په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠١٠

د. سەڵاحی گەرمیان:

سێکسکردن کردەوەیەکە نە یاساو نە ئایین و نە هێچ هێزێک ئەتوانێت بەری پێبگرێت.

 

سازدانی: شانکار عەبدوڵا


شانکار عەبدوڵا: سێکس تاچەند پێویستە بۆ مرۆڤ؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت بژی بەبێ مومارەسەکردنی سێکس؟


د. سەڵاحی گەرمیان: بۆ ئەوەی مرۆڤ بەردەوامی بە ژیان بدات پێویستی بە تێرکردنی کۆمەڵێک پێویستی بنەڕەتی هەیە. سێکس یەکێکە لەو پێویستیانەی کە مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری بێت. واتا ناتوانێت بە بێ جۆرێک لە جۆرەکانی مومارەسەکردنی سێکس بژێت. هەر وەک چۆن ئەندامەکانی تری لەشی مرۆڤ ئەرکی تێرکردنی پێویستیەکانی تریان هەیە وەک گەدە بۆ ئەرکی تیرکردنی پێویستی خواردن و خواردنەوە و سینە بۆ ئەرکی پێویستی بە ئۆکسجین، ئاواش ئەندامی سێکسی مرۆڤیش وەک شتێکی سروشتی ئەرکی تێرکردنی ئەو پێویستیە تایبەتەی خۆی هەیە. تەنیا لەوەدا نەبێت کە پێویستی سێکس لە قۆناغێکی دیاریکراوی تەمەنی مرۆڤدا سەرهەڵئەدات. بۆیە لەو ڕوانگەیەوە زانای بەناوبانگی دەروونناسی "ئەبراهام ماسلۆ Abraham Maslow " سێکسی خستە پاڵ پێویستیە گرنگەکانی تری ژیانەوە وەک: ئۆکسجین، ئاو، خواردن، خەوتن و پۆشتن و لە پایەی یەکەمی ئەو پێنج پایەیەی دایڕشت بۆ پێویستیەکانی مرۆڤ دایانینا. لە لایەکی ترەوە سێکس بەهێزترین پاڵنەر و بنەمایەکی سەرەکی پەیوەندی نیۆان هەردوو ڕەگەزی نیر و مێیە، ئەو پەیوەندییەشە بووەتە مایەی نوێبوونەوە و داینامیکی ژیان.

شانکار عەبدوڵا: ئەوەی دەبینرێت لەکۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەکان بەگشتی و کۆمەڵگای کوردی بەتایبەتی سێکس بووەتە بڤە، ئایا ئەم داب وْْ نەریتە چ کاریگەرییەکی دەرونی لەسەر تاک جێدەهێڵێت؟


د. سەڵاحی گەرمیان: هەرچەندە سێکس لە سەرەتای بوونی مرۆڤەوە یەکێک بووە لە پاڵنەرە بەهێزەکان و پێویستیەکی گرنگی ژیانی مرۆڤ بووە، بەڵام میژووی سێکس مێژوویەکە پڕ بووە لە قەدەغەکردن و سەرکوتکردن و ئازاردانی ئەوانەی کە بە پێچەوانەی ئەو داب و نەریتە سەپێنراوەی کۆمەڵ هەڵسوکەوتیان نواندووە و سێکسیانکردووە. چونکە سێکسکردن وەک تابۆ و کاریًَکی قیزەوەند چاولێکراوە. بەڵام دیارە گەلانی پێشکەوتوو تا ڕادەیەکی زۆر توانیویانە ئەو تێِڕوانینە کۆنانە توڕهەڵدەن و دان بەو ڕاستییە بێنن کە سێکس پێویستیەکی گرنگە و ناکرێت نکۆڵی لێبکرێت. بۆیە لە گشت بوارەکاندا نوسەران و توێژەران و پسپۆران، هەریەکەو لە چوارچێوەی بواری خۆیدا ڕۆڵی گرنگیان نواند لە ئازادکرنی عەقڵ لەو خورافە و وەهمەی ئایین و کۆمەڵ سەپاندبووی بەسەر تاکدا. ئەکرێت چەند پرسیارێک ڕووبەڕووی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا سێکس وەک بابەتێکی قێزەوەند و تابۆ سەیرئەکەن بکەیەوە: ئایا تێرکردنی پێویستی سێکس (بەدەر لە ماوەی خۆڕاگرتن) وەک پێویستی هیچ جیاوازیەکی هەیە لە پێویستی خواردندا؟ بێگومان وەڵامەکەی "نا"یە بە پێی ئەوەی تویژێنەوە زانستیەکان سەلماندویانە. کەواتا بۆچی ئەبێت بەهەمان پێوانە نەڕوانینە سێکس، واتا نابێت بخرێتە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی تەرازووی ئەخلاقیەوە تا ئەو کاتەی نەچێتە بواری دەستدرێژی بۆ سەر مافی مرۆڤەوە، هەر وەک چۆن خواردن پێویستی و مافێکی ڕەوای هەر کەسێکەو لە کاتێکدا دزینی خواردن کارێکی ناڕەوایەو سزا ئەدرێت لەسەری، پێویستە سێکسیش بەهەمان شێوە تا نەچێتە باری دەستدرێژی بۆ سنووری کەسێتی و مافی کەسانی تر، باسکردنی ئازادبێت و بەکارێکی قێزەوەند و نائەخلاقی چاوی لێنەکرێت.
کەس ناتوانێت لەو ڕاستییە لاری بێت کە سێکس پاڵنەرێکی بەهێزە و کاریگەرییەکی ئێجکار گرنگی هەیە بەسەر هەڵسوکەوت و هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤەوە. کۆمەڵێک ڕەهەندی فسیۆڵۆجی و سایکۆڵۆجی کارئەکەنە سەر چالاکی سێکس و تێرکردنی پێویستی و ئارەزووی سێکس لای مرۆڤ. توێژینەوە زانستیەکان ئەوە دەرئەخەن کە زۆر لەو ململانێ و لادانە دەروونیانەی لەلای گەورە و بچووک بەدی ئەکرێن، ئەگەڕێنەوە بۆ هەڵویست و ئەزموونی خراپ لە سێکسدا. هیچ هێزێک لە جیهان و لە ژیانی واقعیدا نییە ئەوەندەی ئەو هێزە خۆی دەربخات بەهەر شێوەیەک لە شێوەکان بێت.

شانکار عەبدوڵا: ئایا هەتا چارەسەری کێشە سێکسیەکان گەنج نەکرێت، مومکینە بیر لەداهێنان و سەرکەوتنی هیچ پرۆژەیەکی گەنج بکرێت؟


د. سەڵاحی گەرمیان: وەک پێشوتر ئاماژەم پێدا، سێکس پێویستیەکی بنەڕەتیە ئەبێت تێرکرێت بەر لەوەی مرۆڤ بتوانێت بیر لە کاری تر بکاتەوە. هەر وەک چۆن مرۆڤ کاتێک بە دەستی برسێتیەوە بناڵێت، بەر لە بیرکردنەوە لە هەر کارێکی تر هەوڵئەدات بۆ دابینکردنی خۆراک یان هەر نەبێت بەدوای پارویەک ناندا ئەگەڕێت. چونکە برسێتی هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی. تا ژیانیشی مسۆگەر نەکات، ئەوا ناتوانێت هەوڵبدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی تری. بەهەمان شێوەش سێکس وەک پێویستیەکی فسیۆڵۆجی و سایکۆڵۆجی مرۆڤ ئەبێت تێرکرێت لەپاڵ پێویستییە سەرەکیەکانی تریدا، بەتایبەتی لای گەنجان کە لە لوتکەی هەڵوچووندایە و ئەزموونێکی نوێیە لە ژیانیاندا و زاڵئەبێت بەسەر هۆش وبیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیاندا و ڕووبەرێکی گرنگی مێشکیان ئەگرێتەوە. بۆیە ئەتوانین بڵێین بەبێ تێرکردنی ئەو پێویستیانە بێرکردنەوە لە داهێنان وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی خۆێەتی، زۆر سەختە ئەگەر پاڵنەری بەهێزتر لە پشتیەوە نەبێت.

شانکار عەبدوڵا: شەرم کردن و باسنەکردنی ئەم قەزییە لەئەستۆی کێدایە؟ تاچەند پێویستە بچێتە مەنهەجەکانی خوێندنەوە؟


د. سەڵاحی گەرمیان: پێموایە دەسەڵات لە پێش هەر لایەنێکی ترەوە بەرپرسیارە لە پشتگوێخستنی ئەم لایەنە گرنکەی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ بە پێی ئەوەی دەسەڵات گەورەترین توانای سیاسی و یاسایی و مادی هەیە و خاوەنی کۆمەڵێک کەناڵی میدیای جۆراوجۆرە و بەرپرسە لە داڕشتنی مینهاجی پەروەردە و پێشخستنی ئاستی ڕۆشنبیری و زانیاری کۆمەڵانی خەڵک بە تایبەتی خوێندکاران. لە پاڵ دەسەڵات، ڕۆشنبیران بە گشتی و بە تایبەتیش نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایانی قۆناغەکانی خوێندن، بەرپرسیارییەتی مێژوویی ئەکەوێتە ئەستۆیان بۆ بایەخدان بەم لایەنە هەستیارەی ژیانی ئەندامانی کۆمەڵ.
کەس نییە لە گەنجان و ژنان و پیاوانی کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەو ڕاستییە نەزانێت کاتێک هەستی سێکس سەرهەڵئەدا، کۆمەڵێک پرسیاری بێ وەڵام لە ناخدا پەنگ ئەخواتەوە و لایەنێک نییە ڕووی تێبکرێت بۆ وەرگرتنی وەڵامی ڕاست. ئەوەی زانیارییە لە ڕێی سیستەمی پەروەردەوە، تەنیا لە یەکێک لە وانەکانی زیندەوەرزانی کە باس لە ئەندامەکانی زاوزێی ئاژەڵێک ئەکات و زۆرجاریش ئەوەندە کەم بایەخ سەیرئەکرێت تا ڕادەی ئەوەی بەسەریدا بازئەدرێت و ناخرێتە وانەکانی تاقیکرنەوەوە. بە هەزاران کچ توشی دڵەڕِاوکی و شۆک ئەبن کاتێک بۆ یەکەمجار سووڕی مانگانەیان بۆ دێت. یان کوڕانی هەرزەکار کە بۆ یەکەمجار خەونی سێکسی ئەبینن و بێ ئاگان لە هۆکارەکەی، وەک ڕووداوێکی سەیر بە سەریاندا تێئەپەڕێت بە بێ ئەوەی کەسێک هەبێت زانیاریان بداتێ لە بارەی ئەو گۆڕانکاریە فیسیۆڵۆجی و سایکۆڵۆجیانەی تیایاندا ڕووئەدات. سەرچاوەی سەرەکی زانیاریش هاوڕێکانیانن کە ئەوانیش خۆیان بەو گرفتەوە سەرلێشێواون، یانیش چەند کتێب و گۆڤارێکی کەمن و لە ئاستی پێویستدا نین بۆ گەنجی خوێندەوار کە لەو تەمەنەدا کەمیان هەن خولیای خوێندنەوە بن. بۆیە زۆر گرنگە کە سیستەمی پەروەردە بەبایەخەوە بڕوانێتە ئەو لایەنە هەستیارەی ژیانی گەنجان و بە شێوەیەکی زانستیانە و سیستەماتیک، پەروەردەی سێکسی لە چوارچێوەی مینهاجی خوێندندا جێگیرکات.

شانکار عەبدوڵا: تاچەند پێویستە گەنجان بەئاگابن لەم ئەندامانی زاوزێی خۆیان، بەتایبەتی ئەو تەمەنەی کە گەنجان گۆرانی فیسیۆلۆجی بەسەردا دێت؟


د. سەڵاحی گەرمیان: کە مرۆڤ ئەچێتە قۆناغی هەرزەکارییەوە کۆمەڵێک گۆڕانکاری فسیۆلۆجی و سایکۆڵۆجی تیایدا ڕووئەدات وەک چالاکبوونی ئەندامانی سێکس و زاوزێ و چەند هۆرمونێکی تایبەت بە ڕەگەزی نیرینە و مێینەوە. ئەو ئەندامانە وەک هەر ئەندامێکی تری لەش پێویستی بە ئاگاداربوون هەیە و زۆریش پێویستە کچان و کوڕان زانیاری تەواو بەدەست بێنن لەبارەیانەوە و پاکی و خاوێنی ئەو ئەندامانەیان بەگرنگ لە بەرچاوبگرن. سەبارەت بە کچانیش کاتێک سووڕی مانگانەیان دەستپێئەکات، زۆر پێویستە کە شارەزایی پەیداکەن لە بارەی ئەو گۆڕانکاریە نوێیە کە لە سەرتادا مایەی دڵەڕاوکی و نیگەرانییەکی زۆرە لایان. پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە بێ ئاگایی و ناهوشیاری گەنجان لە ئەندامانی زاوزیان هوکارێکی سەرەکییە بۆ سەرهەڵدانی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر لە ژیانی هاوسەرگیرییان، وەک ناڕێکبوون و ساردبوونی سێکسی. بە تایبەت ژنان کە دووچاری نەخوشی ژنانە و منداڵ لەبارچوون ئەبنەوە.

شانکار عەبدوڵا: حکومەت و دەزگا رەسمیەکان تاچەند هاندەربوون بۆ ئەوەی گەنجان مومارەسەی سێکسی بکەن، وەک بەشێکی دانەبراو لەمرۆڤ؟


د. سەڵاحی گەرمیان: پێموایە ڕۆڵی حکومەت و دەزگا رەسمیەکان ئەوەنیە هانی گەنجان بدەن بۆ ممارەسەکردنی سێکس، بەڵکو لەوەدایە کە هەموو تاکێکی کۆمەڵ بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی هوشیارکەنەوە لە بارەی سێکس و باری زانستی و ڕۆشنبیری وپەروەردەیی سێکس و گرنگێتی خۆپاراستن لە نەخۆشییە فسیۆڵۆجی و سایکۆڵۆجییەکانی پەیوەند بە سێکسەوە بگەیەنن پێیان. بەڵام ئەوەی بەدی ئەکرێت، تا ڕادەیەکی زۆر سێکس بێ بایەخ سەیرکراوە لە لایەن دەزگاکانی حکومەت بە گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بە تایبەتی. بۆ نموونە لایەنە تەندروستییەکان لە وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوەکانی و نەخۆشخانەکان، ئەرکی پێویستی خویان ڕانەپەڕاندووە لە بڵاوکردنەوەی ڕێنمای پێویست لەبارەی سێکسکردن و نەخۆشییە سێکسێکانەوە و کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە لە بواری ڕۆشنبیری سێکسیدا، نە لە سەر ئاستی پەیوەندی هاوسەرگیری و نە لەسەر ئاستی گەنجان کە تاڕادەیەکی ئێجگار زۆر پێویستیان پێیە. یان وەزارەتی پەروەردە و دامەزراوەکانی هەنگاوێکی پۆزەتیڤی گرنگیان نەناوە لە بواری پەروەردەی سێکسییەوە لە هیچ قۆناغێک لە قۆناغەکانی خوێندندا.
من پێموایە ئەرکی ئەندامانی پەرلەمانیشە کە خویان بە نوێنەری خەڵکی کوردسنان ئەزانن و وەک لایەنێکی یاسادانان، ئاوڕێک لەو لایەنە بدەنەوە و یاسای تایبەت بە پەروەردە و ڕۆشنبیری سێکسەوە داڕێژن و وەک حوکمێکی یاسایی دایبڕن بەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ ڕیکخستنی ژیانی سێکسی تاکەکانی کۆمەڵ.

شانکار عەبدوڵا: نەبونی شوێنێک بۆ مومارەسەکردنی سێکس لەلایەن گەنجانەوە تاچەند بوەتە بەربەست بۆ مومارەسەکردنی سێکس لای گەنجان؟


د. سەڵاحی گەرمیان: سێکسکردن کردەوەیەکە کە نە یاسا و نە ئایین و نە هیچ هێزێک ئەتوانێت بەری پێ بگرێت، چاکترین نموونەش بۆ ئەوە بەردباران کردنی ژنانە کە شەرعی ئیسلامی بە ڕەوای ئەزانێت بۆ سزادانیان و لە ئێراندا کاری پێئەکرێت کە بە بەردەوامی بە بەرچاوی کۆمەلًَانی خەلًَکی ئێرانەوە هەزاران ژن بەردباران (سەنگسار) ئەکرێن، بەڵام بەو کارە دڕندانەشەوە نەیانتوانیوە ڕێ بە سێکسکردن بگرن بەڵکو بەڕادەیەکی زۆر ڕوو لە زیادبووندایە، بۆیە حکومەتی جمهوری ئیسلامی ڕێگای خۆشکردووە بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ هاوسەرگیری ڕابواردنی کاتی کە ناسراوە بە (سیغە) کە خۆی لە خۆیدا شەرعییەتدان بە لەشفرۆشی. بۆیە کرنگە لە کوردستاندا ئەو ڕاستییە بخرێتە بەرچاو و پێویستە بزانرێت کە کۆمەلًگەی کوردی و تاکی کورد هیچ جیاوازییەکیان نییە لە کۆمەڵگە و تاکەکەسەکانی تری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. گومانیش هەڵناگرێت کە لە کاتێکدا جێگایەکی تایبەت و ناسراو بۆ سێکسکردنی گەنجان بوونی نییە، ئەوە ناگەیەنێت لەشفرۆشی و سێکسکردن لە دەرەوەی پەیوەندی هاوسەرگیری بوونی نییە. بەڵام ئەوەی هەیە بەرچاونیە و بە ئاسانی ڕێی پێ نابرێت، یان لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی سنووردارە و یانیش بۆ چەند کەس و لایەنێکی دیاریکراوە وەک چەند کەسانێکی خاوەن توانای مادی و پایەی بەرپرسیارییەتی. بەڵام هەرچی زۆرینەی گەنجانە کە لە لوتکەی ئارەزووی سێکسیدان، ناتوانن پێویستی سێکسییان تێرکەن. ئەو واقیعەش هۆکارێکی سەرەکی دیاردەی دەستدرێژێکردنی سێکسیی و کۆمەڵێک دیاردەی ناشارستانی کۆمەڵایەتی لە وێنەی قسە و توانج گەیاندن بە کچان لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا، یان لە ڕێدەرچوونی کچاندایە و کۆمەڵێک کێشە و گرفتی تری لبەدواوەیە کە هەندێکیان لە پاش پرۆسەی هاوسەرگیری سەرهەلًئەدات، یان بە هۆی بێ ئەزموونییەوە یان بە پێچەوانەوە بە هۆی ئەزموونی ناشیاوەوە و یانیش بە تووشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشی سێکسی و سایکۆڵوجی جیاجیاوە. بۆیە بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێ لە دیاردەی لەشفرۆشی ژێربەژێری دوور لە کۆنترۆڵی تەندروستی کە ئەبنە هۆکاری نەخۆشی کوشندەی وەک ئایدز و سفلس، هەروەها بۆ ئەوەی ڕێ لە کەمکردنەوەی دیاردەی دەستدرێژی سێکسی و دیاردە کۆمەڵایەتییە ناشیاوەکان بگیردرێت، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕیگاچارەی گونجاوی بۆ دابنێن و بە پێی یاسای تایبەت رًِێک بخرێت.
____________________________________
* تێبینی: ئەو دیمانە لە لایەن نووسەر خۆیەوە نێردراوە. - ئەمڕۆ -
 

ماڵپه‌ڕی د. سه‌لاحی گه‌رمیان