٢٢\٨\٢٠١٠
سێنترالیزمى
نێرایەتى لەنێوان کەلتور و حەقیقەتى بایۆلۆژى.
عەبدلموتەڵیب عەبدوڵا
لە کتێبى "ژن، پیاو، ئاکارى سێکسى لە لانکەى شارستانیەتەکاندا" نووسینى
"ویل دورانت" وەرگێرى کوردى "دلشاد خۆشناو" لە پێشەکیەکى کورتدا
بیروڕایەک لە رستەیەک دەئاخنێ و دەڵێت: ژن و پیاو ئەو دوو نیوە
ناتەواوەن کە بە یەکگەیشتن و ئاوێتە بوون، یەک مرۆڤى کامڵ پێکدەهێنن.
بێگومان تێگەیشتن لەو رستەیە و مانا چەپێنراو و پەنهانەکانى هەر تەنها
قوڕسایى خۆى ناخاتە سەر دوو بوونەوەرى ناتەواو، بەڵکو لە پەیوەندى
نێوان ئەو دوو بوونەوەرە لە کۆمەڵگەیەکى دیاریکراو درێژ دەبێتەوە. من
لێرەدا هەوڵدەدەم پرسى سەرەکى ئەو بەدواداچوونە لە دووتوێى پرسێکى
سەرەکى دیکەوە کە "پیار بۆردیۆ" لە کتێبى "هەژموونى نێرایەتى" دەیخاتە
روو، ورد بکەمەوە. پرسیارى "بۆردیۆ" لەبارەى مێژووى پیاو و مێژووى
ئافرەت لە بونیادى کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییدا خۆى روون دەکاتەوە، هەر
لەوێشەوە هەوڵى شۆڕشێکى مەعریفى دەدات، بۆ ئەوەى هاوسەنگى نێوان ئەو
دوو رەگەزە بە شێوەیەکى دیکە بەرجەستە بکاتەوە و چاوێکى دیکە بۆ
سەیرکردنى پەیوەندییەکان بخاتە روو. وەک چۆن پرسیار لەو میکانیزمە
مێژووییەش دەکات، کە لە بەرانبەر هەتا هەتابوونى دابەشکردنى ژن و پیاو
کار دەکات. بەو مانایە پرسى بۆردیۆ خستنەروو و بەدواداچوونى ئەو
بیرکردنەوە ترانسندنتالەیە کە گوتەزا فیکرییە جیاوازەکانى لەخۆدا ون
کردووە. لێرەدا پرسى بۆردیۆ وەک "دۆرکایم" دەڵێ گەڕانە بەدواى
شێوەگەلەکانى پۆلینکردن، ئەو شێوەگەلەى کە دنیاى نێر و دنیاى مێ دەکێشێ.
بەڵام شێوە تێڕوانینى وەڕگێرى کوردى پشت بە بیرکردنەوەیەکى ئایینى (لەسەر
پرنسیبى لێکبوردن) دەبەستێ. من لەو نووسینەدا بەهاوکارى "پۆل ریکۆر"
هەوڵدەدەم ئەو پرسە لەلایەک لەرێگەى ناوکى ئەفسانە و دواتر مێژوو و
لەلایەکى دیکە لەرێگەى رووە بایۆلۆژییەکەیەوە بخوێنمەوە.
بونیادى کۆمەڵایەتى/ بونیادى مەعریفى.
"ویل دورانت" لە کتێبى ناوبراودا ئەوە روون دەکاتەوە کە لە دواى قۆناغى
دایکسالارى، دەرکەوتنى قۆناغى باوکسالارى گورزێکى تووند بوو لە
دەسەڵاتى ئافرەت درا، دواتریش کە خاوەندارێتى تایبەت هاتە ناو رەوتى
ژیانەوە، ئیتر ئەو گۆڕانکارییە هەر تەنها تەماشاى ئافرەتى وەک کەلوپەل
بۆ خۆشى وەرگرتن، نەدەکرد، بەڵکو خاوەندارییەکە گەیشتە ماوەى پێش
هاوسەرگیرى و پەردەى کچێنیشى گرتەوە، بۆیە نرخى کچ لە نرخى ژن زێتر بوو.
دواتریش ئەوە دەدرکێنێ کە لەنێوان زۆربەى هۆزەکان بارودۆخى ئافرەت
جیاوازییەکى واى لەگەڵ کۆیلەدا نەبووە. لێرەدا دەمەوێت ئەو تێڕوانینە
بۆ ئافرەت (بەتایبەتى لە دواى قۆناغى دایکسالارى) بە ئەفسانەکانەوە
بەند بکەم، بەو مانایەى کە مانەوەى ئەفسانە و دووبارە تەئویلکردنى وەک
"پۆل ریکۆر" بۆى دەچێ شێوەیەکى تازە بە عەقڵ دەبەخشێ. کەواتە بەپێى
بیروڕاى ریکۆر کۆمەڵگەکان بە گوێرەى ئەفسانەکان جێگیربوونە و
ئەفسانەکانیش مێژووى تایبەت بەخۆیان هەیە، بەو مانایە لەبەر ئەوەى
کۆمەڵگەکان هەم بونیادیین و هەم مێژوویى، ئیتر پەرەسەندنیان هەم
دایکرۆنییە و هەم سایکرۆنى، بەمجۆرە لە هەر کۆمەڵگەیەکى تایبەتدا
دابەشکردنى وەزیفەکان رەهەندێکى مێژوویى دیاریکراوى خۆیان هەیە.
لێرەوە هەڵوەستە لەسەر بە موڵکبوونى ئافرەت دەکەم، وەک ئەوەى "ویل
دورانت" قسەى لەبارەوە دەکات، لە هەمان کاتیشدا هەڵوەستە لەسەر کتێبى "هەژموونگەرایى
نێرایەتى"ى "بۆردیۆ" دەکەم کە زۆر بە جوانى قسە لە بە کەلوپەلکردنى
ئافرەت لە لایەن پیاوەوە دەکات بۆ خۆشى وەرگرتن، دواتریش هەوڵدەدەم وەک
مێژووى رۆشنبیریى کۆمەڵگە، قسە لە ئاکار بکەم! بەڵام ئایا دەبێ لە
کۆمەڵگەى باوکسالارى ئاکار بە چ شێوەیەک پێوانە بکرێ؟ کامەیە ئەوەى
کۆمەڵگەى باوکسالارى بە خێر و کامڵبوونى خۆى دەزانێ؟
وەک دەرکەوتووە مێژووى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى هەڵگرى بنەمایەکى دیار و
شاراوەى نێر سالارییە، ئەوەش بە پشت بەستن بە ویل دورانت کە دەڵێ: سوود
وەرگرتن لە وشەى "پیاوان" بۆ دیاریکردنى تەواوى جۆرى بەشەر بریتییە لە
دەمارگرژى سەردەمى باوکسالارى. لە هێنانەوەى ئەو تێگەیشتنەوە دەمەوێ
مانا شاراوەکانى رستەى وەرگێڕى کوردى بخوێنمەوە و رەوتگەرایى و
ئاڕاستەکانى هەڵوەشێنمەوە. هەر لەوێشەوە بە خوێنەران بڵێم مەبەستى ئەو
تێڕوانینەى کە ئەو دوو بوونەوەرە هاوشان دەکات و دەیانکات بە مرۆڤێکى
کامڵ جگە لە سێکس کردن و بەکارهێنانى ئافرەت وەک کەلوپەلێک بۆ خۆشى
وەرگرتن شتێکى دیکە نییە. نیازى ئەو تێڕوانینەى ئەو دوو بوونەوەرە وەک
یەک دەبینێ تەنها لە بەخاوەنبوونى ئافرەت و بەکارهێنان و
ئاڕاستەکردنیدا وەستاوە. بەو مانایەش ئەو رستەیەى وەرگێرى کوردى ئەگەر
وەک رستەیەکى بێ کردە بکەوێتە میانى چەمکى لێکبوردنەوە، ئەوە لێکبوردنى
پیاو لە ئافرەت نەک هەر تەنها هاوسەنگى درووست ناکات، بەڵکو لە هێزەوە
خۆى دەنووسێتەوە. کەواتە لە پشت ئەو رستەیە ماناکانى هەژموونى نێرایەتى
بە شێوەیەکى رەمزى خۆى دەنوێنێ.
تووندوتیژى رەمزى تووندوتیژییەکى نەرم و بەزۆریش شاراوە و
دەسەڵاتخوازانەیە، لە پەیوەندیگەلى بەرهەمهێناندا چ وەک مەسەلەیەکى
بایۆلۆژى بۆ نموونە: لاقەکردن، یان کۆمەڵایەتى (ماڵ، کێڵگە، قوتابخانە،
کارگە) دەردەکەوێت. هەژموونى نێرایەتى شێوەیەکى بەرزى شێوەگەلى
تووندوتیژییە. تێگەیشتن لەو شێوە پەیوەندییەى نێوان نێر و مێ، دەکرێ
وەک دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانى
نێو کۆمەڵگە تەماشاى بکەین، لەوانەش پەیوەندى نێوان دەسەڵات و رۆشنبیر،
خاوە کار و کرێکار... بەڵام تووندوتیژى رەمزى بەپێى گوزارشتى بۆردیۆ
هەتا بە نسبەت قوربانییەکانیش نەرم و هەستپێنەکراو و نەبینراوە.
بۆردیۆ هەژموونى نێرایەتى بە پێدراوێکى ئەنسۆپۆلۆژى دادەنێ ئەویش لە
رێگەى بونیادى نەستى کە "کلۆد لیڤى ستراوس" لە نێو ئەدەبیاتدا قسەى
لێکردووە و دەڵێ: کۆمەڵگە دێرینەکان هەژموونى پیاوى وەک تەبەنیکردن
هەڵبژاردووە. لێرەدا دەمەوێ بڵێم لەبەر ئەوەى هەژموونى نێرایەتى لە
تەواوى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتیدا دەرکەوتە و شوێنکەوتەى جیا جیا و
بەفرەوانى هەیە، بۆیە ناشێ قسە لە پرنسیبى هاوشان بوون و هاوتا بوونى
ئەو دوو رەگەزە لە دەرەوەى قەڵەمڕەوى و ملکەچبووندا بکەین. ئەگەر هەر
لەو بارەشەوە لە کۆمەڵگەکان ورد بینەوە دەبینین ئەو هەژموونە وەک
دیاردەیەکى سرووشتى ریشەى خۆى لە جیاوازى نێر و مێدا هەڵدەگرێتەوە و
لەسەر ئاستى گەردوونى پرۆسیسە دەکرێ. لە راستیدا ئەو هەژموونە وەک
دەرئەنجامى بونیادى مێژوویى لە کۆى رەگەزە هاوشێوەکانەوە بەرجەستەیە و
هەر بەمجۆرە بیر لە هەژموونى گوتەزا فیکرییەکان دەکەینەوە و بە بناغەى
جیاوازییە فسیۆلۆژییەکانەوە بەندى دەکەین، ئەوەش بۆخۆى بە جۆرێک لە
پولینکردنى گەردوونى دێتە ژماردن: جولەکردن و بەرز کردنەوە.. یان
دابەشکردنى شتەکان و چالاکییەکان و هەموو ئەوانەى بەپێى بەرەنگارى
نێوان نێر و مێ دەرکەوتنەکانیان دەبینرێ وەک (لەسەر/لەژێر، لەپێش/لەپاش،
وشک/تەڕ، رەق/شل... یان بازاڕ بۆ پیاو و ماڵ بۆ ئافرەت، ئافرەت لە "چاو"
زاڵە، پیاو لە "زیهن"... لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانین بڵێین تەواوى
کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى لەسەر واقیعى سێکسى خۆى بونیاد دەنێت، لە رێگەى
پرنسیب و بۆچوون و دیدى سێکسى کۆى بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان جولە دەکەن،
یان بە مانا "بۆردیۆ"ییەکەى تەواوى گەردوون بە سێکسکراوە. ئەو بە
سێککردنە بە پلەى یەکەم لەسەر خودى جەستە وەک واقیعێکى بایۆلۆژى و
لەسەر مێژووگەرێتى وەک بنەمایەکى رۆشنبیریى خۆى دەنوێنێ. کەواتە کۆى
بەرنامە کۆمەڵایەتیەکانى ژیان پشت بە بنەماى بایۆلۆژى و رۆشنبیریى و
مێژوویى دەبەستێ، دواجار دەشێ کۆى ئەو پشت پێبەستنە لە ناوکى ئەفسانە
جیهانیەکان بدۆزینەوە.
کەواتە ئەگەر بەشێکى ئەو دابەشکردن و پۆلینکردنە پەیوەندى بە توێکارى
جەستەوە هەبێ، ئەوە وەک حەقیقەتێکى کۆمەڵایەتى لە دابەشکردنى کاردا خۆى
دەنوێنێ. واتە ئەو نەخشەسازییە مەعریفییەى نێوان پیاو و ژن لەسەر
دابەشکردنى رەگەزى بۆ کار و توێکارى جەستە وەک بنەمایەکى بایۆلۆژى ئیش
دەکات، نەک لەسەر هاوشان بوون و هاوتا بوون. بەو مانایەش نەخشەیەکى
مێژوویى و مەعریفى نییە ئەو دوو بوونەوەرە ناتەواوە، کامل و تەواو بکات.
بە قەد ئەوەى مێژووییەکى دوور و درێژ هەیە هەژموونى نێرایەتى و
بەکارهێنانى مێیینە، لەشێوەیەکى بازنەییدا درێژ دەکاتەوە.
بەمجۆرە پیاوەتى بە رواڵەتە ئیتیکیەکەى خۆى وەک ماهیەتى هێز و پەیوەست
بە شەرەف و بەرزێتى... نیشان دەدات، ئەوەش وەک ناوەڕۆک لە پیاوەتى
جەستەیى دەلالەتەکانى هێزى سێکسییدا خۆى دەدۆزێتەوە: کونکردنى پەردەى
کچێنى، پیتاندن، ئامادەگى و رەپبوونى ئەندامى نێریینە و .... کەواتە
ئەگەر ئامادەیى و قەڵەمڕەوى پیاو و ئەو شوێنەى پیاوى لێیە بە ئاسایى
دابنرێ، لۆژیکیانە بکەوێتەوە، ئەوە ملکەچبوونى ئافرەت و بەکارهێنانى و
ئەندامەکانى زاوزێى ئافرەت جێگەى رەشبینییە، ئەو خەسڵەتە شەیتانیەیە،
ئەو شوێنگەیەیە کە بیرکردنەوە تێیدا دەکەوێتە بۆشاییەوە، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا دەشێ وەک کودەتایەک بەسەر ئەندامى نێرینە تەماشاى بکەین.
ئەفسانەى نێرینەى هەمیشەیى و مێینەى هەمیشەیى.
ژنایەتى و پیاوەتى، نێر و مێ، بەشێوەیەکى گشتى بە چەمکى "رەگەز/جەندەر-Gender"ەوە
دەلکێن. جەندەر چەمکێکە لە لەسەر بنەماى رەگەز، جیاکارى لەنێوان پیاو و
ژندا دەکات. بە مانایەکى دیکە دەشێ جەندەر هەڵوێستێکى دیار لەخۆ بگرێ
یان رەفتارى کەسێک بێ. بەشێوەیەکى روونتر جەندەر کردەگەلێکى جیاوازى
رەگەزێکە لەسەر حیسابى رەگەزێکى دیکە، بە شێوە تەقلیدییەکەش ئەو
شێوازگیریەیە کە رەگەزى نێر لە رەگەزى مێ جیا دەکاتەوە. بەڵام بە هەتا
هەتایى کردنى هەژموونى نێرایەتى بەوەى کە هەمیشەیى و جێگیرە، ترسەکەى
تەنها بەسەر مێینەدا نییە، بەڵکو ترسەکە لەتووندوتیژى ئەفسانەى
مێژووییەوەیە.
ئەگەر سەیرى جەستەیى ژن و پیاو بکەین جیاوازییەکى بەرچاویان هەیە، ئەو
جیاوازییە بۆخۆى دەبێتە بەهایەکى دەستکرد، کاتێ قبولى گفتوگۆ ناکات.
کەواتە ئەگەر بونیادى هەژموونى نێرایەتى بونیادێکى مێژوویى بێ و بەشێکى
زۆرى ئەو بونیادە مێژووییە بەرهەمى کار بێ، ئەوە بەرهەمێکە کە مێژوو
بەردەوام بەرهەمى هێناوەتەوە و نەیتوانیوە بەشێوەیەکى دیکە لە دەروەى
نێرایەتى راڤەى بکاتەوە.
بەمجۆرە جێگیر بوونى کۆمەڵگە بە گوێرەى ئەفسانەکانى نێرسالارى و
بایۆلۆژییەوە، دوو خەسڵەت لەخۆ دەگرێ: خەسڵەتى رەمزى و خەسڵەتى مێژوویى.
یەکەمیان لە رێگەى شیکردنەوەى بونیادى ئەفسانەکانەوە دەردەکەوێ. دووەم
لەرێگەى کردەى دووبارە راڤەکردنەوەى مێژوو. ئەگەرچى ئەفسانەکان مێژووى
تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام بونیادى ئەفسانەى هەمیشە نێر و هەمیشە مێ
لە کۆى ئەفسانەکاندا هاوبەشییەکى تەواو لێکنزیکیان هەیە، هەر لەو
رووەشەوە دەتوانین بڵێین ئەفسانەکانى هەمیشە نێر و هەمیشە مێ، هەم
بونیادیین و هەم مێژوویى. بەمجۆرە تاکى مێى نێگەتیف و تاکى نێرى
پۆزەتیف لە رێگەى هەلومەرجى دیاریکراوى رەمزى و مێژووییەوە ئەزموون
دەکرێتەوە. کەواتە هەژموونى نێرایەتى لەلایەک بەشێوەیەکى رەمزى لە
رێگەى ئەفسانەکانەوە رۆڵى خۆى دەگێڕێ، ئەگەر کۆمەڵگە لێى بەئاگا بێ یان
بێ ئاگا، لەلایەکى دیکە لەرێگەى قەڵەمڕەوى عەقڵى نێرینەوە دەست بەسەر
مێژوو و دووبارە راڤەکردنى مێژوودا دەگرێ و خۆى بەرهەم دەهێنێتەوە.
بەڵام هەندێ لە نووسەران بیروڕاى دیکە لە بارەى "رەگەز/جەندەر-Gender"
دەخەنە روو و جیاکارییەک دەخەنە نێوان مەسەلەى بایۆلۆژى و رۆشنبیرییەوە،
بەبڕواى ئەوان چەمکى نێر و مێ لە رێگەى جەستەوە وەک مەسەلەیەکى
بایۆلۆژى دیارى ناکرێ، بەڵکو ئەوە کەلتورە ئەو مەسەلەیە یەکلا دەکاتەوە
و لەوێوە نرخ و بەهاى نێر و مێ دیارى دەکات، واتە دەیانەوێ بڵێن راستە
"مێ-Female" مەسەلەى رەگەزە، بەڵام "مێیایەتى-Femininty" مەسەلەیەکى
رۆشنبیرییە. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش هەندێ لە ئافرەتان رووبەرووى
مەسەلە بایۆلۆژییەکان دەوەستن، وەک توانایەک کە ئاڕاستەکانى مێ دیارى
دەکات. وەک چۆن هەندێکى دیکە لە رۆشنبیران حەقیقەتى بایۆلۆژى مێ وەک:
سکپڕى، شیردان، بێنوێژى... بە بەشێکى جیاوازى ژنانە دەژمێرن و هانى
ئافرەتان دەدەن ئەو جیاکارییەى خۆیان بە هەند هەڵگرن و نەیشێوێنن.
ئەفسانە / راڤەکردن.
قسەکردن لە دووبارە راڤەکردنى مێژوو، پێویستە قسەکردن بێ، لە
هەڵوەشانەوەى کۆى ئەو تێزە تەقلیدى و دۆگمایەى کە چەمکەکان و چەمکى نێر
و مێى لەسەر بونیاد نراوە. بە مانایەکى دیکە دەمەوێ بڵێم ئەو گوتەزایەى
"ریکۆر" کە دەڵێ "کۆمەڵگەکان بە گوێرەى ئەفسانەکان جێگیر بوونە" و "کۆمەڵگەکان
بە ئلگا بن یان بێ ئاگا بن، ئەفسانەکان رۆڵى خۆیانى تێدا دەگێڕن"
لەوێوە بەشێک لە کۆنەپارێزى دەنوێنێ کە ناتوانێ بە شێوەیەکى دیکەى
مۆدێرن و جیاواز درێژە بە خۆى بدات، وەک چۆن لە عەقڵییەتێکى چالاک و
زیندووەوە دەتوانێ راڤەى سەردەمییانە بۆ ناوکى ئەو ئەفسانانە بکات و بە
ئیقاعى سەردەم و پرسى سەردەم بارییان بکات. کەواتە مانەوەى ئەفسانەکان
بەو شێوەیەى کە "ریکۆر" باسى دەکات، پێویستى بە دووبارە تەئویلکردنەوە
هەیە، بەو مانایەى کە دووبارە تەئویلکردن دەقێکى دیکەى جیاوازە.
ئەگەر دووبارە تەئویلکردن دەقێکى نوێى جیاواز بێ، کەواتە کرۆکى مانەوەى
شێوە تەقلیدییەکەى چەمکى نێر لە نێو کۆمەڵگەکاندا راستەوخۆ بەو
عەقڵییەتەوە بەندە کە هەمیشە وەک کۆنەپارێزێک خۆى دووبارە کۆپى
دەکاتەوە، نەک وەک تێڕوانین و دەقێکى دیکەى جیاواز، نەک وەک ئیقاعى
سەردەم و پرسى سەردەم. چونکە عەقڵى کۆنەخواز ئەو توانایەى تێدا نییە کە
لەگەڵ پرسى سەردەم و ئیقاعى سەردەم بێتەوە.
لێرەدا عەقڵییەتى نێرسالارى هەمیشە رەگەزى مێ وەک بوونەوەرێکى کەم
دەبینێ و پێیوایە تەواوبوون و کامڵبوونى مێ هەر تەنها لە رێگەى
ئەویدیکەى نێرەوە نەبێ مەیسەر نابێ، ئەو فیکرەیە بەشێکى زۆرى لە
کۆنەخوازى لەخۆدا هەڵگرتووە، بۆیە دێ لە رستەیەکى رەمزى و لە هێزێک کە
پێیوایە توانیویەتى هاوسەنگى لەو نێوانەدا درووست بکات،،، لە
هەژموونێکەوە کە خۆى بە لێبوردەخواز دادەنێ، کامڵبوونى مرۆڤ لە
ئاوێتەبوونى دوو نیوە ناتەواو "ژن و پیاو" دەبینێتەوە. ئایا هەر ئەو
عەقڵییەتە کۆنەخوازە نییە کە جیاوازییەکانى ئافرەت "بێنوێژى مانگانە،
سکپڕى، شیردان..." بە هۆى لاوازى ژن دادەنێ؟!
"مانۆ"ى هیندى دەڵێ: ژنى وەفادار دەبێ بە شێوەیەک خزمەتى سەروەرەکەى
بکا وەک بڵێى ئەو خوایە، هەرگیز کارێک نەکات کە ئازارێک لەوەوە بە
مێردەکەى بگات، بارى کۆمەڵایەتى پیاو و هەبوون و نەبوونى باشى زۆر
کاریگەرى زۆرى لەسەر ئەو مەسەلەیە نییە، هاوسەنگى ئەگەر لاسارى لە
ملکەچى مێردەکەى بکات لە دۆنادۆنى دواتر دەبێتە چەقەڵ. پرسیار ئەوەیە
ئایا ئەو عەقڵییەتە بەو هەموو مەزنایەتییەى خۆیەوە دەتوانێ بە شێوەیەکى
دیکەى جیاواز خۆى تەرجەمە بکاتەوە... ئایا هەر ئەو عەقڵییەتە نییە لە
کۆمەڵگە تەقلیدییەکان جا چ بە ئاگابن یان بێ ئاکا دووبارە خۆى بە هەمان
شێوەى کۆن و پێشوو بەرهەم دەهێنێتەوە.... دواجار دەمەوێ بڵێم لەو
نێرسالارییە پڕ شکۆیەدا کێ باوەڕ بە رستەى وەرگێڕ: "ژن و پیاو ئەو دوو
نیوە ناتەواوەن کە بەیەکگەیشتن و ئاوێتەبوون یەک مرۆڤى کامڵ پێکدەهێنێ"
دەکات؟! کەواتە لە کۆى ئەو دژ بەیەکبوونە گەردوونى و رۆشنبیرییە
دیاریکراوەى پەیوەندى نێوان نێر و مێ بۆمان دەردەکەوێ کە عەقڵییەتى
کۆنەخواز و رۆشنبیریى شەعبى کۆمەڵگەکان وەک پێویست ناتوانن عەقڵ و
بیرکردنەوەیان بە ئیقاع و پرسى سەردەم بارگاوى بکەن، بۆیە هەتا ئێستاش
شکۆى خۆیان لە هەژموونى نێردا دەبینن و کۆى ئەو هەژموونەش بە
دیاردەیەکى سروشتى رەگ داکوتاو سەیر دەکەن، هەرگیز بیر لە
تەرجەمەکردنێکى دیکە و تەئویلکردنێکى دیکەى جیاواز ناکەنەوە، بەو
مانایەش لەنێو کۆمەڵگەى کۆنەخواز و ئاڕاستەکراو بە رۆشنبیریى شەعبى،
دەسەڵاتى نێر رەهەندێکى مێژوویى دیاریکراو لەخۆ دەگرێ و بە هەمان شێوە
تەقلیدى و دۆگمەکە، خۆى لە رێگەى دامەزراوە پەروەردەییەکان: خێزان،
دەوڵەت، مزگەوت، کەنیسە، هەروەها دامەزراوەکانى دیکە کۆپى دەکاتەوە.
دەمەوێ بڵێم لە رێگەى ئەو کۆپى کردنەوەیەدا دووبارە دەرکەوتنى ئەفسانە
سەرەتاییەکان بە هەمان شێوەى پێشوو دەبینین کە لە رێگەى عەقڵییەتى
بنبەستوو دەسەڵات دەگرێتە دەست، بە دیوەکەى دیکەش بە عەقڵکردنى
ئەفسانەى هەژموونى نێرایەتى، خۆى چەشنێکە لە زیندووبوونەوەى شێوە
کۆنەخوازەکەى ئەفسانە. کەواتە وەک "بۆردیۆ" دەڵێ: نێرایەتى وەک ئەوەى
دەیبینین گوتەزایەکى عەقڵانییە تا رادەیەکى تووند لە پێناو پیاو و دژ
بە ئافرەت لە رووبەرووبوونەوەدایە، ئەوەش هەر ترسان لە ئافرەت ناگەیەنێ،
بەڵکو یەکەمجار ئەو ترسە لە خودى ئافرەتیشدا بوونى هەیە.
هەژموونى رەمزى.
هێزى رەمزى شێوەیەکە لە شێوەکانى دەسەڵات و لەسەر جەستە پراکتیزە دەکرێ
و راستەوخۆ دەکەوێتە دەرەوەى رقلێبوونەوەى جەستەیى و پشت بە بزوێنەرە
هەستییەکان دەبەستێ و دەکەوێتە ناوەوە، واتە قوڵاییەکانى جەستە. هێزى
رەمزى هەستى ناوەوەى جەستە کۆنترۆڵ دەکات، بۆ نموونە: عەیبە، شەرم،
نیگەرانى... یان شێوەکانى سۆز و خۆشەویستى وەک: سەرسامبوون، رێزگرتن...
هەڵبەتە ئەوەى دووەم هەستێکى زیاد لە پێویست ئازاردەرە هەر بۆیەشە
سووربوونەوە و بەدحاڵیبوون و لەرزین و تووڕەیى ... تێدا دەبینرێ. وەک
دەزانین هەموو ئەوانەش شێوازى جیاوازن بۆ ملکەچکردنى مێ و جۆرێک لە
ململانێى ناوەوە و دوولەتبوونى "من"ى مێ و دابەزرین و کەوتنە بۆشایى و
شکست و خاوبوونى مێ نیشان دەدەن، لەبەرانبەر ئەوەشدا دەلالەت لە گەیشتن
بە پلەى چێژى پیاوانە دەکەن، ئەو چێژەى کە پیاو بە نیشانەى پیاوەتى خۆى
ناسى دەکات.
کەواتە ئەگەر پەیوەندى کۆمەڵایەتى لەسەر هەژموون وەستا بێ و هەژموونیش
لەسەر پرنسیبى دابەشکردنى جەوهەرییانەى نێوان نێرى چالاک و مێى خاو
بونیاد نرابێ، ئەوە ئەو پرنسیب و رێکخستنە تەعبیر و ئاڕاستەى ئارەزووى
نێر لە بەخاوەنبووندا دەبینێ و هەر لەوێشەوە بەرەوە شەبەقییەت (ئیرۆتیزم)
هەنگاو دەنێ، وەک چۆن بەدیوەکەى دیکەش ئارەزووى مێینەش لە رێگەى
هەژموونى پیاو و ملکەچبوونى مێ روو لە ئیرۆتیزم دەکات. بێگومان هەموو
ئەو دید و تێڕوانینانەش لە عەقڵیەتێکەوە سەرچاوە دەگرێ، کە نێر
رابەرایەتى دەکات، بەڵام وەک دەزانین بنەماى ئەو تێڕوانینە لەسەر
فیکرەى پێناسەکردنى کۆمەڵایەتیانەى جەستە دروست نەبووە، بەڵکو بەپێى
جۆرەکانى پەیوەندى نێوان نێر و مێ رێکخراوە. کەواتە چ نێر چ مێ،
دەتوانن رەمزى نێرایەتى بە شێوەى جیاواز دابمەزرێنن، دروستکردنى ئەو
جۆرە کەشە لە رەمز زۆرجار پێویستى بە ئامادەگى پیاوەوە نییە، بۆ دژەکەش
هەروایە. بەدیوەکەى دیکەش وەک ئاشکرایە دەتوانین جیاوازییەکانى جەستە
لەرووى بایۆلۆژییەوە نیشان بدەین. کەواتە دەکەوینە بەرانبەر دوو جۆر لە
دیدى کۆمەڵایەتى یەکێکیان پەیوەندى بە کۆپیکردنى کۆنەخوازانەى
ئەفسانەکان و کەلتورەوە هەیە، ئەویدیکە لەسەر بنەماى بایۆلۆژى بەرجەستە
دەبێت. ئەگەر یەکەمیان بشێ لەرێگەى عەقڵیەتێکى مۆدێرنەوە قابیلى
دووبارە راڤەکردن بێت و دەقێکى جیاواز بخاتەوە، ئەوە دووەمیان دەشێ وەک
دەرکەوتى جیاواز و تایبەت تەماشا بکرێ.
بەکورتى کۆپیکردنى کۆنەخوازانەى کەلتور و پرۆسیسەکردن و درێژەدان بە
شێوەى رەمزییانە، بۆتە سروشت و سیماى کۆمەڵگە کۆنەخوازەکان و لەوێشەوە
وەک جۆرێک لە تووندوتیژى رەمزى خۆى دەنوێنێ، بەو مانایە تووندوتیژى
رەمزى جەخت لە عەقڵییەتى کۆنەخوازانە دەکات و پەنجە لەسەر
قوربانییەکانى تووند دەکاتەوە. لێرەدا عەقڵییەتى کۆنەخواز وەک کردەیەک،
رێگا بە هێز و دەسەڵاتى خەوتووى ناوکى ئەفسانەکان دەدات و تەواوى
ئاماژە و نیشانە و هەڕەشە و وڕوژن و فەرمانەکانى رێکدەخاتەوە و درێژە
بە پراکتیزە کردنى بداتەوە.
ئافرەت لەنێوان ئابورى و چێژى رەمزى.
بازاڕى ژن و مێردایەتى دەکەوێتە میانى مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕى رەمزى و
پانتایى پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانى سەرمایەى رەمزییەوە. بەشێوەیەکى
گشتى لەو سیستمە کۆمەڵایەتیەدا ئافرەت وەک شت یان باشتر بڵێین وەک رەمز
سەیر دەکرێ و بەمجۆرەش ماناى ئافرەتبوون دەکەوێتە دەرەوەى ئەو خودەى کە
بە ئافرەت ناوزەد کراوە و وەزیفەکەشى لە دووتوێى بەشداریکردن و
زیادکردنى سەرمایەى رەمزى پیاودا خۆى هەڵدەگرێتەوە. کەواتە دیاریکردنى
حەقیقەتى ئافرەت و شوێنگەى رێگەپێدانى لە دژەکەیەوە کەشف دەکرێ، بۆ
نموونە لەوێوە ئافرەت وەک شت تەماشا دەکرێ کە بەرەو ماڵە مێرد
دەیگوازنەوە، وەک چۆن یەکێک لە وەزیفە سەرەکییەکانى ژن منداڵ لەسک
هەڵگرتن و بەخێوکردنە، بەو مانایەش ئافرەت وەک شت و ئاڵوگۆڕى پێویستە
بەردەوام لە بەرژەوەندى پیاودا بێ و سەرمایەى پیاو زیاد بکات.
کەواتە خوێندنەوەى پەیوەندى نێوان ژن و مێرد خۆى لە پەیوەندى هێزى
رەمزییدا دەبینێتەوە و تەواوى ئامانجەکانیشى پێویستە لە زیادکردنى هێزى
پیاودا بێت، سەرەڕاى راڤەکردنى ئابورى رووت کە شێوازى بەرهەمهێنانى
رەمزى لەگەڵ شێوازى بەرهەمهێنانى ئابورى نێکەڵ بەیەکتر دەکەن و وا
مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن، وەک ئەوەى کاڵایەک بێت و بەشداریەکى بنەڕەتى
لە ئابورى چێژى رەمزییدا هەبێ، یان بە مانایەکى دیکە لەو ئاڵوگۆڕییەدا
وەک کاڵایەک پیاو بیکاتە هى خۆى و چێژى لێوەرگرێ و بەکارى بهێنێ.
بەمجۆرە لەوێوە پیاو، ئافرەت بە شەرەفى خۆى دەزانێ کە وەک کاڵایەک
خاوەندارێتى دەکات و بە سەرمایەى ئابورى رەمزى خۆى دادەنێ. کەواتە
ئافرەت لەنێوان پیاواندا بابەتى ئاڵوگۆڕییە، پیاویش بەردەوام خۆى بە
لێپرسراو و بەرهەمهێن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەى دادەنێ.
ئافرەت بەردەوام بۆ کارى ئاڵوگۆڕى لەلایەن پیاوانەوە بەرهەم
دەهێنرێتەوە. ئافرەت وەک سەرمایەى رەمزى و سەرمایەى کۆمەڵایەتى لەلایەن
پیاوانەوە دەستى بەسەردا گیراوەو قۆرخ دەکرێ، لەلایەکى دیکە ئابورى
چێژى رەمزى دەلالەت لە ئامادەگى ژنانە دەکات، ئەوە ئامادەگى ژنانەیە کە
تێڕوانینى ئابورى بۆ شتەکان (واتە ئافرەت وەک شت) دەگۆڕێ، ئەوە
ئامادەگى ژنانەیە بەشدارى لە ئاڕاستەکردنى ئەو تێڕوانینە دەکات و بۆ
ئەو بەشدارییەش دەشێ مەرجى دیاریکراوى هەبێ، هەر لەوێشەوە دەشێ
ئاڵوگۆڕى ژن و مێردى لەسەر رێک بخات.
بەڵام وەک دەزانین ئەگەر ئافرەتان بۆ کارى کۆمەڵایەتى ملکەچ بکرێن و بە
بچووک دابنرێن و نکۆڵییان لێبکرێ و نەتوانن فەزیلەتى خۆیان پرۆسیسە
بکەن، ئەوە پیاوانیش بە بڕواى "بۆردیۆ" دەکەونە نێو هەمان زیندان و
دەبنە قوربانى، نەک لەبەر ئەوەى هەژموونیان بەسەر ژنانەوە هەیە، بەڵکو
لەبەر ئەوەى داواکراون هەژموونیان هەبێ، لەبەر ئەوەى بوونى خۆیان لەو
ئەرکەدا دەبینێتەوە. کەواتە لەنێوان فەزیلەتى پیاو و رەزیلەتى ژندا
هەموو ئەو کارانەى کە ژن پێى هەڵدەسێ بەهەند هەڵناگیرێ، بەڵام هەموو
ئەو کارانەى پیاو پێى هەڵدەسێ بە گرنگ سەیر دەکرێ، هەتا ئەگەر
چێشتلێنان و بەرگدورینیش بێت. بەمجۆرە ئەو پێوانەیەى کە ژنانى
پێهەڵدەسەنگێنرێ گەردوونى ناکەوێتەوە، بەڵام ژنان لە بزاڤى ژنانەیاندا
بە گەردوونى لە قەڵەمى دەدەن، بێ ئەوەى بیر لەو هەژموونە کاریگەرییەى
پیاوان بکەنەوە.
لێرەدا ئامانجى هەژمووندارى نێرینەیى هەمیشە ژن وەک بابەتێکى رەمزى
دەخاتە روو، وەک ئەوەى بوونى ژن لە پێناو تەماشاکردنى پیاواندابێ، بۆیە
بەردەوام ئەوە ئافرەتى نەرم نیان و جوان و سەرنجراکێش و دەم بە خەندە و
ملکەچە تەواوى خەسڵەتە تایبەتییەکانى رەگەزى مێى تێدا بەرجەستەیە و
قابیلى ئاڵوگۆڕى زێترى پیاوانن، بەڵام ئەگەر پێچەوانەى ئەو خەسڵەتانە
بکەونەوە، ئەوە پیاوان ناتوانن وەک پێویست هاوگونجانیان لەگەڵدا دروست
بکەن. کەواتە ئەگەر ژنان نەتوانن وەک پێویست خۆیان بۆ تەماشکردنى
پیاوان ئامادە و ملکەچ بکەن، ئەوە تەگەرەیان هەیە و وەک مەسەلەیەکى
بونیادى ناتوانن وەک شت بۆ بازارى چێژى رەمزى خۆیان بنوێنن. وەک
دەزانین فیکرەى ئاڵوگۆڕى ژنان لەسەر دەستى "فرۆید" و "ستراوس" پەرەى
سەندووە و ئەو تیۆرە واى دەبینێ کە ژنان دەشێ بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى
نێوان پیاوان بەکار بهێنرێ.
بەڵام لەمڕۆى مۆدێرنەدا ئەوە هەوڵى فیکرى و مەعریفى و ئایدیۆلۆژى بزاڤى
ژنانە، کە دەیەوێ کۆى جیاوازییە رەگەزییەکان بە ناسروشتى بژمێرێت و
چواچێوەکان و پۆلینکردنەکان بە دەستکردى نێرسالارى بداتە قەڵەم و لە
جیاوازى رۆشنبیریى و ژیارییدا هەڵیگرێنەوە، هەروەها هەموو ئەوانى دیکەى
وەک پیرۆزیى و پیسى، گشتى و تایبەتى، ئەسڵى و بێگانەیى... وەلا دەنێن و
بە ئاژاوەى سیستمى ناوى دەبەن.
" ڵایریک زیمور" لە کتێبێکى بە ناوى "رەگەزى یەکەم " جیاوازى لەنێوان
دوو جۆر لە دینامکیەتى بزاڤى ژنانە لە خۆرئاودا دەکات و بەمجۆرە
دەیخاتە روو: ژنان لە نیوەى دووەمى چەرخى رابردوو هەوڵیاندا ببنە پیاو،
بەڵام کاتێ سەرکەوتنیان لەو دەرفەتەدا بەدەست نەهێنا، گوتییان لەسەر
پیاوانە کە ببنە ژن! لە قۆناغى یەکەمى هەڵسانەوەى ئافرەتاندا، ئافرەتان
توانیان مافى هەڵبژاردن و تەڵاق و لەباربردن و هۆیەکانى سکپڕنەبوون و
ئازادى سێکسییان بەدەست بهێنن... بەڵام هەموو ئەو بەخششانە دواجار
کپبوونى نەوەى "89" لێکەوتەوە، ئیتر دایکان بە تەنها لەگەڵ منداڵە بێ
باوکەکانیان مانەوە، چێژى سێکسى لە ئاستێکى نزمى یانەکان پرۆسیسە دەکرا،
کۆمەڵێکى زۆر وەک هۆمۆ بە دڵتەنگى ژیانیان بەسەر دەبرد... هەندێ لە
ژنانیش دەیانەویست بگەنە ناوەند و شوێنگەى کۆمەڵایەتى و پیشەیى و سیاسى
بەرز بەدەست بهێنن و رێز بۆخۆیان بگێڕنەوە و هەوڵیاندەدا سیستمى
دایکسالارییان بەسەر سیستمى باوکسالاریدا بسەپێنن، بۆیە دەکەوتنە
مشتومڕى ئەوەى کە پیاوان بە کارى نێو ماڵ هەڵسن... لەلایەکى دیکە گرفتە
جەوهەرییەکە کەوتە نێو کارى سێکسکردن و دواجار واى لێهات ژنان هەتا
رووخسارى دەرەوەشیان وەک پیاوان لێدەکرد، گرنگییان بە جوانى خۆیان
نەدەدا، بۆ ئەوە ئارەزووى پیاوان لەخۆیان دوور بکەنەوە.
بەڵام قۆناغى دووەم کە ئەمڕۆ خۆرئاوا پراکتیزەى دەکات، قۆناغى بە
ژنبوونى پیاوانە، ئەو قۆناغە لەگەڵ هەرەسهێنانى قۆناغى یەکەم، واتە بە
پیاوبوونى ژن دەستى پێکرد، ئەو کاتەى کە ژن دانى بەوەدانا کە وەک
رەگەزێکى بنەڕەتى لە ژیانیدا پێویستى بە پیاو هەیە. بەڵام نەک وەک
ئەوەى وەرگێڕى کوردى بیرى لێدەکاتەوە! وەک چۆن ئافرەتى ئەمڕۆ پیاوى
نێرى وەک کازانۆف (Casanova) و دۆن جوان (Don Juan) رەتدەکاتەوە.
ئافرەتى ئەمڕۆ پیاوێکى دەوێ کە وەک پێویست بە خۆشەویستى و وەفاوە
بەشدارى لە ژیانیدا بکات.
__________________________
سەرچاوە و
پەراوێزەکان:
- ژن، پیاو،
ئاکارى سێکسى لە لانکەى شارستانیەتەکاندا، ویل دورانت، وەرگێرانى لە
فارسییەوە: دلشاد خۆشناو، لە زنجیرە بڵاوکردنەوەکانى یەکێتى ژنانى
کوردستان، 2009 ل23، ل19.
- یەکێکە لە گەورەترین رۆشبیرانى فەرەنسى کۆتاییەکانى سەدەى بیستەم، لە
22ى یەنایەرى ساڵى 2002 لە تەمەنى 72 ساڵیدا کۆچى دواى کردووە. بۆردیۆ
بە سیاسەتەوە پەیوەست بوو، وەک چۆن بە قووڵى چووبووە نیو فیکر و
مەعریفەوە.
-بیار بوردیو، الهیمنە الژکوریە، ترجمە: د. سلمان قعفرانی، مرکز دراسات
الوحدە العربیە، الحمراء-بیروت، گ 2009.
- ژن، پیاو، ئاکارى سێکسى، ل 19، 45، 46.
- پول ریکور، زندگى در دنیاى متن، ترجمە، بابک احمدى، چاپ چهارم، ێ
97-111. و: دانــا لەتیــف شوانـى
- ژن، پیاو... ه.س.پ. ل141.
- التنمگ الجنسی فی المجتمع و فی ادب الاگفال، ترجمە: لمیس کنجی،
مراجعە: سلیمان حسین، جریدە الاسبوع الادبی، العدد 832 فی 9/11/2002.
- ژن، پیاو، ئاکارى سێکسى لە لانکەى شارستانیەتەکاندا، ویل دورانت،
وەرگێرانى لە فارسییەوە: دلشاد خۆشناو، لە زنجیرە بڵاوکردنەوەکانى
یەکێتى ژنانى کوردستان، ل112.
- یوسف المحسن، الهیمنە الژکوریە کبنیە سوسیو_پقافیە، موقع محمد اسلیم،
27/ینایر 2002.
- بیار بوردیو، الهیمنە الژکوریە، ترجمە: د. سلمان قعفرانی، ێ82.
--<الجنس الڕول> ڵایریک زیمور: لم تترجل المرڕە فتڕنپ الرجل، رودولف
چاهر، هەڵبەتە ئەو ناونیشانە لە ناونیشانى کتێبەکەى سیمۆن دۆبۆڤوار بە
ناوى رەگەزى دووەم وەرگیراوە، بڕوانە سایتى گۆگڵ لە ئینتەرنێت.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|