٢٥\٧\٢٠١٥ سێ پەرتووک لە بارەی رواندز و رانانێک.
نۆزدەی ئایار، وەک مێژووێک، بیرەوەریەکی سیاسیء شۆڕشگێڕی دیارە، لە مێژووی خەباتء تێکۆشانی سیاسیء نەتەوەیی خەڵکی رواندز، کە ھەمیشە، وەک ناوچەیەکی جوگرافی دیار، بە گوندو دێھاتەکانییەوە، ڕۆڵێکی دیاری لە بەرەنگاربوونەوەی ستەمی سیاسی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق بینیوە بە تایبەتیش بە عس. لە نۆزدەی ئایاردا، بوڕکانی ڕقء توڕەیی دانیشتووانی شار، لە ئاست زوڵمء ستەمەکانی بە عسی فاشیدا، گە یشتە ئاستی تەقینەوەو لە ماوەی تەنھا ڕۆژێکدا، شاریان ئازاد کردو، دامو دەزگا داپلۆسێنەرەکانی بە عسییان ڕاماڵی. بەرھەمی ئەو ڕاپەڕینە، وێرای قوربانیدان، چونکە بێگومان ھیچ خەباتء تێکۆشانێک بێ قوربانیدان نابێت، ھاوکات بۆ ماوەی ساڵێکیش شاری رواندز ئازاد کرا. بەڵام لەوە گرنگتر، دەسکەوتی لەوە بە بەھاتر، تۆمارکردنی ڵاپەڕەیەکی دیکە بوو، لە مێژووی تێکۆشانی خەڵکی رواندزء دۆڵی ئاکۆیان، کە ھەمیشە، مەڵبەندی ھەستانەوەکانی دوای شکستء قوربانیدانء خۆڕاگری بووە، چ لە خەباتی شارء ڕێکخستنء نھێنییەکاندا، چ لە خەباتی چەکداریء شۆڕشگێڕی. ئەو ڕاپەڕینە، لە ھەڵومەرجێکدا بەرپا کرا، کە بە عس لەلوتکەی بە ھێزیء دەسەڵاتی خۆی دابوو. بەئەندازەیەک کە ھەر یاخیبوونء ھەڵگەڕانەوەیەک لە ئاستیدا، دەرەنجام بە گیانی کە سەکان تەواو دەبوو.وەلێ چونکە ئازایەتیء خەباتی سیاسی ء شۆڕشگێڕی لە پێناو ئازادیء سەربەستیدا، ھەمیشە لە خەسڵەتە دیارەکانی خەڵکی رواندزء بە تایبەتیش دێھاتەکانی بووە،ئیدی سڵیان لە ھەموو جۆرە ترسءدەرەنجامێک نەکردەوەو لە نۆزدەی ئایاردا، دژ بە ستەمەکانی بە عس ڕاپەرین.ئەو ڕاپەڕینە لە پاڵ سەلماندنی ئازایەتی دانیشتووانی شار، لە ڕۆژگارێکی یە کجار سەختء پڕ لە ترسء دڵەڕاوکێء نیگەرانیدا، ھەروەھا خەبات بۆ ژیانێکی ئازادو سەربەست،ھاوکات یەکگرتووییء ھاو ھەڵوێستی، چینء توێژەکانی شاریشی دەرخست. بەوەی کە ھەر کاتێک، مەترسی بکەوێتە سەر بوونء ژیانی ھاوشارییان،ئەوا یەکدەستء یەک دەنگ، دژ بەو مەترسیانە دەوەستنەوە. بۆیە ئەو ڕاپەرینەی رواندز، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی ئەو گیانە نەتەوەییء نیشتمانیەیە، ئەوەندە پەیوەست نە بوو، بە دۆخی بابەتیء ھەڵومەرجی سیاسی ڕژێم. ئامانجی ھەموو ڕاپەڕینێک، ستراتیژیەتێکە، کە ڕیفۆرمء گۆڕانکاری ڕیشەیی، لە لایەنە ھەرە دیاریەکانیەتی. ئەگەر شۆڕشء ڕاپەرینەکان بە تەنھا ببەستینەوە، بەو بارودۆخە کاتیەی کە تیایدا ئەنجام دەدرێت، ئەوا بێگومان بە ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە، ئامانجی ڕاپەڕینەکەش نامێنێت. بۆیە ھەموو یاخیبوونێکی سیاسیء شۆڕشگێڕی، بەرھەمی ستەمء چەوسانەوەیەکی دوورو درێژی ڕژێمەکانە، بەرامبەر بە ھاووڵاتییان. ئیدی لە چرکە ساتێکی مێژوویدا،دەگاتە ترۆپکءتاکەکان ناچار دەبن قوربانی بە ڕوحی خۆیان بدەن، لە پێناو گۆڕانکاری لە بوونء ژیانیان بە ئاراستە یەکی نوێتر. خودی ڕاپەرینەکان، لە کاتی ڕوودانیاندا، لە ئاستی مێژووییء زەمینەی بابەتی، بەرھەمی ئەو زەمەنە مێژوویەن، کە ڕاپەڕینەکەی تێدا ئەنجام دەدرێ. بەڵام لە ئاستی فیکریء پاڵنەری سایکۆلۆژیءھەڵومەرجی خودی، ئەوا بەرھەمی زەمەنێکی درێژە، لە بیر کردنەوەو کەڵەکەبوونی ڕقء توڕەییء ھەوڵدان بۆ گۆڕانکاری،تا سەرەنجام دێتە کایەوە.
بۆیە من پێم وایە، ڕاپەرینی نۆزدەی ئایاری شاری رواندز، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی ئەو ستەمە مێژوویە بوو، کە لەو شارە دەکرا، ئەوەندە پەیوەندی بە ھێڕشی چەند خۆفرۆشێک نەبوو، بۆ سەر گوندەکانء تێکدانی خانووەکان. بەڵام ئەو کردارانە، دواجار دەکرێنە بیانووی ڕوودانی کردارێکی گەورەترء ڕووداوێکی مێژوویی گەورەتر، کە ئەو یش ڕاپەرینە، کە ئامانج تیایدا، رزگاربوونە لە دەست زوڵمء ستەمء گەیشتن بە ژیانێکی ئازادو سەربەست. کەواتە بەر لە ھەموو شتێک پاڵنەری نەتەوەییء نیشتمانی لە پشت ئەو ڕاپەڕینەی رواندز بوو. وەک چۆن لە ڕابردووشدا، رواندز زۆر جاری تر، دژ بە ستەمەکانی بە عس ڕاپەڕیوە، وەک ڕاپەرینی قوتابیانی دواناوەندی رواندزی تێکەڵاو لە ٢٨/٣/١٩٨٣. کەواتە دەکرێ بڵێین، وەستانەوە لە ئاست ستەمی سیاسیء خەبات لە پێناو ئازادیء سەربەستیدا، ھاوکات بڕوابوون بە دۆزێکی ڕەوا، کە ھەموو مافێکی نەتەوەیی ھەبێت، کە ئەویش گەلی کوردە، فاکتەری بنەڕەتی ئەو ڕاپەڕینانەبوون، کە خەڵکی رواندز لە ڕابردوودا ئەنجامیان دا، بە تایبەتیش ڕاپەرینی نۆزدەی ئایار. لەو ڕوانگەیەوە، وەک یادەوەریەکی سیاسیء نەتەوەیی، ھاوکات بەرز ڕاگرتنی ئەو مێژووە، لە ڵاپەرەکانی تێکۆشانی گەلی کورد بە گشتی ء شاری رواندز بە تایبەتی، ساڵانە لە ھەمان ڕۆژدا بە چەندین چاڵاکی جۆراو جۆر، یادی ئەو ڕۆژە بە شکۆمەندییەوە، بە بەشداری ھاوشاریان بە گشتیء بە شداربووانی ڕاپەڕینەکە دەکرێتەوە. ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵە، جیاواز لە ھەموو یاد کردنەوەکانی تری ئەو ڕۆژە، لە پەراوێزی چاڵاکییەکاندا، خۆشحاڵی کردوومە وەک ھاووڵاتییەکی رواندز، چاپکردنء بڵاوکردنەوەی پەرتووکێکءدوو نامیلکەیە، لە بارەی مێژووی رواندز بە گشتی. بێگومان ئەو بڵاوکراوانە، ئەگەر لە ئاستی قەبارەو ڵاپەڕەدا بچووکبن، ئەوا لە ئاستی ناوەڕۆکء کۆمەککردنی خوێنەرء دانیشتووانی دەرەوەی رواندز، لە بارەی زانیاریی مێژووییء کلتوورییء سیاسی شاری رواندز، بایەخی خۆیان ھەیە.گرنگی ئەو بڵاوکراوانە لەوە دایە، کە ڵاپەڕەیەک لە مێژووی شاری رواندز بە سەر دەکاتەوە، بە ئامانجی ئاشناکردنی ھاووڵاتیان، بەو زانیاریانەی، کە ڕەنگە پێشتر نەیانبیستبێت. بۆیە ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵە جوانییەکی دیکەو ڕەھەندێکی دیکە، بە چاڵاکییەکانی یادکردنەوەی ڕاپەڕینی نۆزدەی ئایاری شار دە دات، بڵاو کردنەوەی سێ پەرتووکە، بە ناوەڕۆکء زانیاری جیاواز، بەڵام لە پێناو یەک ناونیشاندا، کە ئەویش خزمەتکردنە بە بواری فەرھەنگیء کلتووری ئەو شارە. چونکە ھەریەک لەو پەرتووکانە، بە جۆرێک لە جۆرەکان خەرمانەیەک، دەخەنە سەر مێژووی فەرھەنگی ئەو شارە. ھاوکات دەروازەیەکی سەرەتاییش بۆ کەسانی تر، بە ئامانجی ناسینء خوێنەوەی مێژووی رواندز دەکاتەوە. بۆیە ئەگەر ناوەڕۆکی ئەو پەرتووکانە،پەیوەندییشیان بە ڕاپەرینە کەوە نەبێت، بەڵام تەنھا بڵاو کردنەوەیان لەو ڕۆژەدا،ماناو ڕەھەندی خۆی ھەیە. چونکە شێوەیەکی دیکەی بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕووداوەیە، لە مێژووی شاری رواندز. لێرەدا، وەک خوێنەرێک ڕانانێکی خێرا، بە مەبەستی زیاتر ناساندنی ناوەڕۆکء گوتاری ئەو سێ بڵاو کراوەیە، کە لەو سێ ساڵەی دواییدا، لە یادی ئەو ڕاپەرینە بڵاو کراونەتەوە، دەکەین.
ئەم بڵاوکراوەیە، کە لە شێوەی
نامیلکەیەکدایەء لە (٧٠) ڵاپەڕە پێکھاتووە، لەلایەن برای نووسەر
ھاوڕێم(حسن مستەفا)ەوە نووسراوە. ئەمساڵ لە بیرەوەری بیستء ھەشتەمین
ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی رواندز، لە ١٩/٥/٢٠١٥بڵاوکراوەیە. بایەخی ئەو
پەرتووکە لەوەدایە، کە تایبەتە بە ڕاپەڕینی رواندز، لە ساڵی ١٩٨٧واتە
ناوەڕۆکی پەرتووکەکە، تایبەتە بە و ڕووداوە سیاسیء شۆڕشگێڕییە، لە
مێژووی رواندزو وەک دوو پەرتووکەکەی تر، نەچۆتە سەر لایەنەکانی دیکەی
شار. ئەوکارەی کاک حسن، بە یەکێک لە کارە ھەرە گرنگء جوانەکان دادەنرێت،
کە ئەمساڵ لە پەراوێزی یادکردنەوەی ڕاپەڕینەکە، وەک ھاوشارییەکی نووسەر
یەکجار خۆشحاڵی کردم. چونکە یەکمجارە، ڕاپەڕینی رواندز، لە ڕووداوێکی
مێژوویی گێڕدراوەوە، بکرێتە دەقء نووسین. بە پێی زانیارییەکانی من، ئەم
نامیلکەیە، تاکە پەرتووکی بڵاوکراوەی تایبەت بە و ڕاپەڕینەیە، کە بە
درێژایی بیستء ھەشت ساڵی ڕابردوو، نووسرابێت. لە دوو توێی ئەو
نامیلکەیەدا، نووسەر بە وردی لە ھۆکارەکانی ئەو ڕاپەڕینەو، کاتء ساتی
ئەنجامدانیء ناوی شەھیدەکانء بە شداربووانی ڕاپەڕینەکە دواوە. وێرای
ئەمەش لە ڕووی مێژوویەوە، باسێکی کورتی لە بارەی دەرەنجامەکانی دوای
ئەو ڕاپەڕینەو، پەلاماری بە عس بۆ سەر شارء ئەنفالکردنی ھەژدە ڕۆلەی
شار، لە بەرە بەیانێکی زوو کردوە. نووسەر، بە پشت بە ستن بە چەندین
سەرچاوەی زانیارییەوە، بە تایبەتیش کە سەکان، دە گەڕێتەوەئەو چرکە
ساتانەی ڕاپەڕینەکەی تێدا ئەنجام دراوە. ھەروەھا ھێڕشی سەربازی دوژمن
بۆ سەر ناوچەکەو ھەوڵدان بۆ تێکدانی خانوەکان، بەر لە تەقینەوەی
بوڕکانی توڕەیی جەماوەر. وێرای گێڕانەوەی ئەو ڕۆژانە بە نووسین، لە
کۆتایی نامیلکەکەدا، نووسەر لە دوو پاشکۆی جیاوازدا، ناوی
ئەنفالکراوانء داواکراوانی شار، لە لایەن دادگای بە ناو شۆڕشی بەعسەوە،
لە گەڵ چەند دیکۆمێنێکء وێنەی شەھیدەکانی بڵاو کردۆتەوە. ئەو
بەڵگەنامەی بەعس، کە نووسەر لە پەرتووکەکەی جارێکی تر بڵاویکردوونەتەوە،
بایەخێکی گرنگی مێژووییء دیکۆمێنتاریان ھەیە. چونکە بەڵگەی ئاشکرای ئەو
تاوانەی بە عسە، بەرامبەر بە قوربانییەکان. تا ئەو بەڵگەنامە
نەدۆزرانەوە، دایکء باوکی زۆر لەو شەھیدانە، ھەمیشە چاوەڕوان بوون،
سۆڕاغێکء ھەواڵێکیان بزانن. ئەگەرچی دڵنیاشبوون لەوەی کە نەماون. وێرای
ئەمەش ئەو بەڵگانە، ڕەھەندێکی یاساییء دادگاییان ھەیە، لە بارەی تاوانی
شەھیدکردنی ئەو زیندانیانە. بەوەی کە دەتوانرێت، ھەم لە ڕووی
نێوخۆییەوە، ھەمیش لە ئاستی دەرەوە، وەک بەڵَگەیەکی یاسایی، بۆ
ساغکردنەوەی تاوانێکی دیکەی بەعس، بخرێنە ڕوو. ئەو نامیلکەیە، سەرجەم
ئەو زانیاریە پەرتبوانەی لە دوو توێی گوتارێکی پوختدا، لە بارەی
ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٨٧ی رواندز، کە پێشتر باسدەکران، کۆکردەوە. چونکە
لەمەودوا،ھەر کەسێک مەبەستی بێت، دەتوانێت بە خوێنەوەی ئەو پەرتووکە،
زانیاری لە بارەی ئەو ڕاپەڕینەوە دەستبکەوێت. دەبوو زۆر زووتر، ئێمە
مانان کارێکی لەو شێوەیەن بکردبایە. بۆیە ئەو کارەی کاک حسن، جێگەی
نرخاندنء ستاییشکردنێکی زۆرە. ھاوکات وەفاو پێزانینێکیشە بۆ
قوربانییەکان. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە دوو لایەنی گرنگی ئەو پەرتووکە
بکەم، کە وەک خوێنەرێک لە کاتی خوێنەوەی کەوتنە بەر چاوم، ئەوانیش،
یەکەم: زمانەکەیەتی، دووەم: خۆبواردنە لەکەوتنە ژێر کاریگەری سیاسی ئەو
ڕووداوە، لە گێڕانەوەی ئەو مێژووە. کاک حسن، بەو پێیەی بە شێوەزاری
رواندزیان ئەو پەرتووکەی نووسیوە، لە کاتی خوێنەوەیدا، خوێنەر، بە
تایبەتیش رواندزییەکان، چێژێکی تایبەتی لە خوێنەوەی وەردەگرن. چ زمانی
نووسینی پەرتووکەکە، چ ناونیشانە کەی واتە (ڕاپەڕینی رواندزێ) مۆڕکی
شێوەزاری رواندزیان، لە ڕووی زمانەوانییەوە پێوە دیارە. کاک حسن
مەبەستی بووە، وەک خۆی خۆرسکانە، ئەو ڕووداوە بێ ھەموو جۆرە ڕتوشکردنێک
بگێڕێتەوە. ھەربۆیەشە بە زمانی رواندزیان، پەرتووکەکەی نووسیوە.
لەلایەکی ترەوە، نووسەر ھوشیارانەو بە ئاگاییانە، لە نووسینەوەی ئەو
ڕووداوە، خۆی بواردوە لە ھەموو جۆرە ئایدۆلۆژیاء کاریگەری سیاسیء
حزبیانەی ڕووداوەکە. بۆیە بە درێژایی پەرتووکەکەی، لە تاکە یەک شوێنیش
ھەست ناکەین، نوسەر کەوتبێتە ژێر کاریگەریەتی ڕەھەندی حزبیانەی ئەو
ڕاپەڕینە. بە پێچەوانەوە، نووسەر ڕاپەڕینەکە، بە دەسکەوتی کۆی
دانیشتووانی شار دەزانێت. ئەو بێلایەنیە لە باسکردنی مێژووی ڕاپەڕینەکە،
خەسڵەتێکی جوانی پەرتووکەکەیە.چونکە زۆر جار ھەوڵئەدرێت، مۆڕکێکی
حزبیانە، بەو ڕووداوە بدرێتء بکرێتە ڕاپەڕینی ھێزێکی دیاریکراوبە
نموونە. لە کاتێکدا، خودی ئەو ڕاپەڕینە، سەرچاوە کەی بە تەنھا،
تەقینەوەی بوڕکانی ڕقء توڕەیی چەند ساڵ کەڵەکەبووی دانیشتووانی شار بوو،
بە ڕووی جەلادەکانی بە عسدا. لە کۆتاییدا، وێرای دەستخۆشانەم، بۆ
نوسەری ھەرسێ پەرتووکەکە، دە مەوێ ئاماژە بەوەش بدەم، کە بەرگی ھەر سێ
پەرتووکەکە، بە بیرۆکەیەکی ھونەریانەی جوان، لەلایەن ھونەرمەندی پەنجە
ڕەنگین(تیب معتسم) نەخشەسازی کراون.
|