په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٣

سەمای وشە ئیرۆتیکییەکان لە شیعرەکانی (نیگار نادر)دا.


یاسین برایم      


لە ناونیشانێکی دڕێژ و ئاڵۆز لە شێوەی بروسکە شیعریکی خێرا و نووسینی سێ خاڵ لە دوماھیەکەیدا، ئێمە دەرگا بۆ دەسپێکی ئەم نووسینە دەکەینەوە، ناونیشانەکە ماناو پرسیار و پەرسڤی جیاواز دێنێتە بەرھەم. کۆدی ناونیشانەکە لە نێوەڕۆکی کتێبەکە دەدۆزینەوە، بە ناونیشانێکی ئیرۆتیکیمان ئاشنا دەکات (بۆ ئەوەی ھەرچی ھەتە و نیتە بە من بچێ دە ئەو جارەش ...)١ دواتر بێ پەردە و بوێرانە بۆمان تەواو دەکات (کراسەم ھەڵدەوە!) .لەوانەیە لە نەنووسینی ئەم رستەیە شاعیر دوور کەوتبێتەوە لە ورژاندن تا ناونیشانە تەواونەکراوەکە، جۆرێک لە پرسیار و گومان و گەڕان بۆ خوێنەر دروست بکات و خوێنەر پەڵکێشی نێو وشە و رستەی ناسک و جوان و تەژی ئەوین و ژوان و فۆڕم و ناوەڕۆکی رستەکان و ئاوێزانبوونی جەستە و مەستبوون و توانەوە لە نێو یەکتر و دەیان سەرەرۆیی و بوێریی و ڕاستگۆیی و دانپێدانان و وەفا و خۆشەویستی و سۆز و بەڵێن و تەنانەت جنێویش لە بەرگێکی خۆشەویستیدا لە نێو رستە و پەیڤە جوانەکانی (نیگار نادر)دا، نیگاری جوان و رستەی پڕ مانا و سادە و ساکار و بە جیھانێکی پڕ لە عەشق و جوانیمان ئاشنا دەکات .(ژیان و مرۆڤ) لە رێگای شیعرەکانی نیگاردا لامان جوانتر و گەورەتر دەکات . لەم کتێبە، رۆژژمێری ساڵێک خراوەتە روو، لە پێناسەی کتێبەکە وەک بیرەوەری شاعیر ئاماژەی بۆکراوە، بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر لە شێوەی ھایکۆ و شیعری بچووک و نامەی مۆبایل و یادگاری و ئەندێشە و چەند رستە و دێریکی ھونەری، لەم جۆرە نیشاندراون، ھەمووی نووسینەکان بێ ناونیشان و رەچاوی کێش و سەروا و خاڵبەندی نەکراوە زۆر جاریش خاڵ لە کۆتایی رستەکان و پەرەگرافەکانیش دانەندراوە. لەم لایەنەوە لاوازی پێوەدیارە و زۆر جار دەستەواژە و گرێ و رستەکان تێکەڵ کراون و لە نووسینی خوینەواریکی سەرەتایی و قسەی رۆژانە و بازار دەچێت. وەک ھیچ لە یاساو رێساکانی وشەسازی و رستەسازی نەزانێت، بەڵام شاعیر واتا و مەبەست و پەیامەکەی بوێرانە دەخاتە روو ئەمەش خاڵێکی جوان و بەھادارە ئەم دێرانەش وەکو ئاوێنە وان مرۆڤ خۆی تێدا دەدۆزێتەوە.


ئەگەر چاوپێخشاندنێک بکەین بە نێو شیعری( شاعیرانی ژن)بە تایبەتی لەم ساڵانەی دوایدا ، جۆرێک لە ڕاستگۆیی وبوێری و ناسنامەی ژنبوون و ماف و داخوازیەکانی خۆیان لە نێو شیعرەکانی خۆیاندا ڕەنگیداوەتەوە ، تەنانەت بابەتی وەک ( سێکس) کە زۆر ھەستیارە بەرچاودەکەون ،دەبینین پێشتر ئەم لایەنە ھەر شاعیرانی پیاوبوون ، باس لە لەش و لارو جەستەی ئافرەتیان کردووەو بە بەژنو باڵایان ھەڵداوەو ئەدەبی کوردیش لەم بوارەوە دەوڵەمەندە ، بەڵام بۆ شاعیرانی ژن ئەمە بڤەو شەرم بووە ، خودی شاعیریش خۆی لەمە بەدوور دەگرێت و خۆی ناخاتە نێو بازنەی (رەخنەو ریسوای کۆمەڵگا) و سنوورە سوورەکان نابەزێنێت.ئێستا دەنگو رەنگی تازە ھاتوونەتە مەیدان و بە شیعرە ناسکو بوێرەکانی خۆیان ژیان گوڵاوپڕژێن دەکەن و پڕی دەکەن لە گۆرانی و سەماو عەشق و جوانی .نیگار بوێرانە ساڵنامەیەکمان بۆ پڕدەکات لە پەیڤی ناسکو جوان و ورژێنەر، ئەوھەندە عەشق شیرین دەکات کە ھەردوو ڕەگەر تا مردن ژیانێکی ئاسوودە بەسەربەرن و بۆ بچووکترین ماوە دەستبەرداری یەکتر نەبن.


شاعیر لە دێرەکاندا ئەوەندە حەزدەکات وەک لاولاو لە جەستەی ئەو بئاڵێ ، تا ئارامی پێببخشێ و پەلەیەتی زوو پێی بگات و خۆی بخاتە سەر سک و سینگ و سەرو گەردەن و تەنانەت سەر کۆشیش! ئەوەندە تامەزرۆو ھۆگری جەستەی بەرامبەرە کە بە چارەسەرو ھەتوان بۆ جەستە زامدارەکەی خۆی دادەنێت و ئارام دەبێت و دەحەسێتەوە.


* حەز دەکەم بێمە سەر سینگت تا چاک ببمەوە.ل٥١.
* روومەتەکانم بە گەردەنتەوە بنووسێنم .ل٥٣.
* دێم سەر بەدڵت دەکەم تا ئارام بم .ل٥٥.
* دێم سەر لە سینگت وەردەدەم
و وەخەبەرت دەھێنم .
نایەڵم بنووی .ل٦٦.
* سەرت بە سکت دەکەم .ل١٠٤.
* سەر بە گەردەنت کەم.١٣٥.
* دێمە سەر سەرت.ل١٤٤.
* دێمە سەر کۆشت.ل٨٣.
٢


خۆزگە و حەزەکانی ئەو ھەر ئەوەندە نییە بگاتە ژێر باڵای و پێی ئاشنا بێت،لە نەخشەی جوگرافیای جەستەی ئەودا بە ماچ ھەموو شوێنێک دەپشکنێ و ھیچ شوێنێک ناھێلێتەوە، ژێرمووەکان تەڕدەکات و بگرە شوێنێکی ھەستیاری وەک زمان توند ماچ دەکات و (بە زمان خۆش) ناوی دەبات ، ئیدی وەک پەریەکی بەھەشت لە خزمەتی ئەودا بێت و ئامێزی تێوەربێنێت و لە گەلیا بخەوێت و سەرسینگی بە خۆشترین شوێن دابنێت و دواتریش لە بەردەم ماندووبوون و بەخشینی ئەو ھەموو تام و چێژەی نێوانیان ، سەری پەنجەکانی ماچ بکات و وەک پاداشتێک کە خزمەتی سێوەکان و باڵای ناسکی ئەوی کردووە. دێرەکان شیلەی ماچیان لێ دەچۆڕێ و ئەو وەک ھەمیشە ئەوی لە یاد بێت .(شەھوەت و سێکس) ھەم لە نێو جەستەی شاعیر و ھەم لە نێو دێرە شیعرەکان، نەمامی خۆشەویستی ئاودەدەن .
(پاولۆکۆیلۆ) زۆر بە جوانی رووی ئەم پەردەیە لادەدات و پێمان دەڵێت "لە ناو ھەر یەک لە ئێمەدا کاتژمێرێک ھەیە بۆ خۆشەویستی و سێکس کردن پێویستە ھەردوو دەستەکە لە ھەمان کاتدا پەنجە بۆ ھەمان کاتژمێر رابکێشن ، کاتێک کەسێکت خۆش دەوێت پشت بە سێکس نابەستێت بۆ ئاسوودەبوون پێویستە ئەو دوو کەسە بە یەکەوە دەژین دەستی کاتژمێرەکەیان ڕێکبخەن ، ئەویش بەدان بە خۆ داگرتن و سووربوون لە سەر ئامانجێک تا ئەوکاتەی بۆیان دەردەکەوێت کە خۆشەویستی تەنھا بەریەککەوتنێک نییە، بەڵکو لە ھەمانکاتدا لە باوەش گرتنی ئەندامە سێکسیەکانیشە".٣


شاعیر لە خەیاڵیکی شەھوەت و بەریکەوتنی جەستەدا ، ئامادەیی ھەیە لە ھەر کوێ بێت ، بە بێ شەرم توند لە باوەشی بگرێت و شوێنە نەرم و ھەستیارەیکانی ماچ بکات .


* لە ھەر کوێیەکی دێم ماچێکی گەرمت دەکەم .ل٥٤.
* لە پشتەوە ڕا دەتکوشم و بۆنت دەکەم ئێ .ل٧٣.
* برژانگەکانت ماچ دەکەم .ل٧٤.
* پشتەملت ماچ دەکەم چەند ماچی گەرم .ل١٠٣.
* لە ھەر کوێیەکی دێم توند زمانت
ماچ دەکەم سەگبابی زمان خۆش .ل٩٢.
* باوەشم بۆ لێک ئاوەڵا کردووی
راکە خێرا خێرا
خۆتم پێ دادە و ئامێزم تێ وەرینە .ل٨٠.
* ئەوڕۆ سەر بەناوەڕاستی پشتت دەکەم
شین شینت دەکەم ھەڵنەستی و وەخەبەرم بێنی
ھەمووی من
سەر سینگت چەند خۆش بوو ئەو شەو
دیسان پەنجەکانت ماچ دەکەم
چەند ماندووم کردوون شەوی دی. ل٥٠.


نیگار وەک پەشێو تێنووی ماچەولە ناخەوە تامەزرۆی ژوان و ماچکردنی خۆشەویستەکەیەتی ئەو بانگەوازی ماچکردن دەکات . پەشێو (قۆرتی چەناگە و نەرمانی گوێ و گۆی مەمک) ماچ دەکات کە نەرم و گەرم و ناسکن ، کەچی نیگار (برژانگەکان و پشتە مل ) کە بە موو داپۆشراون ھەڵیبژاردوون ، زمانیش ھەر بۆ مژین خۆشە کەچی ئەو بۆ ماچی توندی ھەڵبژاردووە.


ئەی گیانی خۆم ، ماچت دەکەم.
قۆرتی چەناگەت ماچ دەکەم ،
نەرمانی گوێت ،
گۆی مەمکەکانت ماچ دەکەم...
٤


شاعیر وەک کۆترێک دەگمێنێ و ھەڵدەفڕێ و بۆ کوێ بچێت سەر دەکاتەھێڵانەکەی بێئەو ئارام ناگرێ ھێڵانەیەک دوور لە قەفەزو دەستەمۆکردن.شاعیریش وەک ئەم کۆترە حەز لە ژیانێکی بەختەوەر و پڕ ئاشتی و ئازادی و ماڵێکی گەرم و نەرم کە سەمفۆنیای عەشقی تیدا بژەندرێت و دەستەکانی بکاتە سەرین و بە ھێمنی بخەوێت و دەستەکانی بگرێت و توند بکوشێت ولەئامێزی بگرێت .سەر بخاتە نێو سینەو مەمکی خۆی بخاتە سەر سینگ و پشتی.ھەمیشە لە ئامادەباشیدایەو کەسێک ئاوێزانی جەستەی ئەو بێت و بە ئاشکرا پێمان دەڵێت:


* سەر لە سەر بالی چەپم دانێ و نەرم بنوو.ل٣٩.
* گوێت لێ مە دەستم وێ دە و تەماشام کە.ل٦٠.
* توند دەستت لە دەستم بئالێنە .ل ٧١.
* نەرمایی گوێچکەم ڕامووسە بە ھەموو تینی خۆت .ل٧١.
* ھێندە بۆنت دەکەم و تا تێر دەبم
سەر لە سەر سینگت
وەردەدەم و ئەتۆش
وەرە سەر سینگم .ل ٥٦.
* سەرت بێنە ناو سنگم .ل٩٧.
* وەرە سەر پشتم پرچەکانم بکە کەزی .ل٧٦.


ئەم نزیککردنەوەو ئاشناکردنی بە جەستەی خۆی ، چێژ لەوە وەردەگرێت جەستەی بۆ بشێڵن و بخورێنن وەک لە مەلەوانگەو گەرماو ھاتبێتەوە . دێتە رێزی منداڵێکی ساواو یاخی بوو تا سەری بۆنەخورێن و دەست بە پرچ و گوێچکەوروومەت و پشتی نەھێنن و لایلایەی بۆ نەکەن ئاشت نابێتەوە. شاعیریش چێژ لەم نازو خۆشەویستییە وەردەگرێت ، کە خۆشەویستەکەی دەستی بۆ بخاتە نێو سەری و بۆی بخورێنی..


* سەرم بخورێنە ... ئەوڕۆ دێمە سەر زگت .ل١١٠.
* سەرم بخورێنە و ...کەراسە گوڵزەردەکەم
بە سەر خۆت دا دەوە دەی.ل ١١٦.
* گوێچکەم بخورێنە .ل١١٩.


لەلایەکی تر ئەومان پێدەڵێت کە ئەویش حەزی لێیە لە پاداشتی خوڕان و شێڵانەکەی ئەو بداتەوە .بەڵام لێرەو وەک کۆترێکی ناسک و جوان دەرناکەوێت خۆی خستۆتە رێزی پشیلەیەک! ئەگەر لە رووی نەرم و نیانی و ناسکی و جوانی پشیلەی ھەڵبژاردربێت کە دەچێتە سەر شانی خۆشەویستەکەی ، بەڵام بۆخوراندن پشیلە خاوەن چڕنۆکێکی تیژودرێژە ، ناکرێت گوێچکەی خۆشەویستەکەی پێ بخورێنێت.وەک ئەو ئاماژەی بۆدەکا تا خەو دەیباتەوە ئەگەر وابێت ئەوا بە چڕنۆکەکانی گوێچکەکەی دەکاتە یەک پارچە خوێن.چەند جوانتر دەبوو بە (پەنجە ناسک و نەرمەکانی) خۆی ئەم کارەی ئەنجام دابوایەوئەو کات خۆشەویستەکەی چەندین جار خۆی دەکردە قوربانی.


"وەک پشیلە دێمە سەر شانەکانت و گوێچکەکانت دەخورێنم تا خەو دەمباتەوە .ل١٤٠."


پەیڤە جوانەکانی نیگار ، نیگاری ژیانە .گوڵێکی بۆنخۆشەو شیلەی بەختەوەری لێ دەچۆرێ لە نێو ھەر رستەیەکدا خونچەیەکی خۆشەویستی شکۆفە دەکات، توڕەبوون لای ئەو نییە ، بەس ئەو لە لای بێت تەمی خەم و ئازاری لای نامینێ و دونیایەکی گەش باوەشی بۆدەکاتەوە .کە لێی توڕە نابێ، مەرجدارە، مەرجی ئەوەیە توند نەیگەزێ! لە لایەکی تریش ، بە ھێمنی ھێمنی دەکاتەوە وپێیدەڵێت مەترسێ (تووند ناتگەزم)و ئازارت نادەم:


* چوو بە ھیچت توڕە نابم ھا بەس ئەگەر توند نەمگەزی .ل٢٢.
* مەترسێ گیانە توند ناتگەزم .ل٤٨.


(ئیریک فرۆم) فەیلەسوفی ئەمریکی لە کتێبەکەی (ھونەری خۆشەویستی) دەڵێت :"بە شێوەیەکی سەرەکی خۆشەویستی بریتییە لە پێدان و بەخشین ، نەک بردن یان دەسکەوتن یان وەرگرتن" ھەروەھا دەڵێت" بەخشین و پێدان شکۆترین رووخسارەکانی ھێزن . من ھەست بە خۆم دەکەم کاتێک بڕێکی زۆر دەبەخشم ، بە بڕی زۆر سەرفدەکەم ، ھەستدەکەم زیندووم ، دڵخۆشم ،چونکە بەخشین خۆشیەکی زۆر زیاتر لە وەرگرتن و دەستکەوتن بە دەروون دەبەخشێت ".٥


شاعیر لە ژێر چەتری پێدان و بەخشین بەردەوام دەبێت قوباد ئاسایانە دێتە مەیدان و وەک شیعرەکانی ئەو رووت دەبێت ودەبێتە دارێکی پایزو گەڵایەکانی لە گەڵ (با) سەمادەکات و لە خۆی دادەماڵێت.ئەو جەستەی نەرم و نیانی خۆی ئازاد دەکات و بە خۆشەویستەکەی دەڵێت ، وەرە بن سووخمەکانم و ژێر کەراسەکەشم دائەکەنم ... لە نێو ئەو دەربرینانەدا، کە سەرچاوەیەکن بۆجموجۆڵە غەریزەکان ، وەک فرۆید ئاماژەی پێداوە .تێڕواننی ئەو بۆ خۆشەویستی وایە ھەستە کپکراوەکان لە نائاگایدا لە ژێر کاریگەری غەریزەیەکی سێکس دایەو ئامانجیش لەم ناوھێنانانە گەیشتنە بە کرداری جوتبوون و گەمەی سیکسی.لە رستانە بە بێ پەردەو شەرم و ترس ئاماژەی پێدەدات :


* پاش نیوەڕۆیە ھاتبویە بن تەنوورە شینەکەم
خۆت توندتوند پێوەنوساندبووم.
چاوم لێ بوو لە گەڵ (با) کێبەرکێت دەکرد
لە سەر بن تەنوورەکەم .ل٨٢.
* دەی وەرەوە بن سوخمە مۆرەکەم.ل٩٨.
* ژێر کراسە مۆرەکەم دادەماڵم .ل١٣٨.
* دە ئەو جارەش کەراسەکەم ھەڵدەوە .ل١٤٣.
* گیانە (با)شت فێرکردووە رۆژێ دە جار
تەنورەکەم ھەڵداتەوە .ل١٢٥.


لێرەو لەوێ ، دەنگی شاعیرانی ژن دەبیستین باس لە ئەندامەکانی جەستەو مێبوونی خۆیان دەکەن ھەندێک شت دەکەن کە کۆمەڵگا بڤەیان کردووە، شەرم و مۆڕال و حەرام لای ئەوان خوێندنەوەو تێڕوانین و مانایەکی تر لە خۆ دەگرێت یاخود لە رێگەی کۆدو رەمزو گوزارشتی تر ئەم لاینەیان پەردەپۆشدەکەن و بە دووریش مەزانە باسکردن و خستنەرووی ئەم کارە خۆدرەخستن و ناوپەیداکردن بێت وەک چۆن زۆر لە فێمێنستەکان ھەمیشە وتەو قسەو باسی ژنیان لە سەر زارەو لە کردارو پراکتیزەکردنیشدا وانییە ، مەرجیش نییە قسە لە سەرئەمە بکات بوێرو سنوورشکان بێت و دەقی جوان و پڕمانای ھێنابێتە بەرھەم . وەک چۆن تەنزو جنێودان لەشیعردا ، لێزانین و دەسترەنگینی و سەلیقەو زمانزانی وشاعیری خۆی دەوێت. دەبینین شێخ رەزا شتە نامۆکان دەخاتە نێو ئەدەب و ئەدەبی کوردیش شانازی پێوە دەکات ،کەچی تا ئێستاش شێخێکی وا نەھاتۆتە مەیدان ئەسپی خۆی تاوبدات.جا ئەگەر ئەمە بۆ شاعیرانی پیاو زەحمەت و شەرم و ئابڕووچوون بێت تەنوانێ بەردێک بگرێتە ئەم کانیەو بیشلەقێنێ.بێگومان بۆ شاعیرانی ژن دە ئەوەندە قورسترو ئابڕووچوونترە ، بگرە ئاسانیش نییە باس لە جامی ئاوی ئەو کانییەش بکات.بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگایەکی وەکو ئێمە ھێشتا مێشکەکەی ، قفلی ژەنگاوی داب و نەریتی لێدراوەو ئەو دەستانەی دەیانەوێت ئەم قفلە بکەنەوە و زەمەنێکی زۆری دەوێت تا دەکرێتەوە.


ئەوانەی پەیامی جوانی و ڕاستگۆیی و بوێرییان ھەڵگرتووە ، دیارن و کۆت و زنجیرەکان دەشکێن و رێگا دەبرن . شاعیر لە چەند وێنەو دەستەواژەی جوانی شیعریدا بوێرانە دەنگ ھەڵدەبرێت:


* دەستت بێنە لە سەر ناوکم دانێ و داخوا
کوێ کۆتاییمە نەیبزێوی نە بۆ خوارتر نە بۆ
سەرتر ھا ، دەنا کۆترەکانم دەفڕن.ل٨٢.
* چووم لە بن درەختێک راکشام وەکو بن تۆ خۆش بوو.ل٩٦.
* وەرە مشتێک ئاو بە دەموچاوانمدا ھەڵپرژێنەو
ئاویش بە ناو من کە.ل١١٠.
* ماچێکت لە مەمکی ڕاستم دەکردو ماچێک
لە مەمکی چەپم تا وەخەبەرت ھێنام.ل١٠١.
* خۆم دەخزێنمە بن بەتانی لێ دەبینم لەوێ
گەرمتر پێم وەردەبیزل١٢٥.
* ئەوڕۆ لە بن تۆڕا ژیان
دەڕوانم ئەی ژیان لە بن
تۆڕا چەند گەرم و جوانە سەگباب.ل١٤١.


لە ئەدەبی عەرەبیدا زۆر وشە ھەیە بە ئاشکرا مانای سێکس و کردارەکە دەگەیەنێت بە جۆرھا شێوە باسکراوە و ئەوەش بە ھۆی ھەبوونی چەندھا شێوەزار، بەڵام کورد ھەر لە رووی ھەبوونی ئەم شیعرەو بە کارھێنانی ئەم وشانە کەم بەرچاو دەکەون . لە گوزارشتی ھەندێک رستەو دەستەواژەو ئیدیۆم بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ ئاماژەی پێدراوە وبۆنی سێکسیان لێدێت.


ئەگەر بڵێین "عەرەب ئەوەندە بۆکاروباری سێکس وشەی زۆریان داناوە ،بۆ ھیچ کارێکی تر ئەوەندە وشەیان دانەناوە، ھەروەھا زیادەرۆیی ناکەین لەبەردەم ئەم ھەمووشتانە کە بڵێین ، لە ھیچ زمانێکی ئەوروپیدا ئەوەندە وشەی سێکسی نییە وەک لە زمانی عەربیدا ھەیە ، ئەو ژمارە زۆرو جۆراوجۆرە سەرسورھێنەرە ، زاناکانی زمانەوانی دەڵێن زیاتر لە (١٠٠) وشە ھەیە کە ھەموویان سێکس دەگەیەنن ، ھەروەھا زیاتر لە (٢٠٠) وشە ھەیە کاری سێکسی ئەگەیەنن....".٦


لە شیعرەکانی نیگاریشدا لە شێوەی وشەو رستەو مانای جوان ، ئەم لاینە خراوەتە روو، ئەوەندەش ناشیرین نییە دونیایی لێ بکەینە دەنگ ،بەڕای خۆم ئەوەندە جوان وسەرنجڕاکێشن و خوێنەر ھەست بە تام و چێژ دەکات .جوانیی و ناسکی شیعریش لەوەدایەکورت و پوخت و پڕمانابێ .ئاوڕدانەوە لەم لایەنەکە تا ئێستاش باسکردنی ھەر شەرم و بڤەیە بوێری شاعیر دەردەخات.لەوانەیە ئەم بوێریەش لە چاو شاعیرانی تر ئەوەبێ ، ڕەنگدانەوەی ژیانی تاڕاوگەو ئازادی و یەکسانی و مرۆڤدۆستی و نەبونی کۆت و زنجیرو دابو نەریت و فەراھەم بونی ژینگەیەکی گونجاوتر لە ھی رۆژھەڵات و وڵاتەکەی شاعیر بەم شێوەیە نەبێت. ئەو بە تێڕوانین و دنیابینینیکی تر، ھاتنە مەیدانی خودی شاعیرە کە ئازادانەو بوێرانە باس لە حەزو خولیاو ھەستە شاراوەو کپکراوەکانی خۆی دەکات و لە رێگای شیعرەوە بە مرۆڤ ئاشنای دەکات و شیعرەکانی وەک ئاوێنە وان دەتوانی بە ئاسانی خۆی تیدا ببینێتەوە ورووە راستەقینەکەی بە ئێمە نیشان بدات.

____________________________
سەرچاوەکان:
١- نیگار نادر، بۆ ئەوەی ھەرچی ھەتە و نیتە بە من بچێ دە ئەو جارەش ... ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دەزگای ئاراس، ھەولێر، چاپی یەکەم ،٢٠٠٨.
٢-  نموونەی شیعرەکان، سەرچاوەی پێشوو.
٣- فەرمان عەبدوڵڵا محەمەد، خۆشەویستی لە نێوان خۆپەرستی و خۆنەویستیدا، ھەولێر، چاپی یەکەم ، ٢٠٠٨ ، ل ١٦٣.
٤- عەبدوڵڵا پەشێو. دیوانی(عەبدوڵڵا پەشێو)، ئەوپەڕی تینووێتی، سوید ، چاپی یەکەم،٢٠٠٢،ل١٤.
٥- د .یوری ریوریکوف ، خۆشەویستی و وزەی دەروونی ، وەرگێڕانی سۆزان جەمال ، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان ، چاپی یەکەم ، ٢٠٠٩ ، ل ٢٠٦.
٦- د. صلاح الدین المنجد ، ژیانی سێکسی لای عەرەب، وەرگێڕانی جەمال ، سلێمانی ، ٢٠٠٦ ،ل٨٢.
 

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک