په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١\٢٠١٤

سەنتەری کورد - ئەمەریکا

ناوەندە جیهانییەکان لە سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ھەرێم ئاگادار دەکاتەوە.
 


ڕۆژی (٢\١\٢٠١٤) کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی بەمەبەستی کەمی خزمەتگوزاریی و کەمتەرخەمی و بەدەنگەوە نەھاتنی بەرپرسانی شارۆچکەکە، لەلایەن چەند رۆژنامەنووسێک و چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە قەزای سەیدسادقی سەربەپارێزگای سلێمانی ئەنجامدر، دواتر ئاراستەی خۆپیشاندانەکە بە توندوتیژیی نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکانی ئەوشارۆچکەیە شکایەوەو لە ئەنجامدا گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەناوی (بڕیار حەسەن) بە گوللەی ھێزە ئەمنیەکان گیانی لەدەستداو نزیکەی ٦٠ ھاولاتی دیکەش برینداربون.

بەپێی زانیاریەکانی سەنتەری کورد - ئەمەریکا بۆ ئازادیی ڕادەربڕین لە سەروبەندی گرژیەکانی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی چالاکە مەدەنیەکانی ئەو شارۆچکەیە، لەشاری سلێمانیەوە ھێزێکی زۆری ئاسایش و پۆلیسی ئامادە رەوانەی شارۆچکەی سەید سادق دەکرێن و بەشێوەی ھەرەمەکی تەقە لە ھاولاتیان دەکرێت و بەزەبری ھێز سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ئەوشارۆچکەیە دەکەن.

ھەربەپێی ئەو زانیاری و دێکیۆمێنتانەی لەبەردەست سەنتەری کورد - ئەمەریکادان بەڕونی ئەورووداوە دەردەکەوێت ئەو چەکدارانەی تەقە لەخۆپیشاندەران دەکەن، کەدواجار ھاولاتیەک (بەفیشەک) دەکوژرێت و نزیکەی ٦٠ ھاولاتی دیکەش بریندار دەبن لەلایەن ھێزێکی ئەمنی ترسناکەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کراوە، (ئەمەلەکاتێکدا لەدروستبونی ھەرگرژیەک لەنێوان خۆپیشاندەرو دامودەزگاکانی دەولەتدا دەبێت پۆلیسی چالاکە مەدەنیەکان ئامادەبێت نەک ھێزگەلێکی دیکە)، ھەربۆیە ئەم کارەی ھێزە ئەمنیەکانی کوردستانی باشوور (ئیدارەی سلێمانی) بەھەموو پرەنسیپەکان پێچەوانەی یاسانێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەمافەکانی خۆپیشاندانەو ئەو ڕووداوە بەتاوان لەقەڵەم دەدرێت و دەچێتە خانەی سەرکوتکردنی داواکاری و خۆپیشاندانە مەدەنیەکانەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەو زانیاری و بەدواداچونانەی لەماڵپەڕە کوردیەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دوابەدوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەزەبری ھێز، ھێزێکی ئەمنی بەئۆتۆمبێل و جلوبەرگی مەدەنیوە کەوتونەتە دەستگیرکردنی ھەڵسوڕاوان و بەشێک لەبەشدارانی خۆپیشاندانەکەو نزیکەی ٢٠ کەسیان دەستگیرکردوەو ڕەوانەی دەزگاکانی ئاسایشی سلێمانی کراون.

پاڵپشت بەو ڕەوشە سیاسیەی کەدەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان لەماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوودا پەیڕەویان کردوەو وەک پێویست بەتەنگ داواکاری و خزمەتگوزاری ھاونیشتیمانیانی ھەرێمەوە نەچون، ھەرئەمەشە وایکردوە بەدرێژای ئەوھەموو ساڵە چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لەتەواوی شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستاندا ئەنجام دراوە دژی نەبونی عەدالەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و ئەو گەندەڵیەی دامودوزگا حکومی و تەنانەت حیزبیەکانیشی گرتۆتەوە، دیارترین خۆپیشاندانیش ڕۆژانی (١٧ی شوباتی ٢٠١١)و ڕۆژانی دوایبوو، کەدواجار بە کوژرانی ١٠ ھاولاتی و برینداربونی سەدان ھاولاتی سڤیل و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەزەبری ھێزە ئەمنی و دەمامکدارەکان کۆتای ھات، بەپێی بۆچونی زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی و نووسەرو رۆشنبیرانی ھەرێمی کوردستان ھەتائەمرۆ ناڕەزای و داواکاریەکانی خەڵکی شەقام بەردەوامی ھەیەو خۆپیشاندانەکەی (٢\١\٢٠١٤) شارۆچکەی سەیدسادقیش درێژکراوەی ھەمان نارەزای و داواکاری جەماوەرو دواجار درێژکراوەی ھەمان خۆپیشاندانەکانی سالانی ڕابردووە.

سەنتەری کورد - ئەمەریکا بۆ ئازادیی ڕادەربڕین جگەلەوەی ڕای گشتی ھەرێمی کوردستان و ھەرسێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم و حکومەت و پەڕلەمانی کوردستان لەوە ئاگادار دەکاتەوە بەرپەرچدانەوەو سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی قەزای سەیدسادق بەزەبری ھێزێکی نایاسای بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکانی یاسای خۆپیشاندان و ھەروەھا کوژران و بریندارکردنی خۆپیشاندەران و دواجار دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی شارۆچکەکە، بەھەموو مانایەک دژبە یاساو ئیتیک و مۆراڵی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و ھاوکات ئەو دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕینەیە کەزەمەنێکە سەرۆک و بەرپرسانی ھەرێم باسی لێوەدەکەن و شانازی پێوەدەکەن، ھاوکان سەنتەری کورد - ئەمەریکا تەواوی ناوەندو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەو سەرکوتکردن و کوژران و بریندارکردن و رەشبگیریەی ھاولاتیان لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ئاگادار دەکاتەوە.

سەنتەری کورد - ئەمەریکا بۆ ئازادیی ڕادەربڕین، سەنتەرێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە، لە لایەن نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کورد لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا دامەزراوە، ئامانج لەکارەکانی ئەم سەنتەرە بەرگریکردنە لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی و گەیاندنی ھەر پێشێلکاریەک دژ بە تاکی کورد لەو روەوە بە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان ، ئەم سەنتەرە لەلایەن چەند ناوەندو ڕێکخراوێکی ئەمریکی و نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکرێت.
 


سەنتەری کورد - ئەمەریکا بۆ ئازادیی ڕادەربڕین
ڤێرجینیا - ئەمەریکا
٢\١\٢٠١٤

وێنەیەک بۆ:
- کۆشکی سپی
- وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
- کۆنگرێسی ئەمەریکا
- پەیمانگای ئەمەریکا بۆ ئاشتی
- ئۆفیسی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆڕک (UN)
- کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربەنەتەوەیەکگرتوەکان لە جنێف
- تیمی نێردراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ عێراق لە بەغداد
- خاچی سوری نێودەوڵەتی لە جنێف
- پەڕلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل
- رێکخراوی ھیومان ڕایتس ۆچ لە نیویۆرک
- رێکخراوی ئەمنیستی ئەنتەرناشناڵ لە لەندەن

 

 

garmyan.azad@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک