٣١\١٢\٢٠١٦
سێ پەخشانە شیعر.

سەباح
رەنجدەر
جارێکیان بەڕێگای
ناوچەواندا ڕۆیشتم.
لەو چۆڵایییەی تەنیا ڕەگی درەخت لەناو خۆڵ ی بەھێزدا ئارامی گرتووە
بەبێ ڕاسپاردە و وەسیەت دەمرم سەرم لەناو شکۆی تەشتێک ئاو کە بە منداڵی
تێیدا دەشۆرام دەحەسێنمەوە ئاگر داوات لێ دەکەم ڕاسپاردە و وەسیەتم
بنووسی بەخشراوێک بووم بە ئاگری دڵ و ناوچەوانم بۆ با کردبووەوە ھێند
گەورەبووم چاوی چاودێرەکانم داپۆشت با لەسەر برۆی لالە مەست و پیاڵە
لەدەست دڵی گەرم دەبێت و ھەر لەخۆوە دەبێتە بای پاڵە و لە کێڵگەکانمان
دەمێنێتەوە ڕەگی ناو خۆڵی بەھێز ڕۆشنایی گەشە بەناو خۆیدا دەگێڕێ دڵ ڕێ
دەکات و دەچێتە ناو جیلوەی ڕوخساری خۆڵ و ئاو و ئاگر و با جیلوەی چوار
ڕوخسار زۆر نییە کەمیش نییە مانەوەش لەناویان شتێکی گران نییە چۆنم
بیرکردەوە گەشتەکەم وابوو لە چیای پارێزراودا دڵ پێش ڕووکار ھاتە لام
ئامان بەلای جیلوەی ڕوخساردا بڕۆ دەگەی بە نەرمایی دڵ و دەپشکوێی وا لە
ئەستێرەکان دەکەیت بەسەر ڕوخسارەکاندا بڵاوببنەوە کێو جەستەی یاری
بێڕەنگە ناتوانم گوێ لە ئاواز و دەنگی ناو کێو نەگرم کە لە ئاشناترین
برین دەدوێ و پرسیاری یەکەمین جێگا دەکات
ئابی ٢٠١٦ - ھەولێر
تێکەڵبوونی ئاو و ئاگر.
تەنیا منداڵانی ڕاز و ناڵە شەرحکراو دەزانن باڵندەی مەلەوان لەناو
قەفەس یان لەناو ئاو و ئاسمان دەنگی زوڵاڵ و خۆشگۆ ترە و دەڵێت تۆ
پێشکەوە و ئومێد دەبینیت قەفەسەوانیش باوەشێنەی دەور دووراو لەدەست
ھەڵدەسووڕێنێت و بای سەرباڵی باڵندە بۆ خۆ فێنککردنەوە دەدزێت یەکەمین
ھێلانە یەکەمین بەرزبوونەوە بۆ فڕین ڕەگی دەفژەنی و دەست خستنە سەردڵی
شەوی بەرات و کپی زەوییە مانگ ھێلانەی باڵندەیە ھەموو شەوێ ھێلکەی
دەترووکێ و ئەستێرە بەرزدەبنەوە لە ماوەی بەرزبوونەوەیان ئاو و ئاگر
تێکەڵ دەبن شای زەمین لاسایی یەکەمین بەرزبوونەوەی باڵندەی کردەوە و
کەوت گیانێکی ھاری تێدا ڕسکا و بووە قەفەسەوان ڕووناکی لەناوەوەی لە
دەوروبەری تێپەڕ ناکات و چرایەکیشی لەبەردەمی قەفەس پێ داناگیرسێ بەناو
گۆڕستاندا بڕۆ تریفەی مانگت لێ دەدا مانگ دەتوانێت بە برا بچووکی خۆیم
بزانێ و دامگیرسێنێت خەمێکی پڕم شەو ماندوو دەکەم ئەرێ تۆ لەکوێ
چاوەڕێم دەکەی ئەی خودا لەتۆ چوانتر قەت نەبووە.
ئەیلوولی ٢٠١٦ - ھەولێر
ڕێگا ھێشوویەک ترێ بوو ھەموومان
شەرابیمان خواردەوە.
ھێشتان سینگی زەوی گەرمە و ناوچەوان و ڕوخساری پڕن لە ئاگر لە درەنگانی
شەودا ئاگر ئەفسوونێکی تاقانە و ئەشقی بەخشین دەداتە ئەلبوومی ڕێبەری
شار مۆتەکەش لەناو قەفقەفی مار قاچەکانی گەرم کردووە و دەری دەکات
خوداوەند بە پرچە سپی و درێژەکەیەوە بەناویدا تێدەپەڕێ و دێتە شەقامی
شاری خرۆشان ڕێبواران وەک جلی سەرتەناف لەناویدا دەجووڵێنەوە وای
دابنێین لەگەڵ ئەودا ھەموو زەوی وا خەریکە بێتە سەر دەستی سروەیەک
پێوەیە پەردەکان لادەدا شوێنپێیەکانی لە شەقامە گشتییەکەدا سڕایەوە
شوێنێک لە دڵدا ھەیە کە ھەرگیز پڕنابێتەوە پێیەکانی لەناویدا جێھێشت و
ڕۆیی ئەو بووە ڕووناکی و مردن مایەوە ڕێگا بێ مەترسییەکانم بە سەرنج و
نیگایەوە لەگەڵدا ببڕێ باڵی لە خەونێکدا کردووەتەوە لەسەرم دەگەڕێت
بەسەریدا بنیشێتەوە دەشێ نیشتنەوە ئاسوودەم بکات باڵندەیەکی ڕووگەرم
پەڕێکی لێ ھەڵوەریوە لەوناوەدا دەسووڕێتەوە زەینی ماندووە دەیبەمەوە
سەر زەینی خۆی دەچێتە سەر ئاوێکی بە شەختە بەندکراو بیر لە گەرمایی
چاوی ئەوانە دەکاتەوە کۆچیان کردووە لە دڵیدایە بچێتە سەردانی گۆڕستان
ئاسوودەی بکات.
درەختێک ناوی لەناو دارستان نییە و لە پیتەکانی ناوی خۆیدا ڕواوە یان
لە پیتەکانی ناوی خۆیدا لەدایکبووە و خۆی خۆشدەوێ و ڕەگی لە ھەناسەی
جەنگ و کۆچ لادەدا و خۆی گەرمدەکاتەوە چەشنی باڵندە و ھەور حەزی لە
کۆچە و لەسەر ئاگر پێکدەگەن لە شەوی ھەڵواسینی چرا بە پرچی سپی و درێژی
خوداوەندەوە دەرکەوتنی ئەستێرەیەک گوڵاوی لە گوڵی تەڕی زستان بۆ
دەگوشێت ڕووەک لە گوڵاودا دووجار لەدایک دەبێت و تەڵەی مەرگ
دەتەقێنێتەوە پەرژینێک بە دەوری گوڵی گوڵاو لێچۆڕاودا دەکێشێت یان
تۆڕێک لە کەشی دووجار لەدایکبوو دەچنێت.
ڕابردوو و ئێستا ھەریەکەیان بزەیەکی تاڵ و تاریکیان بۆ بە ڕێکردنی ئەوی
دی کرد و کەوانەیان بەکراوەیی جێھێشت ھەردووکیشیان دەمی درۆبێژیان
ناکەوێتەوە سەر یەک ئەو ئەمی بە تەرمێکی نەنێژراو زانی و ئەمیش ئەوی بە
دەروێشێکی دەست بەتاڵ پڕ بەپێ لەم ئاوازە تووڕەیە ڕادەکەم ھەژاری دەستی
بەرداوم دەتوانم بچمە ئەو شەقامانەی کۆگای گەورە و کتێبخانەی دەوڵەمەند
و دووکانی بۆنفرۆشی لێیە پێم ناوەتە ڕێگایەکی بێ گەڕانەوە لە دۆزینەوەی
ڕێگای گەڕانەوەش دەگەڕێم نێوان گەڕانەوە و نەگەڕانەوە ڕێگایەکی وێران و
پێچراوە نییە و ھێڵی نادیار و تەنکی ژیان دەکێشێت ئەوانەی بەناو ھێڵی
نادیار و تەنکدا ڕەتبوون خۆشاوی میوە دەخۆنەوە و پاشماوەیەکی کەم
بێرەدا دێنەوە ژیان گۆشەیەکی بچووک نییە و لە بێدەنگیدا نامێنێتەوە
کرێکارانی شارەوانی چەتری چرای شەقامەکان دەسڕنەوە گۆزەی ھەنگوین دێتە
سەرڕێی کارپاکییان ئەوەندە ناخۆن بێزاربن و ھێڵنج بدەنەوە خۆشخۆش بەو
شەقامانەدا تێدەپەڕن داریان بەسەر بەردەوە نەماوە لە دوایین ساتەکانی
مانەوەیان لە شەقامەکاندا بە دەستکێشی باخەوانییەوە دار لەسەر بەرد
دادەنێنەوە بۆنی خۆشی شوێنپێ بڵاو دەبێتەوە کەڵەباب وێنەی ھەموو
بەیانیانی لە زەینیدا کێشاوە و ملیشی لەسەر زەوییەکی نەرم ڕاگرتووە
چەقۆش لەسەر ملی مردووە نائومێدیی بۆ ڕیشاڵی دڵ درێژنابێتەوە شەکرشکێن
بەسەرھاتی بۆ شار دروست کردەوە و سواران چوونەوە ناو چرا داگیرساوەکان
و ترووسکەی چاوی کەمتیار و مۆرانە و قڕنە و کەرکەدەنیان تێدا دەتوێتەوە
و لە تاریکی خۆیاندا جێیان دەھێڵێت گوڵاوەکەی لە گوڵەکەدا چۆڕا چی
بەسەرھات ئەستێرەکە لە خۆی دا و چووە ناو باخچەیەکی بەئاگا کارپاکی
گوشین و پاڵاوتنی بۆ گێڕانەوە گوڵەکان چۆنیەتی ئاوخواردنەوەی خۆیانیان
نەدرکاند بە بۆنەی ئەم نەدرکاندنەوە سینگی زەوی ھێشتان گەرمە و باڵندە
حەز دەکەن بۆ بەرزبوونەوە بچنە ناوی و سەریان بە سینگی گەرم کەنەوە ئەی
باڵندەی بەرزبوونەوە باڵت لە خەونێکدا کردووەتەوە لەسەرم دەگەڕێیت
بەسەریدا بنیشیتەوە و جەژنی نیشتنەوەت ڕێکخستووە دەشێ نیشتنەوە
ئاسوودەت بکات و دەست لە قووڵایی دڵت بدەیتەوە من دڵم بۆ نازی ھەوا
لەسەر باڵەکان دەگەڕێنمەوە ھەموومان دەچینە ڕێگای نێوان گەڕانەوە و
نەگەڕانەوە ھەوای نازداری سەر باڵەکان لێمان دەدات و شەرابی بەختەوەریی
دەخۆینەوە لە پیتەکانی ناوی خۆشماندا لەدایک دەبینەوە ڕێگا بە بۆنی
خۆشی شوێنپێی ڕێبوارەکانی سەرخۆشە و ڕێبواران لە بێئاگاییەکی درێژخایەن
بێداردەکاتەوە دووبارە خۆمانمان خۆشدەوێتەوە خۆخۆشویستنمان دەبێتە
چیرۆک و گوێی لێدەگرین پاش ڕەگ کۆکردنەوە و ئاگردان گەرمکردنەوە بە
باڵی تەڕی باڵندە و ھەور لە ئاسمان دەمێنینەوە ژیان ھەیە و دڵ ھیی خودا
ڕێ دەھێنمەوە سەر ھێشوویەک ترێ کە ھێشتان تەماشای ڕەگەکانی خۆی و بزە
بۆ گەرمی سینگی زەوی دەکات و نەخراوەتە کووپەوە بەسەد چاو دەگری و
بەدووسەد دەمیش پێدەکەنێ لاپەڕەیەکی سپی بە دەستەوەیە بۆ ئەفسوونی
تاقانە و ئەشقی بەخشین.
کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ -
ھەولێر
ماڵپهڕی
سەباح رەنجدەر
|