په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠١٥

سێکۆلاریی و باوەڕداریی و دینداریی بە دەنگەدەنگ و قڕەقڕ ناکرێ.

- منیش لەگەڵ قسەکانی دکتۆر مەریوانی وریا قانع دام! -

جیهاد محەمەد     


سێکۆلاریی و باوەڕداریی و دینداریی بە هێرشکردنە سەر خودا و پەیامبەر و قورئان و عەلمانیەت و لیبراڵ و چەپ و مارکیسییەکان ناکرێ.
پشتیوانیکردن لە نووسینەوەی دەستوورێکی سێکۆلار، بە هێرش و جنێودان بە خوداو پەیامبەر و قورئان و تەماشاکردنی هەموو موسڵمانان وەک یەک ناکرێ.
پشتیوانیکردنیش لە نووسینەوەی دەستوورێکی ئیسلامیی، بە جنێودان بە عەلمانیەکان و لیبراڵەکان و چەپەکان و مارکسییەکان ناکرێ.
هەموو ئەم جۆرە هێرش و جنێودانانە لە هەر چ لایەکەوە بێت، لە دەستدانی دیالۆگ و وتووێژێکی مەدەننیانە بە دوای خۆیدا دەهێنێ.


بە بڕوای من ئەوەی کە زۆر زیاتر زیانی لێدەکەوێت لەم جۆرە هێرش و جنێۆدانانەدا بەرەی سێکۆلارە، بەرەی گەلە، ئەو بەرەیەیە کە دەیەوێت کۆمەڵگا بکات بە کۆمەگایەکی عەقڵانی و کولتووری دیمکوراتی فەراهەم بکات. هەڵبەت دینیش وەک دین وەک باوەڕداریی زیانی لێدەکات. بەلام هیچ کات جامبازە دینییە سیاسییەکان و ئەو ئاتیستانەی کە ئاتیستییەکەیان دەکەن بە دین زیان ناکەن.


لەگەڵ ئەوەی بە تەواوەتی لەگەڵ نووسینەوەی دەستوورێکدام لە سەر شێواز و بنەمای سیکۆلاریزم، زۆر لایەندارێتی ناوەندی سێکۆلاریزمیشم کردووە و دەیکەم، بەڵام لەگەڵ ئەو دۆست و هاورێ و کەسانەدا نییم، کە بە ناوی سێکۆلاریزمەوە بە هەمان شێوە و شێوازی ئیسلامییە سیاسییەکان قسە دەکەن و لێدوان دەدەن و دەنووسن و هاتوهاواریانە و دژایەتی دین دەکەن، بە جۆرێک دەنگی خۆیان بەرز کردۆتەوە بەرامبەر بە دین ئەگەر بە دەستیان بێت و دەسەڵاتیان بێت هەموو مزگەوتەکان دادەخەن، ئەم جۆرە کەسانە بیانەوێت یان نا، بە مەبەست ئەوە بکەن یان نا، خەنجەرێکی ژەهراوی دەدەن لە بڕبڕەی پشتی سێکۆلاریزم. ئاخر سێکۆلاریزم دین نییە، سێکۆلاریزم ئایدۆلۆژیەت نییە، سێکۆلاریزم بە زۆر و بە ستەمکردن و دژایەتی جێبەجێناکرێت، سیکۆلاریزم سیستمێکی عەقڵانی بەڕێوەبردنە، سیستمێکی زانستی فەلسەفی و دیدگایەکی جیهانبینی قوڵ و فراوانی دیمکوراتیزەکردنە و، لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادیەکان هەڵنراوە، چۆن من و تۆی سێکۆلار سوود لەو سیستمە وەردەگرین بە هەمان شێوە و بە هەمان پشک دینیەکیش سوودی لێوەردەگرێت بۆ دینداریەکەی خۆی، چۆن دیندارێک سوودی لێوەردەگرێت ئاتیستێکیش سوودی لێوەردەگرێت و هەردوو لایان ئازاد دەبن لە دینداریی و بێدینیی خۆیاندا.


هەندێک لە ئاتیستەکان ئاتیستیی خۆیان کردووە بە دین! دینییانە بیردەکەنەوە و دینییانە دەیانەوێت هەموو کۆمەڵگا داگیربکەن و هەموو کۆمەڵگا بکەن بە بێدین، خراپی ئەمانە هەر لەوەدا نییە کە ئەمە بیر و بۆچوونیانە، بەڵکو زیاتر خراپییان لەوەدایە، کە بە ناوی سیستمی سێکۆلاریزمەوە ئەو دژایەتییەی دین دەکەن، گەرەکیانە سێکۆلاریزم بکەن بە دین، کە دین نییە، لێرەشەوە دەیانەوێت ئەم بێدینییەی خۆیان بکەن بە بەری هەموو کۆمەڵگادا لە رێگەی سێکۆلاریزمەوە. ئەمانە دوو جار هەڵەن، جارێک لەوەدا هەڵەن کە بێدینی، دینداریی نییە و ئەگەر بە دینیشی دادەنێن بۆیان نییە ئەم دینە بسەپێنن بەسەر هەموو کۆمەڵگادا، جارێکی تر بە ناوی سێکۆلاریزمەوە ئەم رەفتارە دەکەن کە ئەمە شێواندنی سێکۆلاریزمە، نەک پشتویانیکردن لێی.


جیاوازی دین و سێکۆلار، یان دەستووری دینی و سێکۆلار لەوەدایە، کە دین یەک کتێب و یەک ئایدۆلۆژیەت و یەک دیدگا و یەک یاسا و رێسای خودی خۆی دەسەپێنێت بەسەر هەموو کۆمەڵگادا، لەم سیستمی بەرێوەبردنەدا تاک دەتوێتەوە، بیر و بۆچوونە جیاوازەکان دەتوێنیەوە و هیچ بایەخ و سوودێکیان نامێنێت. واتە کۆمەڵگا دەبێت بە یەک رەنگ، بە یەک دەنگ، بە یەک ریز و بە یەک دیدگا و بە یەک سیاسەت و بە یەک پەروەردە و بە یەک فەلسەفە.


بەڵام سیستمی سێکۆلاریزم، یان دەستووری سێکۆلاریزم، گۆرەپانێکی فراوان و قوڵ فەراهەم دەکات لەبەردەم هەموو بیر و بۆچوونە جیاوازەکاندا، دەرگایەکی گەوەرە دەخاتە سەر پشت بۆ دیالۆگێکی یەکسانانە، هیچ بیر و باوەڕ و هیچ دیدگایەک و هیچ فەلەسەفەیەک ناتوانێت خۆی بسەپێنیت. بە تەواوەتی دەرگا و دەروازەی بە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا دەخاتە سەرپشت، ئازادیەکان فەراهمدەکات، دین لەم سیستمەدا بە تەواوی مانا ئازادە، بە تەواوی مانا دینیەکان و باوەردارەکان بۆیان هەیە تەعبیر لە دینی خۆیان بکەن و سروتی دینی و پیرۆزی دینی خۆیان بپارێزن، بەڵام بۆیان نییە بیکەن بە ئەخلاق و کلوتووری هەموو کۆمەڵگا و بیسەپێنن بەسەر هەموو کۆمەڵگادا.


سیکۆلاریزم تەنها خۆی لە جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتدا، دین و پەروەدەدا نابینێتەوە وەک هەندێک وا تەعبیری لێدەکەن، چەندین وڵات و دەوڵەت هەن ئەم کارەشیان کردووە و نەیانتوانیوە کولتووری دیموکراتی بە تەواوەتی فەراهامبکەن بۆ کۆمەڵگاکەیان، نموونەی نزیکیمان تورکیای کەمالیستەکانە، لەگەڵ ئەوەی بۆ خۆیان بۆ نەتەوەی تورک و لە ناوچە تورکیەکاندا تا ئاستێک کولتووری دیموکراتی و ئازادیان فەراهامکرد، بەڵام لەسەر حسابی جینۆسایدی گەلی کورد و ئەرمەنەکان و چەرکەسەکان، نەک هەر دیموکراتی نەبوون بەرامبەر بە نەتەوە و گەلانی تری ناو وڵاتی تورکیا بەڵکو جینۆسایدیشیان کردن، کەواتە ئەو سێکۆلاریزمییەی تورکیا رەگەزپەرستیی بەرهەمهێنا نەک پێکەو ژیان و کولتووری دیمکراتی بۆ هەمووان وەک یەک، ئەوەتا ئۆرۆغان و حیزبەکەی دەیانەوێت هەموو تورکیا و کۆمەلگاکانی ناوچەکە بگێڕنەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی عوسمانییەکان. کەواتە سێکۆلاریزم دەبێت عەقڵ و عەقڵگەرایی لە پشتەوە بێت، دەبێت یەکسانیی و ئازادییەکی تەواوی لە پشتەوە بێت، دەبێت دیموکراتیەت تیاییدا چەترێک بیت بەسەر هەمووانەوە.


لە سیستمی سێکۆلاریزمدا، چونکە لەسەر بنەمای دەستووری سێکۆلاریزمانە هەڵنراوە، ئەگەر زانایەکی ئیسلامیش سەرۆکی وڵات بێت و بە هەڵبژاردن چ لە رێگەی پەرلەمانەوە یان لە رێگەی هەڵبژاردنەوەی خەڵکەوە بێت، بۆی هەیە سەرۆک بێت و هیچ کەس و لایەنێک بە ناوی سێکۆلاریزمەوە بۆی نییە دژایەتی بکات. نموونە، لە وڵاتی هیندیی دیموکراتدا سیخێک بوو بە سەرۆکی وڵات.


بە داخێکی زۆرەوە زۆرێک لەوانەی پشتیوانی لە سێکۆلاریزم دەکەن، هێرشی زۆر تووند دەکەنە سەر باوەڕدارە دینییەکان، قسەی ناشیرین بە بەهەشتەکەیان و پێغمەرەکەیان و خواکەیان دەڵێن. ئەم رەفتارانە پێش ئەوەی دژایەتی دین بکات دژایەتی سێکۆلاریزم دەکات و خەنجەرێکی ژەهراویە دەدرێت لە بڕبڕەی پشتی سێکۆلاریزم.


پشتیوانیکردن لە سیستمی سێکۆلاریزم، جیاوازە لە وتووێژی نێوان دیندارەکان و بێدینەکان، جیاوازە لەوەی قسە لەسەر بوون و نەبوونی خودا بکرێت، جیاوازە لەوەی رەخنە لە دین بگیرێت، جیاوازە لەوەی رەخنە لە حیزبە سیاسییە ئیسلامییکان بگیرێت، ئەمانە جێگە و رێگەی خۆیان هەیە و تیاییدا هەردوو لا وەک یەک ئازادن بیر و رای خۆیان بگۆڕنەوە و بەرگری لە خۆیان بکەن.


ئێستا وتووێژەکە لە نێوان بەرەی بە سێکۆلارکردنی دەستوور لە لایەک و بەرەی بە ئیسلامییکردنی دەستوورە لە لایەکی ترەوە، ئەگەر لێروە رەخەکانی هەردوو لایەنەکە لەیەکتری هاتە ئاراوە کە حەتمەن دێت، زۆر ئاسایی و شییاوە، بەڵام بە ئەنقەست لەم وتووێژکردنەدا باسی بوون و نەبوونی خودا بکرێت، جنیۆ بە بەهەشتی موسڵمانن بدرێت، یان هێرشی نابەجێ و بێ ڕەوشتی بدرێتە پال عەلمانیەکان ئەمانە هەمووی شێواندنی وتوووێژەکەیە و هیچ لایەنێک سوودی لێوەرناگریت.


لە سیستمی سێکۆلاریزمیدا، پێکەوە ژیان هەیە، ئازادی تاک هەیە، ئازدی دەربڕین هەیە، ئازدی دین هەیە، هەموو دینەکان وەک یەک، هیچ دینێک بۆی نییە سەرانە و جزیە لە دیندارەکانی تر وەربگرێت. لە سێکۆلاریزمدا دەرگای گفتوگۆکردن و هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی جێندەر زۆر بە فروانی دەکرێتەوە. هەموو مەسەلەیەکی هەستیار چ ژن بگرێتەوە چ پیاو بگرێتەوە چ منداڵ بگرێتەوە چ هەموو کۆمەڵگا و بواری ئابووری و سیاسی بگرێتەوە هەموویان دەخرێنە بەر باس و لێکۆكۆڵینەوە و و لێتوێژینەوە و دیالۆگکێی یەکسانیانە بە شێوازێکی عەقڵانی لەسەریان دەکرێت، هیچ مەسەلەیەک نییە بە خەیاڵ و ئەفسانە چارەسەر بکرێت، بەڵکو بە هەموو شتێک دەخرێتە بەردەمی عەقڵ و عەقڵگەرایی و ئەنجامەکەشی بە یاسا رێکدەخرێت.
 

٢٢\٧\٢٠١٥ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک