٢٤\٥\٢٠٢٥
سەربازگەی دووبز
بۆ ئەنفالکراوانی ژن و منداڵ.

عەلی مەحمود محەمەد
بەشێک لە ژن و منداڵەکان و کوڕانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ و منداڵانی بچووکی
جیاکراوەی تەنها لە کەسوکاریان، دوای جیاکردنەوەیان لە زیندانی
سەربازگەی تۆبزاوەوە، گواستراونەتەوە بۆ فێرگەی شەڕکردن لە دووبز"مەقەر
کەتیبەی هەندەسەی عەسکەری"، زیندانیان لە تۆبزاوەوە بە ئۆتۆمۆبیلی
ئیڤای سەربازی و گەڵابەو .... گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی دووبز،
گروپێکی دیکە لە تۆبزاوەوە بە ئۆتۆمۆبیلی داخراو بردراون بۆ سەربازگەی
دووبز، یەکەم گروپ شەو گەیشتونەتە زیندانەکە لە کاتێکدا کارەبای
ناوچەکەیان بڕیوە، بۆ ئەوەی خەڵک ئاگادار نەبێت لە هاتنیان.
ئەو سەربازگەیە پێشتر کە هێزی کۆماندۆی عێراق - مەغاویر "مەقەر کەتیبەی
هەندەسەی عەسکەری" مەشقیان تێدا کردووە، کەوتۆتە قەراخ شارۆچکەکە لە
نزیک فلکەی ڕێگای نێوان کەرکووک - مووسڵ، سەربازگەیەکی کۆنتر و
پەرپوتتر بوو لەوەی تۆبزاوە.
دووبز گوندێکە لە ساڵی ١٩٥٣ دروستکراوە، لە رێکەوتی ١٤-٨-١٩٦٠ بووە بە
ناوەندی ناحیە، لە رێکەوتی ٤-٩-١٩٧٢ ەوە کراوە بە ناوەندی قەزا.
دووبز قەزایەکە سەر بە پارێزگای کەرکوک، پێشتر ناوی دووبز بووە. لە ٣١
کم باکووری رۆژئاوای ناوەندی شاری کەرکوکە، ٢٥ کم لە باکووری
حەویجەوەیە، لە باکوورەوە قەزای دەشتی هەولێر و لە رۆژئاواوە قەزای
مەخمورە.
وشەی دووبز وشەیەکی لێکدراوە لە دوو کە ژمارەیە و (بز) واتای لک، لە
سەر زێی بچووک هەڵکەوتووە لە ئاستی شاری دووبزدا زێی بچووک دەبێتە دوو
لق، بۆیە ئەو ناوەیان لێ ناوە، ئێستا بە فەرمی بە دبس ناو دەبرێت.
سەربازگەکە بە تێلبەندی بەرزی دڕکاوی دەورە درابوو، ئەم سەربازگەیە
بەکار هاتووە بۆ ماوەی نزیک لە حەوت مانگ لە ١٧ی چواری ١٩٨٨ەوە تا
کۆتایی مانگی دە، ژن و منداڵی ئەنفالی تێدا کۆکراوەتەوە.
سەربازگەی دووبز دوا وێستگەی مانەوەی ژن و منداڵە ئەنفالکراوەکان
نەبووە، بەڵکە لێرەوە ئامادە کراون بۆ ناردنیان بۆ زیندانی سەربازگەی
نگرە سەلمان و زیندانی تکریت، لە تکریتیشەوە بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان،
ئەوانەشی رزگاریان بوو، بەهۆی لێبوردنە گشتییەکەوە فریای ناردن نەکەوتن.
هەرچەندە ژیان لە ناو زیندانی سەربازگەی دووبز لە چاو زیندانی
سەربازگەی نگرە سەلمان بەهەشت بووە لە چاو ئەو جهەنەمەوە، ئەویش بەهۆی
هەڵکەوتەی جوگرافیای قەڵای نگرە سەلمانەوە زیاتر، بەڵام لە سەربازگەی
دووبز مرۆڤەکان ئامادە کراون بۆ مەرگ، بۆ لە کۆڵکردنەوە، پێی دەچێت
زیندانی یەدەکی تۆبزاوە بووبێت، کەواتە سەربازگەی دووبز مەترسیدارتر
بووە لە سەربازگەی نگرە سەلمان، بە پێچەوانەی میدل ئیست ۆچ وتەنی، لە
کاتێکدا ئەو بۆچوونەی دەربڕیووە ئاگاداری چارەنووسی زۆرینەی ئەو
زیندانیانە نەبووە کە چارەنووسیان نادیار بووە، کە لەوێوە بردراون بۆ
جێگایەکی نادیار، پێم وایە میدل ئیست ۆچ لە بەشی دەردو مەینەتی
ئەنفالکراوان لە دووبز غەدرێکی گەورەی لە کەیسی زیندانیان لەم زیندانە
نەگریسە کردووە.
کەی ئەنفالکراوان هێنران بۆ سەربازگەکە.
بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن کە بەرپرسی جەیشی شەعبییەکان ناو سەربازگەکەو
هاوولاتی عەرەبی شاری دووبز بووە، ئێستا لە ژیان نەماوە، لە رێکەوتی
٨-٤-١٩٨٨ یەکەم کۆمەڵی ئەنفالکراوان هێنراون بۆ سەربازگەی دووبز. بە
وتەی ئەو دوای رۆژێک لە ئامادەکردن و پاککردنەوەی ئەو کۆنە سەربازگەیە،
کە لەو کاتە چۆڵ بووە. لێ بە وتەی ژنێکی هاووڵاتی گوندێکی ٣٠٠ ماڵەی
گەرمیان، لە دایک بووی ساڵی ١٩٥٥، بۆ دادگای باڵای تاوانەکان قسەی
کردووە، دەڵێت" لە گەڵ هاووڵاتیانی گوندی محە بارام سوار ترێکتەر بووین
بڕۆین بۆ چەچەماڵ، چوینە گوندی قرخ، لە قەرەتامور دەستگیر کراین، بارق
پیاوە گەنجەکانی جیاکردەوە، بە لێدان بردیانی، ژن و منداڵ چوار رۆژ
لەوێ ماینەوە، پێنجەم رۆژ بە گەڵابە بردیانین بۆ قائمقامیەتی قەزای
چەچەماڵ، ئەو رۆژە خۆپیشاندان کرابوو لە چەمچەماڵ، هەر ئەو عەسرە
بردمانیان بۆ تۆبزاوە، لەوێ هۆڵەکان بەتاڵ بوون،
ئێمە یەکەم گروپ بووین لە سەربازگەی تۆبزاوە، هەر ئەمان شەشەم رۆژ
یەکەم گروپ بوونە نێردراون بۆ سەربازگەی دووبز"، کەواتە جیاوازی لە
نێوان وتەی ئەبو ئەیمەن و ئەم ژنە ٨بۆ ٩ رۆژە.
هەرچی میدل ئیست ۆچە لە پەرتوکەکەی لەسەر ئەنفال، بەرواری هێنانی یەکەم
گروپی زیندانیکراوانی ئەنفالی دیاری نەکردووە بۆ سەربازگەی د،وبز،
بەڵام دەڵێت"ئەم ئافرەتانە و منداڵەکانیان لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا
بە ژمارەیەکی زۆر لە تۆپزاواوە گوێزرابوونەوە بۆ دووبز".
