په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١٠\٢٠١٢

سەربەهەوێ شوکردن و ئاکامەکانى.


یوسف خەلیل       


زۆرن ئەو بابەتانەى رۆژانە دووبارە دەبنەوە و کێشەیەکی کۆمەڵایەتى کاریگەر بۆ خێزانەکان دەخوڵقێنن ، کە زۆرێک لە نەتەوەکان ئەم جۆرە کێشانەیان بەلاوە ناوە و ئەوەى بەلایانەوە مەبەست نەبێت مەسەلەى ژن و ژنخوازییە بۆ جاری دووەم و تا دووایی .. ئەمەش پەیوەستە بە ئاستى هۆشیارى ئەو نەتەوەیەوە کە لێرە خاڵێکى بچوکـت لێدەکەنە شاخێک و لەوێش هەموو دونیات بۆ دەخەنە سەر شاشەى تیڤییەک..


خرۆشانى جەستە و ئاوێزانبوون لە نێو هەڵچوونە بە چێژەکاندا ، لێرە بەشێوەیەکى وا کەوتۆتەوە کە لە چوارچێوەى هاوسەرێتیشدا دانەمرکێتەوە ، بەڵکو هانا بۆ دووبارە و سێ بارە کردنەوەى دەبرێ ! لەلایەکى تریشەوە دینیش ئەم پڕۆسەیە دەسەلمێنێ و رێ بە تاکەکان دەدات چەند جارێک ئەمە دووبارە بکەنەوە ، بەڵام ئەم پڕۆسەیە لە قازانجى پیاو دەشکێتەوە و ژنیش تەنها شتێک کە بتوانێت بیگەیەنێت بە تێربوون لە پیاو .. بەخەتەنەکردن لەناو دەبرێت !! لە روویەکى تریشەوە کە زانیارى نەبێت لەسەر ئەم پڕۆسەیە .. پیاو هەلەکە دەقۆزێتەوە وگورزى کوێرانە دەوەشێنێت .. بێ ئەوەى ئاگاى لە دونیا بێت ! کاتێک بە خۆی دەزانێت گیانى تەڕە ! ژنە بەوەش رازییە تەنها ژنى بەسەر نەیەت ، ئێدى بیر لەوە ناکاتەوە کە بەشێوەیەکى زانستیانە ئەم کارلێکردنە بگەیەنێتە ئەنجام تا ژنە بە ئارەزووى دڵ لە چێژى جەستەى بگات و خۆشی تێر بێت و هانا بۆ یەکێکى دیکە نەبات .. یان چی تێدایە پیاوە تۆی ناوێت یان ژنە پیاوەى ناوێت لە یەکتر جیا ببنەوە !؟ لێرەوە لەم دەرگایەوە ئەم گفتوگۆیەمان هێنایە بوون و ئەم ژنانەمان دواند کە بەداخەوە زانیارییەکى ئەو تۆیان نەبوو .. بەئاواتى ئـەوەى تۆزێک بە خۆماندا بچینەوە و کێشەکان لە خۆمان ئاڵۆزتر نەکەین:


· کەژاڵ رەووف محەمەد / مامۆستا:


پیاوێک ژنى هەبێت و داوام لێبکات شوى پێبکەم هەرگیز ئامادەنابم ، چونکە بەپێشێلکردنى مافی کەسێکى هاوڕەگەزى خۆمى دەزانم ، من دژ بەم کارە ئیش دەکەم ، ئەمە چارەسەری کێشەى قەیرەیی ژنەکان ناکات ، ئەگەر ژنى کابراش ئاگادار نەبێت یا ئاگادار بێت من شتى وا قەد ناکەم .. زۆریش هاتۆتە رێگەم و رەتم کردۆتەوە..


· پەیمان ئەحمەد / فەرمانبەر:


هیچ کاتێک ناتوانم ئەوە قبوڵ بکەم کە شوو بە پیاوێک بکەم کە ژنى هەبێت و ئاژاوە بخەمە ناو ژیانى خێزانەکەیەوە ، ئەگەر خۆشەویستییەکى زۆریش هەبێت لە نێوانماندا دووبارە رەتى دەکەمەوە ، هیچ کاتێکیش قەیرەیی چارەسەر ناکات و بەڵکو دەبێتە تاوان دژ بەڕەگەزى خۆمان .. ئەوەى ئەو ژیانەش هەڵبژێرێت دەبێت چاوەڕێی هەموو شتێک بکات .. هەرگیز هیچ ژنێک حەز ناکات پیاوەکەى ژنى دووەمى بەسەر بهێنێت.


· شەرمن ساڵح / فەرمانبەر:


شوونەکردن زۆر خۆشترە لەوەى کە ژیانم ئارام نەبێت و تاوانێکیشە دژ بە رەگەزى خۆم، من یەکێکم لەو کەسانەى کە ژنم بەسەر هاتووە .. ئەو کەسانەى کەوا شوو دەکەن هەرگیز ئاسودە نابن و چارەنووسی نادیار چاوەڕێیان دەکات.


· ساکار ساڵح / فەرمانبەر:


وەڵامم بۆ ئەم کێشەیە نەخێرە .. ئەگەر سوریش بوو لەسەری پرسیاری ئەوەى لێدەکەم کە بۆچی دەیەوێت ژن بهێنێتەوە ، رەنگە ئێمە لە هۆکارى کێشەکان نەزانین بەڵام باری ژیانى ئەو کچانە چ مادى و چ مەعنەوى و بیرکردنەوەى زۆر لە شتەکان و دووبارە بوونەوەى ژیانى رۆژانە و چارەسەرنەکردنى کێشەکانیان لەلایەن دەوروبەریانەوە وایان لێدەکات سەربەهەوێ شووبکەن ، رەنگە حەزیش بکەن گۆڕانکارییەک بەسەر ژیانیاندا بێت .. بێگومان ئەمەش چارەسەر نییە چونکە دژ بە ژنێکى ترە کە ئەویش حەز دەکات هاوسەرەکەى خۆش بوێت و کەسانى دیکە بەشدارى ژیانى خۆی و هاوسەرەکەى نەکەن و نەبنە هۆی تێکدانى پەروەردەى منداڵەکانى و چەواشەکردنیان.


· سروە عەبدولخالق / فەرمانبەر:


زۆر بەکەمى ئافرەتان شوو بەو پیاوانە دەکەن کە ژنیان هەیە ، زۆرجاریش چارەسەرە بۆ کێشەى قەیرەیی و هەندێ کاتیش پێچەوانە دەشکێتەوە و کێشەکە قوڵتر دەبێتەوە هۆکەشی ئەوەیە پێکەوە ناگونجێن ، پێویستە پیاو کێشەى ژنەکەى چارەسەر بکات جا هەوڵ بدات بڕوا بە کەسێکى دیکە بهێنێت.


· تارا خورشید قادر / فەرمانبەر:


پیاوێک ژنى هەبێت و داواى ئەوەم لێبکات شووى پێبکەم هەرگیز ئامادە نابم ژیانى هاوسەری لەگەڵ دروست بکەم ، بەڕێژەى (٨٠٪) پێم وایە چارەسەری کێشەى قەیرەیی دەکات چونکە زۆرێک لە پیاوان و کوڕانى وڵاتەکەمان بەدوواى ئافرەتێکدا دەگەڕێن کە تەمەنیان منداڵ بێت ، ئەمەش تەنها راکردنە بە دوواى ئارەزووە تایبەتییەکانیاندا .. ئەم هەڵوێستەى پیاوان بۆتە گرفتێک بۆ کچانى تەمەن نائومێد و ئەوانەى کە ناتوانن چارەسەری ژیانى خۆیان بکەن و ناچار دەبن کە ژیان لەگەڵ پیاوێکدا پێک بهێنن کە ژنى دیکەى هەبێت ، پیاوانى ئەمڕۆ بە دەگمەن جێگەى متمانەن کە بتوانن (١٠٠٪) ژیانت دابین بکەن و تووشی حاڵەتێکى وات نەکەن کە لە دواڕۆژدا چاوەڕوانى چارەنوسێکى رەش بیت و نەتوانێت خۆت لە بەرانبەریدا رابگریت ، زۆر لە پیاوان کە دەزانن ژنەکانیان رێگەى ئەوەیان پێنادەن .. ئەچن بەبێ ئاگاداری ژنەکانیان ژنى تر دەهێنن ، خۆم لەو باوەڕەدا نیم بڕوا بەو ژیانە بکەم کە کەسانێک هەبن حەز بە تێکەڵاوى من یان هەر کچێکى تر بکەن..


· ه . ح . م / فەرمانبەر:


ئەگەر خۆشەویستى خۆم بێت و منى خۆش بوێت بە هەموو قەناعەتێکى خۆمەوە پێی رازی دەبم ، گرنگیش نییە بەلامەوە ژنى هەبێت ، ئەگەر هاتوو ئەم زەواجە لەسەر بنچینەى راستى و پاکى هەردوولا بێت نابێتە تاوان .. بەڵام ئەگەر بۆ مەبەستى لابەلا بێت ئەوە دەبێتە تاوانێکى گەورە دژ بە کچان ، بەلامەوە گرنگ نییە ژنى ئەو پیاوە ئاگادار بێت یان نا .. چونکە کەمن ئەو پیاوەم هەڵبژارد و خۆشم ویست هەتا دەمرم سور دەبم لەسەر ئەوەى شووى پێبکەم ،چونکە ئەوە ژیانى خۆمە و دەبێت خۆم هەڵیبژێرم ، هێنانى ژن خەتاکەى ئەکەوێتە سەر ژنەکەى چونکە چەندەها ئافرەت هەن بەبێ ئەوەى هیچ شک بەرن لە هاوســـەرەکانیاندا دڵی لێ پیس دەکەن و لێپرسینەوەى لەگەڵدا دەکەن بە هەموو شێوەیەک ..


· تارا حەمە سەعید / فەرمانبەر:


هەرگیز رازى نابم بەو کارە و ژیانى خۆم لەسەر ژیانى ژنێکى تر دابمەزرێنم ، لەبەر ئەوەى ئەگەر من خۆم لە ژیانى هاوسەریدا بژیم پێم خۆش نییە هیچ کچێک یان ژنێک بێتە ناو ژیانى هاوسەریم و خۆشیم لێ تێکبدات، بۆیە بۆ هەموو ژنێک بەو چاوە سەیری دەکەم ، چارەى قەیرەیش ناکات بەڵکو کێشە زیاد دەکات لەناو کۆمەڵگەدا و ئازاری لێدەکەوێتەوە و گەورەترین تاوانیشە کە ژنان دژ بە خۆیان دەیکەن چونکە ئێمە خۆمان داواى مافەکانى خۆمان دەکەین.. داواى یەکسانى دەکەین لە پیاوان .. ئەى پیاوان ناڵێن ئێوەى ژن خۆتان ئەم تاوانە دەکەن ئێدى مافی چیتان دەوێت لە ئێمە؟ پیاوێک وەفاى بۆ ژنێک نەبێت کە چەند ساڵە لەگەڵیدا ژیان دەباتە سەر وەفاى بۆمن چۆن دەبێت ؟ ئەگەر بەدزى ژنەکەیەوە بێت یان بەبێ رەزامەندى ئەو هەستێت بەم کارە من بە توندترین شێوە ئەو شوکردنە رەت دەکەمەوە..


· ئاوات حەمە سەعید / فەرمانبەر:


هەرگیز رازى نابم ماڵی هاورەگەزى خۆم وێران بکەم ئەگەر دڵیشم ئاواتەخوازى ئەو پیاوە بێت و زۆریشم خۆش بوێت ، نەخێر چارەى قەیرەیی ناکات چونکە پیاو ئەگەر بیەوێت ژنى دووەم بهێنێت ئەوا بەدواى تەمەن منداڵێکدا دەگەڕێت نەک قەیرەیەک ، ماڵ و منداڵی ئەو پیاوەش دەبێت بە قوربانى و بەم کردەیە خەونەکانیان زیندە بەچاڵ دەکرێن ، ئەگەر خۆشەویستى هەبێت وەفاش دەبێت و هیچ بەربەستێک نامێنێ .. ئێمەى ئافرەت خۆمان وا لە پیاوەکانمان دەکەین کەلە دەستمان رابکەن بۆ باوەشی کەسێکى تر..


· سەرنج:


پاش ئەم بۆچونانە دەگەینە ئەو بڕوایەى کە خۆشەویستى باڵا هەموو سنوورەکان دەبەزێنێت ، لە هەمان کاتیشدا سەرچاوەى هەموو کێشەکانە ئەگەر نەزانین پەراوەى بکەین و ناشزانین بۆیە گیرۆدەى چەندین گرفتین ، ئەگەر بە دوایدا بگەڕێین هەر خۆمانین دروستکەرى کێشەکان .. چونکە من گەر بەراستى یەکێکم خۆشبوێت دەبێت قوربانى بۆ بدەم نەک تا ئەو کاتەى دەگەم پێی ! بەڵکو تا بمەوێت ژیانى لەگەڵدا ببەمەسەر .. دەبێت خۆشەویستیم بەردەوام بێت بۆی ، ئەگەر وانەبوو دەبێت هەموو کات چاوەڕوانى ئەوە بکەم کە بەرانبەرەکەم بەرەو دونیایەکى دیکە هەڵبێت و خۆی لە ئامێزى گوڵێکى بۆن خۆشتردا ببینێتەوە .. چونکە ژیانى بێ یەکدى هەرگیز بەردەوامى نابێت..

 


yousif_kazh@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک