرت؛ و لە بنپەردەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوایێ توانی فەرهەنگی ڕەگەزپەرستانە تورکیی بەرفرە بکا، و لە نێو ئەو فەرهەنگەش نکۆڵی لە ئێکەک لە کەونارترین نەتەوەی جیهانێ بکا.

فەرهەنگی سێکیولاریزم.


لەساڵێ ١٨٤٦، بۆ یەکەمجار نووسەری نێومەندی ئینگلستانیی ، جۆرج جەیکەب هۆلیئۆک تێرمی سێکیولاریزمی وەکی چەمکی "هزری ئازاد" بەکار هێنا بۆ ئەوەی وەکی بنەماگە خزمەتی "چارچێوەی بیریی کۆمەڵایەتیی" بکا. پاشان، لە بەحسەکەی خۆی "ئەخلاقی سێکیولار" کە لە ساڵی ١٨٩٦ چاپ و بڵاوی کردەوە، هۆڵیئۆک بەو جۆرە تاریفی سێکیولاریزم دەکا:

"سێکیولاریزم کۆدی ئەرک و بەرپرسێتییە کە پێوەندی بەم ژیان و جیهانە هەیە و لە مرۆڤ دەست پێدەکا و لە مرۆڤیش تەواو دەبێ، و پتر بۆ ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان بە ‌‌پیۆلۆگی و ئایینمەندیی نیە، وئایین ناکامڵ دەبینن. سێکیولاریزم لەسەر سێ بنەماگە دامەزراوە: ١) لە ڕێگەی بەکارهێنانی مەتێریال ئەم ژیانی گۆزەویە پێشڤە ببرێ، ٢) زانست حیکمەتێکی بەردەستە بۆ [خزمەتکردنی] مرۆڤ، و ٣) کارێکی چاکە لەهەر وەختێک کە بکرێ چاکە ئەنجام بدرێ -ـ بەڵام، چاکە لە نەزەر بگیرێ یان ن گیرێ -ـ چاکەی ژیانی ئێستا چاکە، ئەوەش کارێکی چاکە کە [بەردەوام] هەول بدرێ بۆ ئەوەی کاری چاک بدرێ."

ئەدگارەکانی سەرەتایی سێکیولاریزم لەسەر ئەو باوەڕە دامەزراون کە بنەماگەی "چاکەکاریی" کە تێیدا مرۆڤانی ئاسایی ئەو مافەیان بۆ دابنین کراوە کە بە جۆرێکی یەکسان بواری پێشکەوتیان هەبێ. بەڵام، لە زۆر لە ڕژێمانی سێکیولار - تورکیاش لەگەل - سێکیولاریزم لەسەر حسێبی بنەماگەکانی بنچینەیی دیموکراتیک درێژە بە مانەوەی دراوە. تورکیا، وەکوو وڵاتێکی ئیسلامیی کە لە ساڵی ١٩٢٤ ڕا لە لایەن سێکیولاری ڕادیکاڵ کە ئینستیتیوتی ئەسکەریی لەسەرووی دەوڵەتی تورکیایێ بوو، و بە هەموو جۆرێک (خوێن رێژتنیش لەگەڵ) دژایەتیی پێکهاتەکانی ئایینیی و ئازادیی تاکانی ئایینمەندی کردیە. ئەمە بۆ خۆی لادان لە بنەماگەی سێکیولاریزم و کەمهێنان بووە لە فەرهەنگی دیموکراسیی.

سێکیولاریزمی تورکیی.


لە وەختێک کە پارلەمانی تورکیا یاسای قەدەغە کردنی سەرپۆشی ژنانی ڕاکرد بۆ ئەوەی ئازادیی بە ژنانی تورکیایێ بدرێ لە کاتێک ئەگەر ژنانێک ئارەزوویان بێ بتانن ئەو مافە خودا پێداوەی خۆیان بەکار بێنن -ـ تا پارلەمان ئەو کارەی کرد، ئینستیتیوتی ئەسکەری و سێکیولاریستەکانی ڕادیکاڵ زۆر بە توندی کەوتنە هێرش کردن بەوەی کە ئەوانە دەیانەوێ سێکیولاریزمی تورکیایێ لاواز بکەن. دانەوەی ماف بە هەڤوەڵاتییان بۆ ئەوەی ئازادیی خویان بەکار بێنن لادان لە سێکیولاریزم نیە بەڵکو ڕەویش و ڕەهەندی بەرفرە کردنی پلوورالیزم و فەرهەنگی دیموکراسییە. ئەوە ڕاستە لە وەختێک شەریعەت بکرێتە بەشێک لە دەستووری وڵات سێکیولاریزم لاواز دەبێ، بەڵام بە هەمان شیوە دەکرێ مەترسییدار بێ لە کاتێک بە توندی مەفەکانی هەڤوەڵاتییان ڕەد بکرێ کە نەتانن ئازادانە ئەدای باوەڕەکانی فەرهەنگیی و ئایینیی خۆیان بکەن - لەو ‌حاڵەتە زهنییەتی ڕادیکاڵ، "سێکیولاریزم" دەگوازێتەوە بۆ "سێکیلاریزمی ڕادیکاڵ" کە فەرهەنگی "کەمتەحەمولیی و ڕەدکردنەوە" درووست دەکا (دیکتاتۆرەکان بە گشتی زادەی ئەو زهنییەتە سەقەتەن). هەر ئەو زهنیەتە سەقەتەش کە وەکوو تاعوون لەساڵی ١٩٢٤ڕا، سەراپای ناسیۆنالیزمی تورکی تەوق داوە -ــ تورکیای لەناو سایکلی ترس، بێباوەڕیی، و جەهلی تورکیزم حەپس کردیە.


