١٣\٥\٢٠٢٥
سەمای وشە و ئاگر.

ئەرسەلان مەحمود
•
بەنداوی کات.
لە سێبەری
شتێکدا دامەنیشە کە نییە،
وەک ئاوێکی بەستوو لە ناو بەرداشی گەرمدا.
هەناسەکانت لە جانتای سەفەرێکدا هەڵمەگرە و
سەر لەناو ئەستێرە نەدۆزراوەکاندا بخولێتەوە.
پەڕەی کتێبێک هەڵمەدەوە
کــە نییە.
لەت لەت
لە خەو هەڵدەستن،
ئەو وشانەی دەبنە ڕەنگ،
ئەو ڕەنگانەی دەبنە دەنگ،
ئەو دەنگانەی دەبنە نیگار
لە چاوێکی مردودا
ون دەبن.
نزیک نزیک
ملی ئەو ڕێگە دوورانە بگرە
سەرفەر بەرەو ناخی ئەشکەوتە ئاگرینەکان دەکەن،
لەوێ، کە زەویناس و جادووگەرەکان پێکەوە کۆدەبنەوە و
لە شەڕێکدا نەخشەی شارێکی بزربوو دەکێشنەوە،
نزیکە زۆرەکان، مەرگیان
جاڕزکردووە.
جاڕزبوونێک
کە هەزاران ساڵە لە ژێر خاکدا چاوەڕێیە،
مەرگ مۆڵەتی پشووی نەماوە، هەموو شتێک
هەر لەتە لەتێک، دەیەوێت لەیەک کاتدا
زیندووبێت.
•
مانگەشەوی سوور.
ئەنگوستی ئاماژەت
کە بە ئاسماندا ڕادەبوورێت،
پەنجەیەک کە لە دارستانێکی ناوازەوە هاتووە
لەوێ کە درەختەکان بە ئارەزووی خۆیان بەرز دەبنەوە و
ژیان لە دەست پیاوە تەورەکاندا دەشارنەوە،
مۆڵەت لە کەس وەرناگرن.
نا، لە چ ناپرسن.
زەردەپەڕ،
جگە لە خەمناککردن بە کاری چیی دێ؟
پرسیارێک بە لێواری جۆگەیەکەوە تینووێتی
شاعیرێک و گورگێک، پێکەوە دەشکێنن،
بیربکەوە.
ئادەی! پرسیارێک
کە وەڵامەکەی بۆ هەمیشە زیندوو بمێنێت،
وەک دڵۆپە بارانێک لە سەر شووشەی پەنجەرەی
زستانێکی کۆنە ساڵ ڕیتمێک بە گەڵای پاییز
دەنـووسێــتەوە.
وازی لێ بێنە، بهێڵە بڕوا!
با وەک پەلکەزێڕینە بێت و بڕوات
با وەک چاوی ژنێک بێت لە ناو تابلۆیەکی
شێوەکاریدا کە سەیری دوورترین
خاڵی سفری ئاسۆ دەکات.
•
سێوە سوورەکەی گومان.
شێتە ئەو کەسەی
بە چەپدا دەکەوێ و بە ڕاستدا دەڕوانێت،
وەک ئەوەی قسەیەک لە لا پەنجەرەیەکەوە دەربچێ و
بیەوێت لە لا دەرگەیەکی ترەوە بگەڕێتەوە
فەزای ژوورێکەوە.
شێتە ئەو..
کە هێشتا پەرە بە هەڵکەندنی شەو دەدا و
بە پەنجەکانی هێشتا هەر خەریکی نەخشاندنی تاریکییە،
کاتێک خۆر هەڵدێ ئەو نەخشانە دەبنە ئاوێنەی ڕووناک،
تەماشای خۆی دەکات و دەڵێت: "هەرگیز لێرە نەبووم!"
لەتەکانی تاریکی لەبنە تەختەدا دەشارێتەوە،
شێتە ئەو..
تاریکی
وەک کۆمەڵە یاقووتێکی ڕەش
لە سندوقی یادەوەریدا هەڵیدەگرێت
تا ڕۆژێ لە ڕۆژان بیانکاتە کراس
بۆ خۆی
شێتە ئەو..
کە گوتبووی ناڕۆم بەڵام ڕۆیشت
گوتبووی نامێنێتەوە بەڵام مایەوە
گوتبووی پێدەکەنم بەڵام گریــااا
شێتە ئەو..
شێتە ئەو
کە بێخەمە لە ڕۆیشتن و مانەوە و پێکەنین و،
بەڵام بیر لە هەڵکەندنی مانای "بەڵام" دەکاتەوە
بەڵامێک، وەک کلیلێک پەیوەندی لە نێوان دوو
دوو جەمسەر و، دوو جیهاندا دروست دەکات
شێتە ئەو
دەبێ شێت بێت
کە بە گوریسێکەوە لە سپێدەیان بەستووەتەوە
و، بەیانیان وەک دیلێک لە لای خۆیان ڕایانگرتووە
و، بەڵێنیان پێداوە کە ئازادی بکەن کاتێک ڕەنگی
سوور و زەرد لە ئاسمانی بێسنوردا تێکەڵ دەبن
دەبێ شێت بێت
شێتە ئەو
کە دوێنێ گولـلەبارانیان کرد
کەچی هێشتا بیر لە هەڵاتن
دەکاتەوە
کاتێک گوللەکان
هێشتا لە ناو سینگیدا دەخولێنەوە
ئەویش، وەک بازنە ئاوییەکان، بیر لە
سوارەی شەققەی باڵ دەکاتەوە،
دەبێ شێت بێت.
ناشوێن.
چرکە || قووڵایی || بەرزی
لە هەناسەی وشەی پارچەپارچەدا
سێبەربووم لە دەقی زەریادا
|| گێژی ژیریە
لە دنیایەکدا ||
کە ڕاستییەکان
شانۆنمایشین.
مێژوو سڕدرایەوە*
خودیش & هەڵوەشایەوە &
-پەیکەر تێکشکا- [نوێن/کۆن]
گەشت بکە، بۆ هەموو لایەک
>لە گیانێکی بێ جێ و ڕێدا
لە شوێن بێشوێندا
>سەربەستی
بەندییەکە لە چەمکەکاندا
ڕایەڵێکە//دووڕیان//کەلێن
(کێیە؟ چی دەزانێت پێش
ڕووداوەکان؟)
| ڕاستی | هەزارجار | سڕدرایەوە |
| ڕێژەیی | سەدجار | لەدایکبۆوە |
| دەنگەکان گڕڕ | خۆبەخۆن | بۆ |
| بەرگریکردن | لە | ویستی | تاک |
بەڵام لۆمە خۆی لۆمەکراوە
#سروشتیبوون_خۆی_هێمایە#
*سەدڵە، پێشتر_نووسراو؟*
{}#_پارچەیەک
لە زانستنامەی نەبوون:
بەدوای بەدیلی بێماناییدا دەگەڕێین
لە دەقی ناشوێندا / ° \| { [||] } | / °
پێیدەڵێم: "هیچ شتێک خەیاڵ نییە"
دەڵێ:"خەیاڵ خۆی هەموو شتێکە"
دەڵێم: "پیاسەیە بیناسینەوە ناکرێ"
دەڵێ: "ناسینەوە بەشێکە لە تێکەڵ"
هەموو شتێک بەستەرە،
بەستەر هەر شتێک.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|