١٨\٤\٢٠١١ سەربەرز و ئاسوودهبە بەوەى که کهسێکی پاکی.
بەرەى گوێى مەدێ بوونەتە بارگرانیی و خەم و خەفەت بەسەر بەرەى بەرانبەریاندا، ترسناکترین دەستە و تاقم لە ناو کۆمەڵگەى کوردەوارى ئەو دەستە و تاقمەن کە هەست بە بەرپرسیاریی ناکەن و لە خەمى ئایندەى گەل و نیشتمان نین و بە بیرى بۆگەنى لە کوێ پسا گرێیدە رهفتار دەکەن، کە رهفتاریان وەکو بیریان وڵات بۆگەن دەکەن، سەیرى ناهەڵوێستیان کەن چۆن لایەنگرى ناعەدالەتى و ستەمن، چۆنیش بەرەنگارى خەڵکى دڵسۆز و پەرۆش بۆ دادپەروەریی دەبنەوە، بێگومان هەر ئەوانیشن سەیرانگا و سەر شۆستەکانى شار پیس و پۆخڵ دەکەن و هەر ئەوانیشن هیچ رێز و بەهایەک بۆ پاکوخاوێن ڕاگرتنى ناخى مرۆڤ و خاکى وڵات دانانێنن، بۆیە دەبینن شوشە و قۆدى مەى دواى خواردنەوەیان لە شوێنە گشتیەکان فڕێ دەدەن، ئەو کەسانە بە هیچ شێوەیەک بە تەنگ خاک و ئاو و هەوا و ژینگە و کەلتوور و نەتەوەوە نین، بەڵکو ئاژەڵ ئاسا دەژین کە ویژدان و بەزەیى و ڕێز و ڕەوشت و بەها و دڵسۆزیی لاى ئەوانە بوونى نییە.
بەرەى دووەمیش کە خەڵکە ڕەوشت بەرز و دڵسۆزەکەن تووشى غەم و خەفەتى گەورە دەبن بەهۆى ناعەدالەتى کاربەدەستان لە لایەکەوە و سەرەڕۆیى و نادڵسۆزیی و پیس و پۆخڵیی ئهوان لە لایەکى ترەوە، بوونەتە دوو توخم و ئاوێتەى یەکتر بوونە، بۆیە بەردەوام دەبینین بەرەى پیس و پۆخڵ کە هەمیشە هەستى مرۆڤایەتى ژێر پێ دەنێ و ئینجا لە خەڵکە دڵسۆزەکان زیاتر ڕێزیان لە لاى کاربەدەستانەوە دەگیردرێ و لەبەر پیسییان بەخشین و خەڵاتیان پێدەدرێ، کەچى خەڵکە پاک و دڵسۆزەکان زۆر بە ئەستەم ڕێگاى چوونە لاى کاربەدەستانیان پێدەدەرێ و گوێیان لێدەگیردرێ.
بۆیە زۆر جار ئەم خەڵکە دڵسۆزانە بە هۆى بینین و بیستنى کارە نابەجێ و نەشیاو و ناعەدالەتیەکانى دەسەڵات و سەرەڕۆیى و ناتێگەیشتنى خەڵکە کاسەلێسەکان تووشى هەڵچوون و پەشیمانى لە بوونى خۆشیان وەک کورد دەبنەوە، هەرچەندە خۆشم یەکێکم لەو کەسانەى ڕۆژانە کار و کردەوەى قێزەونى ئەم کەسانە دەبینم، بەڵام لووتکەى شانازیی و سەربەرزییم بە کوردبوونى خۆم ئەوەیە کە من لەو کەسانە نیم کە دوژمنایەتى خاک و ئاو و ژینگەى کوردستان دەکەن و زۆریش سەر بڵندم کە من زوڵم لێکراوم لەبەرەى دەستپاکان و رەوشتبهەرزانم و سەنگ و بەهاى خوێنى شەهیدان و دایکان و باوکانى جەرگ سوتاو دەزانم، هەروەها کەسێکم غەدر و ئازار و مەینەتیەکانى ژێر چەپۆکى رەشى بەعس و دەسەڵاتى ناعەدالەتى کوردى دەزانم و هاوبەش و بەشدار نیم لە ناپاکیى کردن بەرانبەر منداڵانى بێ باوک و چینى هەژارانى کۆمەڵگاى کوردەوارى.
ئایا هەر یەک لە ئێمە کە لەو هەموو تاوان و ناپاکیی و بەدڕەوشتییە دویربین گەورەترین نیعمەت و شانازى نییە بۆمان، بۆیە هەقە هەموومان لەوپەڕى شانازیی و ورە بەرزیدابین، چونکە ئێمە کەسانێکین لە سەنگەرى رەوشتبەرزان و لە خزمەتى گەل و خاکى نیشتمانداین، با لە روِوى پارە و پول و پلە و پایە و پۆست بێ بەشبین، بەڵام چونکە لە پاکیى و دڵسۆزییدا خاوەن بەشین، دڵنیابن سەرەنجام هەر ئێمەش سەردەکەوین.
|