په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١١\٢٠١٠

سەڵاح ئەلقەسەب، ریچاردى سێیەم دەباتە قەڵاى هەولێر.

دیمانە: سارە عەلى


ئامادەکردن و وەرگێڕانى: کــاردۆ

"هەر کارێکى شانۆیى سپەیسێکى بەرین و ئەتمۆسفێرێک دەخوازێت کە لەگەڵ خەیاڵى مندا بگونجێت".
" ئەمەوێت لە دەرهێنەرێکەوە ببم بە زانایەکى بایۆلۆژیى بۆ ئەوەى نەمریى بە شانۆ ببەخشم".


دەرهێنەرى ناودارى شانۆى عێراقى د.سەڵاح ئەلقەسەب لە خۆسازداندایە بۆ ئەوەى شانۆیى ریچاردى سێیەمى شەیکسپیر لە قەڵاى هەولێر نمایش بکات، چونکە پێیوایە قەڵاى هەولێر لە شێوەى تابلۆیەکەیە و پێکهاتەکانى چوون کاتدرائییەکە باڵەکانى ئاڵتوونى بن و لە ئاسمانێکى بەرزدا بفڕن.

 

بۆچى بیرت لەوەکردەوە کارى داهاتووت لە قەڵاى هەولێر نمایشت بکەیت؟


قەسەب: هەر کارێکى شانۆیى سپەیسێکى بەرین و ئەتمۆسفێرێک دەخوازێت کە لەگەڵ خەیاڵى سەرسەختى مندا بگونجێت ، لە راستیدا من بەدواى ئەو پانتاییەدا دەگەڕێم کە خەیاڵم بتوانێت تێیدا هەڵبکات ،بۆیە بیرم لە قەڵاى هەولێرکردەوە بەو پێیەى سیمبولێکى شارستانى و مرۆڤایەتیى گەورەیە. هەروەکو تابلۆیەکە چوون کاتدرائییەکە باڵەکانى ئاڵتوونى بن و لە ئاسمانێکى بەرزدا بفڕن. لە هزرمەوە عەشقى ئەم شوێنە بوومە ،هەربۆیە خەونبینیى ریچاردى سێیەم و خەیاڵى شەیکسپیر کەوتنە جموجۆڵ تا لەم شوێنە نەمرە نزیک بوونەوە. ئەمە وێڕاى ئەوەى کە هەرێمى کوردستان خاوەنى بزاوتێکى شیعرى و کولتوریى و شارستنیى بزورگە ،ئەمەیش کەش وهەوایەکى لەبار دەستەبەردەکات بۆ کەسى داهێنەر لە پێناو تەقاندنەوەى توانستە فراوانەکانى بۆ هەڵاوێردکردن و داهێنان ،ئەمە جگە لەو پاڵپشتییە زۆرەى کە بۆ سەرخستنى هەر سروودێکى ناوازە لە ئاردایە،سروودێک کە سەربە شارستانییەت و مرۆڤایەتى بێت ،ئەمەیش هانى حەز ویستەکانم دەدەات تێکڕاى ئەفراندنەکانم لە ریچاردى سێیەمدا ،لە نێو قەڵاى هەولێرى نەمردا نمایشتبکەم.


ئەى لە پاش ریچاردى سێیەم بەنیازى چیت ،و کەى لە قەڵاى هەولێر نمایشتى دەکەیت؟


قەسەب: دواى ریچارد ،هەڵوەستەیەک لە بارەى سەربوردەی هونەرى خۆمەوە دەکەم،هەر لە گلگامشەوە کە دەسپێکى پێکهێنانى وێنەیى بوو،تا دەگاتە گەڕانى تیۆریى لە نێو سپەیسى زمان و شیعر و هونەرى شێوەکاریى دا، پێموایە شانۆگەرییەکى زێڕین بوو ،وەک بازنەى سەماکاران ،یان دڵۆپە زیوینەکانى باران لێى دەڕوانم،کارى هونەریى و کولتووریى هاوشێوەى کاروانى وەرزشوانە ،واتا تەمەنێکى زەمەنیى هەیە کە وابەستەى گوڕیى وەزە و بزاوتى جەستەیە ،کاتێک ئەو وزەیە لە کاردەکەوێت ئەوکات وەرزشوانەکە واز لە وەرزش دەهێنێت و مێژوویەکى پرشنگدار جێدەهێڵێت ،هونەرمەند یان ئەدیبیش هەر بەو جۆرەیە، لە رێى ئەو وزەیەى کە لە ناخیدایە بیردەکاتەوە و دەجوڵێتەوە ،بۆ نموونە دوایین کارەکانى بیکاسۆ وەک ئەنزموونەکانى کارە سەرتاییەکانى نەبوون ،کارکردن لە تابلۆکانى سەرەتاى ئەزموونیدا بەهێزتربوون بە بەراورد لەگەڵ دوایین کارەکانیدا ،هەروەها دالى و مرۆڤە مەزنەکانى بوارەکانى دیکەى ژیانیش بە هەمان شێوە، کەوایە وزە دەوەستێت و پەکى دەکەوێت و پیریش دەبێت،بۆیە پێویستە هونەرمەند بە هۆشمەندییەوە بڕیار لە سەر وادەى وەستانى خۆى بدات تاوەکو بۆ تەواوى نەوەکان بە جاویدانى بمێنێتەوە ،من لە دواى ریچارد لە رووى هونەرییەوە واتا پراکتیکى رادەوەستم ،کارەکەشم لە قەڵاى هەولێر هەڵدەکۆڵم بۆ ئەوەى ببێتە تابلۆیەکى هەڵواسراوى درووستکراوى خۆم،هەروەک چۆن هەڵکۆڵینەکانى هێنرى مۆر و جەواد سەلیم و چامەکانى بۆدلێر پێکهێنران و راستیگەلێکى نەمر و گوڕ وتینێکى بێکۆتایان درووستکرد ، من نامەوێت لە رووى هونەرییەوە لاوازبم ،هەروەها نامەوێت مێژووى زێڕینم هەرەس بهێنێت ،کە بە درێژایى چەندین ساڵ بونیادمناوە،هەر هەڵەیەک لە کاروانى هونەریى هونەرمەندێکدا واتاى هەرەسهێنانى بەشێکى گەورەى ئەو کاروانەیە،دوا فیلمەکانى یوسف شاهین هەمان هێز و گوڕى کارەکانى سەرەتاى ژیانى نەبوون بۆ نمونە دەرگاى ئاسن ئەودەمە کە یادەوەریى بینراوى بە ئاگابوو،واتا ئەو وێنەیەى کە چاو بەرپەرچى دەکاتەوە بیردەبێت هەروەک پیربوونى جەستەى مرۆڤ،بۆیە دەبێت هونەرمەندى داهێنەرو مەزن گەمەى کۆتایى بکات بۆ ئەوەى کارەکانى لە یادەوەریى ئەوانى دیکەدا بمێننەوە و دەسکەوتەیشى بۆ هەمیشە بمێنێتەوە ،هاوشێوەى ئەوەى لە شیعرەکانى سەیاب و جەواهیری و بڵند حەیدەری وئەوانى تردا هەن،بەنیازم لە مانگى حوزەیرانى 2011ــدا لە قەڵاى هەولێر دەست بە کارەکەم بکەم و لە رۆژى کردنەوەى قەڵادا لە هەمان ساڵ نمایشتى بکەم.


ئەزموونى شانۆى عێراقى لە چ ئاستێکدایە؟


قەسەب: شانۆى عێڕاقى دیاردەیەکى ناوازە نییە ،واتا ئەزموونێکى شانۆیى ستاتیکى گەورەى نەبووە کە بەرەو میتا شانۆ هەنگاوبنێت، دەسپێکى زۆربەى ئەزموونە شانۆییەکانى عێڕاق لەم نێوەندەدا بەر لە شانۆیە ،واتا بەر لە چامە ،بەجۆرێک ئەوان چامەیان نووسیوە بەڵام شیعریان نەنوسیوە ،ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت مەبەستى ئێمە رەتکردنەوەى ئەزموونگەلێکى گرنگى شانۆیى بێت ،وەک ئەزموونەکانى جاسم ئەلعەبودى و بەدرى حەسون فەرید و سامى عەبدولحەمید و چەند کەسێکى تر لە رابەرانى شانۆى عێراقى ، بەڵام نەوەى گەنج لە شانۆى عێراقیدا وزەیەکى باشى هەیە بۆ کارى شانۆ ،هەروەها بوێرییەکى وشیاریى زیاترى هەیە کە هەڵگریى خەونبینیەکى خۆماڵییە و هەندێک لە رابەرانى شانۆى عێڕاقیشى تێپەڕاندووە، هەندێک گەنجى شانۆکارى عێڕاقى هاتوونەتە کایەوە کە دەتوانن گۆڕانێکى گەورە لەشانۆدا بهێننە ئاراوە، هەروەها شانۆى کوردیى عێراقى لە رووى کارنامە و خەونبینى ستاتیکى و کارکردنى لەوبواردا ،هەنگواێکى باشى ناوە و توانیویەتى بگات بە نهێنى جوانى ، ئەزموونى چەند هونەرمەندى کورد هەیە نەخشەیەکى ناوازە و پرشنگدارى بۆ هونەرى شانۆى کوردیى داڕشتووە ،سەبارەت بە نەوەى هەشتاکان ،ئەزموونى گەورەیان هەبوو نەک بەتەنها لە شانۆدا بەڵکو بوارەکانى شیعر و چیرۆک و شێوەکاریشى گرتەوە ،ئەو قۆناغە هەریەک لە خزەیرمیرى لە فەلسەفە و خەزعەل ئەلماجدى لە شیعر و ئیبراهیم رەشید ى لە شێوەکاریى دا هێنایە کایەوە هەرهەمووشیان لە شانۆوە پێگەیشتن ئەمە جگە لە چەند ناوێکى تر. ئەم نەوەیە توانى بە توانست و وزەیەکى زۆرەوە هەنگاوبنێت بەڵام ئاخۆ ئەمان دەتوانن کۆتاییەکان ببڕن و بگەنە وێنەیەکى ئاوێزان لە سەر لووتکەکەدا؟ هەندێک لە ئەفرێنەرەکان لوتەکەکانیان جێهێشت بەڵام خەون وکارەکانیان بەرەو ئەودیوى لوتکەکان هەڵدەزنێن.


ئاخۆ فۆرمەیشن لە شانۆى میتا وێنەدا چارەسەرە؟


قەسەب:
بۆ ئەوەى شانۆى وێنە خەونبینیە سرووشتبەدەرەکانى چەق بەستوو نەبن ،پێویستە لە کێڵگە و رووبەرى نوێدا لە جموجۆڵدابێت ،هەروەها بۆ ئەوەى وێنە نەگاتە کۆتا و کۆتاییەکانیش نزیک نەبنەوە،پێویستە لە نێو سپەیسى زانست و فیزیک و پزیشکى و ئەندازیاریى بیناسازیى و تێکڕاى بوارەکانى زانیاریدا هەنگاوبنێت، زانست دوو هێڵى هاوتەریبە کە یەک ناگرنەوە ئەمەیش بەردەوامیى گەڕانى زانستى دەگەیەنێک کە کۆتایى نایات،سەبارەت بە بوارەکانى هونەر و ئەدەب وبوارەکانى ترى داهێنان ئەو دووهێڵە یەکانگیردەبنەوە ئەمەیش ئەوەدەگەینێت کە ئەو بوارانە کۆتاییان هەیە بە پێچەوانەى توێژنەوە زانستییەکانن ،بۆیە هەموو شتێک دووبارەدەبێتەوە و پێویستە تێیدا وێنە رەها بکەین و وەکو شەپۆل و وزە و گوڕیى وەجدى ماتریالى کە دەیگۆڕێتە سەر لێکۆڵنەوەیەکى فیزیکى ،هەروەها دەبێ ئەو لێکۆڵینەوانە دووربخەینەوە کە پێشتر هەوڵیان ئەدا لە رێى زمانناسى و لێکۆلێنەوە بونیادگەرییەکانەوە وزەبۆ جەستەى شانۆ بگەڕێننەوە کە هەر زوو تووشى ڤایرۆسیانکرد و تەواوى شانەکانیان دووچارى سڕبوونکرد و خەونەکانیش دووبارە دەبوونەوە،من بەدواى و گوڕیى فیزیک و وزەى شەپۆلەکاندا دەگەڕێم و ئەمەوێت لە دەرهێنەرێکەوە ببم بە زانایەکى بایۆلۆژیى بۆ ئەوەى نەمریى بە شانۆ ببەخشم.


دۆخى ئەمرۆى شانۆى ئەزموونگەریى چۆن دەبینى؟


قەسەب:
هیچ ئاماژەیەک لە نەخشەى شانۆى عەرەبى و جیهانیدا نەبووە کە رەهەندێکى پرشنگدارى هەبووبێت ،واتا توانیبێتى ناوچەکانى دۆزینەوە و پەنیکردنى بڕیبێت، شانۆ وێڕاى ئەو هەموو ئەزموونەى تا ئێستا شانۆیەکى راشناڵییە بۆیە لەو رووەوە ئەزموونى تایبەتیمان بەدى نەکردووە،هەروەها جگە لە چەند ئەزموونێکى پرشنگدار ى چەند وڵاتێک کارێکى ئەو تۆمان نەبینیوە،بەڵام لەعێراقدا هەندێک ئەزموون توانیویانە رووناهى ببەخشن بەڵام هێزى درەوشانەوە یان نییە.

چەمکى شێتیى لەلاى سەڵاح ئەلقەسەب چى دەگەیەنێت؟


قەسەب:
شێتیى جوڵانەوەیە لە نێو ئەو شوێنانەى کە پێشتر ئاشکرانەکراون و نامۆن بەلاى خەڵکییەوە ،چۆن دەمانەوێت لێکدانەوەبکەین و ئاماژەکانى خەیاڵ وەربگرین و چۆن ئەتوانین شیعرێک یان تابلۆیەکى شێوەکاریى بخوڵقێنین کە ببێتە مایەى شۆک و تێکچوونى باڵانس لە لاى وەرگر،ئەو وەرگرەى کە بەشێت ناوى هونەرمەند دەبات ،کاتێک شیعرێکى بۆدلێر یان رامبۆ دەخوێنمەوە هەستدەکەم توانستى عەقڵیان سرووشت بەدەرە و توانیویانە خەیاڵى خۆیان بخەنەگەڕ،ئەمەیش لەلاى وەرگر ماناى شێتى دەبەخشێت ،کە ئەویش کاڵفامییە نەک راستگۆیى لە حوکمدان.


لە شانۆى وێنەدا هەمیشە باس لە شانۆى میتا واتا دەکەیت ئەمەیان چى جۆرێکە لە شانۆ؟


قەسەب:
کاتێک لەگەڵ تابلۆیەک یان چامەیەکدا یان هەر بەرهەمێکى ترى هونەرى هۆگریى پەیدادەکەین، ئەوکات ئێمە بەنێو ئەو مۆزەخانانەدا گوزەرمانکردەوە کە لە مۆم درووستکراون ،هەر لێرەوە (واتا) لەم کارانەدا ئایندەى تێگەیشتنەکانمانن یان هەوڵدەدەین تا لێیان بگەین ،بەم شێوەیە (واتا) لە شانۆى وێنەدا ئاماژەیە بۆ میتا واتا یاخود ئەو واتا و مانایەى کە هێشتا دەرنەکەوتووە،ئەمەیش نهێنى بەردەوامبوونى ئەفراندنەکانى مرۆڤایەتی و دانەبڕانى شانۆ و هونەرەکانى ترە لە ئایندە .
سەڵاح قەسەب جێگرەوەیەکى هەیە بۆ شانۆى وێنەیى؟
کە جێگرەوە بۆ هونەرمەند هاتە ئاراوە ئەوکات هونەر هەرەس دەهێنێت ،لە نەخشەى هونەر و کولتوردا جێگرەوە بوونى نییە.

__________________
سەرچاوە: (وکالە انباء کردستان).

 

ماڵپه‌ڕی کاردۆ