ژمارەی ئەنفالکراوانی سەربازگەی دووبز.
بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن یەکێک لە بەرپرسانی ئەم سەربازگەیە لە نەتەوەی
عەرەب، لە هێزی جەیشی شەعبی و بەعسی، تەنها لە رۆژانی ٨ و ٩ و ١٠ ی
ئەبرێلی ١٩٨٨دا ، ١٠٣٢٢ کەس لە ژن و منداڵ هێنراون بۆ زیندانی
سەربازگەی تۆبزاوە، لە ناویاندا منداڵی پەرا گەندەش هەبوونە دایک و
باوکیان بردراون بۆ جێگای دی، پێم وایە ئەم مێژووەو ژمارەکە هەڵەیە،
چونکە لەو رۆژانە هێشتا ژمارە زۆرەکەی ئەنفالکراوانی ئەنفالەکانی ٣ و ٤
نەک نەناردرابوون بۆ دووبزو تۆبزاوە، بەڵکە هێشتا ئەنفالیش نەکرابوون.
هەروەها جەعفەر موسەوی سەرۆکی دەستەی داواکاری گشتی ژمارەی ئەو
ئەنفالکراوانەی بردراونەتە سەربازگەی دووبز بە نزیک لە ٢٦٠٠٠ کەس وەک
سەربازگەی تۆپزاوا دیاری دەکات، دیارە نابێت هەردوو سەربازگە هەمان
ژمارە بووبێتن، چونکە زیندانیانی سەربازگەی تۆبزاوە، بۆ سێ ئاراستە
رەوان کراون"نگرە سەلمان، دووبز، راستەوخۆ بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە
پیاوانی گەنج و تەنانەت ژن و منداڵیش" .
بەڵام بە وتەی هیومان رایتس ۆچ ئەم سەربازگەیە "نزیک ٧٠٠٠ گیراوی لە خۆ
گرتووە لە ژن و منداڵ".
ژنێکی زیندانی لە سەربازگەی دووبز، لە وتەیدا بۆ داددگای باڵای
تاوانەکان ژمارەی زیندانیانی سەربازگەکەی دووبز بە ٩٠٠٠ کەس دەداتە
قەڵەم.
بە وتەی نێرگز عەزیز بابا عەلی، کە مامانی زیندانەکە بووەو هەموو
هۆڵەکانی بەسەرکردۆتەوە بۆ کاری مامانی پێی وایە ٢٥٠٠٠ زیندانی لە
سەربازگەی دووبز بوونە.
ژمارەی مردووان.
بۆ ژمارەی مردووانی ناو سەربازگەی دووبزی ئەنفالکراوان، ژمارەی جۆراو
جۆر دەدرێت، میدل ئیست ۆچ لە پەرتووکەکەیان لەسەر زاری شایەدحاڵێکەوە
دەڵێت"مردنی منداڵان زۆر بووە لێرە، تا مردنی ٥٠ منداڵی مردوو
دەستنیشان کراوە"،" محەمەد کوڕێکی نۆ ساڵ بوو، مەزەندەی پەنجا حاڵەتی
مردنی دەکرد لەو زیندانە گەورەیەدا کەوا خێزانەکەیانی تێدابوو، لە
ماوەی پێنج مانگی دەسبەسەرییاندا. زۆربەی ئەوانە منداڵی بچووک بوون
بەڵام هەندێ پیرەژنیش مردبوون".
بەڵام ئەبو ئەیمەن بەرپرسی ئەو جەیش شەعبیانەی لەو سەربازگەیە بوون و
ئەرکی پاراستنی سەربازگەکەیان لە ئەستۆ بووە، چونکە زۆر جار ئەوان
سەرپەرشتی بردنی تەرمەکانیان کردووە، ژمارەی مردووان بە " ٦٨ بۆ ٧٤ "
کەس دەداتە قەڵەم.
بە پێی وتەی مام ئەحمەد موختاری شارۆچکەی دووبز بێت، ژمارەی منداڵە
مردووەکان بە ٢٧٤ منداڵ مەزەندە دەکات، وەلێ حاجی ئیبراهیمی مەیت شۆر
دەڵێت: ١٥٠ تەرم بە بانەوەم شوشتووە.
بەلام ئەو گۆڕانەی دۆزراونەتەوەو لە لایەن وەزارەتی شەهیدانەوە
دەرهێنراون، ١٠٦ روفاتیان دەرهێناوە "١٠٤ منداڵ و ٢ ژن" بوونە، دەشێت
روفاتی دیکەش هەبن گۆڕ ون بن، تەنانەت کوڕە بچوکەکەی نێرگز لەوێ
مردووە، وەلێ تەرمەکەی بردۆتەوە بۆ چەمچەماڵ، مردنی ئەوی لە پیاوانی
حکومەت شاردۆتەوە.
تەرمی منداڵەکان لە دووبز بەم شێوەیە نێژراون" لاشەی منداڵە ساواکانی
تر لە مزگەوتە کۆنەکەی شارەوە دەبران بۆ ناشتن، بە گوێرەی قسەی کەریمی
قوتابیی تەمەن بیست ساڵ.......خەڵکی شارۆچکەکە دەهاتنە مزگەوت بۆ
شۆردنی لاشەکان و لە دواییشدا گەنجەکانیان، کە کەریمیشیان تێدابووە لە
کۆنە گۆڕستانێکی لاتەریکی منداڵاندا کە ماوەی میلێک لە مزگەوتەکەوە
دووربووە گۆڕیان بۆ هەڵکەندوون و ناشتنیان. کەریم خۆی یارمەتیی ناشتنی
لاشەی چوار منداڵی ساوای داوە و لە ماوەی نێوانیشیاندا هاوەڵەکانی
یارمەتیی ناشتنی پەنجا منداڵیان داوە، کە هەر هەموویان لە ساڵەوەخت
کەمتر بوون، خەڵکی دووبز پارچە زەوییەکیان لە گۆڕستانەکەدا دیاریکردبوو
بۆ گۆڕی ئەو منداڵانە و هەر گۆڕێکی بچووکیش بە جیا نیشانە دەکرا".
لێرە ئەنفالکراوان کێشەی لە گۆڕ نانی روفاتەکان و شوشتنیان بە پێی
شەریعەتی ئیسلام و کفن کردن و تەڵقین خوێندنیان وەک زیندانی نگرە
سەلمان نەبووە، بەڵکە ئەو مافەیان پێ دراوە، لە رێگای مەراسیم لە
دەرەوەی زیندانەکە، وەلێ بێ پرسە.
چیرۆکەکانی مەرگ.
ژنێک قسە بۆ دادگای باڵای تاوانەکان دەکات و باسی کچێک دەکات کە تەمەنی
نۆ ساڵ بووە، لە دووبز دایک و خوشکێکی مردووەو خۆی بە تەنها ماوەتەوە
لەو زیندانە، هەمان ئەو ژنە دەڵێت لە دووبز ٥ ژن مردوونە، وەلێ تا
ئێستا رووفاتی دووان لەوانە دۆزراونەتەوە. ژنێکی دیکە خەڵکی گوندی شێخ
محەمەدی سەرو لە ناحیەی قادر کەرەم بۆ هەمان دادگا قسە دەکات و دەڵێت"
منداڵەکەیان بە نەخۆشی ڵی سەندووەو بردویانە، هێشتا نەمردبوو ، کەچی
نەیان گەڕاندەوە بۆی، نەیزانیوە منداڵەکەی چی بەسەر هاتووە ناوو گۆڕی
ونە و چارەنووسی نا دیارە".
دایکێکی دیکە لەسکاڵانامەکەی نووسراوە " دوو منداڵی مردووە و
منداڵێکیشی لە زیندانی دووبز بووە" . یەکی دیکە دەڵێت " لە دوبس ژنان
لە کاتی منداڵ بوون مردوونە" ، ئامینە مەحمود حەمەخان لە دایک بووی
ساڵی ١٩٦٦ خەڵکی سەرقەلای سەنگاو منداڵی لە دووبز مردووە، ژنێکی دیکە
بەناوی فەوزیە محەمەد ئەشرەف خەڵکی گوندی مورادلی سەنگاو، ساڵی لە دایک
بوونی ١٩٥٠، دوو منداڵی مردووە لە دووبز، نەیان هێشتووە بزانێت لە کوێ
ناشتویانە.
"کاتێ کە بەهار بەسەرچوو و ڕێی بۆ گەرمای هاوین خۆشکرد، ڕێژەی ( مردن )
زیادی کرد. ئامینەی خەڵکی ئاکۆیان، لە دووبز منداڵێکی کچی بوو، بەڵام
پاش دوو مانگ منداڵەکە نەخۆشکەوت و مرد. تەنها لە خەڵکی بلە چوار یان
پێنج منداڵ مردن. نەبات، دایکێکی تەمەن بیست و هەشت ساڵی خەڵکی قادر
کەرەم بوو، دوو منداڵی ساوای لەدەستدا و ماوەی نێوانیان مانگێک بوو.
یەکەمجار شارۆی کچە سێ ساڵانی مرد و مانگێک دوای ئەوەش نۆرە هاتە سەر
کوڕە دوو ساڵانەکەی، دیار. نەبات دەیگوت: "ئەوان لەترسا مردن، چونکە
هێند تۆقیبوون نەخۆش کەوتن و سکچوون و ڕشانەوەیان تووشبوو". "شێرزاد کە
کوڕێکی چواردە ساڵ بوو تاقە یەک شەو حەوت منداڵی ساوای ژماردبوو کە لە
دووبز مردبوون".
خواردنی زیندانەکان.
لە زیندانی دووبز ژیان باشتر بووە لە زیندانی قەڵای نگرە سەلمان، کێشەی
ئاو هەر نەبووە، بۆ خواردن سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ رۆژی تەنها یەک
سەمون دراوە بە زیندانیان، کاتەکەی کە هاوتا بووە لە گەڵ مانگی
رەمەزان، زۆربەی ژنانیش لەوێ بەرۆژو بوونە، نێرگز دەڵێت " سەمونەکەمان
بۆ فتاری ئێوارە هەڵدەگرت" ، پێچەوانەی سەربازگەی نگرە سەلمان کە لەو
مانگە خواردنی باشیان داوە بە ئەنفالکراوان، لە دووبزیش وەک زیندانی
تۆبزاوەو زیندانی تکریت لە مانگی رەمەزان خواردنی باشیان نەداوە بە
خەڵک، لە زیندانی دووبز دواتر جگە لە سەمون خواردنکەیان برنج و شۆربای
نیسکی تێدا بووە، گوایە قزعەی سەربازیان لە سەربازگەی تۆبزاوەوە بۆ
هاتووە، خواردنەکە لە جاران چاکتر بووە، بەڵام هەر شیر نەبووە بۆ منداڵ.
بە پێی بەدواداچوونی میدل ئیست ۆچ "لە مانگی حوزێراندا ئەو کاتەی کە
ئامینە - ژنە گەنجەکەی خەڵکی ئاکۆیان - گەیشتە ئەوێ بەشە خۆراک لە
دووبزدا هەفتانە دوو هێلکە و ماست و چای تێکەوتبوو، لەدواییشدا
وایلێهات کەمێ شووتیشیان دەدا ".
لە زیندانی دووبزیش وەک زیندانی نگرە سەلمان شت فرۆشتن هەبووە، هەروەها
بە وتەی هەندێک لە زیندانیان گەندەڵی لەناو زیندانەکە هەبووە، ئەو
کوردانەی ببونە بەرپرسی هۆڵەکان هەندێک لە کەلوپەلەکانیان بۆ خۆیان
فرۆشتۆتەوە."گاردەکانیش سابوون و شەکر و چایان بەو ژنانە دەفرۆشت کە
هێشتا پارەیان پێمابوو، هەروەها دەسەڵاتدارانی بەندیخانەکەش هەر حەوت
بەندی و بەتانییەکیان دەدایە.".
ئەو چەکدارانەی لەوێ بوونە، ئەوانیش دەستیان کردووە بە شت فرۆشتن،
نابێت ئەوە لە یاد بکەین هەندێک لە حەرەسەکان ناو سەربازگەکە هاوکاری
خەڵکەکەیان کرددوە، لەوانە باسی بەرپرسێکی جەیشی شەعبی دەکرێت بەناوی
ئەبو ئەیمەن و چەکدارێکی دیکە بەناوی هادیە کوێر.
"هەژار غازی عەزیز بابە، کە یەکێک لەو چوار منداڵەی کە رۆژی ٢٩/٤/١٩٨٨
لە سەربازگەی دووبز لە سنووری کەرکوک لەدایک بووە. هەژار لەوساوە تا
ئێستاش گرفتی ئاخاوتنی هەیە و بە پێی راپۆرتی پزیشکیش ناتەواوییەکەی
پشتڕاست کراوەتەوە، واتا بەتەواوی ناتوانێت قسە بکات، چونکە لە
راپۆرتەکەدا هاتووە بە هۆی نالەباربوونی شوێنی لە دایکبوونی، ئەو کێشەی
تووش هاتووە..........ئەو منداڵەی بە بەرد ناوکی دەبڕن و هیچ پەڕۆیەک
شک نابەن کە تێوەی بپێچن، ئەو منداڵەی کە بەهۆی خراپی دۆخی زیندانەوە
زمانی بە باشی ناگەڕێ و زمانی ناتەواوە. ئەو منداڵەی کە بە خێزانێکی
حەوت کەسی تەنها دوو سەمونیان دەدەنێ".
هەژار دەڵێت"دایکم دەیوت لە زیندان شەش منداڵم بە ریشەوە ببوو(ئەرک و
خەم و بەرپرسیارێـی شەش منداڵی لە ئەستۆ بووە).(دایکی هەژار پێی وتووە
کە رۆژانە بە هەموویان دوو سەموونیان پێدراوە، بۆیە ئەو دایکە تەنها
کەمێکی خواردووە لبەر ئەوەی کەمێک شیری هەبێت بۆ هەژار و باقییەکەشی
داوە بە منداڵەکانی تری"، ئەم چیرۆکە زیندووانە جیان لە چیرۆکەکانی
میدل ئیست ۆچ.
ژمارەی هۆڵەکان.
بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن بەرپرسی جەیش شەعبییەکانی سەربازگەکە،
سەربازگەکە لە ٣٤ هۆڵ پێک هاتبوو، وەلێ زیندانییەکان ژمارەی جۆراو جۆر
دەدەن، هەروەها بە پێی وتەی ئەوان هەر جەناحێک ناوی تایبەتی خۆی هەبووە.
بە وتەی چەند کەسێک کە زۆرینەن، سەربازگەکە لە ٢٤ هۆڵ و ٣ بۆ ٤ جەناح
پێک هاتووە بە ناوی جەناحی حەویجە، جەناحی ١ی حوزەیران، جەناحی کەرکوک
هەروەها جەناحی ئەربیل ، یەکی دیکە دەڵێت ١٢ هۆڵ بووە، یەکێ دەیکاتە ١٤
هۆڵ، دانەیەکی دیکە دەڵێت هەر ٣ هۆڵ پێکەوە بوونە، یەکیکی دی دەڵێت
جەناحی ٩ هۆڵ بووە واتا ٣٦ هۆڵ، چەند کەسێکی دیکەش دەڵێن، سەربازگەکە
٣٦ هۆڵ بووە.
هەرچی ژمارەی زیندانیانی ناو هۆڵەکانە، یەکێ دەڵێت لە هۆڵەکەمان ٢٥٠
زیندانی تێدا بووە، یەکێکی دی باسی ٤٧٠ زیندانی دەکات لە هۆڵەکەیان.
ئەنفالکراوێک دیکە دەڵێت هۆڵەکان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کەسی تێدابوووە، سارد بووە
بەتانی نەبووە بیدەینە خۆمانا.
نێرگز پێی وایە هۆڵەکانی دووبز، قەبارەیان وەک هۆڵەکانی سەربازگەی
تۆبزاوە گەورە بوونە، بەڵام سەربازگەی دووبز کۆنتر بووە لەوەی تۆبزاوە،
وە چۆڵیش بووە پێش ئەوان، چونکە هەموو بنمیچەکەی خۆڵ و تۆز بووە،
ژمارەی هۆڵەکانیشی ٣٠ هۆڵ بووە، سەری هۆڵەکانی بە جەمەلۆن داپۆشراوە.
ئەبو ئەیمەن پێی وایە، سەربازگەکە ٥ جەناح بووە، بە گشتی سەربازگەکە
بەسەر کۆمەڵێک کەرتی جەیشی شەعبی دابەش کراون" دوبس، کەرکوک ، حوزەیران
، اربیل".
هەلاتنی خاوەر قادر و هاوڕێکانی.
پێی دەچێت لە سەربازگەی تۆبزاوە بواری هەڵاتن هەبووبێت، هەرچەندە بە
پێی بەدواداچوونەکان لە نگرە سەلمانیش بواری هات و چۆ هەبووە، بەڵام
هەڵکەوتەی جوگرافیای سەربازگەکەو ژینگەکەی، بواری هەڵاتن نەبووە لە
قەڵای نگرە سەلمان، هەرچەندە لەم سەربازگەیە منداڵە هەرزەکارە کوڕەکان
ویستووویانە هەڵبێن، بەڵام پیاوانی رژێم بە لێدان دووریانیان خستۆتەوە،
ئەمە دەقی چاوپێکەوتنی دلێر کەریمە لە گەڵ خاوەرد، کە لەم سەربازگەیە
هەڵاتووە" نوێژی عیشا بوو، دنیا تاریک بوو بوو، وتم ئێستا دەڕۆم، دوو
ژنی تر وتیان ئێمەش دێین، یەکێکیان خەڵکی تەوێڵەو بیارە بوو،
ئەویتریشیان خەڵکی مەملەحە بوو، بەو تاریکەو بە نهێنی لە زیندانەکە
هەڵدێن، دەچنە سەر قەبرستانێک و دەیانەوێت شوێنێک بدۆزنەوە بۆی بڕۆن،
نا شارەزایی بڕستی بڕیبوون. ئۆتۆمۆبێلێک بەو جادەیەیا تێدەپەڕێت و
سەریان دەخات و دەیانگەیەنێتە کەرکوک. لەوێشەوە دەگەڕێنەوە چەمچەماڵ،
دیارە کابرای شۆفێر دەزانێت ئەمانە قوربانی ئەنفالن و دڵی پێیان
دەسووتێت و هاوکاریان دەکات بۆ دەربازبوون.
رەحمە نەجمەدین کە لە هەمان زیندان لە گەڵ خاوەر قادر بووە وتی زانیمان
خاوەر رایکردووە چونکە بەردەوام دەیگووت رادەکەم، کە دەنگۆی راکردنی
بڵاو بوەوەو هاتنە لامان پرسیاریان کرد بزانن کەی و چۆن هەڵاتووە،
براژنم رەسمیە کە زمانی دەزانی و وەکو بەرپرسی بەشەکەمان بوو وەڵامی
دانەوە کە ئاگامان لێ نییەو بە وردی بۆی بگەڕێن هەر لەم ناوەیە.
ئەوانەی لە زیندانەکە دەبن دواتر دەبڕێنە تکریت و لەوێش ناوی خاوەرو
هاوڕێکانی دەخوێننەوەو خۆیانیش هەڵهاتبوون.دیارە لیستی ناوی
قوربانییەکان هاوپێچ کرابوون، بەرپرسانی زیندانەکە نەیان وێرابوو
ناویان بسڕنەوە، ئەوان لە تکریت باردەکرێن بۆ زیندەبەچاڵکردن و
لێبوردنەکە دەیان گرێتەوەو رزگاریان دەبێت. لە کتێبی لە کەریم باسامەوە
بۆ تکریت ئەو مەرگە ساتانەم تۆمار کردووە. بەڵام میمکە خاوەر وا
دەزانێت ئەوانیش مردوون، تا دوایی ئازاد بوونیان، کە دێنەوەو باسی
دەکەن بە چ حاڵەتێک دەربازیان بووە..... زۆربەی ئەو ژنانەی لە دبز بوون
بەهۆی مناڵەکانیانەوە نەیان دەتوانی هەڵبێن، تەنیا ئەو سێ ژنە منداڵیان
لە گەڵ نەبوونەو هەڵهاتوونە.".
وەک چۆن لە کاتی گرتندا جاشەکان هۆکار بوون بۆ گرتنیان، دوای رزگار
بوونیشی جارێکی دیکە بە دواوەین بۆ بە گرت دانەوەی"کە هاتوونەتەوە
جاشێکی ناسیاریان دەچێت هەواڵ دەداتە بەعس، بەڕێوەبەری ئەمن دێت و بە
دایک و باوکی میمکە خاوەر دەڵێت فڵان کەس هەواڵی لێتان داوە، بێم خۆی
ناگرم لە بری خاوەر ئەو برایەی دەگرم کە ماوە، من چی لە گرتنی ژنێک
بکەم، بۆیە و لەوە بە دوا بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان دەگوازنەوە بۆ
شوێنێکی نزیک بەغداو تا دوای راپەڕین لەوێ ژیان دەگوزەرێنن".
ژمارەی ئەنفالکراوانی سەربازگەی دووبز.
تا ئێستا هیچ ئامارێک بۆ هیچ کام لەو سەربازگایانەی ئەنفالکراوانی بۆ
بردراوە نەکراوە بە سەربازگەی دووبزیشەوە، ئەوەی هەیە گریمانەیە،
لیستێکی ئەنفالکراوانی هیچ کام لە سەربازگەکان نییە کەوتبێتە دەست،
یاخود حکومەتی هەرێم ئامارێکی وردی بۆیان کردبێت، میدل ئیست ۆچ لە
پەرتوکەکەیدا دەڵێت" کەمپەکە - کە دوو بینا بوو لە ناو یەکدا حەوت
هەزار گیراوی کوردی تێدایە."
ئەبو ئەیمەن ژمارەی زیندانیکراوانی دووبز تەنها لە سێ رۆژی ٨ و ٩ و ١٠ی
نیسان بە ١٠٣٢٢ کەس دەداتە قەڵەم ، وەلێ یەکێک لە زیندانیان کە لەو
زیندانە بووە، ژمارەی زیندانیان بە ٩٠٠٠ کەس دەداتە قەڵەم. نێرگز
مامانەکەی زیندانی دووبز ژمارەی زیندانیان بە ٢٥٠٠٠ کەس دیاری دەکات.
چەندیان و بۆ کوێ رەوانەکران؟
زیندانی سەربازگەی دوبز کاتی بوو، رۆڵی یەدەکی سەربازگەی تۆبزاوەی
دەبینی بۆ دیسانەوە رەوانە کردنەوە بۆ دوا مەنزڵگ، دوای کۆمەڵکوژی
پیاوە گەنج و هەرزەکارەکان و بەشێک لە ژن و منداڵەکان سەربازگەی
تۆبزاوەو سەربازگەی تکریت، ئەوجا نۆرە هاتەوە سەر زیندانیانی ناو
سەربازگەی دووبز بۆ یەکلا کردنەوەی چارەنووسیان، کە لە دوو مانگی
یەکەمدا دوو گروپیان لێیان نارد بۆ قەڵای نگرە سەلمان، بەڵام
کاروانەکانی دوای ئەوە هەموو بۆ سەربازگەی تکریت بوون، تکریت سەربازگەی
ئامادەکاری بوو بۆ ناردنیان بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
زیندانییەکان بە پێی قاوش و ژمارە بردراون نەک ناو، خێزانی وا هەبووە
هەندێکیان بردراون بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان هەندێکی دییان ماونەتەوە لە
دووبز، دواتر بە لێبوردنی گشتی ئازادکراون، یەکێک لە زیندانە رزگار
بووەکانی دووبز دەڵێت" ٩٠٠٠ ئەنفال لە سەربازگەی دووبز بوو، زیاتر لە
٥٠٠٠ یان بردران و نەگەڕانەوە، من ٦ خوشکمی تێدا بوو، لە ئەوانەی
نەگەڕانەوە ".
ژنێک دەگێڕێتەوە کە لە پێش لێبوردنەکە بردمانیان بۆ تکریت دواتر
ئێمەیان هێنایەوە، دوو منداڵ لە رێگا مردن تەرمەکانیان بەجێ هێڵرا.
یەکێ دیکە دەڵێت ٥٠ ژن و منداڵ بردران لە هۆڵەکەی ئێمە بە لێبوردن گشتی
گەڕاونەتەوە.
خاوەر قادر دەڵێت: هەینی بۆ هەینی ٣٥٠ کەسیان بە ئۆتۆمۆبیلی تایبەت
دەبرد، بۆ نموونە دایکەکە بکەوتایەتە بەر حسابەکە دەبرا و منداڵەکەیان
نەدەبرد.یان بە پێچەوانەوە، منداڵەکە بکەوتایەتە بەر حسابەکە دەیان برد
و دایکەکەیان بۆ وەجبەکەی تر جێ دەهێڵا.
لەو هەموو ئەنفالکراوە تەنیا دوو هۆڵی گەورە خەڵک مایەوە. لە ماوەی ئەو
شەش مانگەدا هەموو خەڵکەکەیان برد .
لە دووبزەوە دەڵێن ٤ بۆ ٥ وەجبە ژن و منداڵ بردراون بۆ تکریت بۆ
رەمیکردن، ژنێک دەڵێت دوای ٢٠ رۆژ لە دووبز بە ١٦ پاس کچە عازەبەکانیان
بردووە، ژنی گەنجی منداڵ داریشیان لە گەڵ بووە، ماڵ هەیە بەس کچەکەی بە
تەنها جیاکراوەتەوە و بردراوە.
ئەم ژن و مندالانە بە لێدان بردراون بۆ تکریت، بە سەیارەی داخراوی
سەوز، دیارە چیرۆکی بردنەکان بە شاراوەیی ماونەتەوە، بەڵام لەو
کاروانەی کە بەر لێبوردنەکە کەوتن ، زۆر منداڵ لەناو ئۆتۆمۆبیلی
مەرگەکان مردوونە.
میدل ئیست ۆچ کە زانیاری تەواوی چنگ نەکەوتووە لەسەر ژمارەو جێگای
بردنی ئەنفالکراوان، دەڵێت" بەڵام هەزاران کەسیتر لە بەندییەکان کە
ڕەنگە نیوەی ژمارەی گیراوەکانی دووبز بووبێتن، ڕاپێچی لایەکی تری
نادیار کران و لە تاریکیی ئەنفالدا ونبوون". ئەو لایە نادیارە
سەربازگەی تکریت بووە، ئەوەی بۆی رەوانە کرا نەگەڕایەوە، جگە لە دوا
کاروان، کە لە دوای ئەوەی لەوێ بارکران بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان بە رێکەوت
شانس یاریان بوو، بەهۆی لێبوردنەکەوە گەڕێنرانەوە.
یەکێک لە ئەنفالکراوە ئازادکراوەکانی سەربازگەی دووبز دەڵێت"
سەربازگەکە ٢٤ هۆڵ بوو، ١٥ هۆڵیان بارکراون و بردران بۆ گۆڕە بە
کۆمەڵەکان. لە دووبز ئەو ژن و منداڵانەی بردراون بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان،
شتومەکەکانیان لە گەڵ خۆیان نەبردووە.
چۆن هێنانی ئەنفالکراوان بۆ سەربازگەی دووبز لە ژێر سەرپەرشتی ئەمن
بووە، بە هەمان شێوە مانەوەشیان لەوێ و بردن و گواستنەوەشیان بە هەمان
شێوە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی کەرکوکدا بووە، چونکە دووبزا قەزایەتی
پارێزگای کەرکووک بووە لە رووی کارگێڕییەوە.
منداڵ بوون.
زیندانی سەربازگەی دووبز، لەبەر ئەوەی جێگای ژنانی گەنج و منداڵ بووە،
بۆیە منداڵ بوون یەکێک لە کێشە بەرچاوەکانی ئەم زیندانە بووە، هەر لە
ژانی دایکانەوە بۆ مامانی و ناوک بڕین و خوێن بەربوون تا دەگاتە برسێتی
و نەخۆشی و نەبوونی شیرو داو دەرمان کێشەی زیندانیانی ناو ئەم زیندانە
بووە.
بە بەرد و چەقۆ ناوک منداڵیان بڕیوە، بە قوماشی هەنگوچک پێچاویانەتەوە
و ناوکیان گرێداوە، یەکی دیکە ناوکی منداڵی بە شوشە بڕیووە، ئەوی دی بە
بەرد، ژن هەبووە لە ئاودەست منداڵی بووە، نێرگز دەڵێت " لەم زیندانە
مامانیم بۆ نزیک ٢٠٠ منداڵ کردووە کە لێرە لە دایک بوونە، هەبووە
یەکسەر مردووە، هەبووە پاش چەند رۆژێک، تیاشیان هەبووە ئێستا زەلامە".
نێرگز دەڵێت " سەرەتا بە بەردی نوک تیژ ناوکی منداڵی بڕیوە، دواتر
حەرەسەکان موسیان بۆیان هێناوە، ژن منداڵی بووە، پەڕۆ نەبوو خوێنەکەی
پێ بسڕێتەوە، پەڕۆ نەبوو منداڵەکەی پێ پاک بکەیتەوەو لێی لول دات،
خواردن نەبوو بیدەیتە دایکەکە لەو کاتە".
جل و بەرگی منداڵەکان دیکەیان کردۆتە بەر منداڵە لە دایک بووەکان، جل و
پەڕۆیان بۆیان کۆ کردونەتەوە، یان بە گونیەی پەتاتە دایانیان پۆشیوە،
شیرو دایبی نەبووە، منداڵە لە دایک بووەکانی ناو زیندانەکانی ئەنفال،
لە دووبز و نگرە سەلمان و تۆبزاوە بێناز بوون لە هەموو رویەکەوە.
وێڕای ئەمە وەک ژنێکی زیندانی دەگێڕێتەوە، ژنانیان بردووە دەرزیان
لێیان داوە، بۆ ئەوەی سوڕی مانگانە نەکەن، خوار سکمان دەیدا لە ئێش.
منداڵێکی کەم ئەندام ئاوا چیرۆکی لە دایک بوونی خۆی دەگیڕێتەوە لە
زیندانی دوبز" ئەو کاتەی کە دایکم و خوشک و براکانم دەگوزانەوە بۆ
زیندانی سەربازگەی دوبز، دایکم بە منەوە دووگیان بووە، زۆرجار دایکم
دەیوت: رۆڵە ناوکی تۆمان بە بەرد بڕیوە، چونکە چەقۆ و هیچ کەرەستەیەکی
دیکە نەبوو و تەنانەت داوایان لە هێزەکانی ناو زیندان کردووە کە
چەقۆیەک یان تەنانەت موسێکی بەکارهاتووش بێت بیاندەنێ بۆ ئەوەی ناوکی
منداڵەکەی پێ ببڕن، بەڵام نەیانداونەتێ، بۆیە دایکم بە ناچاری لە
حەوشەی زیندانەکە بە دوو بەرد ناوکی بڕیوم، تەنانەت خوشکم شەش بۆ حەوت
قاعە دەگەڕێت بۆ ئەوەی پارچە پەڕۆیەک پەیدا بکات لە منییەوە بهاڵێنن،
دەستیان ناکەوێت، تا دواجار لە یەکێک لە قاعەکان کۆڵوانەیەک لەلای
پیرەژنێکی خەڵکی گوندی» تەختە مینا» پەیدا دەکەن و دەیکەنە پۆشاک بۆ من.".
نەخۆشیی.
لە زیندانی سەربازگەی دووبز چارەسەری پزیشکی نەبووە، تەنانەت بۆ
نەخۆشییە قورسەکانی وەک گورچیلەو شێرپەنجەش، سیلدارەکان جیا
نەکراونەتەوە، لە ناو خەڵکەکەدا بوونە، هیچ خزمەتگوزارییەکی پزیشکی لەو
زیندانانە نەبووە، چارەسەریش بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەکان نەبووە، وێڕای
بارودخی سەختی ژیان لە ناو زیندانەکە.
لە دووبز سارد بووە سەرەت، تیفۆید و سک چوون و رشانەوە بلاو بۆتەوە،
رۆژانە خەڵک بە تایبەت منداڵ پێی مردوونە، دواتر گرانەتاو سورێژەش
هاتۆتە سەری لەگەڵ حوما ماڵتا. هەموو زیندانەکان لەسەر زەوی رەق
خەوتوونە، بە منداڵە ساواکانیشەوە، بەرپرسانی زیندانەکە تەنانەت هەندێک
جار بەتانییەکانیان لە خەڵک سەندوەو لە پێش چاویان سوتاندویانە، بەم
هەموو هۆکارەوە نەخۆشی زۆر بووە.
بە پێی وتەی شایەد حاڵێک "لە دووبز منداڵیان بێ دایکی بردووە بۆ
نەخۆشخانە بە مردویی هێناویانەتەوە، نەشیان هێشتووە دایکی بەشداری
پرسەکەی بکات".
لە سەربازگەی دووبز ئاودەست نەبووە، لە ناو هۆڵەکە دەستیان بە ئاو
گەیاندووە. هەر لەوێ میکرۆبیان بە خەڵکدا رشتووە، گیانیان پڕ بووە لە
مێشولە کە پێشتر ئەو جۆرەیان نەبینیووە.
لە زیندانی دووبز کچێک بە ناوی بیان عەودل جەوهەر خەڵکی گوندی کوەلەَ
شێت بووە، شەوان کارەبایان لەسەر خەڵک کوژاندۆتەوە. هەر لە زیندانی
دووبز وەک تۆبزاوەو نگرە سەلمان، منداڵەکانیان بۆ ماوەیەک وەک سزا
جیاکردۆتەوە دواتر هێناویانەتەوە.
منداڵە پانزە ساڵانەکان.
لە چاوپێکەوتنێکدا رائیدی ئەمن صەباح ئەلحەمدانی باسی ئەوە دەکات گوایە
لە کاتی ئامار کردندا زۆر منداڵی پانزە ساڵ زیاتری بە منداڵی کەمتر لەو
تەمەنە دیاریکردووە، کردویانیەتە ناو ژن و منداڵەکانەوە، لە لایەکەوە
ئەمە دەربڕی ئەوەیە لە سەرەتاوە بڕیارەکە زانراوە کە هاوڵاتیانی
نێرینەی تەمەن ١٥ ساڵ بە سەرەوە چارەنوووسیان بۆ مەرگە، بەڵام لە
واقیعدا ئەوەی روویداوە پێچەوانەکەی راستە، زۆر منداڵی کەمتر لە ١٥
ساڵیان فڕێ داوەتە ناو گەورەکانەوە، ئەوانەی لە دووبز بوونە رەتی
دەکەنەو منداڵی گەورەتر لە ١٥ ساڵ لە کەمپەکە هەبوو بێت، وە زیندە بە
چاَڵکردنی زۆر منداڵی کەمتر لە ١٥ ساڵ لێرەدا بە نموونە دێنینەوە کە لە
تۆبزاوەوە نێردراون بۆ مەرگ لە تیمی ناوو نوسین رزگاریان نەبووە.
سکاڵاکەرێک بۆ دادگای باڵای تاونەکان دەڵێت" لە ١٢ ساڵی بەسەرەوە
منداڵەکانیان برد نەگەڕانەوە، دەستیان لە پشتەوە بەسترایەوە و پێشتر
پیاوەکانیان بردبوو، گوێمان لە تەقە بوو". یەکێکی دیکە دەڵێت"کوڕەکەی
١٢ ساڵ بووە دیار نییە، نەبردراویشە بۆ دووبز ".
خاوەر قادر کوڕە ١٥ ساڵانییەکەی کە ئاماری ١٩٨٧ یشی کردووە، بۆ میوانی
چووە بۆ ماڵی خاڵی، لە گەڵ پیاوەکان راماڵراوە بۆ گۆڕە بە
کۆمەڵەکان"کوڕە ١٥ ساڵانەکەی لە شارەوە چووە بۆ ماڵی خاڵۆکانی بەر
ئەنفال کەوتووە، لە تۆبزاوە لێک دادەبڕێن، تەنها ٢ کاتژمێر لە تۆبزاوە
پێکەوە دەبن".
زۆر شایەدحاڵ هەیە کە کوڕی پانزە ساڵ و روو لە خواریان بردراون لە گەل
َپیاوەکان و نەگەڕاونەتەوە تا ئێستا گۆڕ ونن.
فەرەج رزگاربووی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەگێڕێتەوە "دوو منداڵیان لەگەڵ
بووە"خەڵکی قیڕە بوون" مویان لێ نەهاتووە، زۆر منداڵ بوونە رەمی کراون
".
ئەوانەشی نیمچە بوونە و بردراون بۆ زیندانی دووبز بەردەوام لەبەر
هەڕەشەدا بوونە، یەکێ لەوان ئاوا چیرۆکی خۆی بۆ میدل ئیست ۆچ
دەگێڕێتەوە"ئەو منداڵانەی کەمێک کزربوون و دەیانتوانی هەڵبسووڕێن
پاسەوانەکان بە زۆر قاوش و ئاودەستەکانیان پێپاکدەکردنەوە. کوڕێکی
چواردە ساڵ کە پێنج مانگی لە سەربازگەکەی دووبزدا بەسەربردبوو
دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "ئەمن و ئیستیخبارات و بەعسییەکان چاودێرمان بوون،
هەمیشە دەهاتن و بێ هۆ بەندییەکانیان فەلاقە دەکرد و چەند جارێک
دەستیان بەستوومەتەوە و لێیانداوم، جارێکیشیان سێ ئەمن بە دار زۆریان
لێدام و پشت و قاچمیان داڕزاند. لەو قاوشەشدا کە تیایدا دەخەوتم دووجار
لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەستمیانەوە بێئەوەی بیەڵن هیچ بخۆم. من
نەمدەتوانی و بۆم نەبوو بپرسم بۆچی و هیچ کەسیش نەیدەتوانی بەرپەرچی
یاسای بەعس بداتەوە".
بە گشتی چەند منداڵێکی کەم لە دەوروبەری ١٥ ساڵ لە زیندانی سەربازگەی
دووبز بوونە و بۆ یەکتر ناسراو بوونە، ژمارەیان کەم بووە، هیچ منداڵێکی
زیاتر لە ١٥ ساڵ لە زیندانی سەربازگەی دووبز نەبووە.
سەردانی بەرپرسان.
بە پێی وتەی زیندانییەکان، عەلی حەسەن مەجید ئەندازیاری پرۆسەی ئەنفال،
٣ جار سەردانی زیندانی سەربازگەی دوبزی کردووە، هەر جارەی گروپێکی
ئەنفالکراوانی لە گەڵ خۆی بردووە، نەزانراوە ئەو زیندانیانە چییان لێ
هاتووە، ئەوەی زانراوە بۆ گۆڕە بە کۆمەڵەکان بووە.
هەروەها عزەت دوری جێگیری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشیش چووە بۆ
زیندانی سەربازگەی دووبز، بە زیندانییەکانی وتووە ئێوە کەسوکاری
پێشمەرگەن بەرتان نادەین.
چ هێزێک سەربازگەکەی پاراستووە.
ئەو هێزەی سەربازگەی تۆبزاوەی بەڕێوە بردووەو پارستوێتی هێزێکی هەمە
رەنگ بووە، ئەبو ئەیمەن کە لە رێکەوتی ٤-٤-١٩٨٨ ەوە لە فەرمانگەکەیەوە
پێی رادەگەیەنن ئامادە بێت بۆ دەوامکردن وەک جەیشی شەعبی لە سەربازگەی
بارەگای کەتیبەی هەندەسەی عەسکەری لە دووبز، دەڵێت ئێمە وەک جەیشی
شەعبی ٧٠ چەکدار بووین دیاریکراین بۆ دەوامکردن لە سەربازگەی دووبز، لە
دبس،داقوق، حەویجە، ناوەندی پارێزگای کەرکوک ەوە هاتبووین، کە بانگ
کراین کەسیشیان نامانزانی بۆ چی بانگ کراوین؟. هەر ئەو دەڵێت دوای دوو
رۆژ چەند مەفرەزەیەکی سەربازی هاتن بۆ ئامادەکردنی سەربازگەکە، ئاوو
کارەبایان چاککردەوە.
بە پێی وتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی بێت ئەو بەرپرس زیندانی دووبز و
مونەسقی نێوان هەردوو سەربازگەی دووبزو تۆبزاوە بووە، پێی دەچێت دووبز
هەر وەک بەشێک لە سەربازگەی تۆبزاوە مابێتەوە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی
کەرکوکدا بووبێت چونکە ئەو خۆی لە میلاکی ئەمنی کەرکووک بووە،
زیندانیانیان لەوێ راگرتووە بۆ قۆناغی دواتر، بەشێکیان بۆ نگرە سەلمان
نێردراون، زۆریشیان بۆ تکریت و گۆڕە بە کۆمەڵەکان، ئەوەشی ماون ریکەوت
هێشتویانییەتەوە دوواتر ئازاد کراون.
زۆرینەی زیندانیان باسی ئەوە دەکەن کە حەرەسەکان عەرەب و زۆربەیان
خەڵکی حەویجە بوونە. زیندانیان باسی ناوی وەک کەنعان و ئەبو نەعمان ابو
عارف و ئەبو عروبە هەردوکیان وەک بەرپرس لە دووبز باس دەکەن، پێی دەچێت
بە فەرمی داوایان لێکرابێت ناویان نهێنی بێت، تەنها بەو ئەبو وانە بانگ
یەکتر بکەن، بۆیە تا ئێستا ئاشکرای ناکەن.
زیندانییەکی دیکە باس ئەوە دەکات کە حەرەسەکان سەرباز بوونەو بێری سوور
لە سەریان بووە. لە پاڵ ئەبو ئەیمەن باسی هادیە کوێریش دەکرێت کە حەرەس
بووە لە دووبز، هاوکاری زیندانیانی کردووە بۆ نامە هێنان و
پەیوەندیکردن. "میدل ئیستیش باسی چەکداری جل زەیتونی دەکات کە
حەرەسیاتی زیندانییەکانیان کردووە" چەکداری جل زەیتوونییان لەتەکدایە.
پاشان دووکاندارەکانی دووبز سەرنجیان دەدا وا کۆمەڵ کۆمەڵی شەش حەوت
کەسیی ئافرەتی بەندکراو بە یاوەریی پاسەوان دێنە لایان و هەر زوو
زانییان کە ئەمانە لە سەربازگەکەی دووبزەوە دێن.".
میدل ئیست مۆفەق نەبووە لە باسکردنی کەمپی دووبز، نەیتانیووە وەک خۆی
نیشانی بدات، کە سەربازگەیەک بووە ئامادەکاری تێدا کراوە بۆ زیندە بە
چاڵکردن، زۆر زانیاری نا دروست کە لە دڕندەیی زیندانەکە کەم دەکاتەوە ،
بەمەش لێرە زیان بە دۆسیەکە دەگەیەنێت، تەنانەت بەڕێوەبەری زیندانەکەش
دەکاتە کوردێک کە راست نییە " بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو (باشەیەیدا) ئەگەر
بەراورد بکرێ، دووبزیش دیسان ترس و سامێکی کەم نەبوو. بۆ گاڵتەجاڕیی
دەوران، گیراوەکان ڕوانییان بەڕێوەبەری ئەم سەربازگەیە هاوڵاتییەکی
کوردە و پیاوێکی خەڵکی دەڤەری هەولێرە بە ناوی حاجی ئەحمەد فەتاح و
حەجی مەککەی کردبوو.".
هەرچەندە بەرگ سەوزو زەیتونییەکان ئەگەری زۆرە ئەمن بووبێتن، وەک
خێروڵا حەمادی لە دان پێنانەکەیدا دەگێڕێتەوە، لە کاتی پێویستدا بەرگی
سەربازی بێ روتبەمان دەپۆشی.
گێچەڵی سێکسی.
ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانەی لە زیندانی سەربازگەی دوبز بوونە، بۆ دادگای
باڵای تاوانەکان ئەوەیان گێڕاوەتەوە، کە گێچەڵی سێکسی لەو زیندانە لە
هەموو زیندانەکانی دیکەی ئەنفالکراوان زیاتر بووە، ئەو شایەد حاڵانە
دەڵێن کچانی جوانیان دەرکردۆتە دوەرەوە دواتر هێناویانەتەوە، شەوان
کچانیان بردۆتە ناو باخەکان دەوروبەری زیندانەکە و تەعەدایان لێیان
کردووە، ئەفسەرەکان شەوان کچانی کوردیان بردووە، ١٢ی شەو بە دواوە
کچانیان بردووە، ئەمانەو زۆر چیرۆکی دیکە دەگێڕنەوە، هەموو دەربڕی
ئەوەیە لەم سەربازگەیە بە بەرفراوانی گێچەڵی سێکسی بەرامبەر بە
زیندانیان ئەنجامدراوە.
ئەشکەنجەدان.
هەرچەندە زیندانەکان ئێرە هەموو ژن و منداڵ بوونە، بەڵام لە زیندانی
دووبز یش وەک تۆبزاوەو نگرە سەلمان و نزارکێ لێدان هەبووە، تەنانەت وەک
دەگێڕنەوە بە لێدان بە کێبڵ دوو منداڵ مردوونە. سەربازگەکە دەرگاکەی
زۆر کات داخراوە، هەروەها شەوان کارەبایان لەسەریان کوژاندۆتەوە،
ئەمانەش ئەشکەنجەی دەروونی بووە.
ئازادکردن.
ئەبو ئەیمەن دەڵێت "زیندانییەکان پێنج مانگ و یانزە رۆژ لە سەربازگەی
دووبز مانەوە" ، ژنێکیش خەڵکی توکنە دەڵێت شەش رۆژ دوای لێبوردنە
گشتییەکەی ٦-٩ لە سەربازگەی دوبز ئازاد کراون، ئتر نازانم ئەوانیش دوای
بڵاو کردنەوەی لێبوردنەکە لە وەقائعی عێراقی لە رێکەوتی ٢٠-٩ ئازاد
کراون یان زووتر، بە وتەی ئەم بێت ١٢ی مانگ ئازاد کراوە.
هەژار غازی عەزیز بابە کە هەر لەو زیندانە لە دایک بووە دەڵێت "رۆژی
٢٠/١٠/١٩٨٨ رژێمی بەعس لێبوردنی گشتی دەرکرد و ئێمە گەڕاینەوە بۆ
چەمچاڵ - شۆڕش، لە قادرکەرەمییەکان نیشتەجێ بووین"..
کە لە زیندان ئازاد کراون، زیندانیانی سەربازگەی دووبزیش وەک نگرە
سەلمان بردراون بۆ عەربەت، دواتر دابەش کراونەتە دوو بەش، چەمچەماڵ و
کەلار" رزگاری، شۆڕش". نێرگز دەڵێت تاکو رێکەوتی ٢٥-١٠-١٩٨٨ لە
سەربازگەی دووبز ماوەتەوە، ئەوان وەک سەربازگەکان دی بە چەند گروپێک
ئازادکراون ، ئەمان بەشی کۆتایی زیندانییەکان نەبوونە، وەلێ پێی دەچێت
تاکو کۆتایی ئۆکتۆبەر و سەرەتای نۆڤەمبەر هەموو ئازاد کرابێتن.
سەربازگەکەش فرۆشرا.
هادی غەزایی کە لە شێخەکانی ساڵەییەو کوردە و خزمی خوالێخۆشبوو ئەحمەد
موختارە کە زۆر بۆ ئەنفالکراوان باش بووە، دە ساڵ قایمقامی شاری دووبز
بوو، وەک دەگێڕنەوە قاعەکانی سەربازگەی دووبزی ..... دا بە کەسێک بە
ناوی ئەحمەد بایز، بە ........، ئەویش شیش و قاپی و جەمەلۆنی بانی و
پەنجەرەکانی دەردێنێ و دەیان فرۆشێت، خەڵکیش دوایی ئەوە شوێن کەلاوەکەی
دەکەنە خانوو، ئێستا هیچ شوێنەواری ئەو سەربازگە گرنگە نەماوە، بۆتە
ماڵ و گەڕەکێکی لە سەر ئاوەدان کراوەتەوە، ئێمەش دەمانەوێت سەربازگەی
قەڵای نگرە سەلمان لە دووری نزیک ١٠٠٠ کیلۆمەتر بکرێتە مۆنمێنت، کەچی
ئەوەی ماڵی خۆمان کاول کرا بە دەستی خۆمان، ئێستا بە ملیۆنان و ملیاران
دۆلار هەمان سەربازگەمان بۆ درووست نابێتەوە؟
____________________________________________
سەرچاوەکان:
- سی دی دۆسیەی ئامادەکراوی ئەنفال لە لایەن
دادگای باڵای تاوانەکانەوە.
- (محکمە الانفال اعداد ریکار مزوری بمساعدە محامی ایاد کاکەیی).
- بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم ، تەلەفزیۆنی ئازادی،کەناڵی
گەرمیان.
- جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد - هیومان ڕایتس
وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم ٢٠١٣ چاپخانەی کەماڵ - وەرگێڕان لە
ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق.
- لە تۆپخانەوە بۆ عەر عەر ، کوردستان کەرکوک ٢٠٠٤ ، چاپخانەی ئۆفێستی.
- لە تاوانی ئەنفالدا: ژنێک ویستی بمرێ،کەچی ژیا!- دلێر کەریم رێگای
کوردستان ژمارەی تایبەت ١١-٤-٢٠٢٣.
- چیرۆکی ئەو منداڵەی لە زینداندا لەدایکبوو٢٠٢٤-٠٦-١٠. جەواد حەیدەری.
- نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا عارف قوربانی ٢٠٢٠ چاپخانەی حەمدی.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|