هەر ئەو فەرهەنگە سیاسی -ـ یاساییەی تورکایێ بۆخۆی وەبیهێنانەوەیێکە بۆ جیهانێ کە ببینن سیستەمی "سیاسی - عەدلی تورکیی" چەند ناعادڵە و نادیموکراتیکە و چەند کێم دەهێنێ لە بەرامبەر "عەدالەتی هەقیقیی." هەر لەبەر هەندێش سیستەمی سیاسی -ـ عەدلی تورکیی خالیی لە توانای ئەخلاقییە.

ئەو کوردۆفۆبیایەی کە فەرهەنگی سیاسی - کۆمەڵایەتیی تورکیی درووستی کردووە ــ بەهانەییک بووە کە سێکیولاری ناسیۆنالیزمی تورکیی هەمیشە بەکاری هێناوە بۆ ئەوەی ڕەوایی بە پڕۆسەی چەوساندن و نکۆڵی کردن لە بوونی نەتەوەی کەوناری کورستانێ.

سێکیولاری ناسیۆنەلیزمی تورکیی هەمیشە دیموکراسیی لیبڕاڵیی کە بانگێشەی پلوورالیزم و یەکسانی دەکا، مەحکووم و ڕەد کردیتەوە -ـ کە ئەوەش بۆخۆی لادانە لە تەواوی بنەمەگەکانی دیموکراتیک و لاوازکردنی ئۆرگانەکانی فەرهەنگی سێکیولاریزمی مەردووم سالاریی . ئەو جۆرە ڕەفتار و زهنییەتە بۆتە پێشگر لەهەمبەر گەشەکردنی تورکیایێ و ڕێگریشە لە هەمبەر وەرگرتنی تورکیایێ کە ببێتە ئەندامێکی یەکییەتیی ئۆڕوپایێ.

بۆ ئەوەی تورکیا بتانی ئارمانجەکانی خۆی بەدەست بهێبێ، گەرەکە فەرهەنگی سێکیولاریزمی لیبرال بپارێزێ و پێشڤەی ببا تا بتوانی بنەماگەکانی فەرهەنگی دیموکراسی لە بوارەکانی عەدالەتیی کۆمەڵایەتیی، سیاسی، و ئابووریی بخاتە حاڵەتی جێبەجێ کردن -ـ کە ئەمەش لە ناساندن و ڕێزلێنان لە فەرهەنگ و تەسکەرەی سیاسیی - کەلتووریی گەلی کورد لە باکووری کوردستانێ ڕەنگ دەدا کە ئەو تەسکەرە و فەرهەنگە لە نێو چارچێوەی قانوونیی بناسرێن و لە دەستووری تورکیایێ هەموار و یەکسان تۆماربکرێن. تەنێ ئەوکاتە سێکیلاریزمی دیموکراتیکی تورکیایێ دەتانی لە ڕەهەندی تەکامولی کۆمەڵگەیێکی سیڤیل و خاوەن عەدالەتی کۆمەڵایەتیی ڕێ پەی بکا.

دیموکراسی لە جۆری فەلسەفەی سیاسیی لەسەر بنەماگەکانی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادی میدیا، ئازادیی ئایین، ڕەهەندی یاسایی، ڕیزڵینان لە مافەکانی تک ، کۆ، و ناسنامەی فەرهەنگ -ـ نەتەوەیی، و کۆنتڕۆڵی سیڤیڵیی بەسەر ئینستیتیوتی عەسکەریی دامەزرایە. دیموکراسی لەسەر بنەمای پلوورالیزم -ـ حوکمی زۆرینە و ڕێزدانان بۆ مافەکانی کەمینە درووست بووە. هەر لەبەر هەندێ بۆ تورکیا ئەگەر بیەوێ بۆناو کۆمەڵگەیێکی سیڤیڵ گەشە بکا -ـ گەرەکە ڕێز بۆبنەماگەکانی مافەکانی مرۆڤ دابنێ و سیماکانی ئازادیی سیڤیلیی بپارێزێ و پێشیان ببا، و تەواوی مەفەکانی گەلی کوردستانێ لەدەستوور وەک میللەتێکی جودا لە میللەتی تورک جێگیریان بکا.

بۆ ئەوەی ڕەهەندی ئاییندەیێکی ڕۆناک لە پێش بگرێ، سێکیولار یزم و سێکیولاری تورکیایێ گەرەکە خۆیان لەو "تورکایەتییە ڕووتە" دوور بکەن، و ئەو هەقیقەتە لە نەزەر بگرن کە تورکیا تێیدا دەژی -ـ کە تورکیا لە دوو نەتەوەی سەرەکیی کورد و تورک شەکڵی گرتووە - ئەوانەی لە تورکیایێ دەژین هەموویان تورک نین و ناشبن بە تورک -ــ سەردەمی ئەو زهنیەتە سەقەتە کە ئەوانەی لە تورکیا دەژین هەموویان تورکن بەسەر چووە. سەردەمی ئەوڕۆ، بەهەمان شێوە کە ماف بە تورکان دەدا کە پارێزگاریی لە مافەکانی نەتەوایەتیی خۆیان بکەن، بە هەمان شێوەش ماف بە کوردان دەدا کە داوای مافەکانی نەتەوایەتیی خۆیان بکەن. ئەگەر سەردەم سەردەمی پێشڤەبردنی ناسیۆنالیزمە -ـ ئەو پێشڤەبردنە بۆ نەتەوەی کوردستانێش هەمان ڕەوایێتیی یاسایی ــ سیاسیی هەیە.

دیـماهـیک.


سێکیولاریزم وەکی فەلسەفەیێکی مرۆینیی گەرەکە پلورالیزمیی و مەردووم سالاریی بێ بۆ ئەوەی کەشی لەیەکتری تێگەیشتنی ڕێزمەندانە لەنێوان دین و دەوڵەت بەرقەرار بکرێ هەتا هەر ئێک لەوان دوور لەیەکتر کاری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی - یاسایی خۆیان بکەن - بەجٶرێک لە ئەدای ئەرکەکانیان بۆ پێشڤەبردنی کۆمەڵگە، تەندرووستمەندانە لەتەنیشت یەکدی ڕەهەندی خۆیان پەی بکەن. تێکەل کردنی ئایندارێتیی بە کاری دەوڵەتدارێتیی ئەنجامێکی دژواریی بۆ کۆمەڵگە دەبێ. هەرئایدیایێک چ سێکیولاریزم بێ یان پیۆکراسیی گەرەگە بە کردە لە ڕەهەندی خرمەتکردن و پێشڤەبردنی مرۆڤایەتیی دەست پێبکا و لە تەکامولی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی تەواو ببێ - دەنا شکست دێنێ


بۆ سێکیولاریزمی تورکیی کە بەروواڵەت دەیەوێ لە لاسایی کردنەوەی ئۆروپایێ دەربچێ و ببێتە ئەندامێک لە یەکییەتیی ئەو کێشوەرە، گەرەکە هەوڵ بدا کە واز لە بەکارهێنانی سیاسەتی خاپاندن بهێنێ و بۆ "خاتری ئاییندەی خۆی" پێویستە فەرهەنگی لێکتر تێگەیشتن و تەحەموول کردن پێشڤە ببا. تورکیا ناتوانێ بەردەوام لەناو فەرهەنگی "تورکایەتیی" قسە لە یەکسانیی بکا -ـ لە بەرامبەریش چاوەڕێی ئەوە بکا کە خەڵکی کوردستانێ "دەست لە چۆکان" دابنیشن. میللەتی کوردستانێ لە سیاسەتەکانی ناماقووڵی تورکیایێ هوشیارترە. بۆ تورکیا گرینگە کە بە دوای چارەکی جیدیی بگەرێ کە تێیدا ئاشتیەکی هەمیشەیی دابمەزرێ. تورکیا چیدی نکارت لە پشت پەردەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئۆڕوپایێ درێژە بە سیاسەتی چەواشەکارانەی خۆی بدا. لەلایەک دارای ڕەگەزپەرسترین دەستووری وڵات بێ کە لە ژێر سێبەری ئەو دەستوورە میللەتی کوردی باستانیی حاشا لێ بکا - لەلایەکیتر بە زهنیەتێکی کاریکاتۆریی قسە لە دیموکراسیی و نەخشەڕێگەی چارە وەدۆزین بکا.
_______________________________________
ژێـدەرەکان:

Agnosticism. (2008). About.com. Agnosticism/Atheism، Secularism 101: Religion، Society، and Politics.
Atheism. (2008). http://atheism.about.com/library/FAQs/religion/blrel_sec.htm.
Holyoake، George J. (1896). Secular Ethics. Publication English Secularism.
Miller، Lisa (2008). In Defense of Secularism. http://www.newsweek.com/id/112719.
USINFO.STATE.GOV (Website، 2008). What Is Democracy? http://usinfo.gov/products/pubs/whatsde.

 

 

kigundi3@